په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١\٢٠١٥

فوول دیموکراسی.

خەلیل         

 

کاتێک پیاوە دەسەڵات دارەکانی ناو حکومەت و حزبەکان لەسەر شاشەی تیڤیەکا‌ن ولە ناو ژوورو ھۆڵە رازاوەکان بەدروشمی زل و بێ بنەما دەر دەکەون و باس لە دیموکراسیەت دەکەن رژانەوەم دێت ، ھەندێک جاریش گاڵتە بەو پێیەی کە باس کردن لە دیموکراسی بۆ کۆمەڵگەیەکی گوندەواری دەوارنشین وەک لەرووی ئاو نەخشەکێشانە.


سادەو کورت ترین پێناسەی دیموکراسی کە ئێمە مانان ئاشنای بوین ئەوەیە کە دەڵێت ( تۆ بۆت ھەیە بەرد بپەرەستیت ... بەڵام بۆت نیە بەردەکە لەمن بگریت ) بەڵام لە کوردستانە فوول دیموکراسییەکەی ئێمەدا کە تارادەیەکی بەرچاو لە ژێرھەژمون و کاریگەری ھزرو کلتووری بیابان نشینان دایە پیچەوانەی ئەوە بەدی دەکرێت ، ئازادیخوازان بەقسەی نەشیاو و ناشرین و لێوان لێو لە سووکایەتی بەرد باران دەکرین و زۆر جاریش ژیانیان رووبەرووی مەترسی دەبێتەوە کاتێکیش بیانەوێ بەرگری لە خۆیان بکەن ئەوا دەبێت چاوەڕوانی کەلەپچەو وسزای تووندی حکومەت بن.


دیموکراسیەتی لای ئێمە کراسێکە و بڕ بە بەرو باڵای رەوت و پێکھاتەیەکی دیاری کراو دوراوە ، ڕاشکاوانەو وردتر پڕ بە بەرو باڵای رەوتە ئیسلامیە تووند ڕەوو پیاوەکانیانیان دوراوە ، گەر وا نیە خێرە ڕۆژانە و لەسەر دوانگەی ئەو ڕەوتانە ھێرش دەکرێتە سەر ھەموو بەھا مرۆیی و دیموکراسی مەدەنیەکانی خەڵک و سووکایەتی بە پیرۆزیەکانیان دەکرێت ( خاک و وڵات و نیشتمان و پێشمەرگەشی ) لێ بەدەر نابێت؟؟


لەم ھەرێمە قەیراناویەی ئێمەدا دیاردەیەکی مەترسیدار لە ھەڵکشان و پەرەسەندندایە و مینبەر و دوانگەی مزگەوت و میدیای حزبە ئیسلامیەکان بونەتە ژینگەیەکی لەبار بۆ بانگەشەکردن و بڵاوبونەوەی ئەو دیاردەیە کە سیخناخە بە فیکری تووندرەوی و دژ بە ھەموو بۆچونێکی جیاواز و دەنگێکی ئازاد ، لە رێگای ئەو دوانگانەوە ھێرش وسووکایەتی دەکرێتە سەر گوشراوەی فیکری ئینسانی ( مارکسیزم .. سۆسیالیزم .. سکیولاریزم .. جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤ و ھەموو بەھا جوانەکانی مرۆڤایەتی ) سەرباری ئەوەش تەوھین و سووکایەتی بە کەمینە ئاینیەکان بەبەر چاوی میدیاکان و حکومەتەوە دەکرێت ،، ھەموو جۆرە قسەیەکی نەشیاو و ناشرین بە کاکەیی و ئێزدی و جوو و کریستیانەکان و کەمینە ئەتنیەکان دەگوترێت و بە کافر و مونافیق و بەرەڵا ناو دەبرێن و ڕاشکاوانە بانگەشە بۆ سەربڕین و خۆتەقاندنەوە وئەنفال کردن و بەکۆیلە بردنی ژنان دەکرێت و ئاسایشی نەتەوایەتی میللەتەکەمان دەخرێتە ژێر مەترسیەوە بەبێ ئەوەی حکومەت ودەسەڵاتی دادوەری ( داواکاری گشتی ) ھیچ ھەڵوێست و کاردانەوەیەکیان لێ بەدی بکرێت.


حکومەت دەبێ ئەوەی بیر مابێت کە بە دەنگی ( ژنانی ئازادیخواز .. مارکسیەکان .. سکیولارەکان .. کەمینە ئاینیەکان .. ئیسلامیەکان .. ھەموو چین وتوێژەکانی ئەم وڵاتە ) شەرعیەتی بەدەست ھێناوە و بووتە حکومەت و دەبێ دادپەروەرانە مامەڵە لە گەڵ ھەموان بکات و حکومەتی ھەموان بێت ، داواکاری گشتیش دەبێت داکۆکیکەر و بارێزەری مافی ھەموان بێت و دیندار و بێ دینێک دادپەروەرانە و بە یەک یاسای مەدەنی و مۆدێرن مەحکوم بکات.


لە کۆتاییدا دەڵێم گەر بمانەوێ ھەرێمەکەمان بپارێزین دەبێت پەیوەندی نیوان دانێشتوانەکەی بەیاسایەکی مۆدێرنی مەدەنی رێکبخەین ئەگینا سیاسەتی بانێک و دوو ھەوا لە ئایندەیەکی دوور یان نزیک رەنگدانەوەی خراپی دەبێت و خزمەت بە ھیچ کەس و لایەنێک ناکات.


٨\١\٢٠١٥
khalil.kakay@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک