١٩\٦\٢٠١٢ فڕینی ریشۆڵه‌كانی عه‌ده‌م.
هاودێر ره‌ش
(له‌و كاته‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌ت سڕیه‌وه ئه‌مه تۆز و خۆلی سه‌ر دڵی من بوو لات دا تا تۆی تێدا ببینم، گه‌ر بۆت ده‌كرێ ئه‌و په‌نجه‌ره‌ی من بكه‌وه.. گه‌ر ناتوانی بكه‌یته‌وه به به‌ردێك بیشكێنه وردوخاشی كه و فرێی بده نێو زبڵدانیك تا له دڵی هیچ مرۆڤێكی تر رۆنه‌چێ).
ئیواره بوو هاته‌ده‌ر، پێنج دینارم دا به‌و منداڵه‌ی یاری ئه‌كرد له نزیك ئه‌وێ.. نامه‌كه‌ی بۆ برد و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی كرد، وه‌ك بڵێی شه‌رم بكات نامه‌كه‌ی به خێرای له ده‌ستی منداڵە‌كه وه‌رگرت و رای كرده ژوورێ، كاتێك وه‌لامی نامه‌كه‌ی دامه‌وه شاگه‌شكه‌بووم.. له خۆشیان هه‌ستم ده‌كرد باڵنده‌كان درۆ ده‌كه‌ن كه ده‌ڵین مرۆڤ نافڕی.. من فڕیم هه‌ستم ده‌كرد له بنمیچی ئاسمانی یه‌كه‌مم و ناوێرم بڕۆمه دووه‌م له به‌ر ئه‌و، دواتر ئاسمانی دڵی ئه‌و ته‌می گرت و چاوه‌كانی من لێڵ بوون لە دووری.
سەرلەئێوارەیەک له‌گه‌ڵ گوڵاوی ماچه‌كان هات و نامه‌ی ماڵ ئاواییت دایه ده‌ستم.. پێم سه‌یر بوو وا زوو هات.. ئه‌و هه‌میشه دره‌نگانی شه‌و ده‌رده‌كه‌وت بۆ رامووسانێك باوه‌شی بۆ كوشتن ده‌كرده‌وه، نه‌مده‌زانی دوا چركه‌كانی بینینی ئه‌و زه‌نگ لێده‌ده‌ن.. زۆر به هێمنیی رۆیشت، دره‌نگانی شه‌و گه‌یشتمه‌وه ماڵ و نه‌متوانی نمه‌كه بخوێنمه‌وه، وه‌ك سپێدەیەکی تر به زه‌نگی پرته و بۆڵه‌ی نێوان باوك و دایكم له خه‌و هه‌ڵستام، خێرا نامه‌كه‌م كرده‌وه و خوێندمه‌وه.. وای له‌م نامه ژه‌هراوییە.. بۆنی ته‌نیایی و مردنی دڵمی لێ ده‌هات، له نامه‌كه‌دا نووسیبووی :
(ئازیزه‌كه‌م خۆشمده‌وێی من رۆیشتمه‌وه بۆ كه‌ركووك چونكه باوكم ماوه‌یه‌كه سووره له‌سه‌ر گەڕانه‌وه‌مان بۆ ئه‌و شاره.. ئێستاش كه ئاواره‌كانی ئه‌وێ به‌شێكی زۆریان گه‌ڕاونه‌ته‌وه ئه‌مشه‌ویش نۆره‌ی ئێمه بوو كاروانی ئێمەش بەڕێکە‌وت، بمبووره كه دڵم نه‌هات پێت بڵێم شتێكی له‌م جۆره هه‌یه.. ده‌مزانی به‌رگه‌ی ناگری و وه‌ك جاری پێشوو جه‌نگ له‌گه‌ڵ دڵڕه‌قیی باوكم ده‌كه‌ی.. ئه‌و ته‌لاقی خواردووه كه من نابێ ببم به هی تۆ، بۆیه منیش دڵخۆشیی دایكم هەڵبژارد، ئیدی چاوه‌رێم مه‌به، ماڵئاوا).
دوای دوو ساڵ گه‌ڕان له یه‌كێك له هاوڕێكانیه‌وه زانیم شووی به كوڕێك كردووه و رۆشتوون بۆ هه‌نده‌ران، منیش تا ده‌هات زیاتر نائومید ده‌بووم.. ئاخر دڵم به ئه‌ندازه‌یه‌ك گیرۆده‌ی ئه‌و بوو وه‌ك ئه‌وه‌ی دا‌غ كرابم و به گڕی ئه‌و شومێك له‌سه‌ر دڵم په‌یدابێ و ته‌نیا ئه‌و بتوانێ بیبینی و چاره‌م كات، ئیتر كه‌شتی دڵم له‌سه‌ر كه‌ناری چاوه‌ڕوانیی جێهێشت تا ده‌ریای ژیان کەشتیی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و بێنێته‌وه.
ده‌مه‌وئێواره‌یه‌ك زۆر غه‌مباربووم له به‌رامبه‌ر دیمه‌نی ماڵئاواییکردنی هه‌وره‌كان چۆڕامه‌وه له ئومێد، وه‌ك باڵدارێكی باڵكشاو هه‌وڵی فڕینم ئه‌دا كه‌چی له ناخه‌وه هه‌ستم به باڵشکاویی خۆم ده‌كرد، هه‌نگاو هه‌نگاو له كه‌ناره‌كانی ته‌نیایی و غه‌مدا پیاسه‌م ئه‌كرد، خۆر به هێمنیی فتوای ئاوابوونی ئه‌دا، مانگ وه‌ك شكۆفه‌ی سپێدان له‌سه‌رخۆ ده‌هاته حزووری زه‌وی، منیش به هیواشیی ده‌ڕۆیشتم و له ژێر دره‌ختێك لام دا كه گه‌ڵاكانی به‌ر شنه‌بای هه‌ڵوه‌رین كه‌وتبوون، ئیدی ئه‌و گه‌ڵایانه‌م وا هاته به‌رچاو كه هه‌ورێك برووسكی تاوانی به‌ركه‌وی و بارانی گوناه به‌سه‌ر زه‌ویدا ببارێنی، له‌پڕ كه‌سێك هات نامه‌یه‌كی دایه ده‌ستم و وشه‌ی نهێنیی نێوان من و ئه‌وی گوت و جێیهێشتم، بڕیارم دا بۆ سبەینێ گه‌شت بكه‌م بۆ لای (ئه‌و) كه سه‌ده‌یه‌كه له چاوه‌ڕوانیی بینینی ئه‌ودا له‌سه‌ر دیواره‌كانی دڵم ئه‌نووسمه‌وه خۆشه‌ویستی، سەردەمێکە چاوەڕێی ئه‌م چركه‌یه ئه‌كه‌م یه‌ك نیگا و گوێبیست بوونی بۆ یه‌ك چركه، دره‌نگانی شه‌وه، خورپه‌ی دڵم زۆر به‌خێرایی لێ ئه‌دا.. كاتێک بیر ئه‌كه‌مه‌وه ئه‌وه من نیم په‌نجه‌ره‌ی ئاواته‌كانم سڕابێته‌وه له تۆز و خۆلی نائومیدیی، ئه‌وه دڵی من نییە كه بارانی (ئه‌و) ماڵی دۆزیوه‌ته‌وه و نم نم ده‌بارێ، ده‌پرسم تۆ بڵیی ئه‌وه من بم؟.. (ئه‌و)یش (خۆی) بێ، وه‌ك دره‌ختێكی لق و پۆپ شكاو نائومێدیی داگیریكردووم له نه‌بینینی (ئه‌و)، ئیدی ئه‌مشه‌و ئێشكگرم ده‌مه‌وێ ئه‌و چركانه‌ش به ئاگا بم كه رووناکیی دێ و تاریکیی كۆچ ده‌كا له‌و ساته‌دا شالووری گریانی من دێته گۆ، بێده‌نگ بیده‌نگ ئه‌شك به‌سه‌ر باڵای گوڵدا ده‌بارێ و ده‌رگای ته‌نیایی ده‌كرێته‌وه بۆ سه‌ما، له خۆشیان فرقات له قورگم قه‌تیس ماوه، كات زوو تێده‌په‌ڕێ، وا هات كاتی سه‌فه‌ر، جانتاكه‌م كرده شانم كه خاڵییە له سۆز و خه‌نده و پڕیه‌تی له بێ هیوایی و (ئه‌و) وا به‌ره‌و لای ئه‌و به‌ڕێ كه‌وتم، له‌و كاته‌دا دیمه‌نی وه‌هام هاته به‌رچاو وه‌ك ئه‌وه‌ی تابلۆیه‌كی رەنگکراو له دوودڵیی بیرمده‌كرده‌وه تۆ بڵێی ئه‌وه من بم، به سواری ماشێنه‌وه بچمه لای ئه‌و، سه‌خته بۆ من بینینی ئه‌و ڕووبه‌ڕوو، منێك زه‌وی ژیانی هه‌میشه بێ به‌رهه‌مه و باران ماڵی نادۆزیته‌وه و وشكه ساڵیی له ده‌رگای داوه، منێك به‌رده‌رگای دڵم پڕیه‌تی له زبڵی درۆی ئه‌م و ئه‌و، منێك ئاسمانی بیركدنه‌وه‌م غه‌ور بووه به دوورییە‌كانی تۆ، ئیدی چۆن به‌رگه‌ی بینینی تۆ ده‌گرم، خۆم دێته به‌رچاو وه‌ك پاسارییە‌ك له قاتی دووه‌می مۆتێلێكه‌وه به‌ر ببمه‌وه و له‌سه‌ر رێگا بكه‌وم و ماشێنیك پانم كاته‌وه و خوێنه‌كه‌م به تایه‌كانیه‌وه بلكێ، ئه‌وه قه‌ت من نیم به‌م ساناهییە بگه‌م به تۆ، له رێگادام و به‌نزینی ماشێنه‌كه خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێ، شوفێره‌كه به دوای وێستگه‌دا دەگەڕێ، هه‌ستم كرد ئه‌وه منم هه‌میشه وێلم به دوای تۆ، ئێستا وا له رێگام تا وێلبوون دا‌غ بكه‌م و به ئاگری بینینی تۆ بیسوتێنم، شوفێره‌كه وێستگه‌یه‌كی ده‌ستکە‌وت و ماشێنه‌كه‌ی پڕ كرد له سوته‌مه‌نی، كه‌چی من له‌وه‌ته‌ی هه‌م به دوای تۆدا دە‌گه‌ڕێم، تۆ نی، نامه‌ی نێو تیاكۆكه‌م ده‌رهێنا و خوێندمه‌وه ئه‌و ناونیشانه‌ی كه له كاغه‌زێكی چه‌ندین ساڵ پێنووس به‌سه‌ر دانه‌هێنراو تێیدا نووسیووته:
( ئه‌وه (منم) وا له‌وێم دێی بۆ دیده‌نیم؟ چاوه‌ڕێتم له‌و كاتژمێره‌ی كه بۆم نووسیوی له ژێر هه‌مان دره‌خت).
چوار كاتژمێر به رێگاوه بووم تا دواجار گه‌یشتم، نه‌مورا راسته‌وخۆ بڕۆمه پێش و سه‌یری بكه‌م، له خۆم ده‌پرسم بۆچی هاتووم، ئاخۆ ئه‌مه ئه‌و بێ؟ تۆ ئه‌ی رووخێنه‌ری ئەشکەنجەکانی رۆحم.. ئه‌ی فڕۆكه جه‌نگییە‌كه‌ی ئاسمانی دڵم.. ئه‌گه‌ر (خۆتی) موشه‌كی خه‌نده بهاوێژه و خه‌مه‌كانم ته‌فروتوناكه یان به زیندوویی وه‌ك ئه‌نفاله‌كانی گه‌رمیان زینده‌به‌چاڵیان كه، یان وه‌ك ئاوه‌راكانی كوردستانی باشوور به‌ره‌و سنووری وڵاتێكی تر ئاوا‌ره‌یان كه، ده‌ی له‌گه‌ڵ تۆمه ئه‌ی مینڕێژه به‌تواناكه ده‌سا وه‌ره و ملیۆنه‌ها مین له شوێنی خه‌مه‌كانی من بچێنه وه‌ك مینڕێژه‌كانی به‌عس كاتێ كوردستانیان مینڕێژكرد تۆش خه‌مه‌كانی من مینرێژكه، ده‌سا وه‌ره و هه‌ناسه‌یه‌كی خۆتم له بری ئۆكسجین بخه نێو سیه‌كان.. ئاخر جه‌سته‌ی من ژه‌نگی گرتووه وه‌ك ئه‌و مرۆڤانه‌ی به‌ر كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه كه‌وتن.. ده‌سا وه‌ره و سیه‌كانم پاك بکەوە له پاشماوه‌كانی بۆنی سێ‌و، كاتێ نزیك بوومه‌وه له دواوه بینینم، قژزه‌ردێكی باڵابه‌رز سه‌ری به دره‌خته‌كه‌وه نووساندبوو، ئه‌رێ ئه‌وه تۆی؟ كاتێك رۆیشتی قژت سیا بوو یان تۆش خاسیه‌تی په‌ژه‌ی پایزت گرتووه بۆیه وا قژت زه‌رد هه‌ڵگه‌راوه، ئا بینیم ئه‌وه تۆ بووی كه سه‌یری لای چه‌پت ده‌كرد و خه‌یاڵ بردبووی نازانم بۆ كوێ، بۆ لای هه‌ریاده‌كانی كۆڵانه‌كانی شار و ماچه‌كانی قه‌راغ كانی، من له لای راسته‌وه نیوه‌ی روخسارتم بینی ئاهێكم هه‌ڵكێشا و وه‌ك یه‌كه‌م چركه‌ی دابڕان خه‌مێك له ناخه‌وه ئابلۆقه‌ی دام.. خۆم تێك نه‌دا وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بووبێ به‌ره‌و پێشه‌وه هاتم، وه‌ك یاریه كۆنه‌كانی جاران له دواوه چاوه‌كانم گرتی، به گوێتمدا چرپاند ئه‌وه كێیه؟ گوتت:
(تۆی ئه‌و مرۆڤه‌ی كه چه‌ندین ساڵ تێپه‌ڕین و ئه‌م هه‌موو كۆشك و ته‌لار و شار و مرۆڤه‌م بینین هه‌موویانم له یاد چوون.. چه‌ندین ساڵ گوزه‌شت هیچ شتیك و هیچ خۆشییەك به ئه‌ندازه‌ی یه‌ك رامووسانی تۆ دڵیان خۆش نه‌كردووم، هه‌موو دنیا گه‌رام ئاوابوونی خۆر له كه‌نار ده‌ریا و پیاسه‌كردنی هه‌ور له نزیکیی به‌سه‌ر شۆسته‌ی ئاسمان و كۆچی باڵنده‌كان به‌كۆمه‌ڵ ورده ورده هه‌موو شته‌كانم بینین به‌ڵام تۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه هه‌ور و ئاسمان و باڵنده و خۆر بووی نه‌مبینی چه‌ندین جار بۆ چه‌ند كاتژمێریك چاوم له گوڵه‌كان لا نه‌ده‌دا ده‌مگوت به‌ڵكو روخساری له‌نێو گوڵێكدا ببینم به‌ڵام نا له هیچ شوێنێك تۆم نه‌بینی جگه له نێو پێشانگای دڵم له به‌شی یادكردنه‌وه و یادگارییە‌كان.. ئا له‌وێدا تۆ هه‌بووی).
به جۆرێك قسه‌ی ده‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌ڕابمه‌وه ساڵانی پێشووتر، قسه‌كانی به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و خۆشییانه بوون كه لە رابردوودا روویدابوون، وه‌ك چۆن پێشتر خورپه‌ی دڵ و گلێنه‌ی چاوه‌كانم بوو كه بینینم به هه‌مان شێوه‌ی رابردوو باوه‌ڕم به قسه‌كانی كرد به هه‌موو شتێكی وه‌كو جاران چۆن له دوای په‌نجه‌ره‌كه‌وه ماچی بۆ هه‌ڵده‌دام هه‌ر به‌و جۆره‌ش ماچه‌كانی دووباره ده‌كردنه‌وه و ده‌یبردمه‌وه بۆ ئه‌وێ، ئه‌و پرسیاری ده‌كرد و منیش وه‌ڵامم ده‌دایه‌وه.. كاتێک به زه‌رده‌خه‌نه‌وه قسه‌ی ده‌كرد.. له دڵی خۆمدا ده‌مگوت: (دوا جار به دڵی خۆم گه‌یشتمه‌وه)، نامه‌یه‌كی دایه ده‌ستم گوتی: (كه رۆیشتیته‌وه ئه‌و نامه‌یه بخوێنه‌وه)، منیش هه‌ر به‌م نامانه تێگه‌یشتم كه جاران ئه‌م قسانه‌ی تێدا ده‌نووسین، كه به ده‌م شه‌رمی ده‌كرد بیانڵێ، په‌نجه‌كانی خستنە نێو په‌نجه‌كانی من و زۆر سه‌یر نیگاكانی تێده‌گرتم وه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤێك بم گوللە‌یه‌كم به‌ركه‌وتبی و دواجار بی به زیندوویی بمبینێته‌وه، به زه‌رده‌خه‌نه‌وه گوتی زه‌نگی قه‌ده‌غه‌بوون خه‌ریكه لێ ده‌درێ و ده‌بێ بڕۆم گه‌ر نا تووشی كێشه ده‌بم، شه‌رمم ده‌كرد وه‌كو جاران پێی بڵیم ماچیكم به دیاریی بده‌رێ ئینجا بڕۆ.. ئیتر هیچمان نه‌وت به نیگایه‌كی زۆر قووڵ سه‌یری یه‌كمان ده‌كرد و هه‌ر یه‌كه‌مان به رێگایه‌كدا ده‌رۆیشتین و له دواوه ئاوڕمان ده‌دایه‌وه و سه‌یری یه‌كتریمان ده‌كرد، له به‌رچاوم له دیمه‌نی دایكێك ده‌چوو منداڵه‌كه‌ی كه‌وتبێته نێو رووبارێك و له‌تاو رۆحی ئه‌و بۆ رزگاركردنی خۆی به رووباره‌كه‌دا دابدا و خۆی بمرێ و منداڵه‌كه‌شی به زیندوویی بمێنێته‌وه، نزیكی بانگی ئێوارە بوو گه‌یشتمه‌وه ماڵ و چووومه ژووره‌كه‌م و نامه‌كه‌یم ده‌رهێنا بیخوینمه‌وه.. كه ده‌ستم برد بیكه‌مه‌وه گوڵدانی سه‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌م كه‌وته خوارێ و شكا.. ده‌ستم به بەرداخی سه‌ر مێزه‌كه‌م كه‌وت و ئاوه‌كه‌ی رژا، ئیدی دڵی من هه‌ر به نامه له دایك بوو هه‌ر بەویش له‌سێداره درا.. وه‌ك ئه‌و عه‌شقانه‌ی به تێل ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و به تێل كۆتاییان پێ دێ.. وه‌ك ئه‌و عه‌شقانه‌ی به نیگایه‌ك ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و به یه‌ك وشه كۆتاییان پی دێ.. ئیدی، نامه‌كه‌م كرده‌وه نووسیبووی:
(ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی دوا نامه‌ی ژیانی منت پێ ده‌گا، تۆ له چاوه‌ڕوانیی مندا مه‌لێكی باڵشکاو و ماسییە‌كی له نزیك كه‌نار فڕێ دراوی، ئه‌وه من نیم ئه‌و كه‌سه‌ی كه قولابی خسته نێو ده‌ریای عه‌شق و تۆی پێوه بوو، من ئه‌و كه‌سه‌ی جاران نه‌ماوم تۆ گوڵ بیت و من باران بم، نا ئێستا خۆرم.. گه‌ر بڕیاربوو ببیته‌وه گوڵ ده‌تسوتێنم، ئیدی بیر له من مه‌كه‌وه.. من له‌و ساته‌ی تۆم جێهێشت له نێو دڵی خۆمدا سڕیمیه‌وه و وه‌ك پینه‌دۆرزه‌كان دڵم به پیاوێكی تر پینه‌كرد.. ئێستاش ده‌مه‌وێ لێره به دوا به پێخواسیی بڕۆم و دڵم پینه نه‌كه‌مەوە، به‌ڵام ئه‌ی پاكترین مرۆڤ.. ئێستاش پێم سه‌یره كه باڵی هه‌موو ئومێده‌كانت دایه ده‌ستی راوچییە‌كی وه‌ك من.. ئیدی ئه‌وه بزانه راوچی هه‌میشه خوێنڕێژە و راستیی و دڵسۆزیی له عه‌شق دۆراند، ماڵئاوا...).
|