په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٧\٢٠١٩

فرەژنیی یان شکاندنی بەھای ژن!!

شوانە حەسەن ئەبوبەکر 


فرەژنیی لە نێو ھەندێک گروپی جیا جیایی خەڵکدا باوەو دیارترین و قێزەون ترینیان و ناشیرین ترینیان فرەژنیی دینی ئیسلامە، چونکە بە پێی ئایەتی قورئان و شەریعەتی ئیسلامی حەڵاڵ کراوە. لە سورەتی نیسائدا، بە پیت و دێڕ دەڵێت: پیاو دەتوانێت دوو ژن و سێ ژن و چوار ژن بھێنێت، بەڵام ئەگەر ترسان لەوەی نەتوانن ھاوسەنگی لە نێوانیانیدا درووست بکەن، ئەوە تەنھا یەک ژن بەسە. چوار ژن بۆ پیاوێک لە نێو موسوڵماناندا، ڕیفۆرم بووەو سودی ھەبووە بۆ ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر. ئەوکات بۆ ئەوە بووە پیاوەکان ماڵی لەش فرۆشی و ھەڕاج کردنی ژنان دابخەن و بە حەڵاڵ و بە یاسای دینەکەیان، لە چوار ژن زیاتریان نەبێت.

قسەی زۆر و ڕەخنەی لە سەر ئەوە ھەیە کە بۆچی چوار ژن حەڵاڵە بۆ یەک پیاو، بەڵام دەرچوونی ژن بە بێ پرسی مێردەکەی حەرامە؟ دەیان و سەدان کتێب و بابەت و لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی لە سەرجەم کتێب و ئاینەکان ھەیە، بەڵام من شیکەرەوەی قورئان و ئینجیل و تەورات نیم و کاریشم پێیان نیە، ھێندە دەزانم ئیتر ئێستا لە دونیایی ئەمڕۆدا، کار کردن و جۆری ژیان کردن بە پێی دەقە ئاینیەکان، ھەڵەیە و نەگونجاوە لە گەڵ ئەم ھەموو پێشکەوتنە ئابووری و کۆمەڵایەتەیانەدا.

لە مێژووی کۆنی وڵاتە ڕەش و ڕووتە عەرەبیەکاندا، جگە لە بازرگانی و چەتەگەرایی و قاچاخچێتی، ھیچ کار و کەسابەتێکی دیکە نەبووە پیاوەکانیش بیکەن نەک ژنەکان، بۆیە ھەمووی بە کۆمەڵ ژیاوە. پیاوێک دەیان ژن و سەدان منداڵی بەخێو کردووە، بێجگە لەوەی بە ئارەزووی خۆی ھەر کات ویستبێتی لە گەل یەک لە ژنەکان سێکسی کردووە، ھاوکات ھەموویانی بە خێو کردووە.

لە دونیایی عەرەبی کۆندا، ژن ھیچ ئەرک و فرمانێکی نەبووە، لە بە خێو کردنی منداڵ و ئەرکی ماڵ زیاتر. لە زۆر کۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا و بە کوردستانیشەوە، تا ئێستا ھەمان باوەڕ بە ڕەوا دەبینرێت وژن بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر دەکرێتە خزمەتکاری مێرد و دایەنی منداڵ. ئەڵبەت ئەوەی لە کوردستان بە ڕەوا دەبینرێت، لە دەرەوەی کوردستان حەقیقەتی جۆری ژیان کردن شتێکی دیکە دەسەپێنێت، ئەویش ئەوەیە ئەگەر ژنەکان وەک پیاوەکان کار نەکەن و ھاوبەش نەبن لە ھێنانی داھاتێک بۆ ماڵ، ئەوە ژیان ناگوزەرێت و ھەموو شتەکان قورس و زەحمەتەن، پیاو بە تەنھا بتوانێت جێ بە جێی بکات. بۆیە ھەموو ئەو پیاوانەی ڕێگرن لەوەی ژن خۆی داھاتی خۆی ھەبێت، ئەوە لە دەرەوەی کوردستان شەڕ دەکەن لە گەڵ ژنەکانیان ئەگەر نەتوانن مانگێک بچنە سەر کارەکانیان.

ھەر لە دونیایی پێشووی عەرەبدا، کچی بنەماڵە دەوڵەمەندەکان بە جیا لە ھەموو ژنانی تری خێڵ و خێزانەکانی عەرەبی، ھەمان بازرگانی و قاچاخچێتیان کردووە. بۆ نموونە خەدیجە، یەکەم ژنی پێغەمبەری موسوڵمانان، یەک لە ژنە ھەرە دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکانی ئەوکات بوو.

پیاوانی موسوڵمان ھەر بە پێی ئایەت و فەرموودەی چوار ژن حەڵاڵە و ئەگەر نەتانتوانی ھاوسەنگی لە نێوانیاندا درووست بکەن ئەوە یەک بەسە، لەو مێژووە بە دوا، بە مافی شەرعی خۆیانی دەزانن، چەند ژنێک لە ماڵەوە ببەستنەوەو ھەر کات زەوقیان لە کامیان ھەبوو، بڕۆن لە گەڵی بخەون. دیارە پیاوانێکی زۆری موسوڵمان ھەن، باوەڕیان بە فرەژنیی نیەو لە یەک ژن زیاتریان نەھێناوەو نیە، بەڵام ھیچ کات ناوێرن ڕەخنەی لێ بگرن، چونکە لە قورئاندا نووسراوەو دەترسن لە خودای خۆیان و ناتوانن وەک کارێکی خراپ باسی بکەن.

من لەوەتای ھەم چەندین پیاوی موسوڵمان تەکلیفی ھاوسەرگیری و پەیوەندی خۆشەویستیان لێ کردووم، بەڵام ھەرگیز جورئەتی ئەوەم نیەو نەبووە، بیر لە پەیوەندی بەستن لە گەڵ ھیچ پیاوێکی موسڵمانادا بکەم، چونکە ئەگەر منیشی زۆر خۆش بوێت، ئەوە دینەکەی ڕێگەی پێ دەدات، ھەرکات داھات و پارەی زۆری ھەبوو، ئەوە ھەر بۆ حەزی خۆی، ژنێکی دیکەش بھێنێتە سەر جێگاکەم ، یان لە ژوورێکی تر، یان لە ماڵ و شارێکی تر. جا ئەوکات، ئەگەر خۆشم ئاگام لێی نەبێت، ئەوە کچەکەم تا نەیخاتە زیندان وازی لێ ناھێنیت، چونکە بیر کردنەوەی دایکی و پەروەردەو خوێندنی دەرەوەی کوردستان فێری ئەوەی کردووە، لە ناحەقی بێدەنگ نەبێت.

لە کوردستاندا بە پێی شەریعەتی ئیسلامی و بە پێی یاسای نوێی پەرلەمان، ئەگەر ژنی یەکەم ڕازی بوو، ئەوە پیاو دەتوانێت ژنی دووھەم بھێنێت. بۆ منێکی فێمینست، چەندە پیاوەکە لەو پڕۆسەیەدا تاونابارە، ھێندەش ژنی یەکەم و ژنی دووھەم و خێزان و ھاوڕێ و دۆستەکانیشیان کە پێرۆزبایی و موبارەکە بوونی خۆیانی بۆ ڕادگەیەنەنن، ھەموو تاوانبارن. تاوانبارن، بەوەی دوو ژن دەخەنە خزمەتی پیاوێکەوەو حەز و بۆن و باوەش و ھەموو ھەستەکانی دوو ژن، دەکرێت بە موڵکی یەک پیاو. ئینجا ئەگەر ژنی دووھەمیش ڕازی بوو، ئەوە ھەمان پڕۆسە بەردەوام دەبێت! ئەو خەڵکانە تاونبارن بەوەی، جۆرێک لە خێزان و جۆرێک لە منداڵ پەروەردە دەکەن، کە سێکس تێیدا تەنھا بابەتی گرنگ و تاکە شتێکە کە باوکیان لە گەڵ دایکەکانیان کۆ دەکاتەوە. ئەو خەڵکە جۆرێک لە خێزان درووست دەکەن، کە منداڵ تێیدا ھیچ جۆرە نرخێکی نیە. ھیچ کەس لەو پڕۆسەیەدا ناچێت پرس بە منداڵەکان بکات، کە ئایە ئێوە ڕاتان چیە، وەک ئەوەی منداڵ تەنھا ئیشی نانخواردن و خەوتن بێت و تەواو. ئەو خەڵکە تاوانبارن بەوەی، تەنھا بە خاتری حەزی پیاوێک، چەندین ژن و منداڵ تووشی باری دەروونی خراپ دەکەن و دەیان کێشەو گرفتی ئیرەیی بردن لە یەکتر و شەڕو ئاژاوە، لە نێوان ئەو خێزانانەدا درووست دەبێت. لە کاتی ھەر شەڕ و ئاژاوەیەکیشدا، تەنھا ژنەکان و منداڵەکان زەرەر دەکەن، چونکە پیاوەکە ھەر کە زۆر ناڕەحەت بوو، دەڕواتە دەرەوەی ماڵ و لە باوەشی ژنێکی دیکە، یان بە ڕابواردنی خۆی لە گەڵ ھاوڕێکانی، خەمی خۆی بە با دەکات و ئەوانی تریش بەدەرەک!

بە باوەڕی من، فرەژنیی جگە لەوەی تاوانە، بێ ڕیزیشە ھەم بە ژن و ھەم بە پیاو، چونکە تەنھا ھۆکاری فرەژنیی لە دونیایی ئەمرۆدا سێکسە، نەک وەک پێشتر کە ھۆکاری سەرەکی باری ئابووری خەڵک بووە. لە کاتی ئێستادا، پیاو کە ژنی دووھەم دەھێنێت، بێگومان دەبێت لە ژنی یەکەمی گەنج تر و جوان تر و کچیش بێت و شووی تری نەکردبێت. ئیتر خۆ ڕەنگە ھەموو ئەو ژنانەش داھاتی ئابووری خۆشیان ھەبێت، کەوایە بابەتەکە تەنھا سێکسەو ھیچی تر. ئەمەش بە ئاشکرا دەوترێت و باسی دەکرێت، بۆ نموونە دەڵێن: چەند ژنە لە کاری بێڕەوشتی باشترە، ئەمە بە جیا لەوەی خەڵک چوزانێت ئەم پیاوە بێجگە لە بە خاوەن بوونی دوو ژن و سێ ژن، چی تر دەکات و شەوەکانی کە لە ماڵەوە نیە، لە کوێ گەرم دەکاتەوە! ئەسڵەن بێ ڕەوشتی چیەو چی لەوە بێڕەوشتی ترە باوکێک بە بەرچاوی منداڵەکانیەوە، ھەر شەوەو لە باوەشی یەک لە ژنەکانی بێت!

بێڕەوشتی لەوە گەورە تر چیە، منداڵێک ببینیت باوکی ھەر بۆ خۆشی خۆی، دایکی خۆی و ژنێکی دیکەشی لە ماڵەوە ڕاگرتووەو ھەر جارەو دەچێتە لای دانەیەکیان! بێڕەوشتی ئەوکاتە دەست پێ دەکات، کە پیاوێک ژن و منداڵەکانی دەکاتە قوربانی حەز و ویستی خۆی. فرەژنیی خۆی بۆ خۆی گەورە ترین بێڕەوشتیە، بۆیە ئەو پیاوانەی بانگەشەی ڕەوشت دەکەن، ھەر ئەوکاتەی دەستی ژنی دووھەمی گرت و بردیە ژوورەوە ڕەوشت لە پەنجەرەی ژوورەکەی فڕێ دەداتە دەرەوە. ھەر بۆیە فرەژنیی چەندە بێ ڕێزیە بە ژن، ھێندەش بە پیاو، چونکە وەک بوونەورێکی بێ ڕەوشت و گوێنەدەر بە دونیایی منداڵ دەری دەخات. فرەژنیی، پیاو وەک کەسێکی گەمژەو بێ شعور پێناسە دەکات، کە کۆی خۆشی ژیان لە زیاتر سێکس کردن و زۆترین کات لە سەر جێگا خەوتن پیناسە دەکات، تا ئەوەی خەریکی بەشەکانی تری ژیان و فێر بوون و پەروەردەی تەندرووستی منداڵەکانی بێت.

 

ماڵپەڕی شوانە حەسەن ئەبوبەکر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک