په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٥\٢٠١٧

فیلمی سینەمایی "رەشەبا"

لە فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر نمایشکرا.

 

مەنسوور جیهانی

 

فیلمی سینەمایی "رەشەبا" لە دەرهێنانی "حوسێن حەسەن" لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایشکرا.


فیلمی سینەمایی "رەشەبا" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "حوسێن حەسەن" و لە بەرهەهێنانی سینەماکاری کورد "مەمەد ئەکتاش" بە نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی هەندێک لە ستافی فیلمەکە لە دوو بەشی "جشنوارە جشنوارەها" (جام جهان نما) واتە "فیستیڤاڵی فیستیڤاڵەکان" و بەشی "زیتونهای زخمی" واتە "زەیتوونە بریندارەکان" لە میانەی سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر لە دوو سانسی جیاوازدا لە پەردیسی سینەمایی "چارسوو" و هەروەها لە سانسێکیشدا لە سینەما فەلەستینی شاری تارانی پێتەختی وڵاتی ئێران نمایشکرا و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازیی لێکرا.


لە کاتی نمایشکردنی فیلمی سینەمایی "رەشەبا"دا لە هۆڵی ژمارە یەکی پەردیسی سینەمایی "چارسوو"ی تاران لە میانەی سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجردا چەندین ستافی ئامادەکردنی ئەم فیلمە کوردییە لەوانە: "توورەج ئەسڵانی" سینەماکاری ناوداری کورد و بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی "رەشەبا"، "ئیبراهیم سەعیدی" سینەماکاری مەهابادی و مۆنتێری "رەشەبا" و هەروەها یەکێک لە نووسەرانی سیناریۆی ئەم فیلمە، خاتوو "مەریەم بووبانی" ئەکتەری ناوداری کورد و یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمی سینەمایی "رەشەبا"، "مێهدی ئەسڵانی" یاریدەدەری وێنەگری ئەم فیلمە و هەروەها "سروە عەلی وەیسی" مونشی سەحنەی "رەشەبا" ئامادەبوون، کە لە دەسپێکدا پێشکەشکاریی ڕێوەڕەسمی ناساندنی ئەم فیلمە "عەلیڕەزا شوجاع نووری" و ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران سەبارت بە فیلمی"رەشەبا" وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و پاشان ئەم هونەرمەندە کوردانەی بانگهێشتی سەر سەحنە کرد و ئەوانی بە ئامادەبووان ناساند.


لە سەرەتای ئەم رێوڕەسمەدا "ئیبراهیم سەعیدی" وەکوو نوێنەری "حوسێن حەسەن" دەرهێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرهەهێنەریی فیلمی سینەمایی "رەشەبا" گوتی: "حوسێن حەسەن" دەرهێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرهەمهێنەری ئەم فیلمە بە هۆی سەرقاڵبوون بە کارەکانیانەوە نەیانتوانی کە لە فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر بەشداریی بکەن. فیلمی سینەمایی "رەشەبا" بۆ یەکەمین جار لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" لە هەرێمی کوردستان نمایشکرا و لە درێژەدا لە چەندین فیستیڤاڵی ناوداری جیهانیی پێشکەش کرا و چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستهێنا.


فیلمی سینەمایی "رەشەبا" سێیەمین ئەزموونی فیلمی بڵندیی سینەماکاری کورد "حوسێن حەسەن"ە کە بە پێی رووداوێکی واقیعی سازکراوە و چیرۆکی ئەم فیلمە سەبارەت بە دوو گەنجی کوردیی ئیزەدی بە ناوەکانی "رێکۆ" و "پێرۆ"یە کە بڕیاروایە بە زووترین کات پێکەوە زەماوەند بکەن، بەڵام لە ناکاو گرووپی تیرۆریستی داعش هێرش دەکەنە سەر شنگاڵ و کچانی لاو لەوانە پێرۆش دەفڕێنن و لە درێژەدا تووشی حاڵەتی نالەبار و جۆراوجۆریی دەروونی دەبێت.


هەندێک لە ستافی ئامادەکردنی فیلمی سینەمایی "رەشەبا" بریتین لە:
دەرهێنەر: حوسێن حەسەن
نووسەرانی سیناریۆ: حوسێن حەسەن، مەمەد ئەکتاش و ئیبراهیم سەعیدی
بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: توورەج ئەسڵانی
موزیک: مستەفا بیبەر
یاریدەدەری دەرهێنەر و دیزاینی سەحنە: جەلال ساعیدپەناە
میکیاژ: گولسان ئۆزەر
ئەکتەرەکان: رێکێش شەهباز، دیمەن زەندی، مریەم بۆبانی، عادڵ عەبدوالڕەحمان، عێماد لێزگین
ماوە: 89 خولەم، بەرهەمی وڵاتانی ئەڵمانیا، قەتەر و هەرێمی کوردستان
بەرهەمهێنەر: مەمەد ئەکتاش


بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک