٢٢\٨\٢٠١٤
فریشتەیەک کە هەرگیز
لە
ئاسمانی مندا ون نابێ.

ئەفسانە سروش
بۆ چلهی مەرگی
سارا.
ئەوە چل ''رۆژ و چەندە''
من و خەمی
ئەو سەفەرە ناوەختەت
لەگەڵ شەوانی پڕ بوغزی نەهاتنەوەتدا
خۆیان بە
دیواری رازی
رەشی چاوەکانمدا
هەڵواسیوە.
چل رۆژ و چەنده؟
مانگ و خۆر و پەنجەرە و دیوار
دەریا و ئەستێرەکان
لەو سەفەرەت دڵشکاون
ئەوە ''چل رۆژ و چەندە''
با لە کۆڵانەکانی
ئەودیوی خەندەکانت
هەموو رۆژیک دانە دانە خەمی دزینی پەنجەکانت
دەکاتە خەناوکە و
دەیکاتە
ملی
ئەندێشەی سەمای خەندەی سەر لێوەکانت
ئەوە چل رۆژ و چەندە؟
ئەگەرچی وا دیارە نایەیتەوە و
چاوەڕێتم
تا هەزار چل رۆژی تر
چاوەڕوانت بم؟
باوڕ ناکەم چاوەکانت
بکەونە سەر
ئەو هەموو ئارەزووانەی
قەتیس ماون تێیاندا.
ناکرێ
ناکرێ نا کە تۆ نەبی و
ئاسمان ساف بێ و دڵی
ئەویشت
بەڵێ، دڵی بیەشێ
ئارام به!
ئەی تۆ چۆن فستانی
مردنت پۆشی
ئەوە کامە ئاسمانە
بۆتە تارای شۆڕی
سەر پرچە خاوەکەت؟
کامە بادە و کام شەرابی زۆر تاڵ بوو
ئاوا
مەستی ئامێزی
مەرگی کردی؟
ئاوا
لە ئامێزی مەرگ کردی
بە تراویلکە؟
لە کامە درزی ئەو خاکەدا
خونچەی حەزی
ئەو سەفەرەت
شکۆفەی کرد
کەوا
ئێمە و ئەویشت
سپاردە دەستی تەلیسمی
نەشکاوی هاتنەوەت سارا.
٢١\٨\٢٠١٤
- رانیه
ماڵپەڕی
ئەفسانە سروش
|