١٦\١\٢٠٢٥
فرمێسکی بێدەنگیی بۆ مەرگی هاوبیر '' نوری
کەریم''.
(١\١\١٩٤٧
- ٩\١\٢٠٢٥)

ھەڵۆ محەمەد
لەم چرکەساتەدا.. بینایی چاومان بە دیار تیڤییەکانەوە داهاتووە و
گوێیەکانمان تژی بوون لە هەواڵی جۆراوجۆر و لاپەڕەی رۆژنامە و تۆڕی
کۆمەڵایەتی سیخناخ کران بە وتار و شرۆڤەی هەمەچەشن، نەبوونی پرۆژە و
بەرنامەیەکی نەتەوەیی تۆکمەی یەکگرتووی کوردی ، خەم و دڵەڕاوکێ و
نائارامی لەدەست دەرچوونی دەرفەتی زێڕین، وەک تێزاب دەڕژێت بەسەر رۆحی
هەلاهەلابووی کوردبوونماندا.

ئا لەم کاتەدا ئەم دەست، پێویستی بەو دەستە
و تاڵە مووەکانی سەریمان دەبێت یەک بن و نیگای چاوەکانمان لەسەر یەک
ستراتیژ گیر کرد بێت و هەموو بازووەکانمان بووبنە یەک بازووی کوردایەتی
و گەروومان پڕ بێت لە داوا و بانگی ئازادی و سەربەخۆیی ، ئا لەم کاتەدا
کە ئابڕوومەندانی کوردایەتی دڵیان وا لە قولی مستیاندا و دەترسن و
دەرفەتی هەڵکەوتووی زێڕینی سەدە بۆ کورد بە فیڕۆ بدرێ.
لەم دۆخەدا کە بۆ خۆم تەنیام و خەم باری قورسی خۆی لەسەر کۆڵەی سنگم
داکوتاوە!.. ئارامم لێ بڕاوە ، بە باسێکی دڵتەزێن ڕاچەنیم و شەپۆلە
نائارامەکان خستیانم بەسەر هەواڵی کۆستی گەورە و ناوادە و ژانی گرانی
کوردانەی کۆچی دوایی نووسەر و رۆشنبیر و هاوبیری قەدرگران و خۆشەویست
مامۆستا( نوری کەریم)دا..
مامۆستا نوری بە عەشقەوە هۆگری هەواڵەکان و چاوەڕێی ئازادی کوردستان
بوو، ئیمڕۆ بە بێدەنگی لە شاری ئاخن ، وڵاتی ئەڵمانیا لە تەمەنی ٧٨
ساڵیدا ماڵئاوایی لێکردین…
مامۆستا نوری جگەلەوەی بە هەزاران رۆڵەی نیشتمانی بە زانین و ڕەوشتی
بەرز و کوردایەتی پەروەردەکردووە، بۆخۆیشی کەسایەتییەکی بەڕێز و
رۆشنبیرێکی ژێهاتوو و نووسەرێکی قەڵەم ڕەنگین و وەرگێڕێکی کارامە بوو.
لە ڕووی خەبات و تێکۆشانی سیاسییشەوە، هەر لە تافی لاوییەوە بۆتە
ئەندامی یەکێتی لاوانی نەتەوەیی کورد و یەکێتی قوتابیانی نەتەوەیی کورد
و پارتی گەلی کورد و کاژیک و دواتر پاسۆک..بە کورتی هەمیشە کوڕی نەتەوە
و نیشتمانەکەی بوو.
وەک نووسەر و رۆشنبیر و مامۆستایەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاک
بوو، بابەتی بەسوودی پێشکەش دەکرد و هەڵوێستی کوردانەی خۆی رادەگەیاند.
مامۆستا.. بە چەند بەرهەمێکی مێژوویی و رەخنەی سیاسی و وەرگێڕانی
ئەدەبی کتێبخانەی کوردی رازاندۆتەوە. هەروەها بە دەیان وتاری مێژوویی و
رەخنەیی لە گۆڤار و رۆژنامە و ماڵپەڕەکاندا بڵاوکردۆتەوە…
کاتێ بەرهەمەکانی خۆی بۆ ناردم گفتم دایە بە پێی لوان خوێندنەوەیان بۆ
بکەم. بەداخەوە مەشغەڵەتی ژیان و دژواری ئەرکی رۆژانە، بواری نەدا تا
لە ژیاندا بوو، نۆرەی خوێندنەوەیان بێت، هیوادارم لە دەرفەتێکدا بتوانم
ئەو قەرزەی بدەمەوە.
بۆ مەرگی ئەم هاوبیرە جگە لە هەڵڕشتنی فرمێسکی وشک و ئەفسووس کێشان بۆ
مەرگێکی ناوادە ، بە دڵ هاوبەشی و هاوخەمی خۆم بۆ خێزان و منداڵان و
کەسوکاری بەگشتی و هاوبیران بە تایبەت دەردەبڕم …
هاوبیر مامۆستا نوری، رەوانی شاد و گڵکۆی چراخان بێت.
تێبینی: وێنەکە ماڵی خۆمانە لە بەرلین ساڵەکەی؟ سەرەتای نەوەدەکان، بە
کامێرای مامۆستا چرکێندراوە.
٩\١\٢٠٢٥
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|