٥\۴\٢٠١٠
فرمێسک و هیوا!
ئه‌یوب ره‌حمانی
ئه‌م چیرۆکه پێشکه‌ش
ده‌که‌م به دایکانی جه‌رگ سووتاو و ژنانی به‌شمه‌ینه‌تی وڵاته‌که‌م.
پێشه‌کی.
ئایینه ئاسمانیه‌کان له سه‌ر باوه‌ڕ به
ڕۆح و بوونی ژیانێکی دیکه یا دنیایه‌کی دیکه و مێتافیزیک، بێجگه له‌م
ژیانه‌ی ئێستا دامه‌زراون و به‌وه‌ش ڕانه‌وه‌ستاون و دادگا و محاکه‌مه‌یان
له‌و دنیای دیکه وه‌ڕێ خستووه و ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی له کتێبه‌که‌ی ئه‌وان
و که شیش و مه‌لاکانی ئه‌وان بکات، جا ئه‌گه‌ر مرۆڤی خراپیشیان تێدا
بێت، پاش مردن ده‌یان نێرن بۆ به‌هه‌شت و خۆشترین شوێنی ئه‌و ژیانه
دووهه‌مه‌یان پێ ئه‌به‌خشن و هه‌موو ئه‌وانه‌شی که باوه‌ڕیان به
ئایین و کتێبه‌که‌ی ئه‌وان نه‌بێت، به مرۆڤی چاک و خراپه‌وه، به
کافر ده‌زانن و هه‌موو ئه‌م ده‌سته‌ی دووهه‌میش ده‌نێرن بۆ دۆزه‌خ و ده‌یانسووتێنن،
ئیتر گرنگ نیه کێ بن، گرنگ ئه‌وه‌یه که ئایینه‌که‌ی ئه‌وانیان وه‌رنه‌گرتووه.
به پێی ئه‌م باوه‌ڕه یه‌ک له سه‌ر حه‌وتی مرۆڤایه‌تی ده‌بێت پاش
مردن بچن بۆ به‌هه‌شتی به‌رین و شه‌ش له سه‌ر حه‌وتی مرۆڤایه‌تی ده‌نێرن
بۆ دۆزه‌خ که بووستێن!! ئه‌مانه به پێی کتێبه‌کانی ئه‌وان و لایه‌نی
نازانستی و گونگ و شاراوه‌ی مه‌رگن و که‌س له پاش مردن نه‌یتوانیوه
بگه‌ڕێته‌وه و هیچکام له‌و ئیدیعایانه بسه‌لمێنێت، بۆیه ئه‌وان
پێیان وایه که هه‌موو که‌س ئه‌بێت به بێ شه‌رت ئه‌و شتانه‌ی ئه‌وان
باسی ده‌که‌ن قه‌بوڵ بکه‌ن و ڕاڕایی نه‌خه‌نه خۆیان و هیچ پرسیاریش نه‌که‌ن،
ئه‌گینا کافر ده‌بن! له لایه‌کی دیکه‌وه زانستی ئه‌مڕۆی مرۆڤایه‌تی
توانیویه‌تی هه‌م له ده‌ور و به‌ری مرۆڤی زیندوو و هه‌میش له ناو ده‌روونی
مرۆڤدا شتهایه‌ک ببینێت که ناوه زانستییه‌که‌ی " ئاوڕا"یه (Aura) و
به‌و شته‌ش که له ده‌وری مرۆڤ به که‌ره‌سته مۆدێڕن و پێشکه‌وتووه‌کان
توانراوه ببینرێت ده‌ڵێن "ماگنێت فێڵد" واته مه‌یدانی میغناتیسی که
ده‌وری مرۆڤی گرتووه. له نوێترین لێکۆڵینه‌وه‌کانی فیزیکی نوێ واته
کوانتۆم فیزیک ده‌رکه‌وتووه که ئه‌و مه‌یدانه میغناتیسیه له دڵی
زینده‌وه‌ره‌کان یا مرۆڤه‌کانه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێت و پسپۆڕان به هێز
بوونی ئه‌و ئاوڕایانه یا ئه‌و مه‌یدانه میغناتیسیانه له به هێز
بوونی دڵدا ده‌بینن و تا ئه‌وان به هێزتر یا تۆختر بن، ئه‌وا دڵیش به
هێزتره و زینده‌وه‌ریش سالمتره. دیاره ئه‌م باسه نوێیانه‌ی فیزیکی
کوانتۆمی هه‌م زۆر زه‌روره و هه‌میش پێویستی به باسێکی قووڵتر و هه‌مه
لایه‌نه‌تره و له‌م کوورته پێشه‌کیه‌دا ناکرێت بچمه سه‌ریان و مه‌جالیان
نیه، به‌ڵام هیوادارم بتوانم له داهاتوودا له‌وباره‌یه‌وه باسێکی
زانستی، چڕ و پڕ پێشکه‌ش بکه‌م.
ئه‌م چیرۆکه‌ی به‌رده‌ستتان به‌ڵام بۆ ئه‌رێنی و نه‌رێنی کردنی هیچکام
له‌و باسانه‌ی سه‌ره‌وه نه‌نووسراوه، به‌ڵکو مه‌به‌ستی دیکه‌ی له
پشته‌وه‌یه که هیوادارم بتوانێت مه‌به‌سته‌که‌ی بپێکێت و جێگای ڕه‌زامه‌ندی
بێت!
فرمێسک و هیوا.
له ته‌نیشتێک به تاقی ته‌نیا دانیشتبوو و هه‌ر ده‌ستی به سکیدا ده‌هێنا
و له‌گه‌ڵ منداڵه‌که‌ی ناو سکیدا به وردی قسه‌ی ئه‌کرد و ڕوون نه‌بوو
باسی چی بۆ بچکۆله‌که‌ی ئه‌کرد، به‌ڵام وادیاربوو که دڵنیا بێت له‌وه‌ی
که بچکۆله‌که‌ی گوێی له وته‌کانیه‌تی و لێی حاڵی ئه‌بێت و ده‌نگی
دایکی خۆی بناسێته‌وه. مانگی خۆیه‌تی و به ئاواته‌وه‌یه به‌م زووانه
منداڵه‌که‌ی ببینێت. هه‌موو شتێکیش که له ده‌ورو به‌ری خۆی ئه‌یدیت،
به لایه‌وه نوێ بوون. چه‌ند جارێک چووبون بۆ لای و پێیان وتبوو، به‌ڵام
ئه‌و به هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماده نه‌بوو باوه‌ڕ بکات به‌وه‌ی که مردووه!
تێکه‌ڵ هیچکامێک له ئه‌ڕواح نه‌ده‌بوو و هه‌ندێکیش ترسابوو و زۆر خه‌می
منداڵه‌که‌ی ناو سکی بوو. هێشتا پێی وابوو که زیندووه و خه‌ون ئه‌بینێت.
که ڕۆحه‌کانی ده‌ور و به‌ری پێیان ئه‌ووت ئێستا تۆ مردوویت و زیندوو
نه‌ماویت، ئه‌یووت ئه‌مانه هه‌مووی خه‌ونه و چه‌ند شه‌وێک پێشتریش خه‌ونێکی
دیکه‌ی نه‌ک وه‌ک ئه‌مه‌ی ئێستا، به‌ڵام له شێوه‌ی ئه‌مه‌م بینیوه و
به‌یانی هه‌ستاوم و هیچیان ڕاست نه‌بوون. له‌و خه‌وه‌ما قژه‌کانم درێژ
بوبون و شانه‌م ده‌کردن، نازانم بۆچی ئه‌وه‌تای حامیله‌م ئه‌م خه‌ونانه
ئه‌بینم. ئێستاش سه‌بر ده‌که‌م و هه‌ر که ڕۆژ بووه‌وه و چاوم کرده‌وه
و سه‌رم له په‌تووه‌که‌م هێنا ده‌ر، یه‌که‌م شت لامپه نوێیه‌که‌ی
ژووره‌که‌مان ئه‌بینم که خه‌باتی برام به بۆنه‌ی به‌ڕێوه بوونی
منداڵه‌که‌مان، بۆ ژووره‌که‌مانی کڕیوه، ئاخر خه‌بات که برای بچووکمه
زۆر حه‌ز ئه‌کات یه‌که‌م منداڵه‌که‌ی من ببینێت و هه‌ر له سه‌ر یه‌ک
دووپاتی ئه‌کاته‌وه که به‌م زووانه ئه‌بێت به خاڵه. ئه‌وجار به
خێرایی هیوا، مێرده‌که‌م، خه‌به‌ر ئه‌که‌مه‌وه و پێش ئه‌وه‌ی بڕاوت
بۆ کار ئه‌م خه‌ونه ناخۆشه‌ی ئه‌مشه‌ومی بۆ ئه‌گێڕمه‌وه و پاشان له
جێگاکه‌م ئه‌خزێمه ده‌ر و نه‌واره تازه‌که‌ی که کڕیبووم و هه‌ندێک
موزیکی هێواشکه‌ره‌وه‌ی به‌یانیانی خۆشی تێدایه لێی ئه‌ده‌م و تۆزێک
شتڕێس که‌م ئه‌که‌مه‌وه و ئه‌وجار ده‌ست و ده‌مووچاوم ئه‌شۆم و ئه‌ڕۆمه
خوار بۆ خواردنی نانی به‌یانی، چوونکو به‌یانیان زۆر گرنگه که نان
بخۆم، خۆ من بۆخۆمی ناخۆم، بۆ منداڵه‌که‌می ئه‌خۆم، پێتان وانه‌بێت من
زۆر نه‌وسنم! هه‌ندێک برای مێرده‌که‌م، ئاسۆ که به‌یانیان زۆر زوو هه‌ڵ
ئه‌ستێت، بۆ پێکه‌نینی به‌یانیانی هه‌مووان ده‌خه‌مه قسه و ئه‌ویش
دایمه قسه‌ی پێکه‌نینی و نووکته‌ی خۆشی له گیرفاندایه و تا بزانێت
که حه‌ز به بیستنیان ده‌که‌ین، ئه‌وا هه‌ڵیان ئه‌ڕێژێته ده‌ره‌وه و
یه‌کی له‌وی تر خۆشترن و هه‌موومان ئه‌خاته پێکه‌نین و زۆر جاریش وره‌مان
ئه‌خاته به‌ر! ئه‌مڕۆ که هه‌ستام ئه‌م خه‌ونه‌ی ئێستای بۆ ئه‌گێڕمه‌وه
و ده‌زانم وه‌ک خه‌ونه‌کانی پێشتر که بۆیم ده‌گێڕا‌وه، ئه‌مجاره‌ش
ده‌یکاته ڕۆژی خۆی و هێنده قسه‌ی خۆشی پێ زیاد د‌کات و ده‌یگۆڕێت و
سه‌ره و خواری ده‌کات که له پێکه‌نینیدا فرمێسک به چاوماندا دێنێته
خوار و هه‌موومان شاگه‌شکه ده‌بین. بیستوومه پێکه‌نینی ده‌مه‌و به‌یانیان
زۆر بۆ سه‌لامه‌تی خۆم و منداڵه‌که‌یشم باشه و چاک وایه مرۆڤ هه‌موو
ڕۆژه‌که‌ی به پێکه‌نین ده‌ست پێ بکات و هیوادار و سه‌رودڵخۆش بێت و هه‌ر
واش به پێکه‌نینی ته‌واوی کات و بچێت بنوێت.
ڕۆحێک که تۆزقاڵێک دوورتر ڕاوه‌ستابوو و وته‌کانیانی فرمێسکی گوێ لێ
بوو به تانه‌وه وتی، ئه‌رێ ڕاسته پێکه‌نین بۆ ته‌مه‌ن درێژیش باشه
و ئه‌وه نیه تۆش چه‌ند ته‌مه‌ن درێژ بوویت! ئه‌مان گوێیان نه‌دا به‌و
و ئه‌وجار له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ده‌ستی هه‌ر به سکییه‌وه بوو، وڵامی
هێمنی داوه که ناوی پرسیبوو، له وڵامدا به کورتی وتی فرمێسکم ناوه.
ئه‌وجار خێرا ده‌سته‌که‌ی دیکه‌ی که به تاڵ بوو و به سکیه‌وه نه‌بوو
گرت به ده‌میه‌وه و وتی ئه‌ی له‌و هه‌ڵه کردم، نابێت ناوی خۆم له خه‌وندا
به ڕۆحه‌کان بڵێم، ده‌ڵێن زۆر خراپه و ئه‌تبه‌ن له‌گه‌ڵ خۆیان! هێمن،
یه‌کێک له ڕۆحه‌کان که چوبو دڵداری بداته‌وه و ناوی پرسیبوو، په‌شیمان
بووه‌وه له‌وه‌ی که خێرا ناوی لێ پرسیبوو، به‌ڵام تازه ڕووی دابوو و
داوای لێبووردنی له فرمێسک کرد و به خه‌مێکی شاراوه‌وه له کاتی
دوور که‌وتنه‌وه لێی وتی، باشه هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ سه‌ره‌تا ناوت ئه‌زانین
و ئیتر لێی دوور که‌وته‌وه و هه‌ر ڕۆحێکیر که ده‌هاته سه‌ر ڕێگای
هێمن، پێی ده‌وت، ناوی فرمێسکه و هێشتا نازانین به چی مردووه، به‌ڵام
له کاتی مردن‌دا منداڵێکیشی له سکیدا بووه و یه‌که‌م منداڵیه‌تی و فه‌قیره
تامی دایکبوونی نه‌چێشتووه و جوانه‌مه‌رگ بووه. ئێستاش باوه‌ڕ ناکات
که مردووه!
فرمێسک هێنده ماتڵی ڕۆژ بوونه‌وه و کۆتایی ئه‌م خه‌ونه بوو که ئیتر
هیلاک ببو. هه‌ر چی پێیان ده‌وت ئه‌مجاره خه‌ون نیه، ئاماده نه‌بوو
باوه‌ڕ به قسه‌ی که‌س بکات و هه‌ر ده‌یووت ئه‌مه هیلاککه‌رترین و
ترسناکترین خه‌ونه که من له ژیانمدا بینیومه و ده‌زانم هه‌ر خه‌به‌رم
ده‌بێته‌وه و هه‌موو شتێک وه‌ک جاری جاران ئه‌ڕواته پێش. ئه‌وجار تا
ده‌هات زیاتر قسه‌ی ده‌کرد و یه‌خه‌ی هه‌مووانی ئه‌گرت و پرسیاری لێده‌کردن
و ئه‌یپرسی ئێوه کێن؟ بۆ لێره‌ن؟ بۆ له نێو خه‌ونی مندان؟ بۆ ناتان
ناسم و بۆ هاتوونه نێو خه‌وم؟ بۆ پێشتر نه‌مدیون و ئێستا خه‌وم لێ
ئاڵۆز ده‌که‌ن؟ وڵامه‌کان که وه‌ریده‌گرته‌وه هه‌موو یه‌ک بوون و ئه‌ویش
هه‌ر ئه‌وه بوو که له سه‌ره‌تادا بیستبووی. تۆ خه‌ون نا‌بینیت، تۆ
مردوویت و ئێستا ڕۆحیت! نه‌یده‌ویست بی بیستێت و هه‌تا کات زیاتر تێ ئه‌په‌ڕی،
زیاتر باوه‌ڕی به قسه‌ی ئه‌وانیتر ئه‌کرد و هه‌تا باوه‌ڕی به ڕۆح
بوونی خۆی زیاتر ده‌بوو، خه‌میش زیاتر دایده‌گرت. ئه‌ی که‌واته بۆ
دایه‌گه‌وره و بابه‌گه‌وره‌م لێره نین؟ خۆ ئه‌وانیش چه‌ند ساڵانێک
پێش ئێستا مردوون، نه‌نکم سه‌ره‌تانی گرتبوو، برینێک له سه‌ری هاتبوو،
ژنێکی ئێجگار به ڕه‌حم و دڵسۆز و بێ ئازار بوو، خه‌ڵک خۆشیان ده‌ویست،
میوان خۆشه‌ویست و دڵ ئاواڵه بوو، به‌ڵام برینه‌که‌ی سه‌ری تاقه‌ت و
توانی لێ بڕیبوو، ئازاری ده‌دا و ڕۆژ له گه‌ڵ ڕۆژ ئازاره‌کانی زیاتر
ده‌بوو. کووڕێکی شۆڕشگێڕی هه‌بوو و دایمه تاسه‌ی ئه‌کرد، ناوی کۆمار
بوو. کوڕه‌که‌ی جوانه‌مه‌رگ بوو و ڕه‌زاخان له سێداره‌ی دا و له‌وکاته‌وه
ئه‌میش ورده ورده نه‌خۆش که‌وت. له‌وانه‌یه خه‌می دووری کووڕه‌که‌ی
تووش ئه‌و ده‌رده‌ی کردبێت، هه‌ر به‌و ئازاره‌نه‌شه‌وه سه‌ری ناوه و
کۆچی دوایی کرد. نازانم بۆچی تووش ئه‌و هه‌مووه خه‌فه‌ت خواردنه ببو،
عاتفه‌ی زۆرتر له حه‌د، مرۆڤ له ناو ده‌بات، نازانم بۆچی ئێمه هێنده
عاتیفین؟! ئه‌ی باوه‌گه‌وره‌م بۆ دیار نیه؟ ئه‌ی ئه‌و دایه‌گه‌وره و
بابه‌گه‌وره‌که‌یترم بۆ دیار نین؟ باوکی باوکمم قه‌ت نه‌دیوه، چوونکو
زۆر زوو کۆچی کردبوو و ئه‌وکات باوکم هێشتا بۆخۆی منداڵ بوو و دایکی
باوکیشمم هه‌ندێک له بیره! ئه‌ی ئه‌وان کوان، ئه‌گه‌ر من مردووم بۆ
ئه‌وان لێره نین؟ یه‌ک له ڕۆحه‌کان وڵامی داوه که خه‌مت نه‌بێت ئه‌وانیش
ئه‌دۆزیته‌وه و به دیداریان شاد ئه‌بیته‌وه، به‌س ئه‌بێ جارێ سه‌بر
بگریت!
فرمێسک ئیتر ورده ورده باوه‌ڕی به ڕاست بوونی مردنی خۆی ده‌کرد و
پرسیار له دوای پرسیار ده‌هاتنه سه‌ر زاری. من چۆن مردووم؟ له کوێ؟
بۆچی؟ خۆ من تازه شووم کردووه، تازه به ته‌مای به دایکبوونم! ئه‌ی
منداڵه‌که‌ی ناو سکم چی به سه‌ر دێت؟ ناوم ناوه ده‌وڵه‌ت! ئه‌ی خۆ
من هێشتا زۆر لاوم، هێشتا تازه بوومه مامۆستا و هێشتا سه‌ره‌تای ده‌ست
پێ کردنی ژیانمه! هێشتا خوێندکاره‌کانم منیان به ته‌واوی نه‌ناسیوه
و هێشتا سه‌ره‌تاکانی فێر کردنی زمانی بریلم و زۆربه‌ی خوێندکاره‌کانم
زۆر زیره‌که‌ن! که ئه‌ڵێن ئه‌وه‌ی نابینا بوو، هه‌سته‌کانی دیکه‌ی
باشتر کار ده‌که‌ن، ڕاستیان کردووه و به ڕاستی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی یه‌کجار
شتێک به خوێندکاره‌کانم بڵێم، زۆربه‌یان به باشی فێری ئه‌بن و هه‌ندێکیشیان
هه‌ر خێرا له به‌ری ده‌که‌ن و به بێ ئه‌وه‌ی جاری دووهه‌م قامک بخه‌نه
سه‌ر خه‌ته بریله‌که، هه‌ر له به‌ر بۆمی ئه‌خوێننه‌وه. به‌ڵام
هێشتا نه من و نه ئه‌وان یه‌کترینمان به باشی نه‌ناسیبوو، که
وادیاره یه‌کترینیش ناناسین ئیتر!
له پڕ هه‌مدیسان دڵی گیرایه‌وه و له پرمه‌ی گریانی دا و چه‌ند ڕۆحێک
هاتن بۆ لای و ده‌یانزانی که ئه‌وانیش له سه‌ره‌تادا هه‌ر وا دڵته‌نگ
بوون، تا دواتر چاره‌نووسی خۆیانیان قه‌بووڵ کردووه و هێواش بوونه‌ته‌وه.
ئێستاش هه‌ر کاتێک ڕۆحێکی نوێیان پێ زیاد ئه‌بێت، هه‌وڵ ئه‌ده‌ن دڵداری
و دڵخۆشی بده‌نه‌وه و هێدی و ئارامی بکه‌نه‌وه، ئه‌وانه‌ی هێشتا
ناویان نه‌زانیبوو، دووپاتیان ئه‌کرده‌وه و ناویان ئه‌پرسی، هه‌ندێک
چیرۆکی خۆیان و چۆنیه‌تی مردنی خۆیانی بۆ ئه‌گێڕایه‌وه و هه‌ندێک له
وه‌زعی ئێستای خۆیانی بۆ باس ئه‌کرد!
گوڵاڵه یه‌ک له‌و ڕۆحه کچانه بوو که له ده‌وری فرمێسک ڕاوه‌ستابوون
و هه‌ر که فرمێسکی دیبوو، زانیبووی که هاوته‌مه‌نی خۆیه‌تی و چووبو
بۆ لای و خۆی پێ ناساندبوو. گوڵاڵه پێی وابوو که فرمێسک هێشتا چۆنیه‌تی
مردنی خۆی له بیر نیه و جارێ پێویستی به کاته. سه‌ره‌تا ئه‌بێت
باوه‌ڕی ته‌واو به مردنی خۆی بکات و دواجار ورده ورده هه‌ندێک شتی
بیر ئه‌که‌وێته‌وه یا له زیندووه‌کان ئه‌بیستێت، که چوو بۆ لایان و
ئه‌مانه‌شی هه‌مووی به فرمێسک ئه‌ووت و ئه‌و چه‌ند ڕۆحه‌ی دیکه‌ش که
به ده‌وریه‌وه بوون سه‌ریان له ته‌ئید و ئه‌رێنی کردنی قسه‌کانی
گوڵاڵه جووڵاند و به پێکه‌نینێکی سه‌ر زاریان چاویان له فرمێسک
بڕیبوو، به‌ڵام له ده‌موو چاویاندا خه‌مێک خۆی ئه‌نواند و فرمێسک نه‌ی
ئه‌زانی بۆ ئه‌و خه‌مه له ده‌مووچاوی زۆربه‌یاندا ئه‌بینێت و پێی
وابوو که خۆیشی هه‌ر خه‌مێکی له دڵدایه و له ده‌مووچاویشیدا ئه‌بینرێت.
گوڵاڵه که‌وته گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی مردنی خۆی و باوه‌ڕی برای بۆ
فرمێسک، پێی وابو که به‌م شێوه هه‌ندێک ته‌سکینی دڵی فرمێسک ئه‌داته‌وه
و ئه‌توانێت ئاماده‌ی بکات بۆ وه‌بیر که‌وتنه‌وه‌ی چۆنیه‌تی مردنی خۆی.
گوڵاڵه ده‌ستی به گێڕانه‌وه کرد و وتی چه‌ند ساڵێک بوو شه‌ڕ بوو و
خه‌ڵک زۆر ئه‌ترسان و زۆر جار فڕۆکه ئه‌هاتن و شاره‌کانیان بۆردومان
ده‌کرد. خه‌ڵکانێک بوون که که‌ره‌سته‌ی هاتووچۆیان بوو و ده‌یانتوانی
هه‌ندێک له شار دوور بکه‌ونه‌وه و خۆیان له بۆمباران دوور ڕاگرن، به‌ڵام
ئێمه دوو خوشک و برایه‌ک بووین و له‌گه‌ڵ دایک و بابمان هه‌موومان له
خانوویه‌کی کۆندا ئه‌ژیاین و هه‌ژار بووین. براکه‌م باوه‌ڕ که کوڕی گه‌وره‌ی
ماڵ بوو، وازی له خوێندن هێنابوو و کاری ده‌کرد، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای کار
کردن و یارمه‌تی بژێومان، کاری سیاسیشی ده‌کرد. ئێمه دایمه له مه‌ترسیدا
بووین هه‌م به هۆی بۆردوومان و تۆپباران و هه‌میش چالاکیه سیاسی و
نهێنیه‌کانی براکه‌م. ئاخر ئه‌و پێی وابوو وڵاته‌که‌مان داگیر کراوه و
ده‌بێت خۆمان له چنگ داگیرکه‌ر ڕزگار بکه‌ین. ڕۆژێک باوه‌ڕ که ڕۆی بۆ
کار ئیتر نه‌هاته‌وه و ماوه‌یه‌کی زۆر بێ سه‌ر و شوێن بوو! تۆ نازانیت
چه‌ند ناخۆشه که برا گه‌وره‌که‌ت بێ سه‌ر و شوێن ببێت و هیچ
زانیارییه‌کت نه‌بێت چی به سه‌ر هاتووه، به‌ڵام هه‌ر لێی بێ هیوا نه‌بووین.
پاش چه‌ند مانگێک زانیمان که ئیتڵاعات به بیر و باوه‌ڕ و چالاکیه‌کانی
زانیوه و که ئێواره له کار ببوه‌وه و به‌ره‌و ماڵه‌وه هاتبوو،
ویستبووی له سه‌ر ڕێی، سه‌ری هاوڕێیه‌کی بدات، به‌ڵام نه‌گه‌یبووه
هاوڕێکه‌ی و خستبوویانه ماشینێک و ڕفاندبوویان و که‌س نه‌یزانیبوو بۆ
کوێ‌یان بردووه. ئاخر خۆ ئه‌و هیچ تاوانێکی نه‌کردبوو، ته‌نیا پێی
وابوو که گه‌له‌که‌ی به کۆیله کراوه و وڵاته‌که‌ی داگیر کراوه. ئه‌گه‌ر
له‌و ناوه‌دا تاوانبارێکیش هه‌بووبێت، ئه‌وه باوه‌ڕ نه‌بوو که
تاوانبار بێت به‌ڵکو داگیرکه‌ره‌کان تاونبارن که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که
وڵاتێکیان داگیر کردووه، هاوکات لاوێکی بێ ئازار ده‌گرن و به هۆی مه‌یلی
ئازادیخوازی له به‌ندیخانه‌ی ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش نه‌ک یه‌ک مرۆڤ و دوو
مرۆڤ به‌ڵکو به هه‌زاران مرۆڤی کوردیان ئاوا لێ کردبوو! که زانیمان
باوه‌ڕ له ئیتڵاعاته ئیتر هه‌ر زۆر ترسابووین. له‌وه‌تا ئه‌ویش
گیرابوو ئیتر هێنده‌یتر هه‌ژار ببوین و ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ وه‌زعمان
خراپتر ئه‌بوو. من که ئێستا له نه‌بوونی کاکمدا کچی گه‌وره‌ی ماڵ
بووم، وازم له خوێندنه‌که‌م هێنا و ده‌مه‌ویست کار بکه‌م، به‌ڵام کۆمه‌ڵگاکه‌مان
که هێشتا کۆمه‌ڵێک سوونه‌تی کۆن و دژه ژن و چه‌قبه‌ستووی تێدا مابوو
و هاوکات حکومه‌تی داگیرکه‌ریش حکومه‌تێکی ئایینی بوو، هه‌موو ئه‌مانه
ده‌ستیان دابوو به ده‌ستی یه‌که‌وه و ئیزنی به کچێک نه‌ده‌دا که
کار بکات و کارم وه‌گیر نه‌ده‌که‌ت و باوکیشم هه‌ر کرێکاری ئه‌کرد و
دایکم جار و بار وه‌ک کرێکار بانگیان ده‌کرد بۆ ماڵان که له ته‌نووری
خۆیان نانیان ئه‌کرد، کاری ده‌کرد و هه‌ویری ده‌شێلا و ئێواره ته‌نووره‌که‌ی
پاک ده‌کرده‌وه و شتێکی وه‌ر ئه‌گرت و هه‌ندێکیش نانی گه‌رمی ده‌هێنایه‌وه.
به‌ڵام ئه‌و کاره هه‌میشه نه‌بوو و جار به جار ده‌ستی ئه‌که‌وت.
خوشکه چکۆله‌که‌م له‌یلا درێژه‌ی به خوێندنی دا و نه‌مان هێشت ئه‌و
واز له خوێندنه‌که‌ی بێنێت و هه‌ر جۆرێک بوو ده‌چوو بۆ خوێندن. ڕۆژێک
له ئیتڵاعاته‌وه هه‌واڵیان بۆ ناردبووین که وه‌رن بۆ دیتنی کووڕه‌که‌تان
و ئیتر هه‌موومان زۆر دڵمان خۆش بوو و بڕیار بوو سبه‌ینێ براکه‌مان
ببینین که ئه‌وه ئه‌چوو بۆ شه‌ش مانگ که نه‌ماندیبو و دایکم بلوز
و کڵاوی بۆ چنیبوو و منیش پانتۆڵێکم بۆ دووریبوو، ئاخر خۆم فێری جل
دوورین کردبوو و به ته‌ما بووم له ماڵه‌وه ده‌ست بکه‌م به جل
دوورین و ئه‌و پانتۆڵه یه‌که‌م ده‌ستکردی من بوو، به دڵ و به گیان
دووریبووم و زۆر جوان ده‌رچووبو، قوماشه‌که‌ی زۆر له مێژ بوو براکه‌م
خۆی کڕیبووی و هێشتا نه‌یدابوو به دوورین و به دڵی خۆی بوو، دڵنیا
بووم که زۆری حه‌ز لێی ده‌بوو. خوشکه چکۆله‌که‌شم له‌یلا باقلاوه‌ی
ته‌ڕی بۆ دروست کردبوو، ئاخر زۆری حه‌ز له باقلاوه بوو. باوکم ئه‌و
شه‌وه تا به‌یانی خه‌وی لێ نه‌که‌وتوو و زۆر په‌رۆش بوو، نازانم بۆ،
هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی که باوه‌ڕی نه‌کردووه که جارێکی تر تاقه کووڕه‌که‌ی
ببینێته‌وه، به‌ڵام سبه‌ی به ته‌ما نه‌بوو بڕوات بۆ کرێکاری. به‌یانی
هات و هه‌موو به په‌له شتێکمان خوارد و به ڕێ که‌وتین. نه‌مان ده‌توانی
پووڵی تاکسی بده‌ین، بۆیه هاوسێیه‌کمان، کاک مه‌حمود که زانی به‌ره‌و
لای زیندانی ئیتڵاعات ئه‌چین، وتی من ئه‌تانبه‌م و ئه‌شتان هێنمه‌وه و
ئه‌گه‌ر توانیم منیش دێمه ژوور و ئه‌گه‌ر نه‌یان هێشت ئه‌وا ماتڵتان
ئه‌بم تا دێنه ده‌ر. زۆر پیاوێکی باش و به خوڵق بوو. خوشکه چکۆله‌که‌م
به سرته به گوێم‌دا وتی ئه‌وه خه‌زووره‌ته، به پێکه‌نینه‌وه!! ئه‌و
دراوسێیه‌مان کووڕێکی بوو هه‌ندێک جار له کاتی چوون بۆ خوێندنگا چاوم
پێی ئه‌که‌وت و ئه‌ویش ته‌ماشای ئه‌کردم، به‌ڵام خۆ من باش نه‌م ده‌ناسی،
چوونکه قه‌ت پێکه‌وه قسه‌مان نه‌کردبوو و ئه‌ویش هیچی به من نه‌وتبوو،
به‌ڵام ئه‌مڕۆ خوشکه چکۆله‌که‌م زۆر سه‌رودڵخۆش بوو و بینینی دووباره‌ی
براکه‌مان پاش شه‌ش مانگ، هه‌موومانی سه‌رودڵخۆش کردبوو و وه‌ک ڕۆژی
شایی و زه‌ماوه‌ند وابوو ئه‌و به‌یانیه، هێشتا نه‌ماندیبوو شاگه‌شکه
بوبوین، ئاخۆ چاومان پێی بکه‌وتبایه چی ده‌قه‌وما، ئاخر برا گه‌وره‌مان
بوو و پێمان ده‌وت کاکه و هه‌موومان خۆشمان ده‌ویست و هه‌رگیز جارێکیش
لێی نه‌ڕه‌نجابووین هیچمان!
زیاتر له یه‌ک سه‌عات له به‌ر ده‌رگا ڕایان گرتین و هه‌ندێک به‌چکه
عه‌جه‌م هه‌ر ده‌هاتن و ده‌چوون و جار و بار وه‌عدێکیان پێ ده‌داین و
ده‌ڕۆشتن. یه‌کیان زۆر سه‌خیف و نامه‌رد بوو، دوو جار ئه‌هاته به‌ر ده‌رگا
و به فارسی ئه‌یووت، چیه هاتوون کووڕه دژه شۆڕشه‌که‌تان ببینن؟
کووڕه‌که‌ی ئێوه خیانه‌تی کردووه به ئێران! هه‌ر نه‌مده‌زانی که
بۆچی وا ده‌ڵێت؟ له دڵی خۆما وتم ئه‌گه‌ر ئێستا پێی ده‌ڵێم ئه‌ی ئێوه
له کوردستان چی ده‌که‌ن، داگیرکه‌ر؟ ئه‌ی شۆڕشی شیعه‌ی ئیسلامی ئێوه
چ په‌یوه‌ندییه‌کی به کورده‌وه هه‌یه؟ ئه‌ی ئه‌و هه‌مووه قه‌تڵ و
جه‌نایه‌ته که به درێژایی ده‌یان ساڵه له کوردستان به ناوی ئێران
و شیعیزمه‌وه وه‌ڕێتان خستووه و به‌م هه‌موو تاوانانه چ وڵامێک ده‌ده‌نه‌وه؟
به‌ڵام خۆم گرت و هیچم نه‌وت، جا کوا به گوێی که‌ردا یاسین ده‌خوێندرێت!
بێجگه له‌وانه‌ش ئاخر قسه‌ی وام بکردایه ئیتر ئه‌وه هیچ قه‌ت براکه‌مان
نه‌ده‌دیی، خوشمیان ئه‌کرده ژووره‌وه و ڕۆژه‌که‌م له دایکم و باوکم
و خووشکم و ته‌نانه‌ت براکه‌یشم که له ژووره‌وه ماتڵی ئێمه‌یه، تاڵ
ده‌کرد! بێده‌نگ بووم و هه‌ر خۆم ئه‌خوارده‌وه! یه‌ک سه‌عاتی تر بوو
ڕایان گرتبووین و باوکم به تکا و ڕه‌جا کاک مه‌حموودی دراوسێمانی
نارده‌وه، وتی با ئه‌و له کار نه‌بێت و ئێمه بۆخۆمان به پێیانیش
بووبێت ئه‌توانین بگه‌ڕێینه‌وه! کاک مه‌حموود که ڕۆی ئیتر ئێمه‌ش
زۆر وه‌ڕه‌ز بوبوین و ئه‌وانیش هه‌ر ده‌ستی ده‌ستییان پێ ئه‌کردین و نه‌مان
ده‌زانی بۆ هیچکامیان نامان که‌نه ژووره‌وه، مه‌گه‌ر بۆخۆیان نه‌یان
وتووه وه‌رن، کوڕه‌که‌تان ببینن؟ ئه‌ی بۆ وا ده‌که‌ن؟ دایکمان ورده
ورده نا هوومێد ده‌بوو و ده‌گریا له به‌ر خۆیه‌وه و فرمێسکی ئه‌ڕژاند
و ورده ورده له سنگی خۆی ئه‌کووتا و خۆی ئه‌لاوانده‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی
که باوه‌ڕی نه‌بێت به‌وه‌ی که کووڕه‌که‌ی زیندوو بێت و باوکیشم هه‌ر
ئه‌و حاڵه‌ته‌ی بوو، به‌ڵام له بێده‌نگییه‌کی زۆر سه‌رسووڕهێنه‌ردا
بوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌موو هێزه‌کانی خۆی کۆ ده‌کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی
که هه‌واڵێکی زۆر دڵته‌زێن ببیستێت! وه‌کوو ئه‌وه‌ی که ده‌یه‌ویست
هێنده خۆڕاگر و به هێز بێت که ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و کۆلکه عه‌جه‌مانه
هه‌واڵێکی ناخۆشیان داینێ، له به‌ر چاوی ئه‌واندا ئه‌ژنۆی نه‌له‌رزێت.
ڕاستیه‌که‌ی منیش خۆم هه‌ر وا بووم و ده‌مه‌ویست له کاتی بیستنی هه‌واڵی
ناخۆشیشدا خۆم لای ئه‌وان نه‌شکێنم و به هێز بم، به‌ڵام که ئه‌مجۆره
خه‌یاڵانه ده‌هاتنه مێشکم، قسه‌یه‌کم به خۆم ده‌وت و له دڵی خۆمدا
ئه‌مووت، ئه‌وه ئه‌ڵێم چی من، شێت بووم؟ به‌ڵام خوشکه چکۆله‌که‌م زۆر
بێ سه‌بر بوو و هه‌ندێکیش ئه‌ترسا! نیزیک نیوه‌ڕۆ ببوینه‌وه و له پڕ
یه‌کیان که به‌له باریکه‌یه‌کی بووغزاوی زۆر پۆڕخز دیار بوو و
چاویلکه‌یه‌کی ڕه‌شی له چاودا بوو و هه‌ر له جه‌لاد و شتی وا ده‌چوو
و دیار بوو مرۆڤ کووژ بوو، هات و به بێ ئیحتیڕامیه‌کی ناخۆشه‌وه وتی،
ها چیه ئه‌ڵه‌ی هاتوون بۆ زه‌ماوه‌ندی کووڕه‌که‌تان، وا خۆتان گۆڕیوه،
چیه ژنتان بۆ هێناوه؟ که‌سمان وڵاممان نه‌داوه و هه‌ر به تاسه‌وه
چاومان له ده‌رگاکه بڕیبوو که بیکاته‌وه و بڕۆینه ژووره‌وه، به‌ڵام
ئه‌و نامه‌رده له کوونی ده‌رگاکه‌وه بووخچه‌یه‌کی فڕێدایه به‌رده‌می
دایکم و وتی ئه‌وه‌ش جل و به‌رگی کووڕه‌که‌تان، ئێعداممان کردووه، سبه‌ی
وه‌رن ته‌رمه‌که‌ی به‌رنه‌وه، به‌ڵام چوار ملیۆن تمه‌نیش بێنن له گه‌ڵ
خۆتان، حه‌قی فیشه‌که‌کان، ئه‌گه‌ر نه‌یهێنن، ته‌رمتان ناده‌ینه‌وه و
بۆخۆمان له شوێنێک چاڵی ده‌که‌ین!!
هه‌موو قه‌سر و تالاری ئومێد و ئاوات و ئاره‌زووه‌کانمان له‌و ساته‌دا
به یه‌کجار ڕووخانه خواره‌وه و ته‌نیا به دوو وشه، "ئێعداممان
کردووه"! به‌ڵێ شایی و دڵخۆشی هه‌موومان بوو به جه‌هه‌ننه‌م، ئاواته‌کانمان
بوونه دۆزه‌خ. باوه‌ڕ هێنده له زیندان و له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌شدا
خۆڕاگر و به ئیمان و بڕوا بوو، که ئه‌م تاوانبارانه توانای بیستنی
قسه‌کانی ئه‌ویان نه‌ببو، هه‌ر بۆیه کوشتبوویان، له به‌ر ئه‌وه‌ی که
باوه‌ڕه‌کان له چاڵ بنێن! به‌ڵام ئایا ئه‌توانن باوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یه‌ک
بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی له چاڵ بنێن؟ بووخچه‌مان کرده‌وه و جل و به‌رگی
کاکه شیرینه‌که‌مان که هێشتا بۆن و به‌رامه‌ی خۆی پێوه بوو، بۆنمان
ده‌کرد و ده‌گریاین. به‌ر ده‌رگای زیندانی ئیتڵاعات بوو به مه‌یدانی
حه‌شر و خه‌ڵکانێکی زۆرمان لێ کۆ بوونه‌وه و هه‌وڵیان ده‌دا هێوه‌رمان
که‌نه‌وه. من که خۆم ئاماده کردبوو وه‌ک کێو قایم بم و له ئاست
بیستنی هه‌واڵێکی وه‌ها ناخۆشیشدا ئه‌ژنۆم نه‌له‌رزێت، خۆم بۆ ڕانه‌ده‌گیرا،
ته‌نانه‌ت باوکی پیر و سه‌ر و ڕیش سپیمان ژێر کراسێکی به ده‌موو چاویه‌وه
گرتبوو و بۆنی هه‌ڵئه‌مژی و فرمێسکی ئه‌ڕژاند و ئه‌گریا، ئیتر له
دایکمان هه‌ر مه‌پرسه، به که‌س ڕاگیر نه‌ده‌کرا! خه‌ڵک به هاوارمانه‌وه
ده‌هاتن و ئه‌م لاو و لایان گرتبووین و ئادڕه‌سی ماڵ و که‌س و کریان لێ
ده‌پرسین، ته‌نیا باوکم توانیبووی و‌ڵامیان بداته‌وه و ئه‌ویش پاش نیو
سه‌عات که له بیستنی هه‌واڵه‌که تێپه‌ڕیبوو، ئیتر به باوه‌ش
خستیانینه ناو تاکسییه‌ک و گه‌یاندیانینه‌وه بۆ ماڵه‌وه و ده‌ر و
دراوسێ به هانامانه‌وه هاتن.
فرمێسک به هێوه‌ری ئه‌گریا بۆ ئه‌و کاره‌ساته، گوڵاڵه درێژه‌ی به
قسه‌کانی دا و وتی سه‌رت نه‌ئێشێنم فرمێسک گیان، پاره‌ی فیشه‌کمان نه‌بوو،
خه‌ڵک بۆیان کۆ کردینه‌وه و ته‌رمکه‌یمان وه‌رگرته‌وه و ناشتمان. ته‌رمی
چی، ئێسقانی ساخی تیا نه‌مابوو هیچ، هه‌موویان پچڕ پچڕ کردبوو! ئه‌وه
چ زنجیرێکه له ملی ئه‌و بێ ویجدانانه‌دا که وایان لێ ده‌کات، مرۆڤێک
به‌و ده‌رده ببه‌ن؟ پاش یه‌ک مانگ که هه‌ندێک سه‌ره‌خۆشی و ئه‌مانه
ته‌واو بوون و هه‌ندێک هێوه‌ر بوبوینه‌وه و به تایبه‌ت دایکمان، ئیتر
من بڕیارم دا درێژه پێده‌ری ڕێگاکه‌ی کا‌که‌م بم و نه‌هێڵم ئاواته‌کانی
براکه‌م و گه‌له‌که‌م بێ ڕێبوار بێت و هیچ چاره‌یه‌کی دیکه‌م نه‌بوو
بێجگه له‌وه‌ی که ده‌ست بده‌مه چه‌ک و ڕێگای شۆڕش بگرمه به‌ر. ئه‌وه
بوو پاش لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی باش و هه‌ندێکیش زانیاریم له براکه‌م هه‌بوو
له چالاکیه نهێنیه‌کانی، که جار و بار لای من زۆر به نهێنی بۆی باس
کردبووم، ماڵئاواییم له دایک و باوکم و له‌یلا خوشکه چکۆله‌که‌م کرد
و وه‌عد و به‌ڵێنم له خوشکه‌که‌م وه‌رگرت که هه‌ر چۆنێک بێت دیپلۆمه‌که‌ی
وه‌ربگرێت و ئه‌منیش هه‌ر وه‌ک بڕیارم دابوو، ڕێگای پێشمه‌رگایه‌تیم
گرته به‌ر و بووم به پێشمه‌رگه.
فرمێسک تا ئێستا زۆر به نه‌رم و نیانی گوێی بۆ گوڵاڵه ڕاگرتبوو و
چاوه‌کانی ته‌ڕ ببون. هه‌واڵی براکه‌ی لێ پرسی که ئایا تا ئێستا لێره
دۆزیویه‌تیه‌وه؟ گوڵاڵه به پێکه‌نینێکی جوانه‌وه له سه‌ر لێوی، ده‌ستی
خسته سه‌ر شانی فرمێسک و وتی، به‌ڵی پاش ماوه‌یه‌ک دۆزیمه‌وه و ئێستا
ڕۆژی چه‌ند جارێک یه‌کتر ئه‌بینین و که که‌س و کارمان یادمان ده‌که‌نه‌وه
پێکه‌وه ده‌چین بۆ لایان! فرمێسک بریسقه‌یه‌ک له چاوی هات، که بیستی
ئه‌مان ده‌چن بۆ لای که‌س و کاریان و له گوڵاڵه‌ی پرسی، بۆ ئه‌توانین
که‌س و کاره زیندووه‌کانمان ببینین؟ گوڵاڵه وڵامی داوه، به‌ڵێ
فرمێسک گیان، ئه‌ی چۆن ناتوانین، تۆش ئه‌توانیت، به‌ڵام شه‌رتێک هه‌یه،
که نه‌ک تۆ و نه‌ک ئێمه بخوازین ئه‌وان ببینین، به‌ڵکو هه‌ر کات ئه‌وان
بخوازن یادی ئێمه بکه‌ن، ده‌توانین بیانبینین، به‌ڵام دواتر هه‌موو ئه‌مانه‌ت
بۆ شی ئه‌که‌مه‌وه و ئه‌ی ئێستا حه‌ز ناکه‌یت بزانیت من چۆن مردووم؟
فرمێسک به ئاه و هه‌ناسه‌یه‌ک که کێشای و وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ندێک حه‌سابێته‌وه
به‌و وڵامه‌ی که ده‌توانێت که‌س و کاری ببینێت، وتی، به‌ڵێ ئه‌ی چۆن
حه‌ز ناکه‌م، زۆرم پێخۆشه بیبیستم. ئاخر که باسی پێشمه‌رگه‌شت کرد،
منیش ئاهێکم هاته‌وه به‌ر، چونکو برایه‌کی منیش پێشمه‌رگه‌یه!
گوڵاڵه خێرا چاوی گه‌شاوه و ناوی براکه‌ی لێ پرسی که پێشمه‌رگه‌یه،
وتی ڕه‌نگه بیناسم. فرمێسک وتی ناوی شۆڕشه، ناسراو به ڕێبه‌ندان!
گوڵاڵه خێرا ڕێبه‌ندانی ناسیه‌وه و وتی چه‌ند جارێک له مه‌ڵبه‌ندی
سۆران بینیومه و هاوڕێیه‌کی زۆرئازا و له عه‌ینی حاڵ‌دا ده‌م به پێکه‌نین
و قسه خۆش بوو، به‌ڵام ماوه‌یه‌که نه‌خۆشه و لاوازی پێوه دیاره،
مه‌جالی ئه‌وه‌م بوو له نزیکه‌وه بیناسم، له‌م ئاخرانه‌دا به داخه‌وه
زۆر ڕا ڕا بوبو و هه‌ر جاره قسه‌یه‌کی ده‌کرد!!
گوڵاڵه که چیرۆکی چۆنیه‌تی مردنی خۆی و به‌سه‌رهاته‌کانی براکه‌ی و
خۆیانی به سه‌دان جار گێڕابووه‌وه بۆ ڕۆحه‌کانی تر، به‌ڵام له
گێڕانه‌وه‌یان هیلاک نه‌ده‌بوو و ده‌ستی کرد به درێژه‌دان به چیرۆکه‌که‌ی
خۆی. فرمێسک گیان که بوومه پێشمه‌رگه، زۆر ئازاری مه‌عریفی که ئه‌وکات
له ناو کۆمه‌ڵگادا قورساییان ده‌کرد له مندا، لێم دوور که‌وتنه‌وه و
چه‌شنێک سووک بوونم هه‌ست پێ ده‌کرد له‌و باره قورس و زنجیره ده‌ستکردانه‌ی
که مرۆڤه‌کان خوڵقاندوویانه و له ملی من و ملیۆنانی وه‌ک من و
خۆشیان ئاڵاندووه. هه‌ستم ده‌کرد که زنجیره‌کانم پچڕاندووه و ئێستا
ئازادم نه‌ک ئه‌و کات، هه‌ستم ده‌کرد که ئیتر بێ ده‌سه‌ڵات نیم، هه‌ستم
ده‌کرد که به ته‌نیا نیم، هه‌ستم ده‌کرد که ئه‌گه‌ر چی ژنم، به‌ڵام
منیش به قه‌ده‌ر پیاوان مافم هه‌یه، هه‌ستم هه‌یه، توانام هه‌یه.
منیش ده‌توانم به‌رگری له خۆم بکه‌م، منیش ده‌توانم له ناو کۆمه‌ڵگاکه‌مدا
جێ دانه‌ر بم و کارێک بکه‌م بۆ ئازادی خۆم و گه‌له‌که‌م، منیش مرۆڤی ته‌واوم
و یه‌کسانم له‌گه‌ڵ پیاوان! به داخه‌وه ئه‌و قۆناخه زۆر نه‌بوو، ته‌نیا
چه‌ند ساڵێک بوو و خوشکه چکۆله‌که‌شم له‌یلا پاش ئه‌وه‌ی که دیپلۆمی
وه‌رگرتبوو، تازه هاتبوو بۆ لامان بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، به‌ڵام من ئه‌وم
هه‌ر دووجار دیت و پاش ئه‌و ئاخرین جاره‌ی که دیم، ئیتر ئێمه له گه‌ڵ
داگیرکه‌ران تووشی شه‌ڕێک هاتین و به هێزێکی زۆره‌وه ده‌وریان داین و
خستبوویانینه گه‌مارۆوه و پاش ئه‌وه‌ی که گه‌مارۆکه‌مان شکاند و خه‌ساره‌تێکی
باشمان لێیان دا، پاشه‌کشه‌مان کرد. به‌ڵام ئه‌وان دواتر له کاتی پاشه
کشه‌ی ئێمه‌دا به چه‌کی قوورس له دووره‌وه شوێنه‌کانیان ئه‌پێکاین و
ئه‌وجار یارمه‌تی ئاسمانیشیان پێ گه‌یی و هه‌ر ده‌یانکووتاین و هاوڕێیه‌کمانیان
شه‌هید کرد و من ویستم ته‌رمه‌که‌ی هه‌ندێک ڕاکێشمه دوواوه، بۆ ئه‌وه‌ی
بیگه‌یه‌نمه پشت به‌ردێک که هاوڕێیه‌کی دیکه‌مان له‌وێ سه‌نگه‌ری
گرتبوو و ته‌قه‌ی ده‌کرد، بۆ ئه‌وه‌ی پشتی منی گرتبێت تا خۆم ئه‌گه‌یه‌نمه
لای ئه‌و و ئه‌وجار پێکه‌وه ته‌رمه‌که هه‌ڵبگرین و له‌ولاوه بیده‌ینه
سه‌ر وڵاخه‌که‌مان که بۆمان هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام له‌و کاته‌دا گولله
خومپاره‌یه‌ک له چه‌ند مه‌تری من درا له زه‌وی و ئیتر منیش هیچم هه‌ست
پێ نه‌کرد و له‌وێ ده‌ست به جێ مردبووم و منیش ئه‌وکات وه‌ک ئێستای تۆ
له سه‌ره‌تاوه هیچم له بیر نه‌بوو، تا ماوه‌یه‌کی کورت دواتر که چه‌ند
چیرۆکم له‌م و له‌و ڕۆح بیست له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تی مردنیان، ئیتر منیش باوه‌ڕم
به مه‌رگی خۆم کرد. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ش، دواتر که هاوڕێکانم و
که‌س و کارم یادیان بۆ کردمه‌وه و چووم بۆ لایان، چۆنیه‌تی کوژرانی
خۆمم له‌وان بیسته‌وه و پاشان خۆشم ورده‌کاریه‌کانم بیر که‌وته‌وه که
چۆن و به چی مردووم!
من ئه‌مڕۆکه لێره وه‌ک ڕۆحێک زۆر به‌خته‌وه‌رم به‌وه‌ی که کۆتاییه‌کانی
ته‌مه‌نم له ڕێگای ئازادی خۆم و به‌شمه‌ینه‌تیه‌کانی گه‌له‌که‌م و
وڵاته‌که‌مدا تێپه‌ڕاند و هه‌ر هیچ نه‌بێت به نۆبه‌ی خۆم خزمه‌تێکم بۆ
ئازادی و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤه‌کانی پاش خۆم کرد و خۆزگه هه‌ر زۆر زووتر
ده‌بوومه پێشمه‌رگه و له خزمه‌تی به‌خته‌وه‌ری مرۆڤه زیندووه‌کاندا
بوومایه. زۆر به‌خته‌وه‌رم به‌وه‌ی که ڕێگای باوه‌ڕم گرته به‌ر و نه‌مهێشت
ئاڵاکه‌ی بکه‌وێته سه‌ر زه‌وی و ئێستاش شادمانم به‌وه‌ی که چه‌که‌که‌م
ها به ده‌ست له‌یلاوه!
فرمێسک حه‌زی له ئازایه‌تی و هه‌ستی ئازادیخوازی و خزمه‌تگوزاری
گوڵاڵه بوو، به‌ڵام ئه‌و نه‌یتوانیبوو وه‌ک گوڵاڵه وه‌ها شانازییه‌ک
بۆخۆی تۆمار بکات، به‌ڵام له بری ئه‌و، منداڵێکی له سکیدا ڕاگرتبوو،
هێشتا پێی وابوو که ئه‌گه‌ر چی خۆی مردووه، به‌ڵام ئه‌بێت منداڵه‌که‌ی
زیندوو بێت و د‌یه‌ویست له‌مه دڵنیا بێته‌وه!! به‌ڵام هه‌ستی ده‌کرد
که گوڵاڵه ئه‌توانێت هاوڕێیه‌کی باش بێت و ئه‌توانێت متمانه‌ی پێ
بکات و ده‌رده دڵه‌کانی بۆ بگێڕێته‌وه. به‌ڵام له دڵی خۆیدا ده‌یووت،
وادیاره دره‌نگ یا زو ناچار ده‌بی لێره متمانه به هه‌موان بکه‌یت و
ئه‌بێت به‌سه‌رهاته‌کانت بگێڕیته‌وه، بۆ ناسیاو و نه ناسیاو جیاوازی
نیه، مه‌گه‌ر هه‌موو لێره ڕۆح نین؟ له به‌ر خۆیه‌وه ده‌یوت، خۆ
لێره ئیتر ڕۆحه‌کان، مرۆڤ نه‌ماون تا ئازاری یه‌کتر بده‌ن. لێره هه‌موو
وه‌ک یه‌که‌ن و هیچکه‌س که‌س بۆ ئایینه‌که‌ی ناکووژێت، هیچکه‌س که‌س بۆ
شه‌ره‌ف و نامووس ناکووژێت، هیچکه‌س که‌س بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و پووڵ و سه‌روه‌ت
و کورسی و مه‌قام ناکووژێت، هیچکه‌س که‌س بۆ نان و ئاو ناکووژێت، هیچکه‌س
وڵاتی نیه تا داگیر بکرێت و هیچکه‌س برسیی نیه تا زۆردار په‌یدا ببێت
بۆ چه‌وسانه‌وه‌ی. هه‌موو مردووین و هه‌موو یه‌کسانین، ده‌ی که واته
ئه‌توانین به‌سه‌رهاته‌کانمان بۆ هه‌موان بگێڕینه‌وه. که زیندوو
بووین له ترسی مردن، له ترسی شه‌ره‌ف و نامووس، له ترسی ئابڕو، له
ترسی ئایین، له ترسی سوونه‌ت، له ترسی برسیتی، له ترسی سه‌رنه‌که‌وتن،
له ترسی غوروری بێ جێ، له ترسی ده‌سه‌ڵات، له ترسی زیندان و ئه‌شکه‌نجه
و هه‌تا دووایی قسه‌مان بۆ هه‌موو که‌س نه‌ده‌کرد، ئه‌ی ئێستا خۆ ئه‌و
زنجیرانه نه‌ماون، ئه‌ی بۆ متمانه به هه‌مووان نه‌که‌م؟ که‌واته
ڕاسته ئه‌بێت متمانه به هه‌مووان بکه‌ین لێره. له پڕ که‌وته‌وه
قسه و ڕووی کرده گوڵاڵه و پرسی، ئه‌ی ئێمه چۆن ئه‌توانین ئه‌و که‌س
و کارانه‌مان که هێشتا زیندوون ببینین؟ ئه‌توانم دایک و باوک و خوشک و
براکانم و که‌س و کار و مێرده‌که‌م ببینم؟ هێشتا نازانم منداڵه‌که‌م چی
به سه‌ر هاتوه! وڵامی وه‌رگرته‌وه که به‌ڵی هه‌ر وه‌ک پێتم وت، ئه‌توانیت
هه‌موو زیندووه‌کانت ببینیت، ته‌نیا به‌و شه‌رته‌ی که ئه‌وان ئاواتی
تۆ بخوازن!! به دڵه‌وه داوات بکه‌ن و یادت بۆ بگرن و ئه‌و یاده‌ش
ڕاسته‌قینه بێت و له خۆشه‌ویستی تۆ و بیره‌وه‌ریه‌کانتدا یادت بکه‌نه‌وه
و نه‌ک ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی یادێکیان به جێ گه‌یاندبێت و خۆیان له تانه
و ته‌شه‌ری خه‌ڵک دوور ڕابگرن و نه‌ک له به‌ر ئه‌وه‌ی که خۆیانی پێوه
هه‌ڵکێشن یا نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به درۆ یادێکت بۆ به‌ڕێ خه‌ن،
به‌ڵکو یادت بۆ بکه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له یادیاندا بیت، ئا له‌م حاڵه‌ته‌دا
ئه‌توانیت بیانبینیت و ته‌نیا ئه‌وانه‌ش ئه‌بینیت که له ناو یادیاندا
دیاریت و به مێشک و هزر و هه‌ستیان جێگات خاڵی ئه‌بینن، ڕێک ئا له‌و
کاته‌دا، ئه‌تۆ جێگاکه‌ت که لای ئه‌وان خاڵیه، پڕی ئه‌که‌یته‌وه!!
تۆ ئه‌چیت و ئه‌وان ئه‌بینیت، به‌ڵام ئه‌وان قه‌ت تۆ نابینن، ته‌نیا هه‌ستت
پێ ده‌که‌ن و ئه‌و هه‌سته‌ش که له‌و کاته‌دا که تۆ له‌وێیت وه‌ری ده‌گرن،
هه‌ستێکی زۆر سه‌میمیه و هه‌ر وه‌ک ئه‌وه وایه که له‌وێ بیت به
ڕاستی و له باوه‌شت بگرن. تۆ ئه‌وان ئه‌بینیت و ئه‌وان تۆ نابینن و ته‌نیا
هه‌ستت ده‌که‌ن. تۆ ئه‌وان ئه‌بینیت و قسه‌شیان له‌گه‌ڵ ده‌که‌یت، به‌ڵام
خۆ ئه‌وان هه‌ست به قسه‌کانی تۆ ناکه‌ن، له‌گه‌ڵیان سه‌ما ده‌که‌یت،
گۆرانیان له‌گه‌ڵ ئه‌خوێنیت، سه‌فه‌ریان له‌گه‌ڵ ئه‌که‌یت، به‌ڵام
هیچکامیان گوێیان له ده‌نگی تۆ نیه و پاشانیش که هه‌موویان له ده‌وری
یه‌ک کۆ ده‌بنه‌وه و تۆ له‌وێ له ناویاندایت و زۆر حه‌ز ئه‌که‌یت که
قسه‌یه‌ک له گه‌ڵ یه‌کیان بکه‌یت، یا خۆ یه‌کیان له مه‌ترسییه‌ک
ئاگادار بکه‌یته‌وه یا خۆ هه‌موویان له بوونی خۆت له ناویاندا
ئاگادار بکه‌یته‌وه، هه‌موو ئه‌مانه بێ سوودن و تۆ نا‌توانیت هیچ ئه‌سه‌رێک
له خۆت له بوونی خۆتدا دابنێیت، به‌ڵام ته‌نیا ئه‌وانه‌ی زۆر یادت ئه‌که‌ن
و تاسه‌ت ده‌که‌ن، هه‌ستێکی بوونی تۆ له لایان، ئارامیان ده‌کاته‌وه
و ته‌سکینیان ئه‌دات، هه‌ندێک جار ئه‌وان تۆ له خه‌ونه‌کانیاندا ئه‌بینن
و به‌مه‌ش زۆر دڵخۆش ده‌بن.
له یادیشت نه‌چێت، که هه‌موو ئه‌و خواردنانه‌ی که ئه‌وان ده‌یخۆن و
تۆ حه‌زیان لێ ده‌که‌یت، نا‌توانیت بیانخۆیت و جیاوازی ڕۆح و زیندوو له‌وه‌دایه
که زیندووه‌کان له ڕێگای له‌شیانه‌وه ئه‌توانن تامی خواردن بکه‌ن و
چێژ له خواردن وه‌ربگرن و هه‌ست به گه‌رمی له‌شی یه‌کتر بکه‌ن و خۆشه‌ویستی
یه‌کتر به له‌ش هه‌ست پێ بکه‌ن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و هه‌ستانه لای
ئێمه‌ی ڕۆح، بوونی نیه، بۆ ئه‌وه‌ی که ئێمه له‌شه‌کانمان له کیس
داوه و له‌شمان نه‌ماوه و به بێ له‌ش، ناتوانین هه‌ست به هیچ شتێک
بکه‌ین، ته‌نیا ئه‌توانین ببینین و ئه‌ویش به‌س ئه‌و کاتانه‌ی که ئه‌وان
به دڵه‌وه یادمان ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ڕۆژێک بێت و هیچکه‌س یادمان نه‌کاته‌وه،
ئه‌وا ئێمه‌ی ڕۆحیش بۆ هه‌میشه هه‌ر وه‌ک ئێستا له ناو یه‌کتردا ئه‌مێنینه‌وه
و هه‌ر خۆمان و هه‌ر ڕۆحی زیاتر ئه‌بینین، که هیچ هه‌ستێکی یه‌کتر
ناکه‌ین و ته‌نانه‌ت سه‌رما و گه‌رمای یه‌کتریش هه‌ست پێ ناکه‌ین و به‌س
ده‌توانین یه‌کتر ببینین و قسه له گه‌ڵ یه‌کتر بکه‌ین و چیرۆک و
ژیانی خۆمان بۆ یه‌کتر بگێڕینه‌وه و ئه‌مه‌ش هه‌ر کۆتایی پێ نایات!
له ناو ئه‌م قسه و باسانه‌دا بوون که هێزێک فرمێسکی بۆ لایه‌کی
نادیار بانگهێشت ده‌کرد، هه‌ر وه‌ک بانگه‌وازێک وا بوو. له پڕ فرمێسک
خۆی له ناو بنه‌ماڵه‌که‌یدا بینییوه که هه‌موو به په‌رۆشه‌وه ئه‌گرین،
هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ماڵه‌وه بوون و بێجگه له که‌س و کاری نیزیک که
له‌وێ بوون، کۆمه‌ڵێکیش خزم و که‌س و کاری دورتر له‌وێ بوون و هه‌ندێکیش
له ده‌ر و دراوسێکانیان و چه‌ند که‌سێکیشی هه‌ر نه‌ده‌ناسی! به‌ڵام
زۆر زوو تێ گه‌یشت که هه‌موو به ده‌م مردنی ئه‌وه‌وه کۆبوونه‌ته‌وه
و ئه‌و گریان و خۆ ڕنیناوه و زه‌جر و ناڵه بۆ ئه‌و و له خۆشه‌ویستی
بێ کۆتایی ئه‌وه که وا دایکی و باوکی و خوشک و براکانی خستۆته خه‌م
و په‌ژاره‌یه‌کی زۆره‌وه! له هه‌موو زیاتر دایکیه‌تی که به زه‌حمه‌ت
ڕاگیر ئه‌کرێت و خۆ نه‌ویستانه له خۆی ئه‌دات و ئه‌گری و شیعر و
گۆرانی به سه‌ردا ئه‌لاوێنێته‌وه و خوشکه‌کانی له‌گه‌ڵ دایکی هاوئاهه‌نگ
فرمێسکی جوانه‌مه‌رگی خوشکیان ئه‌لاوێننه‌وه و براکانی، بێجگه له
شۆڕش (ڕێبه‌ندان) که له ناویاندا نیه و پێشمه‌رگه‌یه، ئه‌وانیتر که
له سه‌ره‌خۆشیه‌که‌ن هه‌ندێک به هێواشی ئه‌گرین و فرمێسک ئه‌ڕێژن و
باوکی له ژوورێکی دیکه‌دا که کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی دیکه‌شی لێیه، ئه‌گه‌ر
چی له‌وه ناچێت که بگری، یا گریاوه و که‌س نه‌یدیوه، به‌ڵام له
ناو دڵ و ده‌روونیدا ئه‌کووڵێت و ئه‌جۆشێت و که ده‌یهه‌وێت قسه بکات،
وشه‌کانی ناو وته‌کانی پچڕ پچر ئه‌بن. فرمێسک ئه‌بینێت که چه‌نده
خۆشه‌ویست بووه له ناو بنه‌ماڵه‌که‌یدا و هه‌ر بۆیه ئه‌یهه‌وێت
دڵخۆشییان بداته‌وه که ئه‌و ئێستا ئیتر جێگای باشه و تێپه‌ڕیوه و
پێویست ناکات خۆیانی بۆ بکوژن و پێی حه‌یفه له‌شیان که که‌ره‌سته‌ی
هه‌ست و تام و چێژه، بڕننه‌وه یا خۆ ئازار به له‌شی خۆیان بگه‌یه‌نن!
به‌ڵام خۆ هیچکه‌س فرمێسک نابینێت و هیچکه‌س قسه‌کانی نابیستێت و تا
ئێستاش که‌س هه‌ستی به بوونی فرمێسک له ناویاند نه‌کردووه. ئێستا
ئیتر فرمێسک زۆر به باشی نرخی له‌شی ناسیوه و ئه‌زانێت که بوونی له‌ش
چه‌نده نیعمه‌تێکی گه‌وره‌یه و مرۆڤ که مرد، له‌شی له ده‌ست ئه‌دات.
به‌ڵام فرمێسک هیچی بۆ ناکرێت و نه ئه‌توانێت خۆی نیشان که‌س بدات و
نه ده‌نگی به که‌س ده‌گات و نه دایک و خووشکه‌کانی بۆ ڕاگیر ده‌کرێت،
چوونکه ئه‌و له‌شی نیه تا ده‌ستیان بگرێت یا قسه‌ی پێ بکات. چوونکه
سه‌ره‌تای مردنیشیه‌تی، ئه‌زموونێکی وه‌های نیه که چلۆن ئه‌و که‌س و
کارانه‌ی تێ بگه‌یه‌نێت که ئارام بگرنه‌وه و خه‌می فرمێسکیان نه‌بێت.
چۆن تێ‌یان بگه‌یه‌نێت که ئه‌و خۆی وه‌ک ڕۆح له ناویاندایه و به
خێرایی هاتووه، چوونکوو یادیان کردووه و یادی ده‌که‌ن و وێنه‌کانی ده‌هێننه
پێش چاوی خۆیان و چیرۆکی لێ ده‌گێڕنه‌وه و باسی جوانیه‌کانی ده‌که‌ن!
که ئه‌بینێت دایکی زۆر به په‌رۆش و به زه‌جره‌وه ئه‌گری و ئه‌میش
ناتوانێت تێی بگه‌یه‌نێت، ئیتر خۆی بۆ ڕاناگیرێت و خۆی ئه‌خاته باوه‌شی
دایکی، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی که موعجیزه‌یه‌ک ڕووی دابێت، دایکی
سووکناییه‌ک ده‌گرێت و ئارامشێک سه‌رتاپای ئه‌گرێت و خۆ به خۆ دایکی
له له‌خۆدان و خۆ ئازاردان و پرمه‌ی گریان ئه‌بێته‌وه و هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی
ئاوی ساردیان پێدا کردبێت، ئیتر ناتوانێت بگری و به دوا دایکیدا خوشکه‌کانیشی
هێوه‌ر ئه‌بنه‌وه و ورده ورده ژووره‌که حاڵه‌تێکی ماته‌مینی بێده‌نگ
به خۆوه ئه‌گرێت و ئیتر هه‌موو خه‌مبارن و ناگرین! ئا له‌م کاته‌دا
دایکی به سانایی له به‌ر خۆیه‌وه قسه بۆ فرمێسک ده‌کات، وه‌ک ئه‌وه‌ی
کچه جوانه‌مه‌رگه‌که‌ی له به‌رده‌ستیدا بێت و قژه‌کانی بۆ بهۆنێته‌وه،
بیره‌وه‌رییه‌کی لێ ئه‌گێڕێته‌وه و ئه‌وجار ده‌گاته چۆنیه‌تی مردنه‌که‌ی
و ئه‌ڵێت، ئه‌و ڕۆژه هه‌ینی بوو و ڕۆژێکی زۆر خۆش بوو و ده‌مان ویست
سه‌یرانێک بکه‌ین. ڕۆژی پێشتر ته‌له‌فوونم بۆ فرمێسک کردبوو و ئه‌ویش
زۆری پێ خۆش بوو و سه‌ه‌ڕای ئه‌وه‌ی که هه‌ست به قورس بوونی سکی ده‌کات،
به‌ڵام هاتوو چۆ و سه‌یران و هه‌وای تازه بۆ ئه‌و زۆر باش بوو، هه‌ر
بۆیه وتی منیش حه‌تمه‌ن دێم و بڕیار بوو هه‌ندێک خواردنیش حازر بکات و
بیهێنێت و هیوای مێردی وتی من به‌یانیه‌که‌ی هه‌ندێک کارم هه‌یه و
ئێمه نیزیک نیوه‌ڕۆ دێین بۆ لاتان! ئێمه سه‌ر له به‌یانیه‌که‌ی
چووبوین و کۆمه‌ڵێکیش ناسیاویتر بڕیار بوو هه‌ر ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆ پێمان
زیاد ببن و ئه‌و ڕۆژه دوای نیوه‌ڕۆ له‌و هه‌وا خۆشیه‌ی هاویندا له‌و
په‌نا ئاو و کانیاو و باغاته‌دا تا لای ئێواره پێکه‌وه بین و هه‌ندێک
له وڕه‌ی ماشینی ناو شار و له خه‌می کێشه و گرفتی ڕۆژگار دوور بکه‌وینه‌وه
و بچینه ناو سروشت و هه‌وای نوێ هه‌ڵمژین. له پڕ پێش نیوه‌ڕۆ گوێمان
له ده‌نگی ترسناکی فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ر بوون که به سه‌رماندا تێپه‌ڕین،
نازانم چه‌ند دانه بوون، به‌ڵام زۆر نزم به سه‌رماندا به‌ره‌و سه‌ر
ئاسمانی شار ڕۆیشتن و هاشه‌که‌یان گوێمانی که‌ڕ ده‌کرد و هه‌موو خۆمان
حه‌شار دا که ڕه‌نگه بۆمبارانمان که‌ن، به‌ڵام دوو خوله‌ک دواتر ده‌نگی
چه‌ند ته‌قینه‌وه‌ی گه‌وره له ناو شاره‌وه هات و دوکه‌ڵێکی زۆر به‌رز
بووه‌وه. نه‌مانده‌زانی له کام گه‌ڕه‌ک و له کوێیانداوه. شار وه‌ک
زۆرجاری تر بۆمباران کرا و فرمێسک و هیوای مێردی و ئه‌حمه‌دی باوکی
مناڵه‌کان و کوره گه‌وره‌که‌م هێشتا نه‌هاتبوون و له ناو شار بوون و
ئه‌و ڕۆژه ناوشار خه‌ڵکێکی زۆری تێدا بوو. ته‌له‌فوونه‌کان پچڕابوون
و هیچ هه‌واڵمان نه‌بوو، به په‌له ئێمه‌ش خۆمان پێچاوه و به‌ره‌و
ناو شار گه‌ڕاینه‌وه و هه‌ر له ناو ڕێگادا هه‌واڵمان پێ گه‌یی که سێ
گه‌ڕه‌کی ناوشاریان کوتاوه و خه‌ڵکێکی بێ‌تاوان و بێده‌سه‌ڵاتی زۆر و
له‌وانه کۆمه‌ڵێکیش ژن و منداڵ شه‌هید بوونه و بۆمبێک له ماڵی
فرمێسک و هیوای داوه و ئیتر من ئاگام له خۆم نه‌ما و دواتر له ماڵه‌وه
هۆش خۆم هاتمه‌وه. فرمێسکی کچم که دووگیان بوو له ماڵه‌وه به ته‌نیا
ماتڵی هیوا بوو بچێت بیهێنێت بۆ لای ئێمه، به‌ڵام نه‌گه‌یشت ئه‌و سه‌یرانه
له‌گه‌ڵ ئێمه بکات و وه‌ک زۆر بێتاوانی دیکه که‌وته ژێر بۆمبی
دوژمنانی غه‌زه‌ب لێگیراوی وڵاته‌که‌مان. هیوای مێردی به خۆشیه‌وه له
ماڵ نه‌بوو و هێشتا نه‌گه‌ڕابووه‌وه بۆ لای فرمێسک و ئه‌و به سه‌لامه‌ت
ده‌رچوو. ئه‌حمه‌دی باوکی فرمێسک و کوڕه گه‌وره‌که‌م له ڕێگادا بوون
به‌ره‌و لای ئێمه بۆ سه‌یران و به خۆشیه‌وه ئه‌وانیش له کاره‌ساته‌که
دوور بوون، ته‌نیا کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی بێتاوانی دیکه و یه‌ک له‌وانه
فرمێسک پێوه بوون. ڕۆحی فرمێسک که ئه‌م قسانه‌ی دایکی ده‌بیست، ئیتر
چۆنیه‌تی مردنی خۆی زانی و هه‌واڵیشی زانی که هیوای مێردی زیندووه،
به‌ڵام هیوا له‌وێ له سه‌رخۆشیه‌که نه‌بوو، ئه‌مه‌ی لا پرسیار بوو،
ئه‌ی هیوا له کوێیه؟ زۆر به ده‌وه‌ری که‌س و کاری‌دا ده‌هات بۆ ئه‌وه‌ی
هه‌واڵی هیوا له یه‌کێک ببیستێت، به‌ڵام هه‌واڵی نه‌زانی، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی
زانی که هیوا به‌ر بۆمبارانه‌که نه‌که‌وتووه و ئه‌مه‌ش به‌و مانایه
که پێویست ناکات له لای خۆی جارێ بۆ ڕۆحی هیوا بگه‌ڕێت، چوونکه هیوا
ماوه!
فرمێسک ڕێگاکه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه و ئیتر تا له‌وێیه و یادی ده‌که‌ن، ئه‌میش
له‌ناویاندایه، هه‌ر بۆیه سه‌ردانێکی ژووره‌که‌ی دیکه که باوکی و
براکانی لێیه ده‌کات و هه‌ر به‌و شێوه‌یه خۆی ئه‌خاته باوه‌شی باوکی
و ئه‌بینێت که وشه‌کانی سه‌ر زاری باوکی ئیتر ڕه‌وان به سه‌ر زمانی‌دا
دێن و ئه‌و ترس و دڵه‌خوورپه ده‌روونیه‌ی باوکی ته‌وا ئه‌بێت و
سووکناییه‌ک به‌ویش ده‌گات و ئیتر گریانه‌کان ورده ورده به‌ره‌و
کۆتایی ئه‌چن و فرمێسکیش ئاواته خوازه که بۆی نه‌گرین، به‌ڵام له
یادیشی نه‌که‌ن، چوونکه ئه‌زانێت هه‌ر که له بیریان کرد و له بیر
چووه‌وه، ئیتر ئه‌میش ناتوانێت بیان بینێت و ئه‌وجار کات بۆ ئه‌و زۆر
سه‌خت تێ ئه‌په‌ڕێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر له ناو ڕۆحه‌کاندا بێت. بوون به
ڕۆح هه‌ر وا ساکاریش نیه و کات تێنا‌په‌ڕێت ئه‌گه‌ر هه‌ست به هیچ نه‌کات.
نه سه‌رمایه‌ک، نه گه‌رمایه‌ک، نه چێژێک، نه له‌زه‌تێک، نه مه‌زه‌یه‌ک،
نه تامێک نه ئه‌وینێک!
فرمێسکی ڕۆح حه‌ز ده‌کات هه‌واڵی ده‌وڵه‌ت، منداڵه له دایک نه‌بووه‌که‌ی
ناو سکی و هه‌واڵی هیوای مێردی بزانێت، به‌ڵام ئه‌بێت سه‌بر بگرێت.
بیری ئه‌که‌وێته‌وه که خۆی و هیوا به ته‌ما بوون ماڵێکی تازه دروست
بکه‌ن و ورده ورده بیر له سه‌ربه‌خۆیی بکه‌نه‌وه و که ده‌وڵه‌ت
هاته ژیان ئیتر ماڵی خۆیان و کار و داهاتی خۆیانیان هه‌بێت و هه‌موو
ئه‌مانه پێشکه‌ش به ده‌وڵه‌تی تازه له دایک بوویان بۆ نه‌وه‌ی نوێ
بکه‌ن! ئه‌وا فرمێسک نه‌ماوه به‌ڵام هیوا ماوه و ده‌وڵه‌تیش نادیاره،
ئایا ئه‌م چیرۆکه چۆن کۆتایی پێ دێت؟ ئایا ڕۆحی فرمێسک له چاره‌نووسی
منداڵه‌که‌ی ئاگادار ئه‌بێته‌وه؟
ڕۆحی فرمێسک پێش ئه‌وه‌ی بڕوات، حه‌ز ئه‌کات که‌س و کاری ئه‌وه بزانن
که کچه‌که‌یان و سه‌رجه‌م مردووه‌کانی دیکه‌یان له یاد نه‌که‌ن، با
ئه‌ڕواحیان به ته‌نیا نه‌بێت، به‌ڵام ناتوانێت پێیان بڵێت و ناتوانێت
تێ‌یان بگه‌یه‌نێت، هه‌ر بۆیه ته‌نیا مه‌جبووره که ڕه‌زایه‌ت بدات به‌وه‌ی
که ئه‌وان بۆخۆیان هه‌میشه له یادیدا بن و له بیری نه‌که‌ن، یا ئه‌وه‌ی
که ئه‌م چیرۆکه بخوێننه‌وه و ئیتر یادی شه‌هیده‌کانیان و یادی
مردووه‌کانیان بکه‌نه‌وه و له بیریان نه‌که‌ن و ڕێگا و ئاڵا و باوه‌ڕه‌کانیان
به ئاکام بگه‌یه‌نن!!
په‌یامی ئه‌م چیرۆکه هیچ ئایین و مه‌سله‌ک و زنجیرێک نیه، چوونکو مه‌سله‌ک
و ئاینه‌کانیش کۆمه‌ڵه زنجیرێکن که مرۆڤه‌کان له مل و ده‌ست و قاچی
خۆیانیان ئاڵاندوون و ئه‌وان خۆیانیش هۆکار و سه‌به‌بگه‌لی گرتنی
ئازادیه‌کانی مرۆڤ و کووشتنی یه‌کترینن. ناسیۆنالیزمیش به شه‌رتی
بوون به زنجیر و بوون به ئایین، په‌یامی ئه‌م چیرۆکه نیه، به‌ڵکو
ژیانێکی پڕ له ئاشتیی و ئازادی و به‌خته‌وه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی مه‌به‌ستی
ئه‌م چیرۆکه‌یه. به کورتی ئه‌م چیرۆکه سێ په‌یامی پێیه، یه‌که‌میان
ئه‌وه‌یه که جسم یا له‌شی مرۆڤ، قاپووڕی ڕۆحه و ڕۆح له ڕێگای له‌شه‌وه
له‌زه‌ته‌کان و چێژه‌کان و هه‌سته‌کان و ئه‌وین ئه‌چێژێت و مرۆڤ که
مرد ئه‌م که‌ره‌سته به نرخه‌ی هه‌سته‌کان، واته له‌شی له ده‌ست ئه‌دات،
بۆیه پێویسته نرخی ژیان و قه‌دری له‌شمان بزانین، ژیان تا ئه‌و کاته‌یه
که خاوه‌نی له‌شمانین، که له‌شمان له ده‌ست بده‌ین، ئیتر ژیانیش ئه‌دۆڕێنین.
دووهه‌مین په‌یام ئه‌مه‌یه که هیچکات ئازیزانی کۆچ کردوومان له یاد
نه‌که‌ین، چ ئه‌و ئازیزانه‌ی له پێناو ئازادی‌دا گیانیان به‌خت کردووه
و چ ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ی به هه‌ر شێوه‌یه‌ک ئێستا ئیتر له ناوماندا
نه‌ماون، پێویسته هیچکامیان له یاد نه‌که‌ین و له یادیاندا بین و
ڕێز له بیره‌وه‌ریه‌کانیان بگرین و درێژه‌ده‌ری ڕێگایان بین و ئاواته‌کانیان
بێنینه دیی و ئه‌مه‌ش به هیچ کلۆجێک به مانای مردوو په‌ره‌ستیی و یا
به‌رژه‌وه‌ندیخوازی نه‌که‌ین، به‌ڵکو ته‌نیا بۆ یاد و بیره‌وه‌رییان،
بیکه‌ین و ئه‌خیر و گرنگترین په‌یام ئه‌وه‌یه که هیوا ماوه و به هه‌موومان
بگه‌ڕێین منداڵه‌که‌یان، که به‌رهه‌می فرمێسک و ڕه‌نج و ئازار و هه‌روه‌ها
هیوا و ئومێدی نه‌ته‌وه‌یه‌که بدۆزینه‌وه و بیده‌ینه ده‌ست نه‌وه‌ی
داهاتوو با نه‌وه‌ی داهاتوو به ئه‌قڵی سه‌لیمی ئه‌مڕۆیی گه‌وره‌ی بکه‌ن!
15ی خاکه‌لێوه‌ی
2710
rahmayub@yahoo.de
|