٨\١١\٢٠١٠
فۆبیای پێوەندیی
کورد و جوو، راستکردنەوەی رێڕەوی مێژوو.

ئا: شێرزاد عومەر مەحموود
- بەشی دووەم -
رێڕەوی پێوەندییەکانی کورد
و جوو.
تێکدانی رێڕەوە راستەقینەکانی مێژوو لە پێناو وەدەستهێنانی خاکی زۆرتر
و خاکی گرینگتر و خاکی پیرۆزتر و خاکی بە پیتتر بووە لە مێژوودا،
جووەکان دەمێکە ئەو درووشمە دەڵێنەوە و زۆر بڕواشیان پێی هەبووە (حدودنا
لنیل الی فرات و الباقی للاکراد)، ئەگەر لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕواست
بڕوانی کە عوسمانییەکان دروستیان کردبوو لە ساڵی 1812 سنووری کوردستان
لەگەڵ سنووری ئیسرائیلە، لە نەخشەی رۆژهەڵاتی تازەشدا ئەم راستییە
بەرچاو دەکەوێ، کاتێک ئەم شێواندنەی مێژوو دەبینرێت دەقاو دەق مرۆڤ
سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە (فرق تسد)ی دێتە بەرچاو، چونکە کاتێک
زلهێزەکانی دنیا یاخود نەتەوە سەردەستەکان ویستویانە نێوماڵێک تێک بدەن
ئەوا پەنایان بۆ ئەم شێوازە سیاسەتە بردووە و لەوێوەش توانیویانە
بەچەواشەکاری ئەم درزە بخەنە نێو نەتەوەکان و میللەتان، درزی نێوان
کورد و جووش بەم شێوەیە بووە، لەکاتێکدا هەموو نەتەوە سەردەستەکان بە
ئێستای جووشەوە لە واقعیەتی راستکردنەوەی ئەم هەڵە گەورەیەی مێژوو
دەزانن، بۆیە دەبینین تورکەکان لە سەرەتاوە بێ ئەندازە خۆیان لە
جووەکان و دواتر ئیسرائیل نێزیک کردووەتەوە و تەنانەت ئیمپراتۆریایەکی
گەورەی ئیسلامییان کردە قوربانیی دۆستایەتیی خۆیان بە جووەکانەوە تەنیا
بۆ ئەوەی جوو لە ئایندەدا نەبنە هاوپەیمان و هاورەچەڵەکی یەکتر زیندوو
بکەنەوە و بەهۆیەوە تورک لەناوچەکەدا ببێتە کەمینەی ژێردەست، لەلایەکی
ترەوە ئێران هاتووە ئەم دۆستایەتییە مێژووییەی وەلا ناوە بە بیری
ئیسلامی و شیعەگەراییەوە ناکۆکییەکانی خۆی بە جووەکانەوە قووڵ و قووڵتر
کردووەتەوە و لەوێوەش نانی خۆی لەسەر خوانی ساویلکەیی عەرەبەکانی
فەلەستینەوە پەیدا کردووە و هاوکات ئێران لەناوچەکەدا بۆتە بزوێنەری
تۆخکردنەوەی ناکۆکیی عەرەب - ئیسرائیل هەر بۆ ئەو مەبەستەی کە
ئاماژەمان پێدا، لەپێناو ئەوەی کە جووەکان بە دۆست و هاورەچەڵەکە
رەسەنەکانی خۆیان لەناوچەکەدا نەبن بە هاوپەیمان، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا
بەرەیەکی بەهێز ئێران نەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، عەرەبەکانیش بەهەمان
تیۆری ئیسلامگەرایی و فراوانخوازی و مەزنخوازی ساویلکەییی عەرەب
هاتوونە لە رێگەی دەقە پیرۆزەکانەوە کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکەیان کردووە و
لە رێگەی مێژوونووس و نووسەرە دەربارەکانی بارەگای خەلیفە و ئەمیر و
ئیمپراتۆرەکانیانەوە سەر و ژێری مێژووی ئەو ناوچەیەیان چەواشە و
دەستکاری کردووە، بە نەفەسێکی پان عەرەبیزم هاتونە کاریان لەسەر
دابڕاندنی جووەکان لەکۆمەڵگای مرۆڤایەتی کردووە و هەموو ئاراستە
نوێگەراییەکانی مێژوو، راستگۆیی و پاکی و زانست و زانین و هەرچی ئەدەب
و هونەری کۆمەڵگای رۆژهەڵاتیشە ئاراستەی بیابانی عەرەبی و بارەگای
خەلیفەکان کراوە بەجۆرێک تۆ وا هەست دەکەیت پێش ئەوەی ئیسلام بێتە
ناوچەکە هیچ شارستانیەتێک لە جیهاندا نەبووە و دنیای پێش ئیسلام دنیای
نەبوونی بووە، ئا لێرەوە سەرتاپای مێژوو شێوێنراوە و بەعەرەب کراوە
تەنانەت خودی رەچەڵەکی پێغەمبەری ئیسلام و هەموو پێغەمبەرەکانی تر
لەلایەن عەرەبەکانی بیابانی عەرەبی تەعریب کراوە.
نەتەوەی کورد و جوو لە چ خاڵێکی مێژوویی و
ئایینی یەکدەگرنەوە؟
لە پەرتووکی (سبائک الژهب فی معرفە قبائل العرب(1)) دا هاتووە کە کورد
و جووەکان لە رەچەڵەکدا برای یەکترن و لە نەوەی سامی کوڕی نوحن کە
بەمجۆرە باسی دەکات: کوردۆ و گورجۆ کوڕی ئێرانن، ئێران کوڕی ئاشوورە،
ئاشوور کوڕی سامە، سام کوڕی نوحە (کورد و فارس و جوو و ئەرمەن و گورجی
و هاشمی و قوڕەیشی سامین)، کەنعان و مسر و قۆت و گۆش کوڕی حامن و حامیش
کوڕی نوح پێغەمبەرە (ئەفریقایی و عەرەب و رەش پێستەکان کوڕی حامن)، (تورک
کوڕی کۆمەرە و کۆمەر کوڕی یافسە و یافسیش کوڕی نوحە).
پێغەمبەر ئیبراهیم باوکی بەنی ئیسرائیلە و لە رەچەڵەکدا کوردی شاری
روحایە(ئورفا)ی باکوری کوردستان، هەروەها ئیسرائیل ناسناوی پێغەمبەر
یەعقوبە و یەعقوبیش کوڕی پێغەمبەر ئیسحاقە و ئیسحاقیش کوڕی ئیبراهیم
پێغەمبەرە، رەچەڵەکی پێغەمبەر موحەمەد پێغەمبەری ئیسلام دەگەڕێتەوە
بۆسەر قورەیش و قوڕەیشیش دەگەڕێنەوە بۆسەر رەچەڵەکی سامی کوڕی نوح و
محەمەد لە نەوەی پێغەمبەر ئیسماعیلە و ئیسماعیلیش کوڕی ئیبراهیم
پێغەمبەرە، ئێستا کوردی باشوور ئیسحاقینە و کوردی ئامەد و ئورفا
ئیبراهیمی و ئیسماعیلینە، بەم شێوەیە دەبینین باوکی پێغەمبەرەکان واتا
هەر لە نوحەوە تا دەگاتە محەمەد لە رەچەڵەک سامین و لە میزۆپۆتامیا
هاتوونە بوون، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە کورد و جوو لە رەچەڵەک بەیەک
دەگەنەوە و ئەم برایەتی و دۆستایەتییە تا رۆژی ئەمڕۆ شێوێندراوە و
شاردراوەتەوە.
سەرچاوە مێژوویییەکانی دۆستایەتیی کورد و جوو:
بە سەدان سەرچاوەی زۆر گرنگی مێژوویی لە ئەرشیڤی کوردیدا بوونی ئەو
برایەتی و دۆستایەتی و هاوکاریەی نێوان هەردوو گەلی برا دووپات
دەکەنەوە، ئەمانەی خوارەوە مێووێکی ئەوەندە کۆن نین کە پێمان دەڵێن
ئەمە تایبەتمەندییەکانی کورد بووە بۆ دۆستایەتیی گەلانی تر، لەکاتێکدا
فارس یان تورک و عارەب دەڵێن: نەخێر جوو برای کوردان نین چونکە کورد
ئیسلامن و جووەکانیش دژی ئیسلامن کەواتە برایەتیی نێوان کورد و جوو
هەڵخەڵەتاندنی یەکترە و چەواشەکردنی خەڵکە، ئەوان ئێمەی کورد بە هاو
ئاین و دراوسێ دەزانن، بەڵام هەرگیز بە برامان نازانن، چونکە هەرگیز
برا مافی برای ناخوات، کەچی ئەوان بە ناوی ئاینەوە ئەمڕۆ مافی ئێمەیان
زەوت کردووە، لە کاتێکدا ئاینی ئیسلام ئاینی سەندنی مافی مرۆڤەکان بووە،
شۆڕشی مافخوراوان بووە، ئەگەر ئەم قسانە هەمووی هەقانیەتە بەرامبەر بە
ئیسلام و ئەمانە ئایدیۆلۆژیا بنەڕەتیەکەی ئیسلامن ئەوا هەرگیز ئێمە
لەلایەن جووەکانەوە زوڵممان لێ نەکراوە بەڵکو هەر تورک و عەرەب و فارس
جینۆساید و ئەنفال و رەشەکوژیان کردووین تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بووینە
و نەمانویستووە خاکی کەس داگیر بکەین و چاومان لە کۆیلەکردنی هیچ
نەتەوەیەک نەبووە، کەواتە هەرگیز تورک و عەرەب و فارس نابنە دۆست و
برامان کە بەسای ئاین و خوێنڕشتنیانەوە بوون بەدەوڵەت و داگیرکار و
خوێنڕێژ، نموونەی هەرە نزیک ئەمڕۆ تورکمانەکان لە عێراق لە تورکیا
زیاتر خەنجەریان لەکایە لە هەمبەر کورد، لە تورکیا زیاتر دژ بە
بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەی کورد دەوەستنەوە، ئینجا سەرەرای هەموو
ئەم زوڵم و ناهەقیانە ئێمە دەچین داوای برایەتی و تەبایی و دراوسێتی و
ئەو چەمکە سواوانەیان لێ دەکەین کە ئەوان هەرگیز بڕوایان پێی نییە و لە
دەستیشیان بێت بە هەزاران ئەنفالی ترمان بەسەردا دەهێننەوە.
ئەمەی خوارەوە چەند نموونەیەکی نێزیکی ئەم
مێژووەن کە کورد بەرامبەر بە نەتەوە و ئاینەکانی تری کوردستان بە
تایبەتی جووەکان چۆن بوو:
- لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا بەدرخان پاشا (1802-1867) بوو کە بە
شایەتی سیۆنارە دیانەکان، دەیویست لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا، واتا
(1843-1847) دەوڵەتێکی کوردستانی دروست بکات کە مسوڵمان و دیان و جوو
و لایەنگرانی ئاینەکانی دی مافی وەک یەکیان هەبێ(2) .
- لیبەراڵێتیی ئاینی لەنێو کورددا، لە دەورانی حکوومەتی شێخ مەحمووددا،
لە راددەیەکدا بوو کە دیان و جوو، نەک هەر بەسەربەستی، ئاینی خۆیان
دەپەرست، بگرە لە حکوومەتی کوردستانیشدا پایەی بەرزیان هەبوو، بۆ
نموونە کەریمی ئەلەکە کە لە خێزانێکی دیانی بەناوبانگی کوردستان بوو،
وەزیری داراییی حکوومەتی کوردستان بوو(3). زۆر جار کە جووەکان لە ناو
خۆیاندا شەڕیان ببووایە، شێخ مەحموود خۆی دەچوو ئاشتی دەکردنەوە،(4)
شێخ عەبدولسەلامی بارزانی کە لە 1908ەوە بۆ وەدەستهێنانی مافی کورد لە
دەڤەری بادیناندا دەستیکرد بە شۆڕش دژی رێژیمی "ژۆن ترکەکان"و لە ساڵی
1914دا لە مووسڵ لە سێدارە درا، بەشایەتیی قەشەیەکی دیان کە نێوی
Wigramە(5).
- خواجا حینۆ (کە یەکێک بوو لەو جوولەکە کوردانەی لەساڵی 1948ەوە لە
ئیسرائیل دەژیا) لە هاوڕێ نێزیکەکانی بارزانی بوون. (6)
- هەروەها کاتێک ژەنەراڵ عەبدولکەریم قاسم، رێژیمی شایەتیی لە عێراقدا
رووخاند (لە 14/7/1958دا)، بارزانی گەڕایەوە بۆ عێراق و ویستی ببێتە
هاوپەیمانیی قاسم. بەڵام کە قاسم ناپاک دەرچوو لەگەڵی لەسەرەتای
شەستەکاندا، پێوەندیی لەگەڵ ناسریستەکان و یەکێتیی سۆڤێتدا پەیدا کرد.
لە 11ی ئادار/مارسی 1970دا لەگەڵ بەعسییەکاندا پەیماننامەیەکی ئیمزا
کرد. بەڵام کە بەعسییەکان هەوڵی کوشتنی بارزانییان داو پەیمانەکەیان
نەهانیە جێ(7)، ئەوجا لەگەڵ شای ئێران و شا سعوود و ئەمەریکا و
ئیسرائیل پێوەندیی بەست. چەند رۆژێک بەر لەوەی کۆچی دواییی بکات لە
ئەمریکا لە 31/3/1979دا، لە پێوەندییەکدا پیرۆزبایی نارد بۆ خومەینی؛و
بەتەمابوو بگەڕێتەوە بۆ ئێران، بەڵام ئەوەبوو مردن رێی نەدا. بەڵام
بارزانی خۆی، بێگومان، نە سەر بە "دێمۆکراسیی بەریتانیایی" بوو، نە "رێی
ژیانی ئەمریکایییانەی بەدڵدا چووبوو"، نە "کۆمۆنیست و مارکسیست" بوو،
نە "سەهیۆنیست" بوو، نە مسوڵمانێکی بنچینە گریش بوو، هەروەها نۆکەر و
بەکرێگیراوی هیچ دەوڵەتێکێش نەبوو، بەڵام دۆستایەتی بە جووەکانەوە
زیاتر بوو، چونکە ئەوانیش بەدەست زوڵم و زۆری عەرەبەکانەوە
دەیانناڵاند(8) .
___________________________________
سەرچاوەکان:
(1) سبائک الذهب فی معرفه قبائل العرب/ ابی الفوز محمد امین البغدادی
الشهیر بالسویدی/ الناشر دار الکتب العلمیە بیروت لبنان / الطبعە
اڵاولی 1423- 2002
(2) (Kinnane، Derk: The Kurds and Kurdistan، London 1964، p. 23 )
(3) (رۆژنامەی "بانگی کوردستان"ژمارەی رۆژی 15/10/1922 ل5.)
(4) هەمان سەرچاوە
(5)Wigram، W(illiam) A (inger): The cradle of mankind. Life in
Eastern Kurdistan، 1st Edition1914، 2nd Ed 1922، London، p. 138
(6) (رۆژنامەی (Neue Zürcher Zeitung) ژمارە 296ی رۆژی 2/10/1971و
رۆژنامەی (Die Welt) رۆژی 4/10/1971).
(7) هەمان سەرچاوە
(8) هەمان سەرچاوە
- ناسیۆنالیزمی کورد و سەرکردایەتیی کلاسیک/ د.جەمال نەبەز/ گۆڤاری
نیشتمان ژمارە (1) چاپی دووەم 2010 - هەولێر- کوردستان
سەرچاوە: گۆڤاری ئیسرائیل-کورد-17
ماڵپهڕی شێرزاد عومهر مهحمود
|