په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٧\٢٠١٣

فریای خۆتان بکەون، خێرا بابەتەکانی یەک ساڵی رابوردووتان بشارنەوە.


ھەژێن


لەم ساتەدا کە من ئەم وشانە دەنووسم، جەماوەری ملیۆنی لە مەیدانی تەحریری قاھیرەدا بەبێ سەرکردە و پێشڕەویی پارت، چەند ڕۆژێکە لە سەرتاسەری وڵاتی میسردا لە کۆدەنگییەکی جەماوەرییدا ناڕەزایەتی دەردەبڕن و بڕیاریانداوە، میرایەتی ئیخوانەکان و سەرۆکایەتی مورسی، وەک میرایەتی و سەرۆکایەتی حوسنی موبارەک، بە کۆدەنگی جەماوەریی وەلابنێن.

ھەرچەندە بە سەرۆکایەتی گەییشتنی مورسی و بەدەسەڵاتگەییشتنی ئیخوانەکان، بە کەمترین دەنگ و ڕەزامەندی کۆمەڵگەوە، تەنیا لە سیستەم و میکانیزەمەکانی کارکردی دێمۆکراسیی پارلەمانییدا ئەگەر و توانانی سەرگرتنی ھەیە و لە ھەڵبژاردنەکانی پارساڵ ٢٠١٢دا لە کۆی ھەژماری مافدارانی دەنگداندا کە (٥٠.٩٩٦.٧٤٦) ملیۆن کەسی ناو تۆمارکراو بوون، تەنیا (٢٣.٦٧٢.٢٣٦) ملیۆن کەس بەشداریی دەنگدان دەکەن و لەو ھەژمارەش تەنیا (٥.٧٦٤.٩٥٢) ملیۆن کەس دەنگ بە سەرۆکایەتی مورسی دەدەن و لە بەرامبەردا زۆرینەیەک لەو ھەژمارە (٢٧.٣٢٤.٥١٠) ملیۆن کەس، بایکۆتی دەنگدان دەکەن و لە ٨٠٪ خەڵکی دژی ئەو سەرەنجامە بوون، ئەگەر دەنگی ئەوانەش کە مافی دەنگدانیان نەبووە، وەربگرین، ئەوا تەنیا کەمایەتیەکی بچووکی کۆمەڵگەی میسری بەشداری دەنگدانی کردووە و لەو کەمایەتییەش، تەنیا نزیکەی نیوەی، خوازیاری دەسەڵاتی ئیخوانەکان و سەرۆکایەتی مورسی بووە. کەچی تا ھەفتەیەک پێش خرۆشانەوەی جەماوەر لە میسر، زۆربەی ھەرە زۆری نووسەرانی چەپ و ڕاستی کۆمەڵگەی کوردستان، قەوانێکیان بەدەمەوە گرتبوو و بە ئارەزووی خۆیان شوناسی ئیسلامیبوونیان بەسەر ڕاپەڕینەکانی وڵاتانی عەرەبیدا دەبڕی و تەنانەت لەوەش زیاتر چەپ لەبەرنەبوونی خوێندنەوە بۆ خودی ڕاپەڕینەکان و دەرکنەکردنی سروشتی ڕاپەڕینەکان و نادیدەگرتنی ھۆکاری ڕاپەڕینەکان، ھەر ئاوا وەک تووتی کەوتنە گوتنەوەی دەستەواژەی ھوشیارانە ئامادەکراوی ماسمیدیای خۆراوا، "بەھاری عەرەبی"، بەھەمان شێوە کەوتنە وتنەوەی دەستەواژە ئامانجدارانەکانی ماسمدیای خۆرھەڵاتی نێوەڕاست، کە بەخۆیان لەبەردەم مەترسی ڕاماڵیدابوون وەک میرایەتی تونس و میسر.

ئەگەر جارەکانی دیکە، بەخت یاری ئەو چەپانە بووبێت و پاگەندە قەرزکراوەکانیان چەند ساڵێک بەدرۆنەخرابنەوە، ئەوا ئەم جارەیان، زۆری نەبرد و کاتی ئەوە ھاتووە فریای وتارە توانجاوی و توتیئاساییەکانیان لەمەڕ ڕاپەڕینەکانی وڵاتانی عەرەبی، کە بە "بەھاری ئیسلامی" و بە "بەھێزکەری ڕەوتی ئیسلامی"یان لێکدەدانەوە، بکەون و بیانسووتێنن.

وەک بینیمان، جەماوەری نارازی و ئازادیخوازی و گیانی یاخیبوون لەو ڕاپەڕینانەدا کە داینەمۆ و ھەستەی چالاکی و بزووتنەوەکان بوو، زۆر لەوە بەھێزتر و لێبڕاوتر بوو، کە ماسمیدیای خۆراوا و زەمینەسازیی و پێشکاریی ئیخوانەکان و ھەوڵی دەستەمۆگەرانەی پارتە ڕامیارییەکان و لێکدانەوە نادروستەکانی لە چەشنی لێکدانەوەی چەپی عیراق و کوردستان، بتوانێ لە بەردەوامی شۆڕش و نۆژەندکردنەوەی ڕاپەڕینەکان نائومێدی بکات.

پاش شکستخواردنی کاتیی ڕاپەڕینی جەماوەریی میسر و بە میرایەتی گەییشتنی ئیخوانەکان لە ڕێگەی دێمۆکراسی پارلەمانییەوە، کەم نەبوون، ئەو ڕامیارانەی کە لە چەپ و ڕاستی کۆمەڵگەوە، ئەو پەیامە چەواشەکارانەیان بە گوێی ناڕازییانی عیراق و ھەرێمی کوردستاندا دەدا، مادام ڕاپەڕیوانی تونس و میسر، خاوەنی پێشڕەوی پارتیی و ڕامیاریی خۆیان نین، سەرەنجام خەبات و چالاکییەکانیان چوونە باخەڵی ئیسلامییەکانەوە. بەڵام وێنە و دیمەنە ڕاستەقینەکانی ژیان و کەتواری ئەو دوو کۆمەڵگە شتێکی دیکەی جیاواز لەوەی کە ماسمیدیای خۆراوا و دەوڵەتانی عەرەبی نیشانیاندەدا، بوو.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردوودا ڕۆژانە لە تونس بزووتنەوەی لاوان و بزووتنەوەی خوێندکاران و بزووتنەوەی بێکاران و سەربەخۆکان (ئۆتۆنۆمەکان) بە خۆپیشاندان و دەستبەسەرداگرتنی خانووبەرەی دەوڵەتی و کاری ھونەریی و خەباتی مەیدانی و چالاکی ڕاستەخۆ، ڕووبەڕووی دەسەڵاتی (نەھزەی ئیسلامی) دەبنەوە و لێیان زیندانی دەکرێت و ڕاودەنرێن و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەستە چەقۆکێش و شەلاتییەکانی دەسەلاتی ئیسلامی دەبنەوە، کەچی نە ماسمیدیای خۆراوا و نە میدیای وڵاتانی عەرەبی و نە میدیای چەپی خۆرھەڵاتی نێوەراست، بۆ جارێکیش ڕۆشناییان نەخستەسەر ئەو ڕوودا و دیمەنانە.

ھەر لەبەرئەوە، بۆ ئەوانەی کە سەرچاوەی زانیاری و ئاگادارییان لە بزووتنەوەکانی نێو کۆمەڵگەی میسری، تەنیا ماسمیدیای ئەوروپی و دەوڵەتانی عەرەبی بووە، تەنانەت وێنە و دێمەنی ناڕەزایەتییەکانی دێسەمبەری ٢٠١٢ و ئەپڕیڵی ٢٠١٣ نادیدەدەگرن، ئەو ھەوڵەیان تەنیا لەپێناو یەک شتدا بوو، کە پاگەندەی "ئیسلامی بوون"ی ڕاپەرینەکان بیسەلمێنن و لەوێوە پێمانبڵێن، ئەگەر بزووتنەوەی چین و توێژە بندەستەکان و جەماوەرییەکان و تاکە ئازادیخوازەکان، بیانەوێت سەربەخۆ و لە دەرەوەی پاوانگەریی (دۆمینەیتی) پارتەکان و دەستەبژێرە ڕامیارەکان، ھەنگاو بنێت و بەکارێک ھەستێت، ئەوا سەرەنجامەکەی بە دەسەڵاتگەییشتنی ھێزە کۆنەپەرستەکان دەبێت. ئەمە دیوی ڕاستەقینە و ئامانجی پاگەندەی ئەو پارت و گروپە دەسەڵاتخوازانەیە، کە دەترسن شەپۆلی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکانی یۆنان و تونس و میسر بگوێزرێتەوە ھەرێمەکەیان و متنانەی جەماوەرییان لەنێوبەرێت.

بەڵام بۆ ئەوانەی کە لە ساڵانی ٢٠٠٧ بەم لاوە ئاگاداری ڕادیکاڵبوون و ھەر ڕۆژەبوونی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانی وڵاتی میسر بوون و ئاگاداری سزادانی ئەفسەر و سەربازە ئازادیخوازەکان و دواتر سووتاندن و ھەڵکەندنی چادری ئازادیخوازان پاش بەدەسەڵاتگەییشتنی مورسی و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئەپرێلی ٢٠١٣ و مانگرتنە بێئەژمارەکانی کرێکاران و بزووتنەوەی دەستگرتن بەسەر کارگە و کارخانەکان و بزووتنەوەی بنیاتنانتی ھەروەزییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان بێت، ھیچ کات بەو سەرەنجامە ناگات کە بەدەسەڵاتگەییشتنی نەھزە و ئیخوانەکان لە تونس و میسر، بەرەنجامی ڕاپەڕینی سەربەخۆی جەماوەریی بێت. ھەروەھا لەوەش تێدەگات، چونکە ھەڵبژاردنی ئیسلامییەکان چەند ھۆکاری تایەبتی ھەیە؛ لەوانە کارکردن و ئامادەکاریی چەند ساڵەی ئیخوانەکان بە قۆستنەوەی ھەژاری و نەبوونی بیمەی دەرمانی بۆ ھەژاران، کە باشترین نەخۆشخانەیان لە قاھیرە و شارەکانی دیکەی وڵاتی (میسر)دا بۆ ئەو مەبەستە ھەبوو و ھەروەھا پاگەندەی ماسمیدیای جیھانی لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا بە گەورەکردنەوەی ئەگەری بردنەوەی ئیخوانەکان و گەورەکردنی جەماوەریان لە پاگەندە میدیاییەکاندا، توانییان ڕێژەیەکی زۆر لە دەنگی بەشداربووان بەدەستبھێنن. ڕووداوێکی لەو جۆرە، بۆ وڵاتانی ناوچەکە و دەوڵەتە ئەوروپییەکان لەوە باشتر بوو، کە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامییان ھەبێت و ببنە پشتیوانە بۆ وڵاتانی دیکەی کەنداو و خۆرھەلاتی نێوەراست.

ڕاپەڕینەوەی جەماوەری ئازادیخوازی میسر لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا، نیشاندەری بەردەوامی ناڕەزایەتی و یاخیبوونی ئازادیخوازانەیە، بوونێک کە بۆ تاکە ساتێکیش لەو وڵاتەدا خامۆش نەبووە و بەردەوام جۆشی خواردووە و پێگە جەماوەرییەکانی خۆی بەھێزتر کردوون. ئەزموونی میسر، نیشانیدا، کە بزووتنەوەی سەربەخۆی جەماوەریی لە دەرەوەی قورمیش و پیلانگێڕیی پارتە ڕامیارییەکاندایە و بە ئاسانی بۆ دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان دەستەمۆ و سەرکوتناکرێت، ھەرە لەبەرئەوەیە،کە لە مێژوودا سەروەریی چینایەتی لە دێمۆکراتیترین مۆدێلیدا بۆ پاراستنی خۆی، تەنیا بە سەرکوتی پۆلیسی و سەربازیی و ھێنانە سەرکاری میرایەتییە دیکتاتۆرەکان توانیویەتی پاشەکشێ بەو بزووتنەوانە بکات.

ھەروەھا بزووتنەوە و ڕاپەڕینەکانی وڵاتانی عەرەبی و یۆنان و ئیسپانیا و وۆڵستریت و لەندەن و برازیل، نیشانیاندا، کە ئەوەی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بۆ ھەڵخڕاندنی جەماوەریی دەتوانێت ئەنجامیبدات، سەدان پارت بە دەیان ساڵ ناتوانن، ئەنجامیبدەن. بێجگە لەوەی کە مێژووی پارتە ڕامیارییەکان لە چەپەوە بۆ ڕاست نیشانیداوە، کە بێجگە لە ھەوڵی دەستەمۆکردن و بەلاڕێدابردنی بزووتنەوە ڕادیکاڵاکان، پارتە ڕامیارییەکان لە مێژووی چەند سەدەی دواییدا، ھیچیان ئەنجامنەداوە و ئەمە باشترین بەڵگەی ناکارایی و ناپێویستبوونی پارت و دەستەبژێرە ڕامیارییەکانە و ئەگەر سەرنجی بزووتنەوەکانی سەدەی بیست و سەدەی بیست و یەک بدەین، ھەر بزووتنەوەک، کە کەوتبێتە ژێر کارایی ڕامیاران و جەنەڕاڵە سەربازییەکان، ئەوا سەرەنجامی دەستەمۆبوون و جەنگی خوێناوی نەبڕاوە بووە. لەم بارەوە دوو نموونەی زیندوومان لەبەردەستتان؛ نموونەی یەکەم بزووتنەوەی جەماوەریی " ١٧ی شوبات"ی ھەرێمی کوردستان، بەھۆی زاڵی پارتە ڕامیارەکان و دەستەبژێرە ڕامیار و ڕۆشنبیرەکانەوە، دەستەمۆکرا و کرا بە بزووتنەوەی نوێژی ھەیینی لەسەر شەقامەکان؛ نموونەی دووەم، ڕاپەڕینی خەڵکی (سوریا)یە، کە بەھۆی زاڵیی میلیشیا چەکدارەکانەوە، گۆڕدرا بە جەنگێکی خوێناوی نەبڕاوە، کە سەرەنجام خەریکە بیگۆڕن بە جەنگی مەزھەبیی نێوان شیعە و سوننە مەزھەبەکان.

ھەروەھا ڕاپەڕینەوەکانی دوو ساڵی ڕابوردووی میسر و لیبیا و سوریە و بەحرێن، ئەو ئەزموونەیان خستە بەرچاومان، کە ھەر کات بزووتنەوەکان لاوازبن و شیاوی دەستەمۆکردن بن، ئەوا دەوڵەتە ئەوروپییەکان و ئەمەریکا ھەوڵدەدەن بە پشتیوانی لە میرایەتی وڵاتەکە، بزووتنەوەکان تووشی شکست بکەن، وەک جەزائیر و بەحرەین و سعودیە، ئەگەر بۆیان سەرکوت نەکرا، ئەوا لە ڕێگەی دەڵاڵانی بازاری چەک و گروپە مافیاییەکانەوە بیگۆڕن بە ڕووبەووبوونەوەی میلیشیایی و جەنگی بەردەوام وەک لیبیا و سوریە، ئەگەر ھیچکام لەو دوو ھەوڵەی یەکەم و دووەم سەریاننەگرت و ناکاممانەوە، ئەوا لە ڕێگەی پاگەندە و ھەڵبژاردنی پارلەمانییەوە زەمینەسازی بۆ بەدەسەلاتگەییشتنی ھێزە کۆنەپەرستەکانی وەک (نەھزە) لە تونس و (ئیخوان)ەکان لە میسر مسۆگەربکەن و ئەگەر ھاتوو بەوەش شەپۆلی یاخیبوون و ناڕزەایەتی جەماوەر دانەمرکایەوە، وەک پیلانی بەگەڕخستنی ھێزی سەربازیی ساڵی ٢٠١١ و ئەم دوو ڕۆژەی دوایی میسر، ھەوڵی پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و بەرژەوەندی کۆمپانییە جیھانلووشەکان بدەن،

ھەروەھا لە ھەرێمی کوردستانیشدا، ئەم ڕۆژانە بەکردەوە سەرەنجامی زاڵبوونی پارتە ڕامیارەکان و دەستەبژێرەکان بەسەر ناڕەزایەتی و خرۆشانی جەماوەرییدا دەبینین، کە چۆن لیستی نەوشیروانییەکان (پۆستجەلالییەکان) و ھاوپەیمانە ئیسلامییەکانیان، لە زاڵبوونیاندا بەسەر ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکانی "١٧شوبات"ی ٢٠١١ی ھەرێمی کوردستاندا، دوو ساڵ تازەکردنەوەی شوانەیی مەسعود بارزانی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا، مسۆگەر دەکەن. ئایا وەھا سەرەنجامێک، بەرھەمی قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی جەماوەر و سازشکاریی ئۆپۆزسیۆن نییە، کە لەبری ئەوەی بزووتنەوەی "١٧ی شوبات" بەرەو وەلانان و ھەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی، نوێنەر دەنێرێنە لای سەرۆک و داوای بەزەیی و چاکسازیی لێدەکەن؟ ئایا بڕیاری دیکتاتۆرانەی پارلەمانی ھەرێمی کوردستان، سەرەنجامی ڕێککەوتنی ئۆپۆزسیۆن نییە لەپێناو کۆمەلێک دەستکەوتی کەسیی چەند پارلەمانتارێک و چەند گروپ و پارتێکی ڕامیاریی ؟ ئایا لە ھیچ سەردەمێکی مێژوودا وەک ئەمڕۆ و ئەم ساتە، دەستی ڕامیاران لە پیلان و سازشکارییەکاندا دەرەکەوتووە؟ ئایا لەمە زیاتر پێویستمان بە بەڵگەھێنانەوە لەمەڕ مشەخۆریی و گەندەخۆریی و پەتبەتێنی پارتەکان و دەستەبژێرە ڕامیارەکان ھەیە؟
 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک