٢\٢\٢٠١٤
فیستیڤاڵی فیلمی ترۆمسۆی نەرویژ بەشێک بۆ سینەمای کوردستان تەرخان دەکا.
مەنسوور جیهانی
نۆ
فیلم لە دەرھێنانی سینەماکارانی کورد و بیانی لە بەشێکدا بە ناونیشانی
"سینەمای کوردستان" لە میانەی ٢٤مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی
ترۆمسۆی نەرویژ نمایشکران.
بە ئامادەبوونی عەباس غەزالی وەکوو نوێنەری سینەمایی حکومەتی ھەرێمی
کوردستان و ھەندێک لە سینەماکارانی کورد، نۆ فیلمی سینەمایی و
دیکۆمێنتاری لە دەرھێنانی سینەماکارانی کورد و بیانی لە بەشێکدا بە
ناونیشانی "سینەمای کوردستان" لە میانەی ٢٤مین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی ترۆمسۆی نەرویژ نمایشکران، لەوانە: فیلمی سینەمایی "یۆڵ"
لە دەرھێنانی یەڵماز گۆنای، فیلمی سینەمایی "کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان"
لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی، فیلمی سینەمایی "تاڵ، شیرین، وڵاتەکەم "
لە دەرھێنانی ھونەر سەلیم، فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" لە
دەرھێنانی شەوکەت ئەمین کورکی، فیلمی دیکۆمێنتاری "دایکانی من" لە
دەرھێنانی ھاوبەشی ئیبراھیم سەعیدی و زەھاوی سنجاوی، فیلمی سینەمایی "یەکەمین
فیلم" لە دەرھێنانی مارک کۆزینس، فیلمی سینەمایی "جوانی تۆ ھیچ بایخێکی
نییە" لە دەرھێنانی حوسێن تەباک، فیلمی سینەمایی "دوایین زستان" لە
دەرھێنانی ساڵم سەڵەواتی و فیلمی سینەمایی "سەفەر بۆ ھەتاو" لە
دەرھێنانی یێشیم ئۆستۆگلۆ.
ھەروەھا
فیلمی سینەمایی "ھەزار و یەک سێو" لە دەرھێنانی سینەماکاری کۆچکردووی
کورد تەھا کەریمی لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ترۆمسۆ
نمایشکرا و ٤ قوتابی کورد لە ڤۆرکشۆپی فێرکاری ئەم فیستیڤاڵەدا
بەشدارییان کرد و خولێکی فیربوونی سینەمایان بە سەرکەوتوویی تەواو کرد.
لە ماڵپەڕی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ترۆمسۆدا سەبارەت بە بەشی تایبەت بە
"سینەمای کوردستان" نووسراوە: بە بۆنەی ٢٠٠ ساڵ بەسەر تێپەڕبووی یاسای
بنەڕەتی وڵاتی نەرویژ لە ساڵی ١٨١٤، ئەم بەرنامەیە بۆ کوردەکان
تەرخانکراوە خەڵکانێک کە شووناسی کوردی و دابوونەریتی جۆراوجۆریان ھەیە
بەڵام دەوڵەتێک و وڵاتێکی ھاوبەشیان نییە.
ھەروەھا سەبارەت بە فیلمەکانی بەشی تایبەت بە "سینەمای کوردستان"
نووسیوییەتی: ئەم بەشەی فیستیڤاڵ، ٩ فیلمی دیکۆمێنتاری و چیرۆکی لە
خۆگرتووە کە بە زمانەکانی کوردی، تورکی و ئینگلیزی و سەبارەت بە
کوردەکان بە شێوازی کلاسیک و نوێی بەرھەمھاتوون. ئەم فیلمانە ھەموو
شتێک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کوردستان، کارەساتەکانی کۆمەڵکوژی و ئێش و
ئازارەکانی ئەم نەتەوەیەی لە خۆگرتووە کە بە ڕاستییەکی ھونەری ئاست
بەرز و گەرمی و ھیواوە سازکراون.
ساڵی
پار فیلمی سینەمایی "پێش بەفر بارین" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد
دەرھێنانی ھیشام زەمان و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کەرکووکییەی
دانیشتووی وڵاتی نەرویژ و ھەروەھا عەباس غەزالی وەکوو نوێنەری سینەمایی
ھەرێمی کوردستان، ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەم / یانایەری ٢٠١٣ لە ڕێوڕەسمی
دەستپێکی ٢٣مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ترۆمسۆ" نمایشکرابوو.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ترۆمسۆ" بە بەشداری بەرھەمی وڵاتانی
جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی
سەرەکی، بەشی "ڕوانین بۆ ڕابردوو" تایبەت بە دیکۆمێنتسازی ناوداری
فەڕەنسی نیکۆلاس فیلیبێرت، بەشی "سینەمای کوردستان"، بەشی "زستانی
سینەما"، بەشی تایبەت، بەشی "ئۆوێردرایو"، بەشی "ھەڵبژاردەی ڕخنەگران"،
بەشی "ئاسۆی ڕۆژھەڵات"، بەشی "ئاسۆ"، بەشی "فیلمەکانی باکوور" و بەشی
ڤۆرکشۆپی فیرکاری ھونەری سینەما لە رۆژانی ١٣ تا ١٩ی کانوونی یەکەم /
یانایەری ٢٠١٤ لە شاری ترۆمسۆ لە وڵاتی نەرویج بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی پتر:
http://www.tiff.no/en/program?field_program_tid=662&=Bruk
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|