په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١\٢٠١٣

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ترۆمسۆی نەرویج بە فیلمە نوێیەکەی ھیشام زەمان دەکرێتەوە.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "پێش بەفر بارین" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد ھیشام زەمان لە دەستپێکی ٢٣مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ترۆمسۆ" لە وڵاتی نەرویج نمایش دەکرێت.


فیلمی سینەمایی "پێش بەفر بارین" Before Snowfall لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد ھیشام زەمان و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کەرکووکییەی دانیشتووی وڵاتی نەرویج و ھەروەھا عەباس غەزالی وەکوو نوێنەری سینەمایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کاتژمێر ٣٠/٥ ئێوارێ سێشەمە ١٥ی کانوونی یەکەم / یانایەری ٢٠١٣ لە ڕێوڕەسمی دەستپێکی ٢٣مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ترۆمسۆ" لە نەرویج دەچێتر سەر پەردەی سینەما و لە پێنج سانسی جیاوازی دیکەدا لەم فیستیڤاڵە نمایش دەکرێت.


فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ترۆمسۆ" بە بەشداری بەرھەمی وڵاتانی جۆراوجۆر لە رۆژانی ١٥ تا ٢٠ی کانوونی یەکەم / یانایەری ٢٠١٣ لە وڵاتی نەرویج بەڕێوەدەچێت.


فیلمی سینەمایی "پێش بەفر بارین" ساڵی پار بە بەرھەمھێنانی ھاوبەشی کۆمپانیای "پارادۆکس"ی نەرویج، کۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی ئەڵمانی بە بەرپرسیاریی مەمەد ئەکتاش و ھەروەھا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نێونەرایەتیی عەباس غەزالی لە وڵاتانی ئەڵمانیا، نەرویج، تورکیا و ھەرێمی کوردستان لە لایەن "ماریۆ ماتیۆڤ گولبراندسەن" وێنەگیراوە. ستافی ئامادەکردنی ئەم فیلمە لە چوار پارچەی کوردستان و ھەروەھا ستافێکی نەرویجی و ئەورووپی پێکھاتووە.


ڕووداوەکانی ئەم فیلمە بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، یۆنانی و تورکی لە شاری ئۆسلۆ لە نەرویج، شاری ئەستەنبووڵ لە تورکیا، شاری بەرڵین لە ئەڵمانیا و گوندی پیرۆزانە لە نزیکی شاری ئامێد لە ھەرێمی کوردستان ڕوو دەدەن.


کوڕێکی ١٦ ساڵانە نایلۆنی تێوەدەھاڵێندرێت، شۆڕدەکرێتەوە بۆ ناو تەنکەڕێکی نەوتی خاو. بەم شێوەیە یەکەمین فیلمی درێژی ھیشام زەمان دەکەوێتە جیھانی سینەماوە کە دەمێک بوو لە چاوەڕوانیدا بووین.


"پێش بەفر بارین" فیلمە رێگایەکی نائاساییە سەبارەت بە خێزان، خۆشەویستی، بەھا و نامووس. "سیار" گەورەترین کوڕی خێزانەکەی خۆیەتی. کاتێک خوشکەکەی ھەڵدێت لە شایی ھاوسەرگیرییەکەی خۆی، بەرپرسیارییەتی ئەوەی دەکەوێتە سەرشان کە خوشکەکەی بدۆزێتەوە و ناوبانگی خێزانەکەیان چاکبکاتەوە.


بەدواداگەڕانی خوشکەکەی دەبێتە گەشتێکی مەترسیدار لە ڕۆژھەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوا، لەوێدا کە ئەم کولتوورە داخراوە و ڕۆژئاوای مۆدێڕن بەیەک دەگەن، بەرەنگاری "سیار" دەبنەوە کە خۆی بدۆزێتەوە کە ئەو کێیە. لە ئەستەنبووڵ، کچێکی گەنج بە ناوی "ئەڤین" دەبینێت، کە ئەویش وێڵە لە نێو سنوورەکانی ئەورووپادا. لێکنزیکبوونەوەی ھاوڕێیەتی و خۆشەویستی لە نێوانیاندا چکەرەدەکات. "ئەڤین" بڕیار دەدات کە لەگەڵ ئەو سەفەر بکات، بێئەوەی ئاگاداری پلانەکەی ئەو بێت.


ھیشام زەمان سەبارەت بە چیرۆکی ئەم فیلمە دەڵێت: "پێش بەفر بارین" فیلمێکە لەسەر کوڕێک کە گەشت دەکات بۆ ناو جیھان، بە کۆمەڵێک بەھا و نەریتەوە لە ناو ھۆش و جەستەیدا. دوورەکەوتنەوەی لە گوندەکەیانەوە کە تیایدا گەورە بووە، بەرەنگاری دەبنەوە و دەیگۆڕن. ھەر کەسێک کە بوێرێت و ئەو دنیایە ببینێت لە دەرەوەی جیھانە بچووکە زانراوەکەی خۆی، دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت کە ئەو کەسە گەشە بکات و بگۆڕێت.


ئەم سینەماکارە کوردە سەبارەت بە کردنەوەی ٢٣مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ترۆمسۆ" بە فیلمی "پێش بەفر بارین" گوتی: بێگومان یەگجار دڵخۆشم و شانازی دەکەم بەوەوە کە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ترۆمسۆ" بەم فیلمە دەکەمەوە، و ھەروەھا ئەو ھەواڵەش کە ئەم فیلمە بەشداری دەکات لەگەڵ ٧ فیلمی سینەمایی دیکەی باکووری ئەورووپا لە پێشبڕکێی سەرەکییەکەدا لە کاتی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی یۆتۆبۆرییدا لە وڵاتی سوید، بڕوای من بەوە بەھێز دەکات کە ڕووداوە پڕ لە کێشە و زەحمەتەکانی "سیار"، ھەموو لایەکمان دەجووڵێنێت.


ھیشام زەمان لە شاری کەرکووک لە دایکبووە و تەمەنی ٩ ساڵان بووە کە لە کوردستان دەرچووە. پەیمانگای فیلمی نەرویجی تەواوکردووە لە شاری لیللەھامەر. گەورەترین سەرکەوتنی سەردەمی بەدەستھێنا لە فیستیڤاڵی کورتە فیلمی "گریمستاد" لە ساڵی ٢٠٠٥دا کاتێک کورتە فیلمی "باوکە"ی ئەو پێنج خەڵاتی بردەوە، بێجگە لە خەڵاتی "کورسی ئاڵتوون". "باوکە" کاندیدکرا بۆ باشترین کورتە فیلمی ئەورووپی و خەڵاتی "ئاماندا"ی پێبەخشرا بۆ باشترین کورتە فیلمی نەرویجی لە ھەمان ساڵدا. لەو کاتەوە ھیشام زەمان زیاتر لە ٤٠ خەڵاتی لە ناوەوە و دەرەوەی نەرویج بردۆتەوە. لە لایەن گۆڤاری سینەمایی "راش پرینت" Rush Print "باوکە" ھەڵبژێردرا بە باشترین کورت فیلمی دەیەی ڕابردوو لە ساڵی ٢٠١٠دا. ھەروەھا چیرۆکە فیلمی "وڵاتی زستان" فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ترۆمسۆی پێکرایەوە لە ساڵی ٢٠٠٧دا.


ھیشام زەمان بێجگە لەوەی دەرھێنەری فیلمەکە بوو، لەگەڵ "شیل ئۆلا داڵ"دا ھاونووسەری سیناریۆکەش بوو. "وڵاتی زستان" کاندیدکرا بۆ خەڵاتەکانی "ئاماندا" لە بوارەکانی باشترین سیناریۆ و باشترین رۆڵی سەرەکی پیاودا و لە کۆتاییدا خەڵاتی سەرەکی باشترین رۆڵی ئەکتەری پیاوی ئەم فیستیڤاڵەی بردەوە. پێکەوە کارکردن لەگەڵ "شیل ئۆلا داڵ" بەردەوام بوو لە دوای "وڵاتی زستان"، ئەنجامەکەی "پێش بەفربارین"ی لێکەوتەوە.

فاکتی فیلمەکە:


ناونیشان: "پێش بەفر بارین"
نمایشکردنی بۆ یەکەمجار: ١٥ مانگی یەک، فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی ترۆمسۆ و ١٥ی مانگی دوو دێتە سینەماکانی نەرویج
جۆر: دراما
دەرھێنەر: ھیشام زەمان
سیناریۆ: شیل ئۆلا داڵ و ھیشام زەمان
بەڕێوەبەری وێنەگرتن: ماریۆ ماتیۆڤ گولبراندسەن
ئەکتەرەکان: تاھیر عەبدوڵڵا تاھیر، سۆزان ئیللر، بەھار ئۆزەن، برۆڵ ئونەل، نازمی کیریک، ئەحمەد زیرەک، موەفەق ڕوشدی و بیلەی دەمیرتاش
بەرھەمھێنەر: پارادۆکس لە لایەن فین یەردرووم، ستەین ب. کڤایێ لەگەڵ کۆمپانیای میتۆس فیلم لە لایەن مەمەد ئەکتاش
بڵاوکەرەوە: کۆمپانیای سکاندبۆکس
فیلمەکە بەرھەمھاتووە لە نێوان نەرویج و ئەڵمانیا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی عەباس غەزالی
لەگەڵ ھاوکاری بەڕێوەبەری پێشووی بەڕێوبەرابەتی گشتیی رۆشنبیری و لاوانی دھۆک عادڵ حەسەن.
ماوە: ١٢٠ خولەک
ساڵی بەرھەمھێنان: ٢٠١٢.

 

بۆ بینینی ترێلەری فیلمەکە کلێکی ئێرە بکە:

http://www.filmweb.no/trailere/article1084884.ece


بؤ زانياریی پتر: http://tiff.no/en/program/2013/snowfall


بەڕێوەبەریایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی "پێش بەفر بارین"

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک