په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١١

فرمێسکی قوتابییەکی منداڵ، وەزارەتی پەروەردە شەرمەزار دەکا.


فەرەیدون بێوار       


هەفتەیەک زیاتر دەبێ گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوبۆتەوە کە تێیدا مامۆستایەک سووکایەتی بە قوتابییەکی منداڵی بنەڕەتی دەکا لە سایەی سیستەمی سویدی دا. کەچی دوای هەفتەیەک تازە بە تازە وەزیری خوێندنی پەروەردە و بە ناو وتەبێژەکەی دەبێژن لێکۆڵینەوە دەکەین.


ئەرێ‌ پێمان ناڵێن لێکۆڵینەوە لە چی دەکەن؟ نەبادا داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی تەرفیهی سی کەسیی بکەن و دواتر لێژنەکە لە راپۆرتی کۆتایی خۆیاندا داوای لێژنه‌ی لێکۆڵینەوە بکەن؟ لە کاتێکدا روخساری قوتابییەکە ناسراوە و بە ئاسانیی دەدۆرێتەوە، ئیدی لێکۆڵینەوە لە چی و کێ دەکەن؟ نەکا ئەم بابەتەش بە سیاسی و حیزبیی بکەن و وەکو ئابڕوچوونەکەی پار ساڵی لێبکەن، کە زیاتر لە سی مامۆستا و بەرێوەبەر و بەرپرسی حیزبیی بە شێوەیەکی رێکخراو و تۆڕبەندیی، پرسیاره‌کانی تاقیکردنەوەکانی شەشەمی ئامادەییان بە نرخێکی خەیاڵی بە قوتابیان فرۆشتبوو، لە رێگەی بلوتسەوە وەڵامی پرسیارەکانیان بۆ قوتابیان نارد بوو، کەچی کە ئاشکرا بوون و دەستگیر کران هەندێکیان، دوای لێکۆڵینەوە جەنابی وەزارەت گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو بە ناو مامۆستایانە ئازاد بکا و ئەمساڵیش هەمان ستاف بۆ سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەکان دابنێتەوە.


من پار ساڵ لە وتارێکمدا کە لە رۆژنامەی ئاوێنە بڵاوکراوتەوە، پێشنیارم کرد کە وەزارەتی ''پەروەردە'' بکرێتە وەزارەتی ''خوێندن'' چونکە تەنیا قوتابی فێری یەک و دوو و دارا دوو داری دەکا، لە کاتێکدا درۆ بە دەم داراوە دەکەن، چونکە دارا یەک داری دیوە نەک دوو دار. هەروەها وەزارەتی ''خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی'' بکەن بە وەزارەتی ''دەرچوون و بەخشینی بڕوانامە''، چونکە بەس توێژینەوەی زانستی نییە. دەشکرێ ئەم دوو وەزارەتە لێکبدرێ و بکرێ بە یەک وەزارەت بە ناوی ''وەزارەتی فێر کردن و بڕوانامە بەخشین''.

 

 

F_bewar@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک