١٥\٦\٢٠٢٢ فڕین.
دارا خونچە ئەو دەمەی لە فڕیندام هەرگیز بیر لە نیشتنەوە ناکەمەوە! فڕینی من گەڕیان نییە لەدوو ئەو ئاواز و ئارەزووانەی وە گێژییت دەسپێرن.. لە سۆز داتدەشۆرن.. لە ویژدان داتدەچۆڕن.. فڕینی من کنەکردن نییە لەدوو ئەو خواستانەی مرۆڤان لە مرۆڤایەتی دەخەن وە ئەندازەی هێزی قەپی پچڕینی نان بەها و نرخیان دەخەمڵێنن! ئاخر فڕین.. هەم باوەشێنە لە پەنگر هەم باڵوەشێنە لە بڵێسەی ئاگر لێ هیچ بەرگ و ئاکارەک وەبەر هیچ نابڕی! فڕین لە کنە من رامان و چێژبردنە لەو جێپەنجانەی لە چاندن و گەشانەوەی دار سنەوبەرەکان نەخشاندمان.. فڕین لە کنە من کۆترە دندووک سۆرەکانی سەر سینگی یار و هەڵفڕاندن و رەهاکردنیانە بەرەو پەڕپەڕەکەی ئاسمانێ.. فڕین لە کنە من تەنێ و تەنێ هەر فڕینە و هیچی دیکە! لە ''نیشتنەوە''ش باکم نییە؛ تاکو ئاسمان لەو ئاسمانەوە وەستابی و بە ئارامیی لێو نەخاتە سەر لێو زەوی داخزین و داکشین داگەڕین و دانەوین و داچەمین و دابەزین و هەرچی وشە و دەستەواژەی پەیوەست وە نیشتنەوە هەنە لە فەرهەنگ و مەژیی مندا هەم ناوازە و هەمئاوازن! هەم ئاوارتە و ئاوارەنە! ئەو دەمەی لە فڕیندام هەرگیز نیشتنەوە ناسناکەم.. بەرم وە هیچ هیچەوە نییە.. فڕین لە کنە من ئازادیی خۆدەربڕینە - کتومت وەک خودی خۆ -!
کۆتایی ئایاری ٢٠٢٢ - لەندەن
|