په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٣\٢٠١٢

  فریشتەیەک سپی.. سپی،

  غەمگین.. غەمگین گەڵا دەگرێ.

کەژاڵ ئیبراھیم خدر

١

شەکری شەکردانەکەی دڵم دەڵێ،
لەزەتی خۆشەویستی ھەموو دنیا
لە شرینی لێوی مندایە
ئاوی پەرداخەکەم ئەڵێ
من زەنوێرێکی بچووکم
ئەو بەیانیەش کە تەماشای
گەڵایەکی وەریووم کرد
جەستە فریشتە سپیەکەی
دایکم بینی، لە بەھەشتدا
تەنھا، تەنھا، غەمگین، غەمگین
ھەڵئەلەرزێ و پێ ئەکەنێ.

٢

لە ئێوارەیەکی پڕ لە نەشئە
بۆ پەژارەی دڵ ئێوە
ناوی شیعرم ،بۆنی شعرم
پێناسەی رەنگی شعرم ھەڵدەگرم
تاکو ببێ بە پەڕەسێلکەیەکی سپی
درەختێ لە نائومێدیی بچنێتەوە
لە ئێوارەیەکی فێنکی بەھاردا
دەبمە رووبارێک
بۆ گوڵی پەژموردەیی ئێوە
دەبمە باڵندەیەکی غەمگین
دەبمە نۆتەی مۆسیقایەکی پرش ئەسرین
وەکو گەڵای پایزی وەریوو دەژێمەوە.

٣

خەرمانەیەک خۆشەویستی ئەھێنمە باخی دڵمەوە
دەیھێنمە بارانی کۆشی ژینمەوە
خۆشەویستی خەونێکی درامایە
ھەندێ وەرز رەنگاورەنگە و
بۆنی تووڕەیی لێ دێ و
ھەندێ وەرزیش گەڵایەکی زەرد ھەڵگەڕاو
ھەندێک جاریش وەکو رۆژی رووناک وایە.

٤

لەودیو وەرزەکانی تەمەنەوە
لە یادەوەریی ھێلانەیەکی بەجێماو دەچم
خەونەکانی رۆژگاری دوێنێ
ماڵئاوایی لە درەختە سوتاوەکانی گوڵ،
ماڵئاوایی لە بیابانی چۆڵی دڵم و
شەرێکی دۆڕاوی ناوەختی
کوژرانی پەروانەیەک دەکەن
وەرزێک بە رەنگی خوێنی باخچەک
بە سێبەر و ھەتاوەوە
بە فرمێسک و زەردەخەنە و
بە تاریکی چراوە
ئەگەڕێنەوە بۆ بانێژەی دڵ.

٥

سەختر لە جەستەیەکی برینداری چاوەڕوانی
منداڵێکی پەپوولەیی
لە گەردەلوولێکی ناوەختا
ماڵی دڵ دەکاتە شەپۆلی دەریا و
بە خونچە و گوڵ و لاولاوە
باران نمەی خۆی دەکاتە
شەونمی بەیانیان و
ئەوینی تیا دەڕوێنێ
رومەت گەش و سپی سپی.

٦

وشەکانت سپێدەیەکی پڕشنگدارن
جارێک ئەبنە پەپژەیەک و
ئاشنا بە چاوەڕوانی سەرکەوتن
جارێکی تر ئەبنە خەونێکی
شووشەیی و
دارستان و سێبەرێکی پڕ ھەتاو و
لە بێزاری دادەبڕێن و نقووم ئەبن.

٧

وەک ھەناسەیەکی دۆزەخی
ھەموو شەوێ لە ناکاودا
تەنھایی دەرژێتە ناو رووباری چاومەوە و
سەر لە ماڵی تاریکی ئازار ئەدەن
چەپک چەیک بە یەکەوە
گوڵ و خونچە و شەپۆلی دەریا
مانگی رۆشن
لە ئاسمانەوە بۆ عاشق ئەبەن.

٨

ھەندێ جار تنۆکی شپرزەیی
گوناھی رووی خۆم دەنووسمەوە
ھەندێک جاریش وەک
باخەوان لە نێو گوڵە رەشەکانی دڵی تۆدا
دێم و دەچم
لە چوار دەوریان دەسوڕێمەوە
ھەندێک جاریش دەبمە مۆمێکی گەش و
روومەتی سوور و سپیتان ماچ دەکەم
وەکو تینویەتی ئاوی کانی دەژێمەوە

٩

ھەر کاتێ بەفر سپی سپی
رەنگەکانتان بشواتەوە
بە رەنگی خۆی داتان پۆشێ
گوێ لە لاشەی تەزیوی
ئەو ھەموو گوڵ و گەڵا و
دارودرەختە نەگرێ
ئەوسا منیش بەناچاری
ژیان جێی ئەھێڵم و
لە شعریشدا باسی ناکەم.

١٠

فێرت کردم
لەگەڵ رەنگەکاندا چۆن تێکەڵ بم
گوێ لە ناڵەی دڵت بگرم
تێکەڵاوی گۆمی قووڵ و
چرای قژ زەردی شەو و
تریفەی مانگە شەو
شەپۆلی دەریایەکی ھێمن بگرم.

١١
لە سەوزایی بەھار و، رەنگی پایز و
چەندان گەڵای ھەڵوەریو و
چەندان خونچە گوڵەبەرۆژەم ھەیە
چەندان چریکەی بولبول و
چەندین ئەستێرەی چاوگەش و
چەندین خەونی رەنگاڵەیی و
چەندان پرشنگی خۆم ھەیە.

١٢
من ناتوانم
خەون بە یەک باڵندە و ببینم
شمشاڵێک بم بۆیەک شوان
چونکە شعری من
یەک خەون و یەک ئاواز نییه‌
نیشتمانی ھەمووتانم
بۆیە ھیچ کەس لێم ناپرسێ.

١٣

بە کام رێگایە دەڕۆم
بڕیاریدا کە بمبینێ
لە روخساریا باخچەیەک کرایەوە
بۆ باوەشی عەشقی بردم
عەشقی بەسەرمدا داباری
شنە شنی ھەناسەکەی
ناو ھەناوم و ھەردوو چاوم
ژووری دڵَ و سەر و قژیان پڕکردبووم
لە پەرەی گوڵ و گەڵا و
پەپولەی سپی رەنگاوڕەنگ
لە مێخەکی شعرێکی بۆن خۆش.

١٤

دوێنێ
خەیاڵی سرکی کەوێکم
لە بناری قەندیلدا گرت
خستمە ئامێزی وشەوە و
یەکەمین ژووانی ئێمە بوو
لە قەفەزی دڵما بەند کرد.

١٥

کاتێ قەڵەمێکی شۆڕشگێڕ
بەدەم نووسینەوەی وشەکانی ئازادیەوە
دەکوژرێ
کاتێ کیژێکی عاشق
بەدەم گۆرانی خۆشەویستەکەیەوە تیرۆر دەکرێ
وشە دەگری و شەقامیش ماتەم دەگێڕێ و
ئاسمان ھۆن ھۆن فرمێسک دەڕژێ.

١٦
شعریش رەنگی زەرد دەبێت و
درەختیش لە مەراقا دەمرێ
خەونەکانیش
سەربەرە و خوار رادەکشێن و
باخیش لە مەرگی جۆگەلەیەکدا
رەش دەپۆشێ.

١٧

شاعیرەکانیش ھەر ھەموویان
بە رەنگی سوور
ھاژەی رووبار دەنووسنەوە
شار بێ رەنگ و، با بێ دەنگ و، منیش دڵتەنگ
ھەر دوای ئەوە
دارستان و رووبار و دەشت و
مەل و گوڵ و چیا و جۆگە
رائەپەڕن
مێژووی خۆیان دەگێڕنەوە.

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک