په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٣\٢٠١٢

چیڕۆک وەک نەورۆزانە:

فڕین لە سۆنادا.


ئەیوب رەحمانی    

پێشەکییەک.


چ جەوێک ئەتوانێت شاعیرانەتر بێت لەمە؟ مەبەستم لە جەوی ناو سۆنای گشتیی و تێکەڵاوی زستاناندایە؟ جەوی شاعیرانە ئەتوانێت زۆر بوار لە خۆ بگرێت، لە ژێر باراندا بێت یا لای تاڤگەیەکی بەخووڕ، لای زەریایەک بێت یا لە ڕۆژھەڵاتنی بەیانیان و ڕۆژئاوابوونی ئێواراندا.‌ خۆ جەو ‌ ھەر ئەوە نییە کە سۆفی مەسلەکانە لە پاڵ مەیخانەیەکدا بۆی بکەویت و ساقییەکی خۆشقەوارە و چاوڕەش پیاڵەت بۆ پڕ کات و پاشانیش مەست و کەلەلا بۆی بکەوی و فڕت بە سەر ساقیش و جەو و مەیخانەوە نەمێنێت! یاخۆ ھەر ئەوە نییە کە بە تەنیایی کزۆڵکە بکەیت و جغەرەیک بگریتە دەست و دەست بە سەر و قژیی نیوە ڕووتەڵەتا بێنیی و بنووسیت، یا نخێر بچیتە قووڵایی تەمێکی ماتەمینەوە و ھەتادووایی. دیارە ئەمانەش کاتی خۆیان و جێگا و زەمەنی خۆیان ھەبووە و ھەیە. ئەوە بۆ سەردەمی خەییامی بە بڕوای من فەیلەسووفی ژیان، وە خەیامیستەکان باش بوو و باشە، کەمتر بۆ ھۆنەر و شاعیری ئەم سەردەمە باشە، ئەمە ڕای منە و ڕەنگە خەڵکیتر لەگەڵم ھاوڕا نەبن. بەڵام من ئەمڕۆ پێموایە، با ھۆنراوەی ئەمسەردەمە لە بووغز و گریاندا نەنووسین، با لە جەوێکی ئاشقانەتری دیکەدا شیعرێکیتر ھەڵبەستین. با ئەزموونی نوێ تاقیی کەینەوە، با لە سۆنای تێکەڵاوی زستاناندا قووڵ بینەوە! ئای کە خۆشە ئەو جەوە، ئەو یەکبوونە لەگەڵ سرووشت، لەگەڵما بن با تێم بگەن!

ئێوارەیە و وا تازە گەویومەتە ماڵەوە، ھەندێک ھیلاکم. بەفرێکی خۆش ئەمڕۆش بە سەر بەفرە کۆنەکانی ئەم حەوتووەدا باریوە و ھات و چۆی ئەستەم کردووە. ھاڕت و پووڕتیی ڕەگەزپەرەستانەی ڕۆژانەی ناو شار دیسانەوە جەویگرتووم. ئەبێ زۆری بیر لێ نەکەمەوە، بۆیە ڕێگایەکم پێویستە لە دەستی ڕاکەم. خاولییەکانم ئەپێچمەوە و لە ساکە وەرزشییەکەمیان دەخەم و ڕێگای سۆنا ئەگرمە بەر. ئێوارانە ئەبێ بە پێی ئەوەی خەڵک لە کار ھیلاک دەبن و نایەن بۆ سۆنا، خڵکی زۆر کەم لێبێت، ھیوادارم وابێت. زستانان حەزم لە مەلەش نییە، بۆیە بیرم ھیچ بەلای مەلە کردندا ناچێ ئەمڕۆ. مەلە و ھاوینیان وتووە جا چ لە ئیستەخر و مەسبەح بێت و چ لە چۆم و زەریا. کە بیر لە مەلە دەکەمەوە یادی چیرۆک و ڕۆمانەکانی پێدرۆ خۆزە گووتیرێزی کووبایی دەکەومەوە. چێژێکی زۆر لەو چیرۆکانەی وەردەگرم کە لە گوێی زەریا لە ساحیل و گوێ زەریای ھاوانا پیاسە دەکات و کیژە قرتە ڕەشتاڵە بە خۆربرژاوە ڕووتەڵە ھاواناییەکان لە قرچەی گەرمای ھاوانادا بەرۆکی پێدەگرن. داوای لێدەکەن ئەلاسکە و ساردی و دۆندرمەیان بۆ بکڕێت و فێنکیان کاتەوە، جا ئەمانیش ماچی لێوەکانیانی بە خۆڕایی و بێ بەرانبەر دەدەنێ! تەنانەت ھەندێک جار بە مەکر و عیشوە یا بە جوانیی و لاویی خۆیان ھەڵی ئەفریوێنن بۆ ھۆتێل! نانا بە ھەڵە تێمەگەن، لەشفڕۆش نین ئەوان، بە دووی پارەوە نین، تەنیا ئارەزووە سرووشتییە سێکسییەکانیان بە تەمان ئاو بدەن! جاری وایە دووان و سییان پێکەوە ھەڵیئەفریوێنن!

ئەگەمە بەر دەروازەی بینای سۆنا و ئیستەخر و خۆ بە ژووردا دەکەم. ئەمە گەورەترین ئیستەخڕ و سۆنای باکووری زووریخە کە تەنانەت کێبەرکێی مەلەوانی تێدا دەکرێت و لە نزیک من ھەڵکەوتووە. کە لە دەروازە تێپەڕیم، ڕاستەوخۆ بەرەو ئیستەخر ئەڕوا، یەکەم دەرگای دەستی ڕاست سۆناکەیە، بایدەدەمەوە بۆ ڕاست و خۆم بە دەرگای سۆنادا دەکەم. خانمێک لە گیشەی بلیت و بەخێرھاتن ڕاوەستاوە، کارتی ساڵانەکەم پیشاندەدەم و قەیرە سویسیەکە بە چاوێکی تیژەوە ئەڕوانێتە ڕێکەوتیی کۆتایی کارت و وێنەکەم و ئەوجار چاوەکانی مەست دەکات و بە دوو چاوی مەستانەوە کە پڕن لە باوەڕبەخۆ لە چاوەکانم دەڕوانێت و زەردە خەنەێک بە سەر لێویەوە کە بۆ ھەموو مووشتەرییەکی دەکات، پێم دەڵێ "فیل فێڕگنووگن" واتە زۆر چێژ وەربگریی و منیش سپاسی دەکەم. ئەڕۆمە ژووری جلگۆڕین. جلەکانم دائەکەنم و خاولییە گەورە سپییەکەم کە بەس بۆ سۆنای دەبەم، چوون زۆر زەبەلاحە و لە سۆنا لەسەری ڕائەکشێم ، ئەیەم بە شانما و خاولییە باڵتاوەکەشم ھەڵدەگرم بۆ ژووری پشوو. ھەموو ئەوەی ماوە دەخەمە یەغانێکەوە و دوو فڕانکی تێ داوێمو دایدەخەم و کلیلەکەی کە قایشێکی شینی دەسبەندیی پێوەیە، وەک سەعات لە مچەکم یا لە قاچم ئەبەستم. خاولییەکان بە جلگیری لای دووشەکانەوە ھەڵدەواسم و ئەچمە سەر شایەنەکە و خۆم ئەکێشم. ئەی ھاوار دیسان زیام کردۆتەوە، باش بوو ئەمڕۆش ھاتم بۆ سۆنا لە دڵی خۆما دەڵێم. ئەچمە بەر شێری کلۆرەکەوە و بە قامکێک لە بەر دەستما بە دیوارەکەوە دووگمەیەک فشار دەدەم و لە خوارەوە قاچەکانم بە دوا یەکدا ئەخەمە بەر کلۆرەکە و جوان کلۆراوییان دەکەم. کلۆر زۆر چاک بەرگریی لە تووش بوون بە قارچکی پێ دەگیرێت، چوون لەو شوێنە گشتییانە پێویستە وریای قارچکیش بین و زۆر بەرپرسانەشە بە شتنەوەی قاچمان بە کلۆر لە سەرەتاوە، خۆشمان قارچکی پێ لەگەڵ خۆمان نەبەینە شوێنە گشتییەکان. ئەوجار دەچمە بەر دووشەکە و ئاوێکی خێرا بە خۆمدا دەکەم و خاولییەکان ھەڵدەگرمەوە و بە خۆویشککردنەوە بەرەو ژوورەوە دەچم. ھەر کە دەرگا ئەکەمەوە ھاڵاوی گەرم و چپە چپی خەڵک دێن بە ڕووما و خێرا بۆم دەر ئەکەوێت، کە بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکەم، خەڵک زۆر ھاتوون و قەرەباڵغە. دوو سێ دانە ھەر جووتە کووڕ و کچی ڕفیق ھاتوون، بێجگە لەو ژن و پیاوانەی دیکە. منیش ئەم ئێوارە بە تەنێ ھاتووم، چ خەم نییە، تا تۆزێکیتر ئیتر تەنیا نامێنم. ھەندێک لەو ژن و پیاوانە سەرەپێی دەناسم، کە جار و بار لە سۆنا یەکتر دەبینینەوە!

سۆناکان دوو ژوورن، یەکێک لە ژووری سۆناکان، تا ھەشتا دەرەجە گەرمی دەکەن و زۆرتر بۆ پیرەکان و ئەوانەیە کە زۆر تاقەتی تەحەموولی گەرمییان نییە و بۆیە زۆربەی کچەکان و جووتەکانیش دەچن بۆ ئەو یەکەیان. ژووری دووھەم تا نەوەت دەرەجە و جار و بار زیاتریش گەرم یا باشتر وایە بڵەم داخ دەکرێت. ئەمەیان مووشتەری کەمترە، شانسی خۆم، من حەزم لەم ئێکستڕێمەیە!

خۆم ویشک کردۆتەوە و خاولییە باڵتەکەم لە ژووری پشوو ھەڵواسیوە. چاوێک لە حەوشە و ئیستەخرە بچکۆلەکەی حەوشە کە ئاوەکەی سەھۆڵاوە دەکەم و چاوێک لەو بەفرانە دەکەم کە بە خەرامان و کلو کلو بە بەر دەمی گڵۆپە زەردەکانا دێنە خوار و لە سەر تەختەی ڕاکشانی پاڵ حەوزەکە دەنیشن و ھەندێکیشیان دەچنە سەر ئاوە سەھۆڵاوەکە، چێژێکی تا سەر ئێسقان سارد بەڵام ئاشقانە، ئاشق بە سرووشتم پێ دەبەخشن! تا یەکێک دەرگای حەوشە دەکاتەوە،‌ کزەی سەرما دێت بە ڕووما و مووچڕکەم پیا دێ!

بە خاولییە سپییە گەورەکەوە ئەچمە ژووری نەوەد دەرەجە. تەنیا پیاوێکی بە تەمەن پەنجا ساڵانە بەرەوژوور و دوو خانمی نێوانساڵی قەیرەی لێیە. سڵاوێک بە عەرزا دەدەم و چاو بۆ جێگا دەگێڕم. ناو سۆناکە بە شێوەی پلیکانە لە تەختە سازکراوە و پلیکانەی سێھەم لەسەرەوە داخترین شوێنە. ھەر ڕیزە پلیکانەی جێگای دە کەس بە دانیشتنانەوە دەبێتەوە، بەڵام ھەندێک کەس حەز دەکەن ڕاکشێن، چوون تاقەت و توانای مانەوەیان زیاتر دەبێت، لەمکاتەدا جێگا تەنگتر دەبێتەوە. یەک لە ژنەکان تەخت لەسەر پشت ڕاکشاوە و خاولییەکی بچکۆلانەی داوە بە دەمووچاویدا و دەستەکانی لەپاڵ خۆیا درێژ بوونەوە و قاچەکانیشی ھەندێک لێک جیا کردوونەوە و مووڕتاحی مووڕتاح خۆی لە سووکە خەوێک داوە و بە ھاتنە ژوورەوەی من و ئەو سڵاوەشی کە بە عەرزمدا دا، ئارامشی خۆی تێک نەدا، وەک شتێک لە زێھنی خۆیدا ھەموو ئیحتیماڵەکانی خوێندۆتەوە. لە خەیاڵی خۆیدا وتوویە، ئێمە سیانین لە ژوورەکە، ھەر من ڕاکشاوم، ئەو دووانەیتر دانیشتوون، ژوورەکەش جێگای زۆرە، جا من بۆ لە خۆمی تێکدەم، ھەر کەس ھاتۆتە ژوور بە سڵاوەکەیدا دیارە یەک نەفەرە و بۆخۆی جێگای خۆی دەکاتەوە! ئەشا جا من چووزانم ئەو ئێستا وا بیر دەکاتەوە؟ ڕەنگە ھەر واش بیر نەکاتەوە و بڵێ جا بە من چی، خۆی مووشکیلی خۆی حەلکات! ئااااااا باشە ئێستا من بۆ مێشکی خۆم بە بیرەکانی خانمەوە سەرقاڵ دەکەم؟ ھەر لێگەڕێ! پیاوەکە لە گۆشەی ئەو سەرەوە دانیشتووە و سەری خستۆتە ناو دوو دەستەکانییەوە و ھەر ناڵە ناڵییەتی، ھەر دەڵەی لە سەر ئاگر یا لە ناو ئاگرا دانیشتبێت، سەعاتە خۆڵییەکەی دیوارەکەی لای ئەو خوولەکەکانی کۆتاییەتیی و بەرەو تەواو بوون دەچێ. خێرا تێدەگەم، کە ئەمە دووازدە سێزدە خوولەکە لێرەیە و ئارەقێکی باشی کردۆتەوە و لە ئان و ساتدایە کە بڕوات. لە دڵی خۆمدا پێی دەڵێم، بۆ زەخت لە خۆت ئەکەی کابرا؟ دەقەیەک زووتر بڕۆ دەر، با جێگای منیش فەریح بێت، ئاخر منیش بە تەمام ڕاکشێم. نەخەیر وادیارە کابرا خەریکی بەربەرێکانێ لەگەڵ کاتایە. سۆنا یەکێک لەو شوێنە باشانەیە بۆ زانینی گرنگیی کات و خوولەک و چرکە، لەو کۆتاییانەدا چرکەت لێ دەبێتە خوولەک و خوولەکت لێ دەبێتە سەعات، خۆ کات ھەر ناڕوا. تا توانایی بەرگریت لاوازتر بێت و تا عەسەبیتر بیت، کاتیش درەنگتر ئەڕوا. خانمەکەیتر مێشکمی خوێندۆتەوە و لە ڕووی ئیحتڕامەوە ھەندێک ھەڵدەکشێت بۆ گۆشەی لای پیاوەکە و منیش لە بەینی خۆی و خانمەکەی دیکەدا خاولییەکەم دادەنێم و بە ناچار دادەنیشم. سپاسێکی خانم دەکەم و چاوێک لە مەمکەکانی، بێ ئەوەی مەبەستێکم ھەبێت. سەری بە ڕەزایەت لە سپاسەکەم تەکان دەدا و دەچێتە فکر و خەیاڵی خۆیەوە. چاوێک لە دەستی ڕاستمەوە دەکەم، ژنە کە قاچەکانی وا خەریکە لە من بدرێ، ھەر وەک خۆی ڕاکشاوە و ئێستا لە خەیاڵی خۆیدا نزیکایەتیی لەشی من لە قاچی خۆی ھەست پێ دەکات، ئەشا من کە، جا من چووزانم!! چاوێک لە ناو گەڵی دەکەم، تووکەکانی کەمە، ھەر لەناو گەڵەکانی دیکە دەچێت، ھەموویان کەم تا زۆر وەک یەکن، مەعنەوییاتییان جیاوازە، ھەر وەک پیاوان. ئەوجار مەمکەکانی ھەڵدەسەنگێنم، پیاوم ئیتر، منیش مافی خۆمە و چاویش بۆ نیگایە. بە شێوەی بازنەیی تەپاون بە سەر یەکدا، لە ڕووی مەمکەکانییەوە ئەبێ چل، چل و پێنج ساڵێکی بێت! لە دڵی خۆمدا پێکەنینیم بە خۆم دێ، بوومە دووکتۆرای تەمەن ھەڵسەنگاندن، ئەویش لە کەناڵی مەمکەوە!!

ھەر سێ سەعاتە خۆڵییەکان گیراون، ھی لای ژنە ڕاکشاوەکە تازە پێنج خوولەکیی تەواو کردووە و دە خوولەکێکیی ماوە، ھی ژنەی لای ڕاستم لە نیوە تێپەڕیوە و ھی کابراش ھەر ئێستا ئیتر ئەبێ تەواو ببێت. ماتڵم کە ھی ئەو تەواو بوو، وەریگێڕم بۆ خۆم. کابرا وردە وردە یەک پلیکان دێتە خوارتر چوون ئەوێ کەمتر گەرمە. ھەوای گەرم چوون سووکترە دایم لەسەرەوەترە.‌ لەم قادرمە نزمترەشدا دە- پانزدە چرکەیەک دەمێنێتەوە و زوو زوو سەیری سەعاتەکە دەکات کە تەواو ببێ و بڕوات، قینم لێی ھەڵدەستێ لەم زەخت لە خۆ ھێنانە پێڕفێکسیۆنیستگەراییە سویسییەی کە بە چرکە کار دەکات. خۆم بۆ ناگیرێت، بە حاڵەتێکی مەسخەرە و کۆمێدیانە پێی دەڵێم، وریا بە تا ئاخرین دەنکە زیخی نێو سەعاتەکە بە جێی نەھێڵێت، ڕێکۆردە پێشووەکانت لاواز دەبن! کابرا خێرا تێمدەگات کە مەسخەرەی دەکەم، قسەکەم ھەر وەک چاوەڕوان بووم بە شۆخی وەردەگرێت و بە پێکەنینێکەوە ئەڵێ ڕاست دەکەیت، ئیتر تاقەتم چوو، ژنەی دەستە چەپ لەولاوە کە دیارە لەمن زیاتر ئاگای لە کابرا بووە، ئەداتە قاقای پێکەنینێکی زۆر دەنگ ھێواش و بە دیالێکتی سویسی پێی ئەڵێ "لۆس لا ما" بە ئاڵمانی کتێبی واتە "لاس لۆس مەن" بە کوردی خۆمانە ئەگەر بیڵەی ئەبێ بڵەی "لەکۆڵ بەوە پیاو"! کابراش زەردە خەنەیەک دەکا و ئیتر توانای مانەوەی نەماوە بۆ وڵامدانەوەمان، ئەڕواتە دەر و ئارەق بە گەڵ و گیپاڵیدا دەڕژێت. خێرا سەعاتەکەی وەرئەگێڕم، ھێشتا خوولەکێک خۆڵی تیا ماوە، بەڵام کێشە نییە، خۆ منیش خوولەک زیاترە ھاتوومە ژوور، ئەمەیان بەوەیان!!

ژنە بە دەنگی ھێواش لەگەڵ منا دای ئەمەزرێنێت. لە سۆنا لە سەر تابلۆ نووسراوە کەس بۆی نییە بە دەنگی بەرز قسە بکات و ئارامشی مووشتەرییەکانی دیکە تێک بدات، بە ناچار بە سرتە سرت ئەبێ بدوێین یا بێدەنگ بین. خێراترین بەھانە بۆ کردنەوەی سەری قسە ھەر ئەو پیاوەیە کە چووە دەر. ژنە وتی پێنج خوولەک دەبێت بە زۆر و زۆرداری خۆی ڕاگرتووە، بە قەولی تۆ دەیەوێت ڕێکۆردەکانی ڕاگرێت. منیش زەردە خەنەیەک دەکەم و بە ئەسپایی ئەڵێم ئەڕواحی باوکی پێی وایە ئێستاش ھەر لە سەر کارە و بە کوولیس* خەریکی ئەندازە گرتنە ویەکھەزاروومی میلی میتر ئەندازە ئەگرێت. بە دەست خۆی نییە، ھەموو ژیانی فێری دیقەت و میزان و بەرنامە بووە! ژنە سووکە ئیعتیڕازێکم پێ دەکا و دەڵێ ئەڵبەت بە پلان و بەرنامە بۆ ژیان و دیقەت خراپ نییە، بەڵام ھەندێک شتیش مرۆڤ ئەتوانێت بە ئەسپایی لێی بگووزەرێت، بۆ ئەوەی بۆخۆیشی سەدەمە نەبینێ! لە تەئیدی قسەکانیا دەڵێم ئەمە ڕاستە و بە تایبەت لە سویسیش تۆ پلان و بەرنامەت بۆ ژیان نەبێت ناتوانیت خۆت تێکەڵ کۆمەڵگا کەیت و لە ھەندێک شتیش وەدووا دەکەویت، بەڵام باوەڕم پێ بکە، ژیانیش ئەوەندە کۆنتڕۆڵ کراو و نائازاد و خۆسانسۆڕیی و خۆکۆنتڕۆڵیی تیا بێت مرۆڤ تووشی خەمۆکی دەکات. ئا چاولێبکە ئەوەندەی خەمۆکی لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئوروپایی ھەیە لە وڵاتانی ھەژاری شەرقیدا نییە، لای ئێمە کۆنتڕۆڵ کەمترە، کارم بە بواری سیاسی و ئایینی نەداوە، بەڵام خۆ ژیان ھەر سیاسەت و ئایین نییە و لە بوارەکانیتردا مرۆڤی ئەو وڵاتانە کۆنتڕۆڵ کەمتر دەکرێن. لە شەرق تا ئاستێک خەڵک چێژ لە ئازاد بوونیان وەردەگرن و کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریی دەوڵەتیی ئەوەندەی لە ئوروپا و بە تایبەتیی لە سویس ھەیە، لە وڵاتانی شەرقی کەمترە. ئەوجار لە دڵی خۆما بیری نەریتیی ئابڕووداریی کوردی کەوتمەوە، کە کەسانێک خۆیان لەمەڕ تەوەھوومی ئابڕووچوون و نەچووندا سجن دەکەن و لە تلویزیۆنیشدا نایشارنەوە و دەڵێن خەتای خەڵکە و لەبەر خەڵک خۆمان دەبەستینەوە و ھەڵس و کەوتمان سەنگینە، ئەگینا لە ئەساسدا بەو شێوە نین کە نیشان دەدەین! ئەمە ئیعتڕاف و دانپێدانانێکیی گرنگە و منیش زۆرم ئەمجۆرە ئیعتڕافانە پێ باشە. مەبەست لەو دانپێدانانانە ئەمەیە کە ئێمە ھەموو ژیانمان بە تەعاروف لەگەڵ خۆمان و کۆمەڵگا ژیاوین! بە قەولی حافز کە دەڵێ: "واعظان کاین جلوە در محراب و منبر میکنند, چون بە خلوت میروند آن کار دیگر میکنند" چاک وایە ئێمە خۆمان لە چنگ ئەم خۆ ئاڵۆزکردنە ڕزگار کەین و ھەر وا بژین کە ھەین. بە دڵنیاییەوە ژیان پێویستیی بەو ھەموو خۆئاڵۆزکردن و خۆبەستنەوە و خۆکۆنتڕۆڵکردنە نییە، گرفتەکە لە خۆمانەوەیە کە بۆخۆمان ناژین، بەڵکوو بۆ خەڵک دەژین!

ژنە لەگەڵ ھەموو باسەکەی مندا نییە، بەڵام جار لێرە و جار لەوێ شتێکی بە دڵە و ئەمەش بە سرووشتیی دەزانم، شێوە ژیانی ئەو و شێوە ژیانی من زۆر جیاوازن، بۆیە ناتوانین وەک یەکیش لە ژیان و گرفتەکان بگەین. ژنەی ڕاکشاوی لای ڕاستمەوە بە سرتە سرتەکانی ئێمە ھەندێک گوێی قوت ئەکاتەوە و گەرمایشییەتیی و بە حەول و قووەتی گەرما کەوتۆتە جووڵە جووڵ. خاولییە بچووکەکەی لە دەمووچاوی لادەبات و سەیرێکمان دەکات و ئەکەوێتە قسە لەگەڵ ژنەکەی تردا، خێرا زانیم یەکتر دەناسن. گوێی لە قسەکانی ئێمە گرتبوو، بە دیالێکت بەویتری وت، ئەو قسانەی ئەم پیاوە ھەندێک ڕاستییان تییایە، من کووڕێکی میسریم دەناسی و لەگەڵی چووم بۆ میسر، ژیانی ئەو وڵاتانە ھەژارانەیە و خەڵک تا ئاستێک خۆشبەختییان پێوە دیارە. نەدار و ھەژارن، بەڵام قانعن و بنەماڵەیان پتەوە و پێکەوە ژیانیان دابەش دەکەن، تەنیا نین! لە دڵی خۆما دەڵێم، خانم پێی وایە منیش عەڕەبم!

باسەکە بۆی ھەبوو درێژتر بێتەوە، بەڵام خانمی دەستی چەپ توانای مانەوەی نەما و داوای لێبووردنی کرد و وتی من بەسمە جارێ و چوو دووش بگرێت و ئەمی تریش ئەوەندەی بڵەی یەک و دوو بە دووایدا ڕۆی، بێ ئەوەی خوولەکیی سەعاتە خۆڵییەکان تەواو بووبێت، ڕەنگە بۆ ئەوەی من تانەیان لێ نەدەم! نا لە بەر تانەی من نەبوو، توانای بەرگریی و مانەوەی خۆیان لە سۆنای نەوەد دەرەجەدا ھەر ئەوەندە بوو. حەوت ھەشت خوولەکێکم ماوە، بەڵام ھێشتا تازە وا ئارەق دەکەمەوە و لەمکاتەدا کووڕ و کچێک کە لە دۆست دەچن خۆیان ئەکەن بە ژوورا. سڵاو ناکەن، لە ڕێوە بۆ جێ ئەگەڕێن. لەش و ئەندامی ھەر دووکیان جوانە، بەتایبەت ھی کچەکە کە بلۆند و قەڵەمیشە بەڵام تا بڵەی سپییە و مەمکەکانی قووتن. ھەر دووکیان لە بیست و پێنج بۆ سی ساڵ دەبن. یەکەم شت لە کووڕەکە کە بەر چاوم کەوت ئالەتی خەتێنە نەکراوی نێرینەی بوو کە شۆڕ ببووەوە و ئەمانە چوون خەتێنە ناکرێن، ئەو ئەندامەشیان خۆشبەختە و ڕەنگ و ڕووی ئەندامەتیی پێوەیە! ھی ئێمە و مانان تا لامان کردەوە بە منداڵی گرتیانین و نیوەیان بڕی. بە خێر نەیەیتەوە دەلاک بۆ پیشەت!! باشە باشە ھەر ڕازیم، من بە مناڵی ھێندە فرز و عەجوول بووم لە نیوەی عەمەلییاتی خەتێنەدا لە ژێر دەستی کابرای دەلاک ڕامکردبوو، خزمەکانم لە بیریان ماوە، ھەمووی بۆ نەبڕابوو، جار و بار لە بەر خۆمەوە پێی پێ دەکەنم و پێی دەڵێم، ئاوات لێدەکەم، چاکم ڕاکرد لەبەر دەستدا. ئەوکات لە ژێر دەستیا جنێویشم بە باوک و دایکی دابوو. بە گریان و شیوەنەوەی پڕ لە ئازار پێم واتبوو "دایکت دەگیەم، سەگباب"، بەڵام ئەو بە تەمابوو بە شوکلاتێک و ماشینێکی پلاستیکی زەرد بمخەڵەتێنێت و ئاشتم کاتەوە! شەریفترین ئەندامیی کوورت کردبوومەوە و بە تەماش بوو لەگەڵی ئاشت ببمەوە. ئەوجار بە خۆم پێدەکەنم و دەڵێم خۆ ئەو دوواتر کارەکەی ھەر تەواو کرد، ئەوە ھەر من بووم زەرەدم کرد، نیوەی ئەو ئەندامە شەریفم نەما، ئەگەر ئەو نیوەی نەبڕیایە ئێستا پاشای سۆنا دەبووم! (مەبەستم شەریفی عەرەبییە، نەک کاک شەریف!! بە داوای لێبووردن!) ئایین ئازاری بە گوونیش گەیشتووە، چ بگات بە مێشکی خەڵک! قووڕ بەسەر ئەو کچە بێتاوانانەش کە ئایین و داب و نەریتی وەحشییانە حووکمی خەتێنەیان دەدات و ھەر لە منداڵییەوە حووکمی فەوتانی ھەست و چێژیان دەدرێت و ئیتر بێجگە لەو ئازارە گەورە و قوورسەش کە لەو تەمەنە کەمەیاندا بە سەریاندا دەسەپێنن. ھەندێکیان لە سەر خۆ دەچن. من تێناگەم، کاتی خۆی زانستی پزشکیی وەک ئەمڕۆ نەبووە و ئایین وتوویە بۆ پارێزگاری لە قارچک و نەخۆشیی پێست، خەتێنە لازمە. ئەی باشە ئەمڕۆ بۆ ئەو نەریتە قێزەونە ھەر ماوە؟ خۆ زانستیی پزشکیی و پاک و خاوێنی لەوپەڕی خۆیدایە، ئێمە کەی بە ئەقڵ بیر دەکەینەوە؟ ئەمڕۆ پێویستە کە لە وڵاتان یاسایەک بۆ قەدەغە بوونی خەتێنە ھەبێت و سزای قوورس بۆ بکەر دیاری بکرێت و ئەو دایک و باوکانەشی کە تاوانی وا گەورە لە منداڵی کووڕ و بە تایبەت کچیان دەکەن، حەق وایە دە ساڵ لە حەپس کرێن! تاوانێکی کەم نییە، منداڵێک کەم ئەندام کەی لە ھیچ و خۆڕایی!

کاتم بە سەر چووە و فکر و خەیاڵ کاتیی لەبیر بردومەوە. ھەموو خۆڵی سەعاتەکە ھاتۆتە نیوەی خوارەوەی شیشەکەی و تەنانەت پێموابێ زیاتر لە کاتی دیاریکراویش ماومەتەوە. کووڕ و کچەکە بە بێدەنگیی لە پاڵ یەکدا دانیشتوون. ھەڵدەستم و خاولییەکەم ھەڵدەگرم و ئەڕۆمە دەر، ئارەقێکی چاکم کردۆتەوە، ئەڵەی یەک سەعاتە ڕامکردووە. خاولییەکەم ھەڵدەواسم و دووشە ساردەکە دەکەمەوە. دووشی گەرمیش ھەیە، بەس ئەوە بە مناڵ بازاڕ ئەزانم، ئاوام ئیتر، بڵێم چی؟ ئەوەڵ قاچەکانمی بەر ئەخەم، ئەوجار دەستەکانم و وردە وردە ئەچمە ژێریی، دوو خوول لە ژێریا دەخۆم و ئەیگرمەوە، وەی کە ساردیشە. ئەوجار ئەچمە حەوشە بۆ لای حەوز و تەختەکە. وردە وردە ھەوا تاریک بووە، بەفر ھەر وا بە شێنەیی ئەبارێت، بە دووگمەیەک ئاوی حاوزەکە دەکەمەوە کە بۆ یەک خوولەک بە تووندیی ئاوێکیی لێ دێتە دەر بۆ ناو حەوزەکە. ئەچمە سەر پەیژەی حەوزەکە و ئەڕۆمە خوار، ھەندێک لە سەرەتاوە سەختە بچییە ئەو ئاوە سەھۆڵاوە، بەڵام ھەر ئەو چرکەی یەکەم سەختە کە بڕیار دەدەی خۆت ئازاد کەی و خۆ لە نێو ئاوەکە ھاوێی ئیتر کار تەواوە. ئای لەو چزووانەی ھەموو لەشم ئەچزن، ھەست ئەکەم ھەموو خوێنی لەشم وەگەڕ دەکەوێ، ھەر دەڵەی وزە و کارەبات لە دەمار و عەسەبەکانم بەستووە، ئای کە ساتێکیی بەھەشتییە ئەم ساتە. ئاوی حەوزەکە تا سەر مەمکم قووڵە، بۆیە دووجار لە سەر چۆک دادەنیشم بۆ ئەوەی سەریشم سارد کەمەوە، ئەوجار ئەچمە بەر ئاوەکەی کە بە خووڕ ئەڕژێتە ناو حەوزەکە، سارداوە، سارداو. دەستی بەر ئەخەم و سێ چوار شڵپ ئاوی پاکی شێرەکە بە سەر و گوێلاکما ئەکەم و نیوە مشتێک ئەخۆمەوە و دێمە دەر لە حەوزەکە. ئا لەم ساتەدا ئیتر ھەوای بەفری حەوشەکە سارد نییە. لەشی من و ھەوای زستان و بەفر ھەموو بووینە یەک. خێرا دووگمەی شێرەکە لێدەدەمەوە و بۆ جاری دووھەم خۆم لە حەوزێ داوێم. ھەر وەک جاری پێشوو ئەوانەی کردم دووپاتەیان دەکەمەوە و ئەوجار دێمە دەر و لە سەر تەختەکە و ڕوو لە ئاسمان لە سەر پشت ڕادەکشێم. سەر تەختەکە بەفری پێوە نییە، نازانم چۆنە ئەوێ توواوەتەوە! دەستەکانم دەکەمەوە و چاو لە کلووە بەفرەکان دەکەم کە لە ئاسمانەوە بەرەو ڕووم دێنە خووار و لە سەر و دەمووچاوو و لەشی ڕووت و قووتم دەنیشنەوە و خێرا بە گەرمای لەشم ئەتوێنەوە. ئەوجار بەس چاو لە ھاتنە خوارەوەی بە خەرامانیی کلووە بەفرەکان دەکەم بە بێ چاو ترووکاندن. بۆ ساتێک ھەست دەکەم ئەوە من ئەفڕم بەرەو ئاسمان دەڕۆم، ئای کە خۆشە ئەم فڕینە بە لەشیی ڕووتیی لە ژێر بەفرا، سەرمای چی و گەرمای چی؟ من ئێستا خوودی سرووشتم، لەگەڵ ھەموو سرووشتی زستاندا بوومە یەک، خۆشم بوومە کلووە بەفرێکی گۆشتین و ئەوا ئەفڕم. خەیاڵم بۆ لا ھیچ شتێک ناچێت، ئەگەر شیعرم بۆ بێت ئا لەم ساتەدا، باشترینیان ئەھۆنمەوە، بەڵام ئێستا بیرم نە لای شێعرە و نە لای ھەڵاواردنەکانی ناو ڕۆژ و نە لای کابرای پێڕفێکسیۆنیستی ناو سۆناکە و نە فیگووڕە تیکرارییەکانی تلویزیۆن و نە ئەو جەلادخانانەی داگیرکەرانی وڵاتەم بۆ گەلەکەمیان ساز کردووە. بۆ چەند ساتێک لە بەھەشت، لە سرووشتدا دەژیم، بوومە یەک لەگەڵ سرووشتی زستان، ھەر یەک ئاھەنگ لێدەدەین و ھەر بەو ئاھەنگەش سەما دەکەین ھەموومان، من و ئاو و ئاگری دەروون و سرووشت و کلووە بەفرە سپییەکان!

بە داخەوە ئەو ساتانە دوور و درێژ نین. وردە وردە لەشم سارد بۆتەوە و ھەست بە سەرما دەکەم ئیتر، زیاتر مانەوەم نەخۆشم دەخات، بۆیە دەبێ بڕۆم ئیتر. ھەر چۆن لە ژووریی سۆناش ھەر ماوەیەکە و ئەبێ ئەوێش جێ بێڵم، حووکمە و دەرچوون لەو حووکمە، نییە. لە جامەکەوە چاو لە ژوورەوە دەکەم یەک دوو کوورسی ڕاکشان لە ژووری ئیسراحەت خاڵیین. خێرا دەچم خاولییە باڵتاوییەکەم لە بەر دەکەم و لە ناو گۆڤارەکاندا کە داندراون بۆ خوێندنەوە، گۆڤاری شپیگڵی ئاڵمان ھەڵدەبژێرم و دەچمە سەر کوورسییەکی خاڵی و ڕادەکشێم و بە بێدەنگی لاپەڕەکانی وەرەق لێدەدەم. لە کتووپڕ چاوم بە وێنەیەکی ئەحمەدینەژاد دەکەوێت کە لە ناو دووکەڵێکی لە کارگ چووی تەقینەوەی بۆمبی ناوەکیدا سەری دەر ھێناوە. کاریکاتۆڕ نییە، ھەم دووکەڵی تەقینەوەکە وێنەی ڕاستییە و ھەم وێنەی ئەحمەدی، بەڵام بە فۆتۆشاپ سەر یەک خراون. دیارە باسەکە سیاسییە و ھەمدیسان باسی بێنە و بەرە ناوەکییەکانی ئێران و ڕۆژئاوایە. ھەر چی دەکەن ئەم کۆنە شەریکانە ئەم مەعامەلەیان بۆ جێ بە جێ نابێت، جارێک ئێران ناڕازییە بە بەشی خۆی و جارێکیش ڕۆژئاو و ھەندێک جاریش کە ئەمان لێک نزیک دەبنەوە مەعامەلەیەک بکەن و یەکتر ڕازی دەکەن و دەردەکەوێت کە باسی مافی مرۆڤیش لە لایەن ڕۆژئاواییەکانەوە کەشکە، ئەوجار چین و ڕوسییە داوای باجی سمێڵی خۆیان دەکەن! ھای تف لەم ڕۆژگارە، کە چۆن بە ئایین و سیاسەت خەڵکییان کردۆتە دەسکەلای خۆیان و لە ژێرەوە لە مەعامەلەدان و لە سەرەوە درۆ تەحویلی ڕای گشتیی خەڵک دەدەن! بۆ بردنە سەری ئەم سەفاکییە سیاسییانەیان،‌ زۆرینەی خۆشباوەڕ و گەمژەیان پێویستە،‌ کە ھەیانە!

تاقەتی خوێندنەوەی ئەو وتارەم نییە. وەرەق لێدەدەم و ئەچمە سەر بەشێک کە کۆمەڵێک گیای گرنگی خواردن دەناسێنێت، زۆرم بە دڵە. حەوت جۆر گیای ناساندووە و پێشنیازی کردووە کە حەتمەن لە خواردنی ڕۆژانەدا یەک یا دووانیان بە کار بێنین. یەکەمینیان چیلییە (Chili) کە تیژترین بیبەری ئەمریکییە و وێڕای شەرحێکی زۆر، دووایی لە سێ خاڵدا کوورتی کردۆتەوە و سێ قازانجی لە خواردنی چیلی ڕیز کردووە. ئەڵێ خواردنی چیلی چەوری زیاتر ئەسووتێنێت، شەکری خوێن دائەبەزێنێت و پارێزگاری لە پڕۆستات دەکات و لە کۆتاییشدا یەک شێوە لە شێوەکانی ئامادە کردنی باس کردووە. گیاکانی تریش ھەر بەو شێوە دەناسێنێت کە یەکیان تیمیانە (Thymian) نازانم بە کوردی دەکاتە چی، بە فارسی پێی دەڵێن آویشن، ئەوجار پێتێڕسیلییە (Petersilie) کە جافریی یا جەعفەرییە و شنیت ڵاوخ (Schnittlauch) کە دەکاتە تەڕە کەوەر و ڕۆزمارین (Rosmarin) کە بە کوردی نازانم چی دەکات، بە فارسی دەکاتە اکلیلی کێویی و باسیلیکۆم (Basilikum) کە دەکاتە ڕیحانە و مینس (Minze) کە دەکاتە نەعنا. چێژم لەم باسە وەرگرت و ھەندێک شتی باشیشی لێوە فێر بووم.

بیست خوولەکێکم پشوو داوە، ھەڵدەستم بۆ دەوری دووھەم بچمە ژوور، گۆڤارەکە ئەخەمەوە جێگای خۆی، خاولیی باڵتەکەم ھەڵدەواسم و سپییە گەورە ھەڵدەگرم و یاڵا بەرەو ژوورەوە. کە دەرگا دەکەمەوە ئەبینم زۆری تیایە، بە چاوێکیی زۆر خێرا ئەیانبژێرم، حەوت پیاو و یەک ژنی لێیە، زۆرن.‌ دێمەوە دەر و یەک دوو خوولەکێک ڕادەوەستم، یەکیان دێتە دەر و ئەوجار ئەچمەوە ژوور، شوێنەکەی وشکە، خاولییەکەی بەری تەڕبوونی گرتووە، بەڵام نمێکیی بەرداوەتەوە و بەر پێکەیشی تەڕی ئارەقە. ناچمە ئەوێ با وشک بێتەوە. لە گۆشەی چەپەوە جێگایەکم بۆ دەکەنەوە، خاولیم دادەخەم و وەک ئەوانیتر دائەنیشم. ھەر سێ سەعاتەکان گیراون، من چاو لە یەکیان دەکەم کە زۆرترین کاتیی ماوە تەواو بێت و ئەیکەمە مەحەکی خۆم. کابرایەک کە دیارە پێش من سەری قسەی کردۆتەوە،‌ خەونێک ئەگێڕێتەوە. من کۆتایی خەونەکەی ئەبیستم کە پارەی ونکردووە لە خەویا. یەک دوو نەفەر لەو کاتەیا ئەڕۆنە دەر و ئێستا ئیتر جێگا زۆرترە و پێنج کەسین. منیش بۆ ئەوەی شتێکم وتبێ بە کابرای خەون دیتوو دەڵم، خەوی باشت بینیوە، خەفەتێکت لە کۆڵ دەبێتەوە!! پێی سەیر دەبێت، ئەلێ یانی خەونیش مانای ھەیە؟ منیش دەڵێم ڕاستییەکەی ناڕوونە بۆ منیش، ھەندێکجار تەعبیرەکانی ڕاست دەردەچن. پێم وت خەون کاری ناخوودئاگا یا خۆبەخۆی مەغزە، وەک تێلێپاتیی وایە، جاری وایە ئەگەر لە یادی کەسێکدا بیت خەونت پێوە دەبینێت. وتم من پێموایە ئەگەر مرۆڤ بتوانێت کار لەسەر ئەو وزە تێلێپاتییەی خۆی بکات و ئەو ئیستیعدادە سرووشتییە بپشکوێنێت، ئەتوانێت زۆر کاری تری پێ بکات، ھەر ئێستا یاری کۆمپیوتێریی ساز کراوە کە ئامێرێک لە سەری مرۆڤ دەبەستن و تەنیا بە ھزر دەتوانن یاری بکەن و ئەمە سەرەتای شۆڕشێکی زانستیی گرنگی دیکە دەبێت! باسەکەیان بەلاوە سەرسووڕھێنەرە. من نمونەیەکی ددان کەوتنیان لە خەودا بۆ باسدەکەم، کە لای ئێمە دیانکەوتن مانای لەدەستدانی گەورەیەکی ماڵ یا خۆشەویستێکت ڕەنگە بدات. وتم ئەزقەزا دۆستێکم وەھا خەونێکی دیتووە و دوواتر ھەواڵی کۆچی دووایی دایکیان پێ داوە. زۆریان بەلاوە سەرسووڕھێنەر بوو.

کات بە خێرایی دەڕوا، چوونکە بە قسەوە خەریکین، ھەندێک دەنگمان لە ئەسپایی زیاترە، چوون کەس ناڕەزایەتیی دەرنەبڕیوە کە بێدەنگ بین، ھەموو کەم تا زۆر قسە دەکەین. لە ژوورەکەی تەنیشتمان ھیچ دەنگ نایات، ئەوێ بێدەنگە. لەم ماوەیەدا یەکیتر ھاتۆتە ژوور و وردە وردە لای ئێمەش دانە دانە دەڕۆنە دەر. کاتی سەعاتەکەی کە من بۆخۆمم دیاری کردبوو بەرەو کۆتایی ئەچێت، بەڵام من سێ-چوار خوولەک زیاتر دادەنیشم، ھێشتا زۆرم بۆ نەھاتووە بۆ چوونە دەر. پێموابێ ھەژدە خوولەکێک مابوومەوە و ئیتر دێمە دەر و یاڵا بۆ ژێر دووشە ساردەکە و ئەوجار دوو کەڕەت بۆ ناو حەوزەکە. بەفر ھەر لە باریندایە. دێمە دەر و لەسەر تەختەکە ئەوجار ڕوو لە حەوزەکە دادەنیشم و بە حاڵەتیی نیایش یا مێدیتەیشن قاچەکانم لێک گرێ دەدەم و دەستەکانم لە ناوەڕاستەوە بەر دەدەمە ناو کۆشم و چاوەکانم ئەنووقێنم و ئەچمە زێننەوە! چەند جار ھەناسەی قووڵ تا ئەو جێگایەی ئەتوانم ھەڵدەکێشم و ڕایدەگرم و بە ھزر و خەیاڵ ئەو ھەوایە کە وزەیە لە ناو لەشمدا دەگێڕم و پاش خوولەکێک نەفەسم بەر دەدەم و ھەست بە ئارامشێکی مەعنەویی، ھەست بە ڕەزایەت و لەشساخیی و لەشسووکیی دەکەم. ئەوجار مێدیتەیشنی گڕ و وزە دەکەم!

مێدیتەیشنی گڕ و وزە کە من لە کۆنگ فۆوە ئەیناسم، زۆرترین وزەی دەروونیم پێ دەبەخشێت. ئەویش بە ڕووتی لەو ژێر بەفرەدا. ھەر بەو شێوەیەی کە دانیشتبووم دەمێنمەوە و چاوەکانم ھێشتا ھەر بەستراون. تۆپێکیی ئاورینیی وەکوو خۆر بەڵام بچکۆلە بەقەدەر تۆپێکی تێنیس دێنمە بەر چاوی خۆم لە زێھنمدا. ئەو تۆپە لە تۆقی سەرمەوە ھەمووی بە خەیاڵ و ڤیزیۆن دەبەمە ناو سەرم و چەند چرکەیەک ڕای دەگرم و ھەموو ناو سەرم کە وەک بۆشایی لە ھزرمدا خەیاڵی دەکەم وایە و ئەو تۆپە ھەموو قووژبنەکانی ناو سەرم ڕوون دەکاتەوە و ئەوجار بە ناو ملما ھەر بەو شێوە بە ھزر دەبەمە خوار و وردە وردە ناو سنگم کەر ھەر وا بۆشاییە ڕوون دەکاتەوە وەک ئەوەی گڵۆپێکت لەو تاریکاییە بۆشەی ناو سنگم ھەڵکردبێت. لە ناو سنگما بۆ لای چەپی دەبەم و ئەیبەمە ناو دڵم. لە ناو دڵما گڕەکە ون دەبێت، بەڵام وەک پشکۆیەکی سوورەوە بوو و داگیرساو لە ناو دڵما تەشەنە دەکا و ئەبرووسکێتەوە و وردە وردە ھەموو دڵم دەبێتە ئەو پشکۆ ئاگرینە و ھەر وا تا دێت گەورەتر و گەورەتر دەبێتەوە و ئەوجار خوێنم لە ناو دڵمەوە وەک ئاسنێکی توواوە و زەوبکراو بە ناو ڕەگ و دەمارەکانمدا دێن و دەڕۆن و وردە وردە ئەو گڕە ھەموو دەمارەکانیش و ئەندامەکانی ناوەوەی لەشم و ناو سنگ و ناو سک و قۆڵەکان و ناو کەمەرم دەگرێتەوە و ئەوجار بە قاچەکانما دەڕواتە خووار و ھەر وا تەشەنە دەکات تا ئیتر خۆم وەک مرۆڤێکی دانیشتوو لە زێندا وەک پشکۆیەکی ئاگراویی دێتە بەر چاو. ئالەم کاتانەیا، ئەگەر تەرکیزەکەم باش بێت، ھەست دەکەم ھەموو لەشم وزە و ھێز و ئینیرژییە. ھەست بە گەڕانیی وزە لە ناو لەشمدا دەکەم. بەمە دەڵێن کۆنتڕۆڵیی وزەی دەروونیی.

 

بە ھێواشی ئەم پڕۆسە کۆتایی پێ دێنم و گڕەکان کەم و کەمتر دەکەمەوە و ئەیان‌گێڕمەوە ناو دڵمەوە، ھەموو لە پڕۆسەیەکی تەرکیزکراو و ھێواشدا. ئەوجار تۆپە گڕینە بچووکەکە ھەر لە ڕێگای مل و تۆقیی سەرمەوە دەبەمەوە دەر و ئەیخەمەوە ناو سرووشت. چاوەکانم دەکەمەوە و ھەست بە وزەیەکی دەروونی ئێجگار زۆر دەکەم و لەشیشم سارد و سڕ بۆتەوە و بە خێرایی ھەڵدەستم و باڵتە خاولییەکەم لەبەر دەکەم و پێنج خوولەکێک لە سەر کوورسییەک لە ژووریی پشوو ڕادەکشێم، بە بێ خوێندنەوەی ھیچ گۆڤارێک. ‌ھەست دەکەم دەڵەی گوێزیی ئازام!

سۆنا بەرەو چۆڵبوون چووە، دوو-سێ کەسێک ماون. بۆ ئەخیرجار دەچمە ژوور، تاقی تەنیام. خاولیی ڕادەخەم و یەک لە سەعاتەکان وەردەگێڕم بۆ خۆم کە زیخەکەی تەمەنیی بێتە خوار و ئەچم تا فوورسەتە و تەنیام لە ژوورەوە،‌ سێ مەلاقە ئاوی داندراوی بۆنخۆشکراو بە ڕۆنیی نەعنا کە لە سەتڵێکدا لە بەر دەرگا داندراوە دەکەم بەسەر بەردە سوورەوە بووەکانی کوورەی سۆناکە و ھەڵمێکیی زۆر داخ و سووتێنەر و نەعنایی بە سۆناکەدا بڵاو دەبێتەوە. ئاخر ئەگەر خەڵکی دیکە لە ژوورەکەدا بن پێویستە ڕەزایەتیی ئەوانیش وەربگرم، بەڵام چوون تەنیام خۆم بڕیار دەدەم. دەچمە سەر خاولییەکەم و تەخت لە سەر پشت بۆی ڕادەکشێم. ھەڵمیی نەعناویی، کزە لە پێستم ھەڵدەستێنن، بەڵام عادەتمە و وزەی مێدیتەیشن دەروونمی وەک پۆڵا بە ھێز کردووە و گوێ بەو سووتاندنەوە نادەم. بیر لە ھیچ ناکەمەوە و ھەوڵ دەدەم لە ئارامییدا ئەخیر سۆنای ئەمشەوم کۆتایی پێ بێنم، بۆیە چاوەکانم ئەنووقێنم و مێشکم ساف دەکەم. پاش پێنج خوولەکێک، بە تەقریبی حیساباتی ناو مێشکیی خۆم، نەفەرێکیتر دەرگا دەکاتەوە کە بێتە ژوور. ھەر دەرگا دەکاتەوە ھەڵمیی سووتێنەریی نەعناویی ھێرش بۆ دەمووچاوی دەبەن. بە تووڕەییەکیی سویسیی دەڵێ "کۆ فێڕ توولی، واز ھاش گێماخخخت؟" ماتڵی وڵام نامێنێت و دەرگا ئەبەستێت و ئەڕوا بۆ ژوورەکەیتر. لە دڵی خۆمدا ھەر پێدەکەنم، بەڵام ھیچ بە ڕووی خۆمدا ناھێنم، وەک ئەوەی نە بام دیبێ و نە بۆران! مانای ئەو جنێوە کە جنێوێکیی گشتییە لە سویس، لە کوردیدا نییە، بەڵام ئەگەر بمەوێ بیکەمە کووردی ناچارم بیکەمە "بە لەعنەت بی، ئەوە چیت کردووە؟" پێنج خوولەکێکیتر تێپەڕیوە و ھەر تەنیام، بەڵام ھیچ ھەست بە گەرما ناکەم، وزەی مێدیتەیشن ھێزیی بەرگریمیی زۆر بردۆتە سەر، بە ئەستەم ئارەقم کردۆتەوە. پانزدە خوولەکی سەعات کۆتایی پێ دێ و من تازە بە خۆم دەزانم کە گەرمە. ئەوجار دادەنیشم و لەمکاتەدا ئاوات بۆ کیسەیەکی حەمامی کوردی ئەخوازم، بە تایبەت کیسەکێشێکیشی لێبێت، کیسەت بکێشێ! بخەوە با بێتە خەیاڵت، بە خۆم دەڵێم. کیسە کێشان لە ناو سۆنا قەدەغەیە، لە تابلۆی دەرەوە ھووشدارییان داوە کە کەس بۆی نییە کیسە بکێشت، کە گووایە کیسە کێشان ئیشیی ماڵەوەیە و نەک سۆنا! ئاخر لە ماڵیشەوە سۆنای لێ نییە! بەھەر حاڵ ھەندێک دەست بەخۆمدا دێنم، بەڵام چڵکن نیم، چەورم، ھێندەم چەوریی و ژەھر بە ئارەق ھێناوەتە دەر لەشم چەور بووە. پێموابێ بیست و دوو خوولەک دەبێت لە ژوورەوەم، زیاتر مانەوە ھیچ بە سەڵاح نییە، سبەی لێوەکانیشم دەتەقن، بۆیە بڕیار دەدم بە خوایشتیی خۆم بڕۆمە دەر. ھەمدیسان دووشی ئاوی سارد و ناو حەوزەکە، ئەمجارەیان بەڵام بە فاسیلەی دوو خوولەک جارێک، سێ جار دەچمە حەوزەکە و جاریی سێھەم لەپڕ ھەست بە تەزینیی قاچەکانم دەکەم، خێرا دەچمە ناو حەوزە بچکۆلەکەی ژوورەوە کە تا ئەژنۆ قووڵە و ئاوی شیلە و گەرمیی تییاە، دوو ھەنگاو لە ناویا لێدەدەم و تەواو ئیتر دێمە دەر و ئیتر سۆناش بە منەوە ھەر دوو کەسی لێ ماوە، ھەر چەند زووە بۆ داخرانیی، بەڵام چۆڵ بووە. یەکسەر خاولییەکانم ھەڵدەگرم و دەچم بۆ ژووری جلگۆڕین. خاولیی تازە دەر دێنم و شامپۆ ھەڵدەگرم و یاڵا بۆ دووشی ئاوە گەرمەکان. خۆم دەشۆم و دیسانەوە کلۆرێکی باش بە قاچەکانمدا دەکەم و خۆم ویشک دەکەمەوە و دەچمەوە سەر شایەنەکە. نزیکەی کیلۆیەکم کەم کردووە، ھەر باشە، گرنگ ئەوەیە پڕم لە وزەی مووسبەت ئێستا.‌ دووفڕانکیی یەغانەکە دەخەمەوە گیرفانم، جلەکانم ئەکەمە بەر و بەرەو ماڵەوە ئەڕۆم. دەگەمەوە ماڵ و یەکەمین گرفتم، ھەم برسیی و ھەم تینوومە! لا حەولە وەلا قووەتە...، جا وەرە ئەم گرفتە حەل کە بەم شەوە. نیو لیتر ئاوی سارد ھەڵدەدەم، ڕەنگە دوواتر بیرەیەکیش بخۆم. سێوێک و مۆزێک دەخەمە بەر سکم و پێی دەڵێم ھەر ئەمەت دەدەمێ ئەمشەو ھە تا سبەینێ، کاپیچ؟ وڵام نییە. دێمە ژووری دانیشتن و بە مۆز خواردنەوە لاپتۆپەکەم ھەڵدەکەم و بۆ سەر فەیسبووک، بۆ لای دۆستان و ھاوڕێیانی ھەمیشە دەر سەحنە........!‌

______________________________________________________
* کوولیس: ئامێرێکیی دەستیی زۆر حەساسە بۆ خوێندنەوەی ئەندازەی زۆر دەقیقی شتی بچکۆلە.
 

١ی نەورۆزیی ٢٧١٢ی کوردی

ماڵپه‌ڕی ئه‌یوب ره‌حمانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک