په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٥\٢٠١٣

فۆبیای فێمێنیزمی ''ژنی کورد'' لە مێژووی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە کوردستان.

بزووتنەوەی ژنان لە دژی ''پیاو'' یان ''سیستەمی کۆمەڵایەتی''!

گۆنا سەعید        

- بەشی دووەم -

 

لە بەشی یەکەمی ئەم باسەدا ڕەخنەمان گرت لە لێکدانەوەکانی ھۆزان مەحموود لە وتاری " فۆبیای فیمینزمدا - کە لە ھاوڵاتی بەرواری ٢٨/٤/٢٠١٣ بڵاو بۆتەوە "لەسەر مێژووی کێشمە کێشی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و کۆمۆنیزم لە مەسەلەی ژناندا لە ساڵی نەوەدەکاندا , وە بەشێک لە مێژوو و کارکردنی ئەو بزوتنەوانەمان گێڕایەوە . بە تایبەت ئەو جیاوایانەمان نیشان دا کە لە نیوان دەورو ونەخشی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و ژنانی کۆمۆنسیت لە نەوەدەکاندا ھەبوو لەگەڵ بزووتنەوەکانی ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزمی و ڕیکخراوەژنانەکانیان.


لەم بەشی دووەمەدا دەچینە سەر باسی "فێمینیزم" بۆ "ژنانی کورد" لە ڕوانگەی ھۆزانەوە ، ھەوڵ دەدەین ئەوە شی بکەینەوە کە ئەم فیمینزمە بەم شێوەیەی پێشنیار کراوە چ پەیامیکی پێیە بۆ بزووتنەوەی ژنان، دواتر ڕۆشن کردنەوەیەکی زیاتر بدەین سەبارەت بە پەیوەندی واقعی فیمینزم بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی ترەوە وەک جوڵانەوەی ژنان بۆ بەدەست ھێنانی ماف و داخوازی لە چوارچیوەی سیستەم و ڕژێمی مەوجوددا و ھەروەھا باس بکەین لەوەی کە ڕەخنەی کۆمۆنیستی لە "فیمینزم" چیە؟


ھەڵبەت بە دوور لەو زمانەی کە ھۆزان بەکاری ھێناوە کە ڕێکخراو و چالاکی ژنان بە " کەم مەعریفە" دادەنێت ، پەیداکردنی زانیاری لە لایەن ژنانی کوردستانەوە لەسەر " فیمینزم " و ئەزمونی ژنانی ئەوروپا کارێکی ئیجابی یە ، ژنان و چالاکی ژنان دەبێت ھەمیشە لە ھەڵدا بن بۆ تێگەشتن لە بزووتنەوە جیا جیاکانی ژنان و مێژوویان و دەرس و تەجروبەیان لێ وەربگرن ھەروەک چۆن زۆر ئیجابیە کە زانیاریان ھەبێت لەسەر مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ئەدەب و ھونەر و فەلسەفە و شۆرشەکانی کە گۆڕانکاریان ھێناوەتە ناو ژیانی کۆمەڵگەی سەردەم. بەڵام ڕەخنەی من لە باسی ھێنانی فیمیزم لە وتارەکانی ھۆزاندا لەسەر چەند تەوەرێکی سەرەکیە : یەکەم فیمینزم لەسەر بنەمای مانایەکی گشتی و دابڕاو لە دابەشبوونە چینایەتیەکان وبزووتنەوە و سیستەمە کۆمەڵایەتیەکان بۆ ژنانی کوردستان پیشنیار دەکات ، دووەم داوا دەکات لە ژنان کە پیاوان بەرنە دەرەوەی بازنەی ئەم خەباتەیان و جۆریک لە تەقدیسی جیاوازیە بایۆلۆژیەکانی ئینسان دەکاتە بنەمای ڕزگاری ژنان و مەرجی دابڕانیان لە پیاو بۆ دادەنێت، سێیەمیش فیمینیزم وەک ڕزگاری بەخشی ژنان مەترەح دەکات نەک وەک خۆی کە ھەیە و بووە و مێژووەکەی شایەتی بۆ دەدات.


ئایا کێشەی ژن تەنیا مەسەلەی ڕەگەزی ژنانە یا مەسەلەی کۆمەڵگە و بزووتنەوە کۆمەڵایتیەکانە.


کاتێک ھۆزان باس لە فیمینزم دەکات وەک چارەسەری کێشە و چەقبەستوویی مەسەلەی ژنان لە کوردستان جۆرێک لە فیمینزمی توند ڕەو لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی رەگەزی ژن لە " حیزب و سیاسەتی پیاوانە " باس دەکات ، ئەو پێی وایە کە "ژن " وەک کائینێکی دابڕاو دەبێت خۆی دوور بخاتەوە لە "حیزبایەتی" و سیاسەت کردن لە نیو حیزبەکاندا بە دەلیلی ئەوەی کە ئەمانە پیاوانەن ، کاتێک لە وتاری فۆبیای فیمینزمدا" لە پێناو دروست کردنی " ھوشیاریەکی فیمینستیانە " ئەم ڕێگایەی خستۆتە بەردەم ژنان لە کوردستان " ئەوەی ھەستی پێدەکرێت، بۆشاییەکە بۆ دروستکردنی ھۆشیاریەکی ژنانە. دەکرێ ئەمە وەکو شەپۆلێک لە کارو چالاکی ژنانە پۆلێنبکرێت. ئەم جارە بە کارو تیۆر و تێڕوانینی ژنان بۆ شیکاری و تیۆریزە کردنی چەوسانەوەو پلەدووی خۆیان لە کۆمەڵگەدا. دوور لە مەوعیزە و ئامۆژگاری پیاوانی ناو پارتە سیاسیەکان." "ژنان خۆیان لەم کێشمە کێشەدا دەبێت بزانن قازانجی گشتی یان لە کوێدایە و کام فیکر و کام کامپ ھەڵبژێرن. ئەم شەپۆلە تازەیە ئەرکێتی تیۆریزەی ھەموو لایەنەکانی ژیانی ژن بکات. وە دەستپێشخەر بێت بۆ دروست کردنی ھۆشیاری یەکی فێمینیستی و ستراتیجی خەباتێک لەبەرامبەر بێ مافی ژناندا.".


بە پێی ئەم ڕوانگە "فێمینیستی " مەسەلەی ژن لە کۆمەڵگەدا لای ھۆزان تەنیا مەسەلەی ڕەگەزی ژنە و مەسەلەی نیوەکەی تری کۆمەڵگە کە پیاوە نیە ، وە بە نەتیجە مەسەلەی ژن لای ئەو دابڕاوە لە مەسەلەی سەرجەم کۆمەڵگەی ئینسانی و بزووتنەوە کۆمەڵایتیەکان کە چوارچێوەی فکری و پراتیک و دەخالەتی ئینسانەکان بە ژن و پیاوەوە لە کێشەکانی کۆمەڵگەدا دیاری دەکەن.


ڕاستیەکەی ئەم بۆچونەی ھۆزان ڕەگەز پەرستیەکی فکری و ئیدیۆلۆژیە و دەکرێت بە فیمینزمێکی توندڕەو پیناس بکرێت . ئەم بۆچونە زۆر جیاواز نیە لەو پێناسە گشتی و " عامەیە " کە لەم سەردەمەدا لە نێو ھەر کۆمەڵگەیەکدا بە ئەوروپیشەوە لەسەر فیمینزم ھەیە، کاتێک یەکسەر بە مانای دژە پیاو بوون لێکی دەدەنەوە و لە نەتیجەشدا باس کردن لە ڕزگاری و ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان تەنھا بە کاری ڕەگەزی ژن دەزانن و بەدیھێنانی ئەمانەش تەنھا بە ئیشی ژنان دەزانن نەک وەک ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و ئینسانی و چینایەتی بۆ بەدەست ھینانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دوور لە چەوسانەوە ، بەڵکو وەک خەباتی دابڕاوی ژنان لە دژی پیاوان چاوی لی دەکرێت . مێژوو و ئێستای ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابووری ئەوە دەسەلمێنیت کە مەسەلەی ژنان لەکوردستانیشدا ولە باقی کۆمەڵگە و ووڵاتانی تری دنیا وەک مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە پەیوەندی بە ململانێی سیاسی و فکری نێوڕەوتە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەوە ھەیە نەک مێژووی دژایەتی دوو رەگەزی نێر و مێ و خەباتی ڕەگەزی مێ دژ بە ڕەگەزی نێر.


ئەم جۆرە ناساندنە ی فیمینزم کە ھۆزان دەیکات نە مێژووی مەسەلەی ژنان پێک دێنێ چونکە لە ئەساسەوە ڕیشەی کێشەی ژن وەک ئینسانی ژێردەستە لە کۆمەڵگە دا لە نێو سیستەمی زاڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەشارێتەوە و پیاوان دەکاتە بەرپرسی ئەم ستەمە. وە نە ھاوتایە لەگەڵ خودی ناسنامەی فیمینزم لە مێژووی سەرھەڵدان و گەشە و دەرکەوتنیدا ، چونکە فێمینیزم لەدەورانی مێژوویی جیاجیادا فکر و تیۆری جیاجیای ھەبوە کە ھەمیشە کاریگەری بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی وەک لیبرالیزم و سۆشیالیزم و پۆست مۆدێزنیزمی بەسەرەوە بوە کە پیاو و ژن بەشدار بوون تێیدا ، ھەر بۆیەش بە درێژایی مێژووی سەرھەڵدانی ، فیمینزمیش دابەش بووە بە سەر مەکتەبی جیا جیای فکری و سیاسی کە ھەر یەکەیان سەری بە یەکێک لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە کانەوە بووە ، کاتێک باس لە "فیمینزم" دەکرێت ھیچ کات وەک ووشەیەکی تەنھا و سەربەخۆ پێناسێکی دیاری کراوی نیە ، ھەروەک بەشیکی زۆر لە فیمینستە ناسراوەکانی ئەم سەردەمەش خۆیان باسی لی دەکەن ، بەڵکو فیمینزم بەم ناوانەوە دەردەکەوێت : " لیبرال فێمینیزم" یا "فێمێنیزمی سوشیالیستی و مارکسیستی " یا " فێمێنیزمی ڕەش پێست " یا "فیمێنیزمی ڕادیکال " و لەم سەردەمەشدا تیرمی " فیمینزمی ئیسلامی" سەری ھەڵداوە . کەوایە ھیچ کات فیمینیزم جوڵانەوەیەک نەبووە کە وەک ھۆزان بە شێوەیەکی زەینی دەیەوێ "بە کارو تیۆر و تێڕوانینی ژنان بۆ شیکاری و تیۆریزە کردنی چەوسانەوەو پلەدووی خۆیان لە کۆمەڵگەدا. دوور لە مەوعیزە و ئامۆژگاری پیاوانی ناو پارتە سیاسیەکان." کاری کردبێ . بە پێچەوانەوە بزووتنەوەی فیمینستی و ڕەگە جۆراوجۆرەکانی ، ڕەوتێکی ڕیفۆرمیستی نێو بزووتنەوەی ژنان بوە کە بەدوای بەدیھێنانی ئازادی ومافی ژنانەوە بوە لەچوارچیوەی سیستەمی سەرمایەداریدا. ئەم ڕەوتەش لەگەڵ ھەڵچوون و داچونەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا بە شۆڕشگێڕ و ناشٶڕشگێڕیەوە بە درێژایی مێژووی سەرھەڵدانی ئەویش کاریگەری لەسەر بووە و دیدگا و تێڕوانینی جۆراو جۆری لی ھاتۆتە دەرێ ، کە ھەمیشە لەپاڵ ژناندا پیاوانیش تیوریسیەن و نوێنەری لیبرالیزم و مارکسیزم و پۆست مۆدیرنیزم بوون کە کاریان کردۆتە سەر لقەکانی فیمینیزم.


مێژووی بزووتنەوەی بەدیھێنانی مافی دەنگدان بۆ ژنان ،نمونەی زیندوی ئەم ڕاستیەن کە پێچەوانەی قسەکانی ھۆزان لەسەر مێژووی" ژنانە و فێمێنستانەی" بزووتنەوەی ژنان دەسەلمێنێ. ئەگەر چاوێکی خێرا بگێڕین بەسەر مێژووی بزووتنەوەی ژنان بۆ مافی دەنگدان ، بەم شێوەیە فۆرمولە دەبێت لە مێژوودا :


"لەکاتێکدا لەسەدەی نۆزدەدا سەرمایەداری گەشەی بەرفراوانی کرد و لە سەرەتای سەدەی بیستدا بازاری کار پێویستی بەھێزی کاری ژنان بوو لەپاڵ پیاواندا. سەرمایەداری و تەوژمی لیبرالیزم وەک بزووتنەوەیەکی بورژوازی پێویستی بە لابردنی ڕیگریەکانی بەردەم ھاتنە ناوەوەی ژنان بۆ بازاڕی کارو مافی ھاوڵاتی بوونیان بوو. ھەربۆیە لەپاڵ ژنانی وەک "مێری والستون کرافت"، ئلیزابێت کیدی ستنتون" پیاوی وەک "جۆن ستیوارت میل"یش لە تیوریسینەکانی لیبرالیزم بوون کە باوەڕیان وابوو ژنانیش پێویستە خاوەنی مافی سیاسی یەکسان بن لەگەڵ پیاواندا. ئەمە مەیلی لیبرال فیمینیزمی لێکەوتەوە . لەئەمریکادا ئەم فیمینزمە لیبرالیە لەسەرەتاوە کەخۆی لە ڕێکخراوی (NAWSA) دەبینەوە لە ژنانی ناودەسەڵاتەوە نزیک بوو و مافی دەنگدانی بۆ ژنانی سپی پێست و خاوەن موڵک داوا دەکرد ، لە کاتێکدا کە دژ بە مافی دەنگدان بۆ ژنان و پیاوانی ڕەش پیست و پەنابەران بوو و وەخۆی بەدووردەگرت لە سەندیکاکانی کریکاران . بەڵام لە ھەمان کاتدا لە ئەڵمانیا کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی خۆی لە حزبی سوشیال دیموکراتی کریکاریدا ڕیکخستبوو، خەباتێکی فراوانی بۆ مافی دەنگدانی ھەموو ژنان بەبێ جیاوازی بەڕێخستبوو و لەسەربنەمای بیروڕا و ئامانجی مارکسیزمدا ، مافی سیاسی ژنانی وەک چەکێکی خەباتی شۆڕشگێڕان دەبینی. کەچی لە دەورانی جەنگی جیھانی یەکەمدا بزووتنەوەی مافی دەنگدانی ژنان کەوتە ژێرکاریگەری ئامانج و سیاسەتی ئیمپریالیستی زاڵ بەسەر شەڕەکەدا. بۆیە بەشەکانی لیبراڵ و کۆنسەرڤاتیزمی ئەم بزووتنەوەیە لەوانە "یەکێتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنان" وازیان لە چالاکی بۆ مافی دەنگدان ھێنا و بوون بەلایەنگرانی سەرسەختی شەڕ و پشتیوانی لەدەوڵەتی بەریتانیا. لە کاتێکدا بەشی سوشیالیستەکانیش لەم دەورەیە دژ بەجەنگ خەباتیان دەکرد و بەردەوام بوون لە ھەوڵدان بۆ بەدەستھێنانی مافی دەنگدان بۆ ژنان.


لە ساڵی ١٩١٧ دا بەھاتنە سەرکاری حکومەتی کریکاری لە سۆڤیەتدا و بەرەسمی ناسینی مافی دەنگدان بۆ ژنان و ڕاگەیاندنی یاسای یەکسانی ژن وپیاو و دابینکردنی مافە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی ژنان بەفراوانترین شێوە ، تەنھا ئەوکات ووڵاتانی ڕۆژئاوا ناچار لەژێر کاریگەر و فشاری ئەو تەوژمە جیھانیەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژنان و کریکاران و چین و توێژە ستەملێکراوەکانی دا لەساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩ مافی دەنگدانی ژنانیان بەرەسمی ناسی".(شیکردنەوەی بزووتنەوەی مافی دەنگدانی ژنان، اعظم کم گویان).


ئەمەی سەرەوە تەنھا نمونەیەک بوو کە چۆن بزووتنەوەی ژنان و "فیمینستی" لەسەر یەک داواکاری ژنان ھاوتەریبی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دابەش بووە و ھەڵوێستەکانی بەشی بورژوازی و لیبرالی و سۆشیالیستی کۆمەڵگە کاریگەری ڕاستەخۆیان لەسەر داناوە ، وە بەردەوام دەور و نەخشی فیمینزم لە ژێر کاریگەری ئەو بزوتنەوانەدا بووە.


ئەوەی ھۆزان سەبارەت بە مێژووی فێمینیزم لە ئەوروپا دەڵێ کە:"ژنان خۆیان کەوتنە نوێنەرایەتی کردنی کێشەکانی خۆیان و خۆڕێکخستن بۆ بەدەست ھێنانی مافەکانیان. وە ھەروەھا دروست کردنی ھۆشیاری یەکی فێمینیستی بە دژی سێکسیزم و ھەیمەنەی موتڵەقی پیاو لە ناو خانەوەدا و کۆمەڵێک بێ مافی تر. ھەربۆیەش فێمینیزم گرنگی خۆی ھەبووە لە بردنەسەرەوی ئاستی ھۆشیاری ژنان و بەدەست ھێنانی کۆمەڵێک ئازادی." بەم ووتەیە ڕاستی مێژووی بزووتنەوەی ژنان پیشان نادات بەڵکو وای دەناسێنێت کە گوایە تەنیا ژنان بە ھوشیاریەکی فێمینستیەوە ماف و ئازادی ژنانیان بەدەستھێناوە ، بە پیچەوانەی ئەو نمونەیەی کە لە بزووتنەوەی مافی دەنگدان بۆ ژنان نیشانمان دا ، کە ژنان وەک بەشی چالاکی نێو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی تر لەوانە لیبرالیزم و سۆشیالیزم لە سەدەی ١٩ و ٢٠دا ناڕەزایەتی و چالاکی و بزووتنەوەی ژنانیان ڕێکخستوە و فێمینیزم بەشێک بوە لەنێو بزووتنەوەی ژناندا کە لەژێرکاریگەری و لەپاڵ ئەم مەیلە سەرەکیانەی تردا دەرکەوتوە.


ڕیشەی ژێردەستەیی ژنان پیاوە یا سیستەم؟


جێگەی خۆیەتی بڵێین کە لە ئەساسدا ئەم فیمینیزمە ی ھۆزان باسی دەکا تاوانبارکردنی "پیاوە" وەک ڕەگەزێکی ئینسانی کە بە سەرچاوەی ستەمکاری و بێ مافیەکانی ژنانی دادەنێت وەک ئەوەی پیاو لە ئەسڵدا "عیلەتێکی" ھەبێت وە بەمەش ڕیشەی کێشەی ژن وەک ئینسانی ژێردەستە لە کۆمەڵگە و سیستەمی زاڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەشارێتەوە . سەرچاوەی ئەم بوچونەشی لە یەک خاڵی ھاوبەشی جۆرەکانی فیمینزمەوە ھێناوە ، چونکە ھەرچەندە تیۆری فەلسەفی،سیاسی و کۆمەڵایەتی فێمینیزم کۆمەڵیک بیروبۆچونی جۆراوجۆرو پەرتەوازەیە ، بەڵام خەسڵەتی ھاوبەشی جۆرەکانی فیمینیزم ئەوەیە کە نایەکسانی ژنان لەگەڵ پیاواندا دەگەڕێنێتەوە بۆ ھۆکاری جیاوازی بایەلۆژی و خۆبە باشترزانینی پیاوان لە بەرامبەر بە ئینسانی ژن بە بیانووی جیاوازی بایولۆجی و چەند ئۆرگانێکی جیاوازی لەشیەوە ، ئەمەش دەکەنە سەرچاوەی ستەم و نابەرابەریەک کە ژنان تووشی بوون ، بەم لێکدانەوەیەش ستەم و چەوسانەوەی ژنان دەبەنە دەرەوەی سیستەمێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کە ژن لەگەڵ ئینسانی پیاودا تیایدا دەژی. ئەم بۆچونە ناتوانێ ئەوە ببینێ کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە قۆناغی جیاجیادا وەک ژن و پیاو پێکەوە ژیاون ، وو جیاوازی و نایەکسانی نێوان ژن وپیاو لەم سەردەمەدا بەشیک لە پێویستیەکانی مانەوە و درێژەدان بە سیستەم و نیزامی سەرمایەداری ئەمرۆیان دابین کردوە . لەبەرامبەر بۆچونی فێمینستیدا ، مارکسیزم بەم شێوەیە ھۆکاری مانەوەی جیاوازی ژن و پیاو و بێمافی ژنان و ستەمی ڕەگەزی و پیاوسالاری لێکدەداتەوە:


" سەرمایە لە دابەشکردنی ڕەگەزی ئینسانەکان بەژن و پیاو لە مەیدانی بەرھەمھێناندا وەک فاکتەرێکی گرنگی ئابوری و سیاسی لە بەدیھێنانی بەدەستھێنانی سودی زیاتر و کەڵەکەی زیاتر سودی وەرگرتوە..سەرمایەداری بە دروستکردنی جیایی و قەڵشت لەنێوان ژن و پیاودا خودھوشیاری ئینسانی وچینایەتی ئینسانی کرێکار و بێبەشی شێواندوە و درێژەکێشانی بیروڕاو دەمارگیری کۆن و داڕزیو مومکین دەکا.. ئەمە ھۆ و سەرچاوەی مانەوەی جیایی و قەڵشتی نێوان ژن و پیاو، جیاکردنەوە و لیک ترازاندنی مەیدانی خسوسی و مەیدانی کۆمەڵایەتیە، پێناسەی ژن لەگەڵ مەیدانی ژیانی خسوسی (ماڵ و خێزان) و پێناسەی پیاو لەگەڵ مەیدانی (چالاکی بەرھەمھێنان، سیاسەت، دەوڵەت، ھونەر و ئەدەب و..)، پاشکۆیەتی ژن بەپیاو، جێگای ژێردەستەیی ژن و درێژەکێشانی بیروڕای پیاوسالارانە لەژیانی ئینسانی ئەمڕۆدایە." (دنیایەکی باشتر- بەرنامەی کۆمونیزمی کرێکاری).


لە ئەنجامدا ئەم بۆچونەی فێمینیزمەی ھۆزان باسی دەکا کە سەرچاوەی کێشەی ژنان بە پیاوان و کاری پیاوان وەک ڕەگەز دەزانێ ، ڕێگای لابردنی ستەمیش لەسەر ژنان بە جیابونەوە لە پیاو و ھوشیاری ژنانە نیشان دەدات ، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ژنان لە کوردستان لە جیاتی ڕووبە ڕووبونەوە لەگەڵ سیستەم و دەسەڵاتی ھەرێم ، ڕوو بەڕووی پیاو ببنەوە ، بەمەش بزووتنەوەی ژنان لە بزووتنەوەیەکی سیاسی وشۆڕشگێڕانەوە بۆ ڕزگاری و یەکسانی ژنان دەکاتە بزووتنەوەیەکی ریفۆرمیستی کە ژنان بە داواکردن و ڕاوێژکردن لەگەڵ دەسەڵات بۆ دورخستنەوەی دەسەڵاتی پیاو خەریک دەکا.


جوڵانەوەیەکی فیمینستی لەم شیوەیە ھەموو ژنێک دەتوانێت ئەندامی بێت و ئیدعای ھەوڵدان بۆ بەدەست ھێنانی ماف و ئازادیەکانی ژن بکات ، بۆ نمونە ژنێکی نیو ڕەوتێکی ئیسلامی دەتوانێت خۆی بە فیمینست بناسێنیت بەوەی کە لە چوارچێوەی دیندا بۆ مافی بە مەلا بوون و بوونە زانای ئایینی و بەشداری کردن لە بڕیاردان و سیاسەتی ئیسلامی سیاسیدا کار بکات ، بەڵام ئەم فیمینستە ھیج کات ناتوانێت بەرگری لە ماف و ئازادیە تاکە کەسیەکانی ژن بکات ، ناتوانێت بە دژی فرەژنی و حساب کردنی ژن بە نیو شایەت و بوونی نیوە بەشی میراتی بۆ ژنان لە چاو پیاوندا بوەستێتەوە ، ھەروەک چۆن ژنێکی نێو سەرکردایەتی حیزبێکی دەسەلاتدار کە بەرژەوەندی وا لە پاراستنی بەرژەوەندی حیزبی چینەکەی خۆیدا لەوانەیە بۆ ماوەیەک لە پیناو مافی زیاتری سیاسەت کردن و چوونە شوێنی بریاردان وەک فیمینستێک ھەڵسوڕیت ، بەڵام ھیچ کات " ژن بوون" بۆی نابێتە بنەما بۆ بەرگری کردن لە یەکسانی ھەمەلایەنەی ژن و پیاو و ئەمە بە کێشەی خۆی نازانێت چونکە بوونی ئەو لە نیو چینێکی باڵا دەستدا زۆرێک لەو مافانەی بۆ بە دەست ھێناوە کە ژنێکی کرێکار یان بی کار یان ماڵ نیەتی و بە دەست ھەژاری و بیکاری و نەبوونی خوێندن و بیمەی کۆمەڵایەتی دەناڵێنێ ، ھیچ کات بەرگری لە بەرژەوەندی چینەکەی خۆی و حیزبەکەی خۆی ناخاتە دوای مەسەلەی بەرگری لە ماف و ئازادی بۆ ھەموو ژنانی نێو چین و توێژەکانی تر . بەڵام کاتێک دێتە سەر ژنانی کرێکار و کارمەند و بێکار و دەرگیر بەکاری ناوماڵ ئەوا بۆ داواکاری یەکسانی ئابووری ، یاسایی ، کۆمەڵایەتی کە گرنگترین مافەکانی ئەوان دابین دەکات ، ھیچ کام لەم ژنانە ناتوانن بە " فیمینست" بوون لە بەرامبەر بە بەرژەوەندی حیزبی دەسەڵاتداری بورژوازی راوەستن و تێبکۆشن لە دژی دەسەڵات و سیستەمیک کە ئەم نەھامەتیانەی بۆ ھێناون لەبەرئەوەی ئەم دیدگا فێمینستیە ڕوبەڕوی پیاوێکیان دەکاتەوە کە دەرگیری ھەمان دەردی نایەکسانی ئابوری و سیاسیە کە ھەمان دەسەڵات بەسەر ئەو پیاوانەشیدا سەپاندوە. پیاوسالاریش پێش ئەوەی لەمێشکی پیاوی کرێکار و کەم دەرامەتدا بێ ، ژەمێکی فکری و سیاسی ئامادەکراوی سیستەمی دەسەڵاتدارە بۆ کۆمەڵگە تا ژن و پیاو لەو سیستەمە نایەکسانیەدا بھێڵێتەوە و بەرەوڕووی یەکیشیان کاتەوە. ھەقیقەت ئەوەیە کە لە ھەموو جیھاندا ژنانیش ھەروەک پیاو دابەش بوون بەسەر چین وتوێژی خاوەن بەرژەوەندی جیاواز . نمونەیەکی جیھانی ئەوەیە کە ھیلاری کلینتۆن لە مینەبەرکانەوە و لەسەر ئاستی جیھانیدا باس لە چارەسەری مەسەلەی توند تیژی لەسەر ژنان دەکات و وەک فیگەرێکی نیو فیمینستەکان بە ژنێکی بە توانا و سەرکەوتوو ناو دەبرێت ، لە ھەمان کاتدا یەکێک بوە لە سیاسیە بڕیاردەرەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بەشی ھەببوە لە بریاری جەنگ وکوشتاری ھەزارەھا ئینسان لە ئەفغانستان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراق ، بیریشی نەکردۆتەوە لەوەی کە لەم شەڕ وکوشتارانەدا بە ھەزاران ژن تیا دەچن وھەژار تر دەبن و ھەژموونی دین و کۆنەپەرستی باڵ دەکێشێت بەسەر ژیانی کۆمەلاتی و خێزانیدا .. ئەم " ژنە فیمینستە " چ بەرژەوەندیەکی ژنانی بەگشتی پاراست !؟ یاخود ئەو ژنە پەرلەمانتارانەی نیو یەکێتی و پارتی و ئیسلامیەکان کە دەنگیان بە "یاسای فرەژنی" لەپەرلەماندا داوە دەبێت چ ھەستێکی ھاوڕەگەزی و ھاوپەیمانیان ھەبێت بۆ ژنانی نێو کۆمەڵگە بەگشتی !؟ ئایا بە ڕاستی ئەمانە دەتوانن ڕۆژێک لە ڕۆژان و بە ھۆی "ھوشیاری فیمنستیەوە " لە ڕیزی ئەو ژنانە بن کە دەتوانن یەکسانی و سەربەخۆبوون و ڕزگاری بۆ ژنان بە گشتی بەدی بێنن ؟. ئەگەر تەنیا ڕەخنەی ھۆزان لە "چێژ وەرگرتنی ئەم ژنانە بێت لەدەسەڵات" ئەوا بەدەرسی ئەخلاقی فێمینستی ناتوانێ ژنانی چینی بورژوازی قەناعەت پێ بێنێ کە ئەم چێژە لەدەسەڵاتیان وەرنەگرن و بێنە ڕیزی ژنانێک کە بەشی شێریان پێ بڕاوە لە نایەکسانی و ھەڵاواردن . ئەم فێمینیزمە قسەیەکی بۆ ئەو نایەکسانیە پێ نیە کە ژنان و پیاوانی چینی باڵادەست لەم سیستەمەدا سەرچاوەی مانەوەین .


لە کۆتاییدا قسەیەکی مەنسوور حیکمەت بە نمونە دەھێنمەوە دەربارەی فێمێنستەکان سەبارەت بەوەی ڕەگەزی ژن دەکەنە پێوەر بۆ ڕەوایەتدان بە لێکدانەوەکانیان و دەڵێ " بەبڕوای من بزووتنەوەی فیمینیستی تەنانەت خۆی لە ڕوکەشی مەسەلەی ژنانیش نادات. ھەمان ئەوکەسانەی کە پێیان وایە دەرکی مەسەلەی ژنان دەکەن، ھەتا زۆرێک لە فیمینیستەکان لە وڵاتە جیاجیاکان ئێستا بەرەو باڵی چەپی ئەحزابی دەسەڵاتدار کێشبوون کە تەنانەت ئیمتیازە لاوەکیەکانی ژنان دەسێننەوە. سەرەنجام من ھەتا باسی ڕەخنەی فیمینیستەکان لە مارکسیستەکان، لەسەر بنەمای ئەوەی کە لەبەرئەوەی بۆ نمونە لەناو مارکسیستەکاندا پیاو زۆر ھەن یان ئەوەی کە بەشی پیاوان لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا مەسەلەی ژن دەرک ناکات، بە جدی وەرناگرم. ئەوەڕۆشنە کە ھیچ کەس تەجروبەی شەخسی کەسێکی تر دەرک ناکا. لە دوالێکدانەوەدا ھەرکەسە خۆی باشتر لەھەرکەسێکی تر تەجروبەی ژیانی خۆی کردوە. بەڵام نازانم بۆنمونە مارگریت تاچەر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا کە بێ ئەندازە کۆنەپەرست و ڕاست ڕەو بوو، یا نوێنەری مەجلسی ئیسلامی، وەکو یەکەم کەس ئەبێ چ شتێک تەجروبە بکەن کە، بۆنمونە، ئەو کۆمۆنیستانەی کە ٢٠-٣٠ ساڵ تەمەنیان لەپێناو یەکسانیدا خەباتیان کردوە، نەتوانن تەجروبەی بکەن و تێی بگەن. بەڕای من ئەمە بێ مانایە. ئەو شتانە موزایەدە کردنن .موزایەدەی سیاسی زۆرن کە بەم مانایەک کەسێک دەڵێ "من سەربە فڵان نەتەوەم و ھەربۆیە من غەم و دەردی ئەم میللەتە من ھەستی پێدەکەم"..ھیچ بەڵگەیەکی نیە! ھەموو ھەست بەدەردوغەمی ئینسانەکان دەکەن. ھەرکەسێ کە خەتی فکری و سیاسی دژی ھەڵاواردن و نایەکسانی بێ دەتوانێ خۆی لەجێگای ئەو بەشە ژێردەستەی کۆمەڵگە دابنێ و بیر لە کیشەکانی بکاتەوە. لەمێژوودا ھەڵویستی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لەبەرامبەر مەسەلەی ژناندا ڕادیکاڵترین و گشتگیرترین ھەڵوێست بوە.".

_________________________________________
سەرچاوە: http://www.marxists.org/kurdi/hikmet/babetekan/2001_sabarat_ba_mafi_jnan.pdf

_________________________________________

بەشی یەکەم: http://www.emrro.com/fobyayfemenizim.htm

 

ماڵپه‌ڕی گۆنا سه‌عید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک