٢٧\٤\٢٠١٣
فیستیڤاڵى
لاوى ساڵ!!!
تڕێکى زۆر بۆندارى ئەم ساڵ بوو، کە زۆر بە
پلان کرا!!!

گۆران رەئوف
ئەم ساڵ فیستیڤاڵى لاوى ساڵ ئەنجامدرا و وەڵامێکى زۆر باش بوو، بۆ
نەوەى نوێ، ئەنجامێک بوو، کە زۆر شتى چەند دیوى کردەوە بەیەک دیو! چەند
پەردەیەکى لە وەهمدروستکراوى دڕاند و بنەڕەتى بابەتەکەى بۆدەرخستین،
ئەویش هەڵماڵینى ئەو پەردانەبوو، کە حیزب و چەند لایەنێکى مۆنۆپۆڵچى
دروستیانکردبوو... لەمێژە لەبارەى نیگەرانییەکانى فیستیڤاڵەوە
دەخوێنینەوە و دەبیستین، بەڵام ئیدى هیچ پێویست بە نیگەرانى ناکات!
ئیدى هیچ پێویستمان بە گومانکردن و بە خۆ سەغڵەتکردن نییە، چونکە ئەوەى
لەم وڵاتەدا دەگوزەرێ، وەک هەمو بارە سیاسى و ئابورى و هونەرى و
ئەدەبییەکان کەشفە!
ئەوەى جێگەى باس بێت بۆ قسەکردن درەبارەى فیستیڤاڵى لاوى ساڵ، لە
ئێستادا بۆمن، ئەوەیە کە وەک درێژکراوەى هەمان مێژوى ئەدەبى ئەم ساڵیش
حیزب ڕوناکى خۆى دەخاتە سەر کەسانێک کە ئەڵقە لەگوێى خۆیانن و وەک قوڕە
سەناعە، دروستکراوى خۆیانن، کە لەبورە جیاجیاکاندا خزمەت بکەن بە
بەرژەوەندى حیزب و پیاوە گرگنەکان!! ئەگینا سەرانى فیستیڤاڵ ئەوەندە
مەستن و نازانن کێ تەوژمى ڕوناکبیرى و هونەرى و ئەدەبى یە لەم وڵاتەدا؟!
بەڵێ ئەوان نازانن و هیچ بۆیان گرنگ نییە، کە بزانن، چونکە زۆرینەى
فیستیڤاڵە زەبەلاحەکان لەم وڵاتەدا جۆرێکن لە پلانى پێشوەختە!! جۆرێکن
لە کارکردنێک کە سەرەتا کۆتاییەکەى دیارە!!
ئەوا ئەم ساڵیش وەک هەمو ئەو پڵانانەى تر، بەناوى فیستیڤاڵەوە چەند
کەسێک کە دیاریکراوى حیزب و لایەنە باڵاکانى ئەو وڵاتە قوڕبەسەرەن،
هێنران و وەک ئیمپراتۆر هەڵبژێردران!! دەبێت ئێمە ئیتر رابێین، ئەوانەى
کە خۆیان وەها نیشان دەدەن، کە باوەڕیان بەو جۆرە ئیش و کارانە نییە،
هاوکات هەر ئەمانە وەک پشتئەستوریان بە مەرجەعەکانى خۆیان، دەهێنرێن و
روناکایى حیزب بە پڕى دەخرێتە سەریان و ئەو لاوانەشى کە لە شارە
دورەدەست و غەریبەکانى خۆیانەوە لە ژورە بێ کارەبا و تاریکەکانى
خۆیانەوە بە جددى و پیشەییانە خەریکن بە وشەکارى و زۆر شتى ترەوە، کەچى
سەرانى بەناو فیستیڤاڵەکان لە مەستى شەوانەدا نازانن کێ تەوژمى نوێى
لاوانە و کێ پیشەییانە خۆى قاڵکردوە بە کارى خۆیەوە!!!
بۆیە ئیتر پێویستە نەوەى نوێ بە تەواوى دورکەوێتەوە لە حیزب و سێبرە
چەوتەکانى حیزب!! ئیتر پێویستە مێژو مێژوى خاوەن تواناکان بێت، نەک
مێژوییەکى دەستکرد، کە حیزب و پیاوە گرگنەکان دروستى دەکەن!! دەبێت
نەوەى نوێ زۆر بەتوندى یەک شەق هەڵبەدات لەو مێژووەشى کە چەندان ساڵە
حیزبەکان دروستیانکردوە و وەک ڕۆڵەى شۆڕش و ڕۆڵەى حیزب ناسێنراون!!
پێویستە بۆخۆیان خاوەن تواناکانى مێژوو بدۆزنەوە، نەوەک لە میدیا
زەبەلاحەکانى خۆیانەوە بۆمان دەستنیشان بکەن!!
گەر بێینە سەر باسى وێنە و فۆڕمى فیستیڤاڵ لەم مەملەکەتەى خۆمان، ئەوا
ئیتر پێویستمان بەو وشەیەش نامێنێت، کە بەکاریدێنین، ئەویش بەناو
فیستیڤاڵە چونکە ئیتر وێناى فیستیڤاڵەکان
جۆرێک کەوتۆتەوە کە هیچ پێویست بە نیگەرانى ناکات، کە دەزانین چۆن
کارەکان بەڕێوە دەچن!! و چ بەناو پێوەرگەلێکە ئاراستەیان دەکات!!!؟؟؟
goranrauf@yahoo.com
|