په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١\٢٠٢٢

فیتوی خۆم دەناسمەوە!

عەبدوڵا ساڵح      

 
لە ناوەاڕاستی شەستەکان سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، پیاوێکی بێوەی و ڕوحسوک و خۆشەویست هەبوو لە شاری قەڵادزێ بەناوی (خدر حەیران)، کوڕو کاڵی شار هەر بەخۆشەویستی فیتویان - فیکەیان - بۆ لێدەدا تاکو توڕەی بکەن و ئەویش هەندێک قسە، یا جار جار، جنێویشیان پێبدا. کاتێک بەناو بازاڕدا هاتبا ، کە ئەوکات لەقەڵادزێ یەک ڕاستە بازاڕ هەبوو ، لەدوورەوە مام خدر گوێی لەهەر فیکەیەک بایە جنێوی دەدا ، خەڵکی دەچونە لای پێیان دەگوت:
مام خدر بۆ جنێو دەدەی خۆ ئەو فیتوە بۆتۆ نەبووە ! لەوەڵامدا، دوای جنێوێک، دەیگوت :
کاکە ئەمن فیتوێ خۆ دەناسمەوە باریک و درێژە!


لەنێو خەڵکی کوردزماندا ئیدیۆمێک هەیە دەڵێ: (دار بەرز کەوە سەگی دز دیارە)! بەر لەچونە ناو باسەکە پێویستە بڵێم بەلای منەوە هەموو گیان لەبەرێک ( مرۆڤ، ئاژەڵ ، ڕوەک) جێگای ڕێزە و مەبەست لەم کورتە باسە بێڕێزی نیە بەکەس.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣\١\٢٠٢٢ لە سایتی (بی بی سی)ی عەرەبی هەواڵێکم بەرچاوکەوت دەڵێ:
ڕۆژنامەنوسی ناسراوی تورکیا - سیداف کاباس - دەستگیر کراوە وبڕیارە بدرێتە دادگا و ڕەنگە لە ساڵێکەوە بۆ چوار ساڵ زیندانی بکرێ! "تاوانی" ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەوەیە لەبەرنامەیەکی ڕاستەوخۆدا لەیەکێک لەو تەلفزیۆنانەی سەر بە ئۆپۆزۆسیۆنن - تیلی ١ - پەندێکی باوی نێو زمانی تورکی لە قسەکانیدا هێناوەتەوە کە دەڵێ:
(ئەوکەسەی دەبێتە حاکم، ژیری و دانایی زیاتر دەبێ، بەڵام ئێمە دەبینین ئەوە ڕاست نیە).
دواتر هەمان ڕۆژنامە نووس لە توێتێکدا دەڵێ:
(گا نابێتە پاشا هەر ئەوەندەی چوە کۆشکەوە ، بەڵام کۆشکەکە دەبێتە تەویلە).


دوای ئەم دەربڕینانەی ئەو ڕۆژنامە نووسە، (فەخرەدین ئاڵتن) گەورە قسەکەر بەناوی ئەردۆغانەوە لەتوتێکدا دەڵێ:
(کەسایەتیەک کە بەڕۆژنامەنووس ناودەبرێ بێپەردە سوکایەتی بە سەرۆکمان دەکا لەسەر تەلەفزیۆن و ئامانجی لەو کارە تەنیا بڵاوکردنەوەی ڕق و کینەیە).


هەر لەو بارەوە سەرنوسەری تەلەفزیۆنی - تیلی ١ - (میردان یانارداغ) ڕەخنە لەدەستگیرکردنی سیداف کاباس دەگرێ و دەڵێ: دەستگیرکردنی کاباس لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بەهۆی ئەوەی پەندێکی باوی لەقسەکانیدا هێناوەتەوە، جێگای ڕەزامەندی نیەو هەوڵێکە بۆ ترساندنی ڕۆژنامە نووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هەروەها کۆمەڵگاش.


پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ ئەوە چ دەسەڵاتدارێکە بە ڕستەیەک بێتە لەرزە و توانای ڕەخنەیکی نەبێ کە لەچوار چێوەی پەندێکی باودا هاتبێتەوە !!یاخود ئەویش وەک مام خدر فیکەی خۆی دەناسێتەوە!


شایانی باسە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا سی ویەک هەزار کەس بەهەمان تۆمەت لەتورکیا، وەک هەواڵگری رۆیتەرز باسی دەکا ، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

 


٢٣\١\٢٠٢٢
a_salih11@hotmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک