په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٨\٢٠١٧

فرۆید / لاکان

فانتازیای وێناکردنی دوو باوک.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

''مرۆڤ دەبێ لە ژیاندا بۆ مانای بوونی خۆی بگەڕێت''.

رەنگە ئەو ناونیشانەی سەرەوە لە رووە ئاشکراکەیدا فرۆید و لاکان وەک دوو باوکی دەروونشیکاری وێنە بکات، بەڵام چاوتێبڕینی ئەو نوسینە لەوێدا نییە، لە دوولایەنی باوک بە واتە فرۆیدییەکە و لە فانتازیای وێناکردنی (باوک، منی باڵا، ڤالوس) وەک (دال) بە واتە لاکانییەکەی خۆی ھەڵدەگرێتەوە... بەو مانایەش چەمکی فانتازیا وەک تێکەڵەیەک لە رەگەزەکانی ئاگامەندی و نائاگامەندی دەبینین، کە دەکەوێتە نێوان دوو جەمسەری واقیع و خەیاڵ! (لە سەدە نۆزدە نائاگامەندی - Unconscious - بە شێتەوە پەیوەست دەکرا، واتە ئەو کەسەی کە ناتوانێ لە رێگای عەقڵەوە بیر بکاتەوە. فرۆید دەڵێت لە سیستمی نائاگامەندی نە رەتکردنەوە بوونی ھەیە، نە پلەکانی یەقین بوونی ھەیە. بەو مانایەش نائاگامەندی منداڵییە و ھەمیشە لەگەڵماندایە، بەڵام بە بڕوای لاکان نائاگامەندی شوێنەوارێکی ئاڵۆز و پڕ لە ژاوەژاو نییە، بەڵکو یەکێکە لە ھۆکارەکانی پەیوەندیمان بە یەکترەوە، بە پێی ئەو بۆچوونە نائاگامەندی لە دەرەوەی ئێمەدایە، نەک دەروونمان) لەگەڵ فانتازیا فێری ئەوە دەبین کە چۆن ئارەزوو ئەزموون بکەین، بەڵام دەبێ بزانین ئارەزوو یان (حەز) بە وردی بابەتی نییە، بەڵکو حەزکردن لە شتێکە، شتێک کە ونبووە یان (لەدەستچووە- منداڵ بە ئەزموونێکی تراژیدی ونکردن دۆزینەوەدا دەڕوات، ئەو ساتەی کە دایکی لە پێش چاوی وندەبێت و دەڕوات، لەگەڵ ئەو ساتەی کە دەردەکەوێت و دەگەڕێتەوە- کورتترین چیڕۆک کە بکرێ بیری لێبکرێتەوە: شتێک ون دەبێ و دواتر دەدۆزرێتەوە- چیرۆک: بریتییە لە سەرچاوەی دڵدانەوە... شتە ونبووەکان ھۆکاری دڵەڕاوکێی ئێمەن و رەمزن بۆ ھەندێ شتی لە دەستچووی نائاگامەندی و بە پێی تیۆری لاکان ئەو ونبووە جەستەی دایکە، کە چیرۆکی ژیانی ئێمە بەرەو پێشەوە دەبات و ناچارمان دەکات بە شێوەیەکی مەجازی و بێکۆتایی بەدوای جێنشینێک بۆ ئەو بەھەشتە ونبووە بگەڕێین. دۆزینەوە شتێکە چێژ بەخش. رۆیشتن تەنھا لەگەڵ ھاتندا مانای دەبێت....) .


(١)
چەمکی (ئارەزوو-الرغبە) لای دەروونشیکاران مەیلی ھەڕەمەکییانەی منداڵانە کە کۆمەڵگا قەدەغەی دەکات، بەمجۆرەش ئارەزوو دەچەپێنرێ... ئارەزووە تێرنەکراوەکانمان یان چەپێنراوەکانمان دەخەینە ناھۆشمەندییەوە بۆیە ئاگامان لەو واقیعە نییە، کە تێیدا دەژین. لاکان لە دووبارە دابەشکردنی فرۆیدی بۆ دەروونی مرۆڤ و کەسایەتی مرۆڤ ، لە (رەمزی و خەیاڵی و ریاڵ) دەدوێت، واتە ئەوەی فرۆید لە رووی دەروونییەوە بە (پێش ئاگامەندی) یان لە رووی کەسێتییەوە بە (سوپەر ئیگۆ) ناوی دەبات، لای لاکان رەمزییە و سیستم و یاسای رەمزی ھەیە، بە رەمزکردن پێش خەیاڵی دەکەوێت، لە میانی ئەنترۆپۆلۆژیادا سیستمی رۆشنبیریی دەگەیەنێت... (ئاگامەندی) یان (ئیگۆ)ی فرۆیدی، بە خەیاڵی ناو دەبرێت (یەکەمجار کە منداڵ خۆی لە ئاوێنەدا دەبینێ، وا خەیاڵ دەکات کە ئەوە جەستەی باوکی نییە، کەواتە ئایا دەبێ خودی خۆی بێت) شوێنی خەیاڵکردن و گۆڕان و گۆڕین... دەگرێتەوە. (نائاگامەندی)ی فرۆیدی یان (ئید)، لای لاکان ھیچ شوێنێکی نییە، تەنھا لە قوڵایی مانادا نەبێت، دەرناکەوێت، واتە شوێنی بێ شوێنانە، یان ھۆیەکە بۆ بونیادی بزر، ئەوەیە کە لاکان ناوی (ریاڵ)ی لێناوە و پێش رەمزی دەکەوێت...


(٢)
ژاک لاکان ناوی (باوک) وەک تاکێکی واقیعی نابینێ، ناوی باوک دالێکە کە دووانەی (دایک/ منداڵ) لێکجیا دەکاتەوە، منداڵ ئاشنای (لەدەستدان) دەکات... بە مانا فرۆیدییەکەیشی منداڵ تووشی گرێی ئۆدیب دەکات (گرێی ئۆدیب- لای فرۆید پەیوەندی سیانەی خێزانی باوک و دایک و منداڵ-ە، واتە رێکوپێککردنی پاڵنەرە سێکسییەکان و چاودێریکردنی منداڵ لەلایەن باوکەوە)... بەو مانایەش کاری باوک دەبێتە ھۆی دروستبوونی منی باڵا، یان ڤالوسی لە دەستچوو (ڤالوس دالێکی بەتاڵە، دالی لە دەستدانە)، کەواتە لە دەرئەنجامی بە دەروونیکردنی باوک، منی باڵا دروست دەبێت، بە بۆچوونی فرۆید ناوی باوک بە قەدەغەکردنی سێکس لەگەڵ مەحرەمەکانەوە دەلکێ! بەڵام بە بۆچوونی لاکان گرێی ئۆدیب ھەر تەنھا لە سێ رەھەندی بنەڕەتی (فرۆیدی) پێکنەھاتووە، بەڵکو رەھەندی چوارەمی ھەیە، ئەویش رەھەندی رەمزییە کە رێگا بۆ ھەموو تاکێک خۆش دەکات، بارودۆخێکی ئاڵوگۆڕئامێز و سنوردار لەسەر ئاستی قسەکردن بۆ خۆی بسازێنێ... لای لاکان باوک سیستمی رەمزی و پرسەی دەلالەت "ڤالوس"ییە و لە ژێر کاریگەری میتافۆری باوک و سەپاندنی یاساکانی باوکدایە. منداڵ کەسێکی دوو پارچەیە لە نێوان دوو ژیاندا ئاگامەندی و نائاگامەندی، خود و حەزە چەپێنراوەکان.. منداڵ لەبەر باوکی (لەبەر سیستمی رەمزی) نابێتە خاوەن، بۆیە لە دالێکەوە بۆ دالێکی دیکە ھەنگاو دەنێ، ھەر دالێک گەیەنەری دالێکی دیکەیە، ئەو دالەش درێژبوونەوەی دالێکی دیکەیە.


(٣)
تیری ئیلگلتۆن دەپرسێ ئایا بە خوێندنەوەی مالارمێ دەکرێ دەوڵەتی بورژوازی لەناو ببرێت؟ بۆ روونکردنەوەی ئەو رستەیە گوتەیەکی جۆلیا کریستیڤا دەھێنمەوە کە دەڵێت: نائاگامەندی شوێنی ئەو پاڵنەرانەیە کە رووبەڕووی شێوە (رەمزییەکانی باوکایەتی، یان دەسەڵاتی باوکایەتی) دەبنەوە. بەڵام نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێت، کە نائاگامەندی ھەمیشە وەک رووبەرێکی بۆش، ھەموو رەمزەکان تێیدا سەربەخۆیی خۆیان بە دەست دەھێنن، ئەو گوتەیە دەمانخاتە سەر بۆچوونەکەی لاکان: چۆن ھۆکارەکانی پەیوەندیمان بە یەکترەوە، بە نائاگامەندیەوە دەبەستێتەوە... لە بیرمان نەچێ بەشێکی گەورەی ئیبداعی ئەدەبی نائاگایی دەینوسێتەوە.


ھەڵبەتە دەروونشیکاری دەیسەلمێنێ کە دەسەڵاتی باوکایەتی ئایدیۆلۆژیایەکی دژە کارە... وەک دەزانین روانینی دژەکار ئەوەی حەزی لێنەکات نایبینێ و بە دیوەکەی دیکەش خۆی لە بارەی ئەو شتەی حەشاری داوە فریو دەدات! ھێز لە دەست ئەودایە، بۆیە پێیوایە دەتوانێ خۆی بەو گومانەوە فریو بدات، کە ئەو شتە نابینێ! دەشێ ئەو پرۆسەیە بە گەوجێتی واقیعخواز ناو بەرین، بێگومان دەسەڵاتی باوکایەتی ئەو دژەکارەی خۆی لە پانتایی نائاگامەندی پرۆسیسە دەکات، بەو مانایەش نائاگامەندی بۆ دەسەڵاتی باوکایەتی شوێنی فریودان و شاردنەوەیە! ھەر لە بارەی ئایدیۆلۆژیاوە ئاڵتۆسێر دەڵێت پێشتر مارکسییەکان ئایدیۆلۆژیایان بە "ئاگایی درۆیین" "پەیوەندی چینایەتی" دەزانی، بەڵام ئایدیۆلۆژیا ھیچ پەیوەندییەکی بە کێشەکانی ئاگاییەوە نییە، دواجار بە بڕوای ئاڵتۆسێر ئایدیۆلۆژیا نائاگاییە، ئەو بۆچوونەی ئاڵتۆسێر بەلای لاکاندا دەچێ، بەو مانایەش ئایدیۆلۆژیا دەرخەرەوەی پەیوەندی خەیاڵی سوبێکتەکانە.


کەواتە چیرۆکی سیستمێکی دەسەڵاتخواز و تۆتالیستی وابەستەی پەیوەندی نائاگامەندی و پشتگیری نائاگامەندی گشتی دەکات... دەمەوێ بڵێم دەسەڵات شتێک لە عەوام دەشارێتەوە، عەوامیش شتێک بە دەسەڵاتی جێگیرەوە دەبەستێتەوە، ئەوەی دەسەڵات دەیشارێتەوە حەقیقەتە، ئەوەی عەوام لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتی جێگیر پەنای دەدا خەونی خۆشبەختییە، دەسەڵات بە بیرکردنەوە لە فریودان و عەوام بە بیرکردنەوە لە خۆشبەختی دەگەنە گەوجێتی واقیعخواز، کە نە رەتکردنەوەی ستەمکاری بوونی ھەبێت، نە پلەکانی بڕوا بە خۆبوون بوونی ھەبێت... ئەگەر نا ئەو سیستمانە زۆر بە خێرایی لەناودەچن.


وەک گوتمان پەیوەندی دەسەڵاتی تۆتالیستی بە عەوامەوە لە رێگای وڕوژاندنی نائاگامەندییەوەیە! بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی خەڵکی بە ئاگامەندییەوە پشتگیری ئەو جۆرە سیستمانە دەکەن؟ لێرەدا (دوو باوک) دوو لایەنی باوک، دێتە ناو بابەتەکەوە. باوکی یەکەم، باوکی گرێی ئۆدیب کە خۆی لە پەیوەندی دوولایەنەی زارۆک/ دایک ھەڵدەقورتێنێ و ئەو پەیوەندییە لێکھەڵدەوەشێنێتەوە، ئەو باوکەی کە یاساکان دەگوازێتەوە- دیماگۆجیەت بە خۆشبەختی ناوزەد دەکات- (یاسای قەدەغەکردنی سێکس لەگەڵ مەحرەم) ئارەزووی زارۆک بۆ دایک بەسەرپێچیکردن لە یاسا دەزانێت. باوکی دووەم، باوکێکە خۆی ناخاتە سنوری ھیچ یاسایەکەوە، نموونەی ھێزی رەھایە، باوکێکە کە بە دەرکردنی کوڕەکان و نەیارەکانی دەست بەسەر ھەموو ژنان و میراتی خێڵەکەیدا دەگرێت، باوکێکە ھیچ کات پابەندی یاسا نییە. ھەردوو جۆری باوکەکان لە روانگەی دەروونشیکاری لە چوارچێوەی منی باڵادا کار دەکەن.


ھێز لە دەست ئەودایە، بێگومان فریودانیش ھێزی دەوێ، کەواتە دەسەڵاتخوازی ھێزی خۆی لە شتێک بە دەست دەھێنێ، کە بۆ خۆیشی ھەوڵی لەناوبردنی دەدات، دەسەڵاتی باوکایەتی وەک چۆن ھێزی لە دەستدایە، بە رووەکەی دیکەش ھێزی لە دەست دەردەچێ! دەسەڵاتی باوکایەتی چەندە دەسەڵاتخواز بێت، مەترسی ھەڕەشەی دژ بە ئەو زێتر دەبێت، کەواتە دەسەڵاتخوازی بریتییە لە پێکھاتەی فانتازیی تایبەت، کە رێگا بۆ بابەتی دژ بەیەکبوونەوەی خۆش دەکات!


(٤)
ھاملێت تراژیدیای ئارەزووە، تراژیدیای پیاوێکە کە رێگای ئارەزووی ونکردووە... بە بۆچوونی لاکان، ھاملێت توانای پرسەگێڕانی نییە، چونکە دایکی لە ناکاو ھەڤژینی لەگەڵ مامیدا پێکدەھێنێت. بەو مانایەش دایک (- objectئەو شتەی کە منداڵ ئارەزووی دەکات) یان بابەتە لە دەستچووەکەی بە بابەتێکی دیکە گۆڕیوەتەوە، پێش ئەوەی ھاملێت بتوانێت ئارەزووی خۆی رابگرێت و سەرنجی کەسی دیکە بدات.


ھاملێت لەبەر ئەوە ناتوانێ پرسە دابنێت، چونکە دەبێتە ھۆکاری جولاندنی ئارەزووی دایک. فرۆید دەڵێت لەو حاڵەتەدا پرسەگێڕان دەگۆڕێت بۆ مالینکۆلیا (melancholia) یان رەشبینی... فرۆید جیاوازی گرنگ لە نێوان پرسەگێڕان و رەشبینی دادەنێت، پرسەگێڕان شتێکی ھیچ و بەتاڵە، بەڵام لە مالینکۆلیادا (من- Ego) ئەو دۆخە بەتاڵەی ھەیە.


(٥)
بە ھاتنەناوەوەی ناوی باوک زارۆک لە جیھانە زارۆکییە بەرفرەوانەکەی فڕێدەدرێتە ناو جیھانی سیمبولی، گرێی ئۆدیبیش یەکێکە لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەو تێپەڕینەی زارۆک کە لە ئاستی خەیاڵییەوە دەچێتە ناو ئاستی سیمبولی-ل٧٦. ئەو رستانەی وەرگێڕی کوردی (غەریبە حوسێن) لە کتێبی (ژاک لاکان، نوسینی شۆن ھۆمەر، دەزگای رۆسا، لە ٢٠١٧ چاپی کردووە) بەشێک لە ھەستی متمانەیی بە خوێنەر دەبەخشێت و بەڵگەی حاڵیبوون دەجولێنێ، بەڵام دەشێ ئەو تێگەیشتنە لە سەرچاوەکەی جیا بکەینەوە، یان کۆی کتێبە بە نرخەکەی لاکانناس (شۆن ھۆمەر) بەو بەڵگە ساکارانەوە پەیوەست نەکەین، چونکە بۆ گەڕانەوەی سەرچاوەی حاڵیبوون خوێنەر پێویستی بە خوێندنەوەی کۆی کتێبەکەیە، دواجار ئەو تێگەیشتنە بۆ خوێنەر و ئاستی خوێندنەوە و ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر و پانتایی کەمخوێنی رۆشنبیریی کوردی دەگەڕێتەوە، (وەک ھەندرێن لە پێشەکی ئەو کتێبە قسەی لەو ھەژارییە کردووە) بەڵام ئەوەی منی خوێنەر لەو چەند دێرە ئاماژەی بۆ دەکەم، ھەر تەنھا دەستخۆشیکردن لە وەرگێڕی کوردی نییە، بەڵکو لەلایەکی دیکەش فرە بەکارھێنانی چەمکی (سۆبژە و ئۆبژە- بەکارھێنانی وشەی حەز لە بری رغبەی عەرەبی کە لە زمانی کوردی بە زۆری وشەی ئارەزووی بۆ بەکار دەھێنرێت، بەکارھێنانی زاراوەی - کمون - وەک چۆن لە زمانی عەرەبییەوە ھاتووە، بەکارھێنانی دەستەواژەی ھێدمەی دەروونی، کە لە کوردی زەبری دەروونی بۆ بەکار ھاتووە، پەرتووک لە بری کتێب...ھتد) ھەموو ئەو زاراوە و چەمکانە ئەگەرچی بەدحاڵیبوون ناسەپێنێ، بەڵام ھێنانەوەی ھۆکارێکی شیاوی دەوێت، وەک چۆن ئاگایی و چاوپێداخشانەوەیشی پێویستە.

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک