په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٤\٢٠١٦

فۆرمی فرە پەیوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە لە شیعردا.

سەباح رەنجدەر     

١


لە نێوان بوون و ھەقیقەتدا بیری مرۆڤی بەرھەمھێنەر، بار و بوار و ئاراستەی خۆبوونی وەردەگرێت، لەناو دوو کەوانەی ھەمیشە ئامادەی سەرسامبوون، بەرەو ئامانجی تایبەت دەڕوا و خۆی لەناو چڕکردنەوەی کات و شوێن و بێگەردکردنەوەدا دەستنیشان دەکات. خودی پاراو و بێگەرد و گەشاوەی دابەشی سەر ھەموو جوانییەکان دەبێت و ختووکەی ڕسکانیان دەدات. جوانی گشتێکە پارچە پارچە ناکرێت، ھەموومان پێویستمان پێیەتی و ئاسوودەیی ھەمیشەییمانە. بەرھەمھێنی جوانبەخش گیان و ھەست و خەون لە ڕێگای وشە و جووڵەی وێنە و دەنگی پیتەوە دەگەیەنآ و ببڕای ببڕیش ئامادە نییە خۆی لەپاڵ دەسەڵات و گرووپی ھەڵەشە و خۆبژیێن و دیکتاتۆر ڕابگەیەنی و ڕستەکانی بکاتەوە، نوێبەخشان کەسایەتیی داھێنەرانەی خۆیان ھەیە و دەشزانن، چۆن و لە چ کاتێکدا بە نوێبەخشیی کۆمەڵگاوە پەیوەست دەبنەوە.


سروشتی کەسایەتی و گیانی پڕە لە بەدوادا گەڕان بۆ داھێنان و بەگەرمی دادەگیرسێت. شوێنی مرۆڤ لە ژیان دەدۆزێتەوە و دەستنیشانی دەکات، بۆچوون و بیروڕای کەسی باش بیرکەرەوە لە لێک حاڵیبوون و خەیاڵی جووڵێنەری دەق دەچێنێت و دید و دیدگا و شێوازی، فۆرمی فرە پەیوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە وەردەگرێت.


نھێنییەکان بیرکردنەوە دروست دەکەن و دەبنە سەرچاوەی بیرکردنەوە. ھیچ شتێک بۆ ئەو مرۆڤەی لە ڕێگای بەرھەمھێنانەوە بیر دەکاتەوە و خۆی بە تیشکۆی جوانبەخشییەوە خەریک و پەیوەست دەکات، مەحاڵ نییە، ئەو بەرھەمەی دەیخوڵقێنێت گەردوون و ھەموو شتەکانی لێ دەکەوێتەوە. لەناو ئەو گەردوونەدا ھەمیشە شتەکان لە پێناو ئامادەکردنی بوون و ھەقیقەتدا، بۆ مرۆڤ دەبن بە سێبەر و ھەتاوی فریا و یارمەتیی یەکتری دەدەن بۆ پێکھێنانی شتەکان. ھاوسەنگی پێداویستییەکانی ژیان لەوەوە ڕادەگیرێت.


گەردوون بۆ پێکھێنانی شتەکان، بۆ گشت مرۆڤ و کۆمەڵگایەک ناوەندێکی ھاوبەشی ھەیە. لە بەکەڵکترین شێوەدا بیری پآ دەکاتەوە و دەیڕسکێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و جیاکاریی خوڵقاندن و بەخششی کولتووری گشتی و کەسی. ڕۆژگار، ڕۆژگاری داھاتوو نییە، بگرە دەچێتە تێکڕای سەردەم و کات و ھاودەقی پێکدەھێنێت، شتەکانیش دەکات بە ئاماژە لە ھەستیاری بیری مرۆڤی بەرھەمھێندا، بەرانبەر پرسیارە گرینگ و کاریگەرەکانی بوون و ھەقیقەت ئاگادارمان دەکاتەوە. دەشبێت بەو بڕوایەمان بگەیەنێت، ئەو پرسیارانەی کارلێک لەگەڵ ئەفسانە و داستان و بەیت و مێژوو و ئەوانی دیکەدا دەکەن. لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە، کەموکوڕییەکان لە چیدا ئاشکرا دەبن، پەیدابوونەکانیش چین.


بوون و دۆزینەوەی سەرەتای شتەکان، پێوەری مرۆڤ و کۆمەڵگا و ھەموو شتەکانن، نەک ھەقیقەت. جیاکارییەکانی نێوان بوون و ھەقیقەت پێویستە بەردەوام بە کاریگەرییەکی زۆر و کراوەوە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و کاریگەریی خۆی بسەپێنێت. ھەوڵەکانیش بآ ئومێد نەبن. ھەقیقەت بینینە، بوون بیرکردنەوەیە لە بینین و ئەفسوونی ڕسکان و ژیان. دۆزینەوەی سەرەتای شتەکان، بنەمای ژیانی بە بەرھەم و ئارەزوویەکی بەردەوامە بۆ بەرھەمھێنانی نوێبەخشی و جوانبەخشی. ھەنگاوی یەکەم: لەم دۆزینەوەیەوە دەبێتە ئەزموونێکی خاوەن کارکردن لەسەر مۆتیڤە ھونەرییەکان و ماناداریان دەکات، ھەروەھا ختووکە و چەشەی ئەوی دیکە دەدات بۆ جیاکاریی خوڵقاندن و ئاشناکردنی جیاکاری.


ئازادکردنی نووسین، جووڵەیەکی ھەمیشەیییە، بیرکردنەوە و گەڕانەوە بۆ سەرچاوە و ناوەند پەیدای کردووە. زۆر وێستگە ھەن جوانبەخش تێیدا ھەڵوەستە دەکات و دەوەستێت و دەکەوێتە باری لێوردبوونەوە و تێڕامانی کارا و دوورودرێژ و قووڵبین، بەڵام ھەر یەک وێستگەیان ورووژێنەر و دیاریکراوە، دەتوانین قسەی لەبارەوە بکەین. ھیچ شتێک لەم بوونەدا نوآ نییە تا مرۆڤیش دۆنایدۆنی گیانێکی بەر لە خۆیەتی. بەردەوامبوون و دووبارە بوونەوەی ژیان منی دووبارە کردووەتەوە و دەبێت قسەی ئەم دووبارە کردنەوەیەی خۆمم ھەبێت و بیکەم، بەڵام وەک خۆم و خۆم لەگەڵ خۆمدا، ئەم خۆم لەگەڵ خۆمدایە لەناو دوو کەوانەی ھەمیشە ئامادەی دۆخگۆڕین، ئازادیی تەواو دەڕەخسێنێت و کەرەستەکانی دەربڕینی خۆی دەناسێت. ئەم پەیوەندییانەی ھەستەکانی کەسی جوانبەخش لەگەڵ پانتاییی فۆرمی فرە پەیوەندی و فرە بنیادی و فرە ترپەدا، لەرەی ئاوازی دەق و زرینگانەوەی زمان دروستی دەکات. بانگھەڵدانی نوێبەخشی نییە، بگرە بەدیھێنانی نوێبەخشییە.


نوێبەخشی گەشەکردنێکی سەرتاپاگیرییە، لە ئەفسوونی کراوەی بوون و ژیانی مرۆڤدا، بار و بوارێک دەکاتەوە بۆ شکاندنی گەمارۆی دواکەوتوویی کۆمەڵگا. ئەو کەرەستانەش دەناسێت، کە نوێکردنەوەی بیر و بیرکردنەوەی کۆمەڵگا ھەڵدەسووڕێنێت، ھەستی گۆڕانکاری کاریگەر دەھێنێتە ناو ھەڵسوکەوتی ڕۆژانەی ژیانمانەوە. ژیانێکیش نوێبەخشی بەرھەم بھێنێت، سەر بە بیرێکی خوڵقێنەرە و بینینێکی تەواوە بۆ گەردوون و پێکھێنانی شتەکان. نوێبەخش ھەمیشە ھەوڵ دەدا: ژیان لە بینینی ئەوانەی پێش خۆی ژیاوە دەستکاری بکات و بیروڕاکانی بۆ گۆڕان بخاتە گەڕ. جوانی لە چاوی کۆمەڵگا زیاد و بەپیت بکات، ڕووداوێکیش دروست بکا و پاشخاپەرۆکەکانی داھێنانیش بسڕێتەوە، یان لانی کەم بەلاوەی بنێت، ھەروەھا نەریتە خراپەکانی کۆمەڵگاش لابدا و جوانییەکانیشی بەھۆی بەکارھێنانەوە زیندوو بکاتەوە.


زمان بە شیعر دەستی پێکردووە و خۆی ناساندووە، بووەتە دیاردەیەکی تەندروستیی کۆمەڵایەتی و نیشانە و حیکمەتی ئادەمیزاد، ئەم نیشانە و حیکمەتە ئادەمیزادییە بەشێکی دەبێت لە بیر و بیرکردنەوەی منیشدا بڕسکێت و لێکدانەوەیەکم ھەبێت بۆ ڕسکان و گواستنەوە و کارپێکردنی.


شارستانییەتی بوونیش لە ڕێگای ھۆشێکەوە بۆ ھۆشێکی دیکە بەردەوامیی داھێنان بە دەست دەھێنێت. گۆڕانە یەک بە دوای یەکدا ھاتووەکانی نێوان کەسایەتیی داھێنەر و کۆمەڵگا دەستنیشان دەکات.


بە بێ مەیل و ئالوودەبوونی نەمری و بەرز فڕینێکی ئێجگار زۆر لە پێناویدا، مرۆڤ ناتوانێت دەربڕین و داھێنان لە جوانییەکانی ژیان بکات و بچێتە ناو بەردەوامییەوە. داھێنان خۆی وزەیەکی شاراوە و دەنگدانەوەی ھەستییە، بوون دەدۆزێتەوە و ئاشکرای دەکات. دەچێتە ناو کرۆکی کارتێکەرە ڕۆشنبیری و کولتوورییەکان. لەبارەی شتێکەوە قسە دەکات، کە گەردوون و مان و بنەڕەتی تەواوی سەرزەمینە و دەبێتە ناوەند. وەک بنەڕەتێک، بۆ ئەو دامەزراوە ڕۆشنبیرییانەی بوون بەڕێوە دەبەن و لەسەری دادەمەزرێن، لە ڕێگای جوانییەوە درێژە بە بەخشش دەدەن، وەک پێویستییە ھەستییەکان دەڕۆن بەڕێوە و مەشق دەکەن، مەشقی بەردەوام بیر تیژ دەکاتەوە و لە ژیانی ڕۆژانەماندا پێویستمان پێی ھەیە. ئاماژەی کارا و کارامە و گرینگە، بە دوایدا دەچین بۆ پێوانەکردنی پاشەڕۆژ، لە ھەمان بار و بواریشدا بوێریی چوونە ناو و قسە لەبارەوەکردنی دەکەین.


بەرھەمھێنی جوانبەخش، بینینی خەونی بۆ ژیان، ھەستەکانی ڕازاندووەتەوە و ئارامییەکی تێدا بەدی دەھێنێت، کەشە دەروونی و پێشھاتەکان بە ئاستێکی ھونەری و کاریگەرییەکی ئاشکرا دەگوازێتەوە بۆ واقیعی نووسین، کە برینی کاریگەریی شەڕی خۆبەخۆ لە گەڕەکەکاندا دید و دیدگا و قووڵبینیی مرۆڤی کوردیان شێواند و جوانی و توانا و بەھرەیان کوشت و پەیوەستبوون بە ژیاندۆستی و شەیدایییان تا ڕادەی لەناوبردن کز و لەپێش دڵ و چاو خست.


بەرھەمھێنی جوانبەخش ناچار بوو، بەرھەم وەک ئامراز و ئامانجی کاریگەر بۆ ژیاندنەوەی جوانی و توانا و بەھرە بەکاربھێنێت و چاکە بناسێت. لەگەڵ ئەمەش ئەو ڕۆژانەی من تێیدا ژیاوم و شیعرم نووسیوە زۆر ڕوون و ئاشکرا نەبووە. بووژێنەرەوەی جوانی و توانا و بەھرە. لە خەونێکدا لە ھێلکەی سەمەندەر ترووکا. خوداوەند بە ھێزی بەخشندەیی بۆ ناوچەیەکی دیکەی ئاسمان بەرزی کردەوە تا فێری بلیمەتی و پەرجووی بەرزایی و گەیشتن بە شاری دەستەبژێرەکانی بکات. سەرەتاکانی ھەستپێکردن بنووسێتەوە. شیعر بۆ چێژ و جوانی، چێژ و جوانیش بۆ ھەموومان، چێژ و جوانی ئەو ڕووداوەن لە کاتی خوێندنەوەدا ڕوو دەدەن و ھەست و گیان و خەونی سستبوو لە مرۆڤدا چالاک دەکەنەوە. لەم کردەوە و کردەیەدا شیعری پاراو و بێگەرد دەدۆزێتەوە، شیعری بووژێنەرەوەی جوانی و توانا و بەھرە. ھیچ بووژێنەرەوەیەکی جوانی و توانا و بەھرەش لێڵ و ناڕوون نانووسێت. زاڵە بەسەر ئاگاییی نووسین و ئامرازەکانی دەربڕین و کاکڵی مەبەست. وەرگر بانگھێشت دەکاتە سەر خوانی: فۆرمی فرە پەیوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە و لەرەی ئاوازی دەق و زرینگانەوەی زمانی فرە دەنگیی خۆی، بۆ وەرگرتن و چێژ و تێگەیشتنی ھاوبەش و دەستدان لە ڕوخساری نوێبەخشیدا.


٢


مرۆڤ یەکەم جار، کە بەھرەی دەربڕینی تێدا ئاشکرا بوو، لە خانەی شیعردا جێی کردووەتەوە، بۆ مانەوەشی لەم خانە پیرۆزکراوەیدا ھەمیشە قوربانی لە ئەژمار نەھاتووی داوە و ھێڵە ئەفسوونییەکان و چالاکی درێژ کردووەتەوە. زمانیش وەک یەکەیەکی پڕ جووڵە بوونی خۆی ڕاگەیاندووە. گیانی لێوڕێژ لە شەپۆلدانی، لە ئاراستەکراوە سڕکەرەکاندا ڕاپسکاندووە و پاراستوویەتی، ھێز و ئاماژەی خستووەتە وێستگە و سەکۆی داھێنانەکانی. پەیوەندیی نێوان مانا و شیعرییەتی لەناو فۆرمی فرە پەیوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپەدا بەستووە و شکۆی داوە بە گوتن و زمان.


زمان کەرەستە و بەخششێکی خودایییە و دەسەڵاتی دەربڕین و ھێزی گیانی دەدات بەخۆویستی و خوڵقاندنی شیعرییەت و مانا لەناو زمان و جوانیدا. زمان و جوانی ڕووبەرێکن خود و خەیاڵ خۆش دەکەن و بیریان تێدا دەکرێتەوە، ئاست و جیاکارییەکان دەردەکەون.


ھێمای درەوشاوە زۆرن، کە توانا و بوێریی نەخێریان تێدایە، سەرگەردان و دەربەدەر بوونە و بوونەتە قوربانیی شیعری پاراو و بێگەرد. ھەموو پەیامێکیان لە شیعرەوە بۆ شیعرییەت ھێناوە. پەیامیش جگە لە شیعری پاراو و بێگەرد شتێکی دیکە نییە. دەیانەوآ لە ڕێگای ئەم پەیامھێنانەیاندا دەربڕین لە بارێکی دەگمەن، ئاوێتە بە جووڵەی وێنە و دەنگی پیتەوە بکەن.


تەنیا شیعری پاراو و بێگەرد، لە سەرچاوەی خود و خەیاڵەوە بنەچەی ڕاستەقینە و بەھای ھونەری وەردەگرێت و بۆشی دەگەڕێتەوە، ئاماژەی یارییە مەحاڵەکان دەدات. تانوپۆی فۆرمی فرە پەیوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە، خۆی تۆکمە و پتەو پێکدەھێنێت. ھەموو بوون دەخاتە ناو پرسیاری خود و خەیاڵەوە، تەنیا خود و خەیاڵیش ھونەری پاراو و بێگەرد دەخوڵقێنن و بڕوا بە گفتوگۆی ھەستیاری دەھێنن.


کێشەی نێوان شاعیر و ڕەھا، ھەڵبژاردنی پەڕگیرییە و شیعر دەکات بە پاراو و بێگەرد. ھەموو لکەکانی دیکەی ئەدەب: پەخشان، شانۆگەری، چیرۆک، ڕۆمان..... تاد، تەواو ژیری دەیانجووڵێنێت و بزووتنەوەیەکی وریاکردنەوەی جەماوەرین. لە ڕێگای ئەم جووڵانەشیدا جۆرێک تێکەڵی دێتە ناوەوە. ھێزی دەستی، ھاوسەنگی تێکدەچێت و ڕەھایی و پاراوی لە ناخ و بیرکردنەوەیدا دەبێتە پاشخاپەرۆکێکی بێزراو. جومگەکانی پەیوەندی لەگەڵ سەرگەردان و دەربەدەر و قوربانییەکانی شیعری پاراو و بێگەرددا لەبەریەکدا ھەڵدەوەشێنێتەوە و دەچێتە ناو پێزانینە بەئاگاکان و دەربڕینی فریودەر لە پێناو دەسەڵاتێکی دیاریکراودا، بینای کولتووری خۆی پێکدەھێنآ و گفتوگۆ لەگەڵ کولتووری ئەوی دیکەدا دەکات. لە ھەموو کارێکی ڕۆشنبیری گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەوی دیکەدا لە سوودگەیاندن بەدەر نییە. تەنیا لە شیعردا زەرەرمەند و ھەڵەبەرە. بەھۆی ئەم گفتوگۆیەی ھێزی کەسێتی ون دەبێت، ونبوونێک، کە دۆزینەوەی دەبێتە جۆرێک لە مەحاڵ.


جوانی شێوازێکە بۆ بیرکردنەوە و گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوەی بیرکردنەوە . ھەیە لە کەشوھەوا ھەستییەکانیدا جوان بیر دەکاتەوە، کەچی لە ھەنگاوێکی نزیکدا ئامادە دەبێت بچێتە ناو خۆ ھەڵبژاردنی لیستێک، حزبێک، یان گرووپێک، یان ڕێکخراوێک، یان دامەزراوەیەک.....تاد، بۆ بەرژەوەندی و کارپێکردنی خۆی ئامادەی کردووە و پڕوپاگەندەیەکی بآ ژمارەیشی لە پەنادا کردووە بە قەڵای ھەڵخەڵەتاندن و دابەشی سەر ئەڵقەلەگوآ و گوێڕایەڵ و نانخۆر و بەرفەرمانەکانی خۆی دەکات. ھەرکەسێک پێودانگێک بۆ کەسایەتیی خۆی دانەنێت، گەورەیی نەخێر، لە دەست بدا و ملکەچ و ئامادەی بەڵێ بێت بۆ ھەمیشەیی بەختیاریی گیانی دۆڕاندووە. ملکەچکردن بۆ دەسەڵات، ژیان و شێوازی بیرکردنەوەت دەکەن بە ڕۆتین و نووسینەکانت نابن بە سەرچاوەی پاراو و بێگەرد.


شیعر بۆ چێژ و جوانی، چێژ و جوانیش بۆ ھەموومان، چێژ و جوانی ئەو ڕووداوەن لە کاتی خوێندنەوەدا ڕوو دەدەن و ھەست و گیان و خەونی سستبوو لە مرۆڤدا چالاک دەکەنەوە. شیعری پاراو و بێگەرد ئەی بەختیاریی بەھرەوەرانی سەر زەمین. مێژووی خۆ دروستکردن لە خاڵێکدا کورت دەکرێتەوە و دەبێتە تیشکۆ، بوێری ئەوە بکات بڵێت نەخێر، نەخێر، پرۆژەیەکە بۆ جوان بیرکردنەوە. جوان بیرکەرەوە جووڵەی سروشت ھاوتا دەکات بە جووڵەی ئازادیی مێشک و ھۆشمەندی. بیرکردنەوەش وەک پرۆژەیەک لە پێناو خۆدۆزینەوە و خۆبوونی و ڕووبەڕووبوونەوە بەرانبەر دەسەڵات.


ئەو کەسایەتییە تێکەڵە لە بڕیاری ناوەوەیدا، پەیوەندییەکانی ھونەری نووسین و جوانی و ڕەھای ڕاگرتووە، کە شیعری پاراو و بێگەردە. لە دەرەوەش لەناو تاکتیک و زانیاریدان بە حزب، یان گرووپ، یان ڕێکخراو، یان دامەزراوەیەک: ئەڵقەلەگوآ و گوێڕایەڵ و نانخۆر و بەرفەرمانی دەسەڵاتدایە، کە ھەموو دەسەڵاتێک بەشێک لە دیکتاتۆریەتی بە جووڵە و وێنەوە لەناو خۆیدا پەروەردە کردووە.


شیعری پاراو و بێگەرد: ئەی پاکیزەی دووەم، لەگەڵ یەکەم ھەست بە ئارامیکردنی دەروونی بەرانبەر دیمەنی جوانی دەستت پێکردووە، بە وەشاندنی گورزێک ئاگری بآ ئامان کۆتایییەکان دەستنیشان دەکرێن، کە لەسەر زەوییەکی گڕکاناوی ڕامانگرە و ھەموومان بە سووتان و توانەوە و لێک جیاکردنەوەی ئێسک و گۆشت جەزرەبە بدە. تەنیا ئەو سەمەندەرانە بەردەوامی وەردەگرنەوە، کە پەڕگیریی شیعرییان ھەڵبژاردووە و پێشەنگی تێدا بە دەست دەھێنن. لەم گۆشە زۆر ھەستیارەدا، شێواندن دادەڕێژنەوە و دەیکەن بە بوونی جوان و یادەوەریی داھاتوو، ھەروەھا مێژووی وشە و داھاتووی وشە و وشەش دەکەن بە زمان، زمانیش بەجوانییەکانی بوون.


بەھرەوەر: ئەگەر تۆ خەونی داھاتووت لە دەستدابێت بۆچی دەژیت، چۆن بوون و خۆبوونیت دیاری دەکەیت. پێویستە سەرەکیترین پرسیار دروستکردن لە بیرکردنەوەماندا ئەوە بێت من چ جۆرە بەھرەوەرێکم. ئەڵقەلەگوآ و گوێڕایەڵ و نانخۆر و بەرفەرمان، یان کەلکێش و ئازاد و ناوچەوان کراوە و دڵکەش. پێکھاتەی زەمین چۆنە، شکۆ بەرھەمی کامە قوربانییە. بۆ ئەوەی سییەکان لە ڕزیبوون بپارێزین پێویستمان بە چ جۆرە ھەوا وەرگرتنێکە. پێمان لەناو خۆڵی نەرمونیان، یان خۆڵەمێشی فریودەر پشوو پێ بدەین.


شیعری پاراو و بێگەرد: ئەی پاکیزەی دووەم، ئەی تەنیا دایکی شاعیرە کەلکێش و ئازاد و ناوچەوان کراوە و دڵکەشەکان.


٣


بەرھەمھێنەرانی شیعری پاراو و بێگەرد لە پێناو چێژی نادیار گیانیان وەک دیاریکردنی ناوەندێک لەناو کردەوە و کردەی نووسین و ھونەری جوانبەخش و باڵادا پیشان داوە. ھیچ کامێکیشیان شیعریان تایبەت نەکردووە بۆ ڕووبەر و ڕواڵەتی واقیع، بیرکردنەوەی داخراویان وەک پێودانگێک بۆ پەیوەندیی زەینی و بوونی شتەکان بەکار نەھێناوە. لەسەر بنەڕەتیی بەھرە و جوانبەخشی جووڵاون، تێگەیشتن و تاسەیان بۆ جوانبەخشی کار پێکردووە، ئاسۆی توانای تەنیایی، کە داھێنەر ھەمیشە توانایەکی تەنیایە. بەسەر دیاریکردنی ناوەندی گیانیان کردووەتەوە، لەو ڕەگە دوورودرێژەی شیعردا، لە بەردەوامی و گۆڕان بۆ خۆی ئەزموونی کردووە و لە خولیاماندا دەسووڕێتەوە، ھیچ کاتێک نەبووەتە بنەما و بنچینەیەک یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پرۆگرام و پلانی ساڵانەی دامودەزگایەکی لەسەر دابمەزرێندرێت، بگرە بمانەوێت نەزاندراوێک بزانین و لە کولتووری ناسراوی زانستەکان بە ھەموو بەشەکانییەوە نزیک دەبینەوە، سەرقاڵی سوود لێ بینین و پەیڕەوکردنی دەبین.


شیعر بۆ دۆخی دەروونی و ورووژاندنی گیانی لە نێوان مەوداکاندا دێت و دەچێت، دۆخی دەروونیش بەشێکە لە وزە زیندووەکانی زانیاری، چونکە بینین دەگۆڕآ، بەڵام جیھان ناگۆڕێت، بگرە جیھان بۆ شێوە ھەڵسووڕانێکی شیاو و چەشەی جوانیویستی و جواننواندن و جوانبەخشی ئامادە دەکات. تەنیا دوو شت دەتوانن جیھان بە بارێکدا بگۆڕن. ئەویش ئایین و سیاسەتن، ئایین و سیاسەتیش کاری کۆیە، تاکی کەلکێش و ئازاد و ناوچەوان کراوە و دڵکەش لەناو کۆدا بزر دەبێت و نامۆیی لە پەیوەندییەکاندا دروست دەبێ.


لێرەدا پرسیارێک، کە کاری شاعیری نوێبەخش و جوانبەخش داھێنانی پرسیارە، دەبێتە بار و بوار. بەھۆیەوە دەتوانین لە نێوان مەوداکاندا بێین و بچین و چالاکیی بیرکردنەوەی ئەوڕۆییمان بە تاو و تینی جوانی دەرببڕین. نوێبەخش، کە مامەڵەی جوانبەخشی لەگەڵ ھەستەکانیدا دەکات، شیعرییەتی لەناو سروشت دەرھێنا و گواستییەوە ناو ھەستەکانی مرۆڤ و لە ناوەرۆکدا ڕسکاندی، ئەفسوونی خود و ھێزی تاکی تاقی کردەوە، کە دەتوانێت ھەست و گیان و خەون وەک ناوەندێک دیاری بکات. بە وردی لە سروشتی ھەست و گیان و خەون وردبوومەتەوە، ھەست و گیان و خەونیش بابەتی بنەڕەتیی شیعری منن. شیعر بۆ چێژ و جوانی، چێژ و جوانیش بۆ ھەموومان، چێژ و جوانی ئەو ڕووداوەن لە کاتی خوێندنەوەدا ڕوو دەدەن و ھەست و گیان و خەونی سستبوو لە مرۆڤدا چالاک دەکەنەوە، ئەو پرسیارەی نوێبەخشی دروستی دەکات، وەڵامێکی یەکگرتوومان لێی دەست ناکەوێت، یان نایدۆزینەوە. من لە شیعردا بەدوای وەڵامدا ناگەڕێم، وشە کەم دەکەمەوە و وەڵام دەدۆزمەوە.


کۆمەڵێک بەھای ئێستێتیکی ھەن، سروشت پشتگوێی خستوون. جوانبەخش جموجووڵی ھێماکانی دەدۆزێتەوە و دەیانھێنێتە پانتایی نووسین و دەیانکات بە ھونەری پاراو و بێگەرد.


داھێنەری پرسیار، ئاراستەی فۆرم لای پاڵنەری کردارییە و لێیەوە شوێن بۆ پەیژەکانی کارکردن دەستنیشان دەکات. کردەوە و کردەی بەردەوامبوون لە بیرکردنەوەیدا کەرەستەیەک نییە بۆ ناسینی جیھان، کەرەستەیەکە بۆ ناسینی خۆی و لەپاشانیشدا بۆ ناساندنی خۆی و شکۆدارکردنی جیھان بە داھێنانی پاراو و بێگەرد.


٤


شاعیرە نوێبەخش و جوانبەخشەکان بەرپرسن لە خوڵقاندنی شیعر و ئامادەکردنی کۆمەڵگا بۆ جوانیویستی و جواننواندن و کارکردن و مانەوەی لەناو کردەوە و کردەی ئێستێتیکیدا، قۆناخی یەکەمی نوێبەخشیی شیعری کوردی، ھەندێک جووڵە و پانتاییی و ماکیان لە بیر و ھونەری قۆناخی شیعری کلاسیکی کوردی وەرگرت و لە برەوپێدان و چارەنووسی داھێنان و دۆخگۆڕینی ناوازەدا فۆرمی جیاکارییان تێدا خوڵقاند، قۆناخی دووەمی نوێبەخشیی شیعری کوردیش. بەھەمان شێوە ھەندێک جووڵە و پانتایی و ماکیان لە بیر و ھونەری قۆناخی یەکەمی نوێبەخشی شیعری کوردی وەرگرت و کاری بەرەو پێشەوە چوونیان لەسەر کرد، ئەنجام کۆمەڵێک دۆخ و کاری جوان و پەنجەمۆریان لە زەمینەیەکی بە پیتدا دامەزراند، بەڵام قۆناخی سێیەمی نوێبەخشی شیعری کوردی، لە ئاماژەی ھەریەک لەم قۆناخانەدا، مەبەستم شاعیرە نوێبەخش و جوانبەخشەکانە، نەک پاشخاپەرۆکە بێزراوەکان، ھەوڵیان بۆ خوڵقاندن و ئاشکراکردنی بیر و ھونەری جیاکاری بوو، دلێرانە داکشانە ناو خود و پاراو و بێگەردیان کرد. لەم پاراو و بێگەردییەدا زەمینەی لەباریان بە پێناسەی دیاریکراو و ڕوونەوە: بۆ کێڵان ئامادە کرد و تۆوی بەھرە و ڕۆشنبیرییان لەناودا وەشاند، فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپەیان دامەزراند.


دەستەیەکی کارا لە ناوەند و بەھرەی دیاردە بزوێنەرەکانن. شیعریان بە ژیان بۆ خۆبوونی خۆیان ھەڵبژاردووە و نانی گیانیان لە دەستی ڕووبەڕووبوونەوە و نەخێردا خواردووە. ھەژانێک، لە سروشتی دروستبوونەوە لە بیر و ھونەری پێشوو ڕووی دا، کە لە دەقە نایابەکاندا ھەڵقوڵاوە و خۆی نواندووە و زمان تێیاندا زۆر ھەستیارە و خۆی ئاراستە دەکات، بەڵام زوو خۆی ئاشکرا ناکات و ماناکانی ڕاناگەیەنێ.


شیعری پاراو و بێگەرد: لە کرۆکی خۆیدا مەسەلەیەکی بوونی و ژیانی دەروونییە، پێویستی بە ھێنانەوەی ھیچ پاساو و ھۆ و بەھانەیەک نییە بۆ بوونی خۆی. کارکردن لە جیاکاریی بیر و ھونەر، دەرکەوتن و جوانی و توانا و بەھرە، بەکەسی بیرکەرەوە دەدەن و ھێزی سووربوون لەسەر بنەمای جیاکارییەکان بنیاد دەنێن، کە جیاکاری سووربوون و بوونی کردەوە و کردەی نووسینە. لەم بنیادنانەدا تێگەیشتن و قبووڵکردنی وەرگر لەسەر جیاکارییەکاندا ڕادێن و جیاکارییەکان خانەی دیاردە و جووڵە و مانەوە و خۆبوونی وەردەگرن.


گیانی نوێبەخش و جیاکارییەکان. ھەستەکانی لەناو شاکار و ژیانی دەروونی پەرە پێدەدا و کارا و کارامە و زیرەکانە شێواز ھاوتەریب لەگەڵ شێوازدا دەگونجێنێت و ھاوتایان دەکات. شکۆ و کەرت کەرتبوونی ناخی مرۆڤ بەجآ دەھێنآ، مانا ڕانەگەیەندراوەکان ڕووبەڕووی مانا ڕاگەیاندراوەکان دەکاتەوە. جیاکارییەکان بەپێی جیاکارییان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا ئاستدار دەبن. ماک و ئاسۆی ھەستیاری و ئاست و ئاستداری لە بیری زمان وەردەگرن و پڕشنگیش لە تیشکە بەھێزەکان. یەک ئاستیش بیر و ھونەر لە پاشخاپەرۆکی بێزراو وەردەگرێت و گەشەدار نابێت.


من لە ئەزموونی خۆمدا زۆر شەونوێژ و کەلکێشی و ناوچەوان کراوەییم بۆ شیعری پاراو و بێگەرد کردووە. ئەو کاتەش شەونوێژ و کەلکێشی و ناوچەوان کراوەیی لە شاعیر وەردەگیرێت، کە شیعر بە ژیان بکێشێت و وەک کێشەی مردن و ژیانیش لێی بڕوانآ و کاری بۆ بکات و ڕووبەڕووبوونەوە و نەخێر فێربووبێت.


مردن و ژیان پێکھێنەری بوونن، شیعریش، کە ڕەگەزێکی بوونییە دەبێت لەم ڕوانگەیەوە لە دڵەوە لێی بڕواندرآ و کاری بۆ بکرێت. نووسین لەوپەڕی شادی، یان ئەوپەڕی ناشادی بەرھەم نایەت. کاتی ئەفسووناوی خۆی پەیدا دەبێت، کە خورپەی شاراوەی ناخ دروستی دەکات. تەنیا ئەو خورپەیەی، کە دەچێتە ناو کردەوە و کردەی نووسینەوە ڕوونی دەکاتەوە و ئاماژەی حەسانەوەی گیانی دەداتێ.


سەرنجڕاکێشترین ئەزموونی جیاکاری لە ڕووبەڕووبوونەوە و ھۆشمەندیی نووسیندا بەرجەستە دەکرێت، جیاکارییەکانی ئارەزوویەکی تەنک پەیدای نەکردووە، بە ڕێگای ئەزموونەوە دەیگەیتآ، بڕوایەکی بەرزی تێدا بەدی دەکرێت، ھێزە سەیر و سەمەرەکانی مرۆڤ دەخاتە گەڕ و مانایەک بۆ بوون لە ھەست و گیان و خەون دەبووژێنێتەوە و ئەوینداری دەکات بە ژیان. چێژ بەردەوام لە مرۆڤی ھەستداردا دەگۆڕێت. بە ھیچ پێودانگێکیش ژیان دامەزراو و دەوڵەمەند نابێت بەو دیاردانەی لە پێناو خۆشگوزەرانیی مرۆڤدا خۆیان پێشکێش دەکەن، بگرە بەردەوام کۆمەڵێک بۆشاییی پڕ جادووی لێ بەدەردەکەوێت. پێویستە مرۆڤی نوێبەخش و جوانبەخش بچێتە ناویان و گەوھەرەکانیان بدۆزێتەوە و مشتوماڵیان بکات. ئەم دۆزینەوە و مشتوماڵکردنە چییەتی جیاکاریی مرۆڤ و کۆششی گیانی و جیھانبینییەتی.


بەرچاوییەک لە ئەزموونی جیاکاریدا، لە بەشی زۆری دەقەکانم دێڕێک وەک ناوەند ھاوبەش دەکەم لە نێوان دوو وێنەدا، ھەم تەواوکەری وێنەی یەکەمە و ھەم تەواوکەری وێنەی دووەم.


ئەم ڕووبەر و جووڵە و ڕووداوەش بۆ سەرسامیی وەرگر بەکاردەھێنم، ئەگەر وەرگر بەتەواوی ھێزی ھۆشمەندییەوە ئەم ناوەند و ھاوبەشییە لەگەڵ ھەردوو وێنەدا وەرنەگرێت، جۆرە ڕێکخستنێک لە ئاگادارییەکانی ناو دەق پێک نەھێنآ، ھەردوو وێنەکەی بە لێڵی و ناتەواوی دێتە بەرچاو و زەین. یەک لە گیروگرفت و لێک حاڵی نەبوونی ئەدەبی جیاکار لەگەڵ وەرگردا ئەوەیە. ئەم ھونەرە وردانە ھەست پآ ناکەن، یان خۆیانی لە ئاستدا نەبان دەکەن، یان توانایان نییە لە جیاکارییەکانی جوانبەخشی جیاکار تآ بگەن. بەوەشەوە لەوە دەترسن ھەستەکانیان لەگەڵ ئەوی دیکەدا بەشداری پێبکەن. جیاکار پێویستە لە ھۆی بوونی خۆی بپرسێت، پرسیارێک وەک دۆخگۆڕین لە پنتی پێکھێنان و بنەمای کراوەدا پێناسەی دیاریکراو و ڕوون وەردەگرێت.


٥


ئەوەی لە نێوان من و شیعردا درێژ دەبێتەوە، خەونە نەک واقیع. لە کردەوە و کردەی نووسیندا خەون دەکەم بە واقیعی نووسین. بە ویست و داوا و ھەستیارییەکی خەونی، بە یادگەی کۆمەڵگادا چوومەتە خوارآ و خانەیەکی سستبووم لە جەستەی شیعری کوردیدا تەواو زیندوو ڕاگرتووە، خانەی دەقی خەونی. خەون یەکێکە لە ھێما ھەستیارییەکانی مرۆڤ. لە سادەترین ئاستیدا خەسڵەتی کیمیاگەری پەیدا دەکات، دەتوانێت توخمێک بۆ توخمێکی دیکە بگۆڕێت. پێکھاتە و داڕشتن و ڕایەڵێکی توند و تۆکمەی لێیەوە درێژ بکاتەوە. لە چالاکییەکی دیکەیدا بیکات بە دیمەنێکی بە شکۆ. ھەوڵێکی خوداڕسکی بەھرەمەندە، پەیوەندیی مرۆیی و گەردوونیی نزیک دەکاتەوە، پەلە بکەین بە دوای ھەستیارییەکانی ئەم پەیوەندییە لەناو ژیانی گەشاوەدا بگەڕێین. وێنەکانی بەرپرسیاریەتی بەرانبەر چارەنووسی چێژ و جوانی بەرز دەکاتەوە و خۆی دەناسێنێت و دەبێتە ھێما بۆ مانا و کاکڵەی مەبەست.


وەک گیان پشت بە خەون دەبەستم، خەون ھێز و بڕٍوابوون بە وریایی ھەست و خەیاڵی نادیار دەبەخشآ. دڵەڕاوکێیەکانی خەیاڵی نادیار بە خەڵکی دیار دەگەیەنآ، دەرەوە و ناوەوەی گیان بەیەکەوە بە ڕێگای تایبەتیی خۆیدا دەبات، کە ڕێگای جادوویییە. خەون نوێبەخشیی زۆری داوە بە ئەفسانە و داستان و بەیت، زمان تێیدا گەرموگوڕە و دەستکاری زۆری ھەستی کۆمەڵگای کوردی کردووە. شێوە و ماکی ئەفسانە و داستان و بەیتم وەرگرتووە و بەشێوەیەکی جیا لە خۆی، نواندوومەتەوە. بە ئاشکرا ئەم وەرگرتنە درەوشانەوەی لە بیر و بیرکردنەوەی مندا پەیدا کردووە و ڕسکاندوویەتی، بۆ ئەوەی بەسەر ھەندێک دەربڕیندا زاڵبم، پێویستیم بەخۆڕاھێنان بووە لەسەر شێوە و ماکی ئەفسانە و داستان و بەیت، خواستی ئەم شێوە و ماکەشم قبووڵ کردووە، بەڵام خواستی واقیعی ئەفسانە و داستان و بەیتەکەم وەک خۆی، یان نزیک لەخۆی قبووڵ نەکردووە.


٦


دروستکردن و دروستبوونی یەکەم مرۆڤ، یانی ھونەری بوون و جوانی. ھەست و گیان و خەون لە ھەموو چەشنە: شیعر و گۆرانی و مۆسیقا و تابلۆیەک..... تاد، ھەن و دەدۆزرێنەوە. لە دروستکردنی یەکتریدا بۆ یەک پێویستن. چالاکیی ژیان لەناو ئەم دۆزینەوەیەدا دەردەھێنن و کاریگەری بەسەر سایکۆلۆژییەتی یەکەم مرۆڤ و دوایین مرۆڤەوە دادەنێن. ئەم ڕەگەزانە دەستنیشانکاری بەھای دروستکردنی یەکەمین مرۆڤن و دەربڕین لە چەمکی جوانی و تاسە و گوڕ و تینی دوایین مرۆڤیش دەکەن.

 

داھێنەرەکانی ئەم چەشنە دەقە بەرھەم دەھێنن، ھەموویان بەھرەداری بآ پایانن و خولیا بە تین و کاریگەرەکانی خۆیان پێشکێش بە مرۆڤایەتی کردووە، بنەما ھەمە جۆرەکانی جوانیویستی و جواننواندن و جوانبەخشییان کۆ کردووەتەوە. ھەست و گیان و خەون، کە سەرچاوەی ئەفسوونی دەقن. بەردەوام ئەمڕۆ بە بیرکردنەوەی دوێنآ ناپێون و لە دۆخگۆڕیندان. جوانی لە خۆیاندا پڕ خورپەی بەھێز دەکەن. دەقێکیش ئەم خورپە بەھێزکردنە لەگەڵ بیرکردنەوەی ھونەری بەڕێوەی نەبات، خۆی ئەم کردەوە و کردەیەی قبووڵە لە ژێر پاڵەپەستۆ و چەپۆکی شتە ڕووکەشەکاندا بخنکێت. دەقیش پەیوەستە بە ترپە و ئاوازی دڵی ژیان و بار و بوارەکانی جوانی و ھونەری بوون، ئەگەر پەیوەست نەکرێت بەو ترپە و ئاوازە، دەقێکی تەکنیکاری مۆمیاکراوە، لە پێکھاتەی مێژووی گیان، دەستخەڕۆ و ڕەنجەڕۆیە. دەقی تەکنیکاری مۆمیاکراو فرەماناییی جیھان دەکوژآ و ژیان وەک جەستەیەکی داماڵدراو لە ھەستەکان نیشان دەدات. بەشە ھەرە گرینگە گەرم و گوڕەکەی مێژووی گیان، ئەفسانە و ئایینەکان پێکیان ھێناوە و بەردەوامی گەشەکردنیەتی، بە پیتی دەکەن و بگرە و بەردەی جیاکاریی دەورووژێنن. تەنیا وەرگرتن و کارپێکردنی دیمەنی شڵەژاوی دەرەوە و بەھرەی تایبەت، فریای شیعر ناکەوێت، ئەگەر ڕەگی شکۆی خواست، لەناو بوون و خواستەکانی گەشەپێدانی بوون ئاوی نەخواردبێتەوە، کە ئاو ھێمای سەرەتا و ھێز و بەردەوامییە. تێڕامان دروست نابێت، پڕ مایەترین ئەدەب لە جیھانی نووسیندا ئەو ئەدەبەیە، کە پەیوەست بکرێت بە ئەفسانە و ئایین. ئەو ئەفسانەیەی ھاتووەتە ئاراوە دەربڕین بووە لە بلیمەتییەک، کۆمەڵێک ڕووداوم وەک ئەفسانە ھێناوەتە ناو نووسین. ھەموویان دروستکراوی ھێزی بیرکردنەوە و خەیاڵمن. ئەفسانە و ئایین بۆ کڵپەپێکردنی مێژووی گیان، گەنجینەن و لە پانتاییی بیرکردنەوەدا بە نەرمونیانیی بای سەرپەڵە جووڵە دەکەن. لێکدانەوەی گیانیم بۆ ھێز و کاریگەریی کەسانی ناو ئەفسانە و مێژوو، وەک پشتیوانیکارێکیش لە بیرکردنەوە و مانا و ئاسۆی جۆراو جۆر و ئایندە بینینییان، مرۆڤ دەخەنە سەر ئەو باوەڕەی جوانییەکانی زەمین حیکمەتێکی پەرتوبڵاوە پێویستە بە ڕووتەختی ڕاگەیاندنەکانەوە ھەڵبواسرێنەوە بۆ حیکمەت و بینینی دیکە و نوختەی سەرسامبوون.


٧


داھێنان ڕێخۆشکار و ئاراستەکردنە بۆ یەکگرتنی کولتوورە ھەمەجۆرەکان. ھەرچی ھونەری شێوە و شێوازە لە ڕۆشنبیرییە بە زەبرەکانی بێگانەوە فێری ببین. نەک لاسایی بکەینەوە و بیخوازین. یەکگرتنەوەی مرۆڤایەتییە لە داھێنان و جوانی خەمڵیو و پێگەیشتوودا. ھاودەقی ھەر لەم بار و بوارەدا دروست دەبێت. ڕەخنەگرانێکی زۆر و ھەمەچەشنیش بایەخیان بە چەمکی زمان و ھاودەقی داوە و بارودۆخەکەیان لەبەرچاو گرتووە، بەڵام ئاشقبوون بە ئەدەبی بێگانە، بە نیازی دەستبەرداربوون لە ڕەگی زمانی زگماک، وات لێ دەکات بەھرە و بیری زمانت ناتەواو بێت. ئەگەر بەھرە و بیری زمانیشت ناتەواو بوو، ھەوڵ دەدەیت خوێنەر لە کرۆکی شیعرییەت دوور بکەیتەوە و سەرقاڵی شتێکی ناکامی بکەیت، چونکە شیعرییەت لە بەھرە و بیری زمانی زگماکدا پەروەردە دەکرێت و دەڕسکێت.


خەیاڵ و زمان لەسەر ئاستی شیعرییەت و ئاستەکانی دیکەوە دەچنە ناو یەک و ڕێژەی شیعرییەت بەرەو بەرزبوونەوە دەبەن، شیعرییەتیش بە جوانیی خەیاڵ و زمانی خۆڕسک و خودایی پەیوەستە و لە چێژدا دەبێتە خاڵێکی بەھێز، شیعر بۆ چێژ و جوانی، چێژ و جوانیش بۆ ھەموومان. ھەیە زانیارییەکی بێشوماری لەڕێگای خوێندنەوە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا کەڵەکە کردووە، بەڵام نازانێت بەکاری بھێنێت و نەزۆکە، چونکە لە بنەڕەتدا ھەڵقوڵاوی ڕستەی ناو ناخی خۆ بنیادنەر و خۆبوونی نەبووە. کاریگەری و پەرەسەندنی زمان لەو ئاستەدا دەردەکەوآ و دەستنیشان دەکرێت.


٨


ھەموو دیاردەکانی بوون، مرۆڤی داھێنەر بەرھەمیان ھێناون، پڕ کاریشن لەبەرەو پێشبردن و کرانەوەی کۆمەڵگا بۆ قبووڵکردنی جیاکارییەکان. کۆششی شێلگیرانە دەکەم، دەقەکانم بابەتی تێڕامان بن بەرانبەر دیاردەکانی بوون، وزەی شاگەشکەییی چێژ و جوانیشیان تێدا پڕ و نەمر بێت، بەڵام لەوە دڵنیام بە نیازی ھۆ و ئامانج و ھیچ شتێکی نزیک لەو مانایانە نانووسم. پەیوەندییەک لە جەستەی دەقەکاندا نیشتەجێیە، پەیوەندیی شیعرییەت و زمان.


سەرچاوەکانم لە دەروونم دۆزیوەتەوە و وێناکانی دەرەوەش تێکەڵاوی خەیاڵ و ھێما و ئەفسانە و داستان و بەیت دەکەم. مرۆڤێکم تێکەڵاو لە گشت گۆڕانکارییەکان، گیانم لە قووڵاییمدا دەردەھێنم و بە یارمەتیی کەشوھەوای ڕستەسازیی زمان پێشانی دەرەوەی دەدەم. ئەم خۆپیشاندانەم ختووکەیەکی کورتخایەن نییە. ڕەگەزی مەیل و حەز بەڕێوەی ببات، شێوازی ژیانە، مرۆڤی خاوەن سیمای پاک لەناویدا نیشتەجێیە. گونجاویشە پێش ساڵانێکی زۆر وەک ئەم چرکەیە گیانم ھاتبێتە ژان و ھەراسان و لەرزەی نووسین، دوای ئەم چرکەیەش بە شێوەیەکی دیکە لە چرکەیەکی پڕ پشووی گیانی لە لانکی ژان و ھەراسان و لەرزەی نووسیندا بنوومەوە. ئەم نووستنەش دوا مانا و شێوە وەرناگرێت.


شێواز دەبێتە خاڵێکی بەھێز لە داھێناندا، لەوەش گرینگتر، وشە دەبێتە خاڵێکی بەھێزتر لە ڕستەدا و دەنگی پیتیش مۆسیقا لە ڕستەدا بڵاودەکاتەوە و دەیجۆشێنێت. ھیچ شێوازێک تا سەر جێگای سەرسامیی ناوەندی ڕۆشنبیری نییە. جآ لەق دەبێت، بەڵام ناکرێت بەکۆتاھاتنی یەکجارەکی ناوی ببەین و وەک سڕاوەیەک دڵخۆش بین پێی. تا ئەو ئاستەی دەسەڵات و ھێزی ژیریم گوتوویەتی: ئەوەندەم توانا و بەھرەیە، خۆم کۆکردووەتەوە، شێوازی شیعریم ھێڵی ڕوونی ئاشکرا بێت.


تێکۆشاوم بەھۆی پەخشان، بە گیانی شیعریی نیشانە و ھێما و حیکمەت، لە داڕشتنێکی قووڵبووەوە لە ئاخاوتنی مرۆڤ و ئێستێتیکیدا بھێنمە ناو زەینی ڕۆشنبیری پاراو و بێگەردەوە. بە دوای ئەو ھۆکارانەدا بگەڕێم منی سەرنجکێش و پەیوەست کردووە. گرفتارییەکانی ناوەوەی کۆمەڵگا بکەم بە بابەتی جوانی. لە ناخی ھەر ھەموومان دەستەیەک چاودێر خۆی پەنا داوە، ھەیە دەکەوێتە ژێر ھەڵسوکەوت و ھێزی ئەقڵییەوە. ھەشە لێیان لا دەدات. خۆم لە دەستی ئەم دەستە چاودێرە ڕاپسکاندووە. ئاستە قووڵەکانی ئاگایی و ھەستپێکردن و دۆخی بوون دەورووژێنم.


دەقی خەونی، لە خەونی ڕاستەقینە نزیک دەکەمەوە، وەک چۆن ڕاشکاوانە قوربانی بۆ ژیان دەدەم. بەھەمان شێوەی ڕاشکاوانەش شێوازێک لە ھەستیارترین ئاست و ئاستداریدا کار پێبکەم. شێوە و ڕستەیەکیش نییە، شێواز لەگەڵ خۆیدا نەھێنێتە ئاراوە و نەیجووڵێنێ و ئاشنای نەکات.


٩


نوێبەخشی لە داھێناندا دیمەن و ھێما و ھێزی بوونە، ھەڵگیرسانی ڕووناکییەکی نھێنییە لە ئەندێشەی ئەویدیکەدا و بڕوا ھێنانە بە دەسەڵاتی شیعری بێگەرد. لەمڕۆی بە چەقەڵ و چەورە و حەربای ئەدەبی و داڵی دووکەلاک و مینچێن و قۆپیەچی و بەرماڵ پێستی ڕێوی.....تاد، بەردەوامبوون لە نوێبەخشی و داھێنان چاوقایمی و گیانی ژیری دەوێت. تەنیا لەگەڵ ئەو نووسینانە ئاسوودەم، کە شیری گیانمن و مایەی سەرسامین و مێژووی وشە و داھاتووی وشەن، وشەش دەکەن بە زمان، زمانیش بە جوانییەکانی بوون. دەمگەیەنن بەو ڕووناکییە خودایییەی لە ھەستیاری و زەینی چالاکدا پەیدا بووە. ھەموو وزەیەکی گۆڕان و پێشکەوتن لە گیانی مرۆڤی بە بڕوا و دامەزرێنەر و کەلکێشدا گەشە پێدەدات، بار و بوار بۆ دەربڕین و کرانەوەی بەردەوام دەدۆزێتەوە و تێگەیشتن لە گەشەی ھەست و گیان و خەون پەرە پێدەدا و لێ دەکۆڵێتەوە و دەیکات بە واقیعی نووسین. ھزری دەوڵەمەندیش بەرھەم دەھێنآ و خۆشی و ئارامی ویژدانی پەناگەی خەیاڵی پاراو و بێگەردە. سەرچاوەی جوانبەخشی ھێڵێکی ھاوشێوەی ھەست و گیان و خەون بۆ نوێبەخش دروست دەکات. ئەم ھێڵە بە جووڵەخستنی نوێبەخشیی خۆیەتی، کۆمەڵگا بانگ دەکات بۆ ناو ژیانی ئاسوودەییی ئەدەب. بەھەشتی شادمانی ژیانی ناو داھێنانە. مرۆڤی جوانبەخش دەخوازآ تەمەنێکی پڕ دانایی و کارامە لەناو ژیانی ئەدەبدا بژیت. نەک لە ئارامیی ساختە و خۆشدوویی دەسەڵات، کە ھەموو دەسەڵاتێک بەشێک لە دیکتاتۆریەتی بە جووڵە و وێنەوە لەناو خۆیدا پەروەردە کردووە.


١٠


لە قۆناخی یەکەمی نوێبەخشیی شیعری کوردیدا، شاعیرێکی کارامە و زیرەکی وەک: (گۆران)، لە ڕەگ و قووڵایییەکی کلاسیکییەوە ھات. جیھانی شیعری کوردی گۆڕی و تێگەیشتنی خوێنەریشی بۆ شیعر گۆڕی . زانی بواری داھێنانی ئەو چییە و توانای لە چی تاقی دەکاتەوە، کە ھات وەک نموونەیەکی پێشەنگ ھات، نەک وەک مەیدانخوازێک بیەوێت کولتووری شیعری کلاسیکی لەناوببات، سەرەتا فۆرمێکی جیاوازی لەناو کولتوور و کەلەپووری کوردی دۆزییەوە، پڕ بوو لە وزەی ئاخاوتن، لە فۆرمی کلاسیکیش دایماڵی. ئینجا تێگەیشتنی خوێنەری گۆڕی و ئامادەی کرد بۆ تێگەیشتنێکی جیاوازتر و ئاشنای کردەوە بە کێشی خۆماڵی، شیعری ڕاستەقینەشی بەم کێشە خوماڵییە نووسی و پێشکێشی کرد. کاکڵەی مەبەستی نوێبەخشییەکەی، کە پڕۆژەیەک بوو، دایمەزراند: لێرەدا گەشەپێدا و دەرکەوت. ھیچ فۆرمێکیش، فۆرمێکی تر لەناونابات، بگرە لێی جیادەبێتەوە.

بەشێکی زۆری قۆناخی دووەمی نوێبەخشی شیعری کوردی، زیاتر وشەیان لەناو مانادا تواندەوە، لەوەی وشە بارگاوی بکەن بەبزێویی زمان. وشە ھەست و ھەستیاریی دروست نەکردووە، بگرە مانای گەیاندووە و جۆرە پەیوەندییەکی ھێمائارا، لە نێوان توانەوەی وشە لەناو مانا و وشە بارگاویکردندا بە شیعرییەت خۆی ڕوون کردووەتەوە. شیعرییەتیش دەمانکات بە ئەندێشەی خۆی و ڕازی بەھێزی ئەندێشەکردنمان لە بیرکردنەوە و دۆخی دەروونیدا دەخوڵقێنێت. ئەمەش تەنیا لە ھاڵاوی مەستی دەقدا مووچڕکە نەرمەکانی خەیاڵ و چێژدا پەی پێدەبەن. تواناکانی خۆگۆڕین و دۆزینەوەی خود ئاشکرا دەبێت. بە ھۆشێکی ڕووناک و شکۆدارەوە ئەم خەسڵەتەیان دەستنیشان دەکەین. لە دید و دیدگا و قووڵبینی دووری خستوونەتەوە و لە دەربڕین نزیک. ھەموو ھەڵچوونە نەستییەکانی خۆیان تێیدا ھەڵڕشتووە، ھەڵڕشتن لە دۆخێکی دەروونیی کورتخایەندا سرووش وەردەگرآ و زوو دادەمرکێتەوە. ئاگری نادیار و نھێنیی نووسین تەواو گەرمیان ناکاتەوە، ناوە ناوە تەزووی بەتینیان لە لەشدا پەیدا دەکاتەوە. لە بآ ئومێدی دەریاندەھێنێت، لە شەقامێکدا بەرەو پیاسە و ونگە دەیانبات. خەیاڵ تێیدا لە قووڵایی ئەو وردەکارییانە دەکۆڵێتەوە، کە دەبێتە لەرزەی نووسین و واقیعی نووسین.


نەست کاریگەرییەکانی خۆی کۆ دەکاتەوە، لە لەرزەی نووسین و واقیعی نووسیندا دێنە ناو ئاگاداری و دەبنەوە بوونێکی وشیاری، بەڵام لەسەر ئاستی ھونەری و ئاستەکانی دیکەوە وتووێژیان لەگەڵ شیعر و ژیان نەکردووە، بگرە جەختیان لەمەودا دەرەکییەکان کردووەتەوە، دانەکشاونەتە ناوەوە، کە ناوەوە تایبەتکاریی کەسایەتی بەرھەمی دەھێنآ و زەینی چالاک توانای بەگەڕخستنیەتی.


مانای مەجازییان ڕاونەکردووە، بە ئەسپایی و دامەزرێنەرانە سەیری ھەستیاریی زمانیان نەکردووە، کە لە ھەستیاریی زماندا مرۆڤ بە پڕی ژیانی خۆی دەدۆزێتەوە و دەیبینآ و سەرلەنوآ چاوی پێدا دەگێڕێتەوە، پاشان بژاری دەکاتەوە. زیاتر وەک یارییەکی ئایدۆلۆژی کاریان بە شیعر کردووە. لە بنجیشدا ئایدۆلۆژیا ڕەگی جوانیویستی و جوان نواندن و جوانبەخشی دەبەستآ و ھەموو ھۆیەکانی گەشەسەندنیان لێ دەستێنێتەوە.


سەرەتای پڕۆژە و دامەزراندن و کرانەوەی شیعری کوردی ڕۆڵی خۆیان بەرز کردەوە و ھەموومانیان بە خوێندنەوەی خۆیانەوە خەریک و سەرقاڵ کرد، کۆمەڵگاشیان خستە مشتومڕێکی ناتەبا و سەختەوە. کردنەوەی دەرگا و پەنجەرە و پیشاندانی خۆر و مانگێکی بە پیت و ڕۆشن بوون بۆ قۆناخی سێیەمی نوێبەخشیی شیعری کوردی، خاڵێکیش بوون بۆ جۆشدان و مامەڵەکردن لەگەڵ سروشت و بیرکردنەوەی ئازاددا.


قۆناخی سێیەمی نوێبەخشیی شیعری کوردی بە فۆرمی فرە پەیوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە و جیاکارییەوە، ئاستی ھاوچەرخی و داخوازییەکانی خۆیان پیشان دەدەن. بەوەی ئەو وەڵامانەی ئەوان بۆ واقیعی نووسین و واقیعی کۆمەڵگا و ژیانیان دایەوە، ئێمە دەیکەینەوە پرسیار و لەناو گیانی بووناندنماندا دەیکەین بە بنیاد و پێکھاتەی خۆبوونی و وێناکردنی جیھان و چالاکییە ھونەرییەکانی کەشی خۆدەربڕین و خۆدەستنیشانکردن و کردەی بوونی زمان.


ترپە و ئاوازی قۆناخی دووەمی نوێبەخشیی شیعری کوردی زیاتر لە ترپە و ئاوازی مۆسیقای جەنگ دەچوو، کە جەنگاوەریان بۆ جەنگ و ڕووبەڕوو بوونەوە لەسەر ڕادەھێنا. قۆناخی سێیەمی نوێبەخشیی شیعری کوردی لەو ترپە و ئاوازە دەریانھێنا و شکاندیانەوە بەرەو ناوەوەی ڕستەی سەربەخۆ و جووڵەی وێنە و دەنگی پیتەوە. شاعیری نوێبەخش بڕوای بە بوونی ئەو ھەقیقەتە ھێناوە، کە ترپە و ئاواز و جووڵەی وێنە و دەنگی پیت، پەیوەندی بە جوانبەخشیی مرۆڤەوە ھەیە و وزەیەکی خۆشگوزەرانیی ژیانی کۆمەڵگایە. ھەموو کۆمەڵگایەکیش بنەمای ئازادیخوازی بە جووڵەی وێنە و دەنگی پیتەوە لەناو خۆیدا پەروەردە کردووە، بۆ ئەوەی فۆرمێکی نوێی ژیانمان بداتێ. نووسەر دەبێ شێتێکی خودایی بێت، تا لەبارەی شیعرەوە بنووسێت.

 

ماڵپه‌ڕی سەباح رەنجدەر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک