|
٦\٧\٢٠٢٦
فورات ئیسبەر:
شیعر ناسنامە تێدەپەڕێنێت.

و: سۆران محەمەد
باوكم:
''سۆز و خولیای تۆ بۆ شیعر هیچ سنوورێک
ناناسێت''.
فورات ئیسبەر شاعیرێکی سوورییە، لە ئێستادا لە
تاراوگەدا ژیان بەسەردەبات. شیعرەکانی دیدێکی ڕەشبینانە بۆ گەردوون
لەخۆ دەگرێت، هەستێکی قووڵی خەمناکی ڕووپۆشیان دەکات، ڕەخنەگرێک بەهای
شیعرەکانی بۆ توانای خەیاڵە نائاساییەکان و هەستە ناوازەکان
دەگێڕێتەوە، پێم خۆش بوو وەکو شاعیرێکی بەتوانا و بۆ یەکەمجار بە
خوێنەرانی کوردی بناسێنم.
تا ئێستا خاوەنی پێنج کۆمەڵە شیعرە:(وەک ئاو، نەشکاو ٢٠٠٤)؛ (فریودانی
پەنهان ٢٠٠٦)؛ (گوڵی چیا ڕووتەڵەکە ٢٠٠٩)؛ (گەشتێك بە نێو ئاسمان و
زەویدا ٢٠١١)؛ و (ئەتڵەسی ژنێکی کێوی ٢٠٢٤).
ڕەخنەگر و ئەکادیمیستی تونسی، محەمەد ساڵح بن عومەر، کتێبێکی لەسەر
ئەزموونی شیعری فورات بڵاوکردۆتەوە، کە بەرگی پێنجەمی پرۆژەی (لە
ڕووخساری شیعری جیهانیەوە) یە- ٢٠١٥.

(پ) بۆچی شیعرەکەت بە گشتی تۆنێکی خەمباری تێدایە؟
(و) زۆرجار ئەم پرسیارەم لێدەکرێت، بەڵام ئایا پرسیار لە درەختەکان
دەکرێت سەبارەت بەرەکانیان؟ من یەکێکم لە کچەکانی گەلەئەستێرە
خەمگینەکان. خەونەکانم نەهاتنەدی و ئەوەی فاڵگرەوەکە ڕۆژێک پێی وتم
هاتۆتە دی: "تۆ وەک نامۆیەک دەژیت و وەک نامۆیەک دەمری" بەم شێوەیە کات
تێدەپەڕێت، منیش لە خەمێکەوە بۆ خەمێکی تر دەڕۆم. وەک بەهاء زوهێر
دەفەرموێت:
سەردەمی گەنجێتی تێپەڕی،
لە خەمێکەوە بۆ خەمێکی تر دەچم.
(پ) پێنج کۆمەڵە شیعری چاپکراوت هەیە، لە "وەک ئاو، نەشکاو"وە تا
"ئەتڵەسی ژنێکی کێوی" فورات ئێسبەر لە کوێ خۆی دەبینێتەوە؟
(و) لە یەکەم کۆمەڵە شیعرمەوە تا ئەمڕۆ، کارم بۆ پەرەپێدانی دەنگی خۆم
و ناسنامە و شێوازی تایبەت بە خۆم کردووە. نامەوێت لە کەس بچم جگە لە
خۆم و شیعرەکانم.
(پ) ماوەیەکی زۆرە لە نیوزلەندا دەژیت، لە جێگەیەکی دووری باشووری
ڕۆژهەڵاتی هەسارەکە. ئەم مەودا فراوانە، ئەم گواستنەوەیە، لە ڕووی
شیعرییەوە و لە ڕووی زمان و ئاڵوگۆڕی ئەدەبیەوە چی بە ئێوە بەخشیوە؟
(و) هەروەک ئەبو تەمام فەرمووی "دەربەدەربە، نوێ دەبیتەوە" ئەوە بەسەر
مندا هات. لێرە فێری زمان بووم، لێرەدا کۆمەڵێ لە شیعرەکانم نووسی،
ئەمە جگە لەوەی بەشداریم لە چەندین کتێبدا کرد کە بە هەردوو زمانی
ئینگلیزی و عەرەبی چاپکراون.
هەرگیز هەستم بە غەریبی نەکردووە، هەرچەندە ئینگلیزیم نەدەزانی کاتێك
گەیشتمە ئێرە، بەڵام ئێستا بە ڕەوانی قسەی پێدەکەم و پێی دەنووسم.
(پ) ڕەخنەگر و ئەکادیمیستی تونسی، محەمەد ساڵح بن عومەر، بەرگی پێنجەمی
کتێبی "لە ڕووخساری شیعری جیهانیەوە"ی تەرخان کردووە بۆ ئەزموونی شیعری
ئێوە. باسی بارودۆخی سەرهەڵدانی ئەم کتێبەمان بۆ بکە، هەروەها باس لە
ناوەڕۆکەکەی، بە تایبەت کە د.محەمەد هەڵبژاردەی بەرهەمەکانتی بە
وەرگێڕانی فەرەنسی بڵاوکردۆتەوە.
(و) محەمەد ساڵح بە کەسایەتییەکی دەگمەنی جیهانی عەرەبی دەزانم. من
زیادەڕەوی ناکەم کاتێک ئەمە دەڵێم، لەبەر هۆکارێک کە ڕوونی دەکەمەوە،
هۆکارگەلێک کە تایبەتە بەو. تەنیا لەبەر ئەوە نییە کە ئەو کاری
وەرگێڕانەکەی منی کردووە. من لە نێو ٣٥ شاعیری عەرەب و فەرەنسیدا بووم،
کە هەڵبژاردەی شیعرەکانی ئێمەی بڵاوکردەوە، جگە لە ئەنتۆلۆژیایەکی
هاوبەش بە زمانی عەرەبی و فەرەنسی، هەموویان لەسەر حیسابی خۆی و بەبێ
هیچ هاوکارییەکی دارایی هیچ ڕێکخراوێکی ڕۆشنبیری و میدیایی، تەنانەت دە
نوسخەی بۆ هەر شاعیرێک دابین کرد و نوسخەی منیشی بێ بەرامبەر نارد بۆم،
سەرەڕای گرانیی تێچووی گواستنەوە. بۆیە دەڵێم دەگمەنن ئەوانەی وەک د.
محەمەد کاریان بۆ شیعر کردووە، لە کاتێکدا شاعیران پارەی تێچووی
کتێبەکانی خۆیان دەدەن و دەینێرن بۆ دۆست و ڕەخنەگران، لەگەڵ ئەوەشدا
کەس بایەخیان پێنادات، چونکە ئەوان بەشێک نین لە "گرووپەکانیان".
باوەڕم وایە کۆمەڵێك شاعیری باش هەن ڕەخنەگران دەیانبوێرن..
(پ) با باسی پەخشانە شیعری سوریا بکەین. ئێستا ئەوەی دەنگە نوێیەکان
دەینووسن چۆن دەیبینیت؟
(و) من لە دەرەوەی پەخشانە شیعری سوریام. پێم خۆش نییە شیعر لەسەر
بنەمای ناسنامەیەک کە سەر بە ناوچەیەکە پۆلێن بکرێت؛ شیعر سەر بە
ڕەهاییە. خوێنەر و شاعیر گەر شیعریان خۆش بوێت، لە هەر وڵاتێك بن،
شوناسێکی گشتگیر بە شیعر دەبەخشن.
شیعر هی ئەوانەیە کە خۆشیان دەوێت... من خۆم و شیعرەکانم لە سنوور و
وڵاتاندا قەتیس ناکەم؛ شیعر سنوورەکان تێدەپەڕێنێت. جارێکیان کۆمەڵە
شیعرێکم بۆ گۆڤارێکی شیعری سوریا نارد، بەڵام دەقەکانیان شێواند و
پەلوپۆیان کرد و ناونیشانەکانیان گۆڕی.
(پ) ڕەخنەگر دکتۆر عەبدولعەزیز ئەلمەقالیح یەکەم کۆمەڵە شیعریی تۆی بە
ناوی "وەک ئاو، نەشکاو" کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا بڵاوکرایەوە، لە
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەدا بە ناوی: "فورات ئەسبەر –تایبەتمەندی
دەربڕینی شیعریی خودی مێینە" لەسەری نووسی. باسی هەستی خۆتمان بۆ بکە
سەبارەت بڵاوکردنەوەی یەکەم کۆمەڵە شیعرت و نووسینێك لە ڕەخنەگرێکی وەک
المقالحەوە؟
(و) پێش ئەوەی دەست بە شیعر نووسین بکەم، یەکەمجار لە کتێبخانەی
ماڵەکەماندا دکتۆر عەبدولعەزیز ئەلمەقالیحم بینی. لە ڕێگەی شیعر و
کتێبەکانییەوە بە کارەکانی ئاشنا بووم. بەرهەمەکانی ئەو و شاعیرانی
دیکەم دەخوێندەوە، بە پێی حەز و ئارەزووی خۆم پەڕتووکەکانم لە
کتێبخانەکەماندا ڕێکدەخست. ئەو کات بۆ ئەم کارە پێنج لیرەی سوریم
پێدرا. حەزم بە کتێبەکانی مارکس و وێنەی سەر بەرگەکانیان دەکرد؛ بە
شێوەیەکی بەرچاو دامنابوون. بەڵام باجی ئەمەم دا کاتێک لە پەیمانگای
ڕاهێنانی مامۆستایان ڕەتکرامەوە دوای ئەوەی تۆمەتبارکرام بە کۆمۆنیزم.
هەرچەندە تا ئەمڕۆش مانیفێستی شیوعیم نەخوێندووەتەوە!
پرۆفیسۆر و شاعیرێکی وەک د. عەبدولعەزیز ئەلمەقالیح لەسەرم بنووسێت
شەرەفێکی گەورەیە و بەڕاستی تا ئەمڕۆش ناچاوەڕوانکراو بوو لام. نازانم
کتێبەکەمی چۆن و بە چ ڕێگایەك لە یەمەن بەدەست گەشتبوو؟
زۆر دڵخۆش بووم بە وتارەکەی، چونکە بە پشتگیرییەکی زۆر گرنگم دەزانی،
بە تایبەتی"وەک ئاو، نەشکاو" یەکەم کۆمەڵە شیعرم بوو.
شیعرەکانی ئەلمەقالیحم بە دڵە؛ لە شیعرەکانیدا ئەو وڵات و شوێنانە
دەدۆزمەوە کە تامەزرۆیم. ئەو دێڕەی چەند جوانە:
هەر بە تەنیا سەنعا، هەرچەند سەفەر دوور بێ
هەمیشە هەڵگری ژان و زامی بووین
لە ژێر پێڵوی چاوەکانما، گوڵی کرد و بەری گرت.
(پ) لەژێر ناونیشانی "ئەو شیعرانەی چاو بریندار دەکەن"، باوکت،
ئەکادیمیست محمد سەعید ئەسبەر، لە کۆڕێکی ڕۆشنبیریدا سەبارەت بە
ئەزموونە سەرەتاییەکانت نووسی. چۆن سەیری ئەم ستایشکردنە دەکەیت و تا
چەند هانی دایت؟ جگە لەوەش باوکت ساڵانێک وەک پرۆفیسۆر لە زانکۆی سەنعا
کاری کردووە. چی بە ئێوە گوت سەبارەت بە یەمەن؟
(و) باوکم پیاوێکە لە دەرەوەی وەسف. لە زانکۆی سەنعا کاری کردووە، ئەو
ئەزموونەی خۆش دەویست و ئازیز بوو لە دڵیدا. باسی هەموو شتێکی جوانی بۆ
دەکردین، هەروەها باشیی خەڵکەکەی، پاکی و چاکەخوازیی، هەروەها
قوتابیەکانی کە خۆشیان دەویست، باسی هەنگوینی یەمەنی بۆ دەکردین و بۆی
دەهێناین، هەروەها زیوی یەمەن کە تا ئەمڕۆ ملی ئێمە دەڕازێنێتەوە.
باوکم سەلیقەیەکی تایبەتی لە مۆسیقادا هەبوو؛ گۆرانی ڕەسەنی لا پەسەند
بوو، چەندین کاسێتی ئەبوبەکر سالم و دەنگە ناوازەکەی بۆ هێناین. ئەو
زۆر دڵتەنگ بوو بەو وێرانکارییەی بەسەر یەمەندا هات.
باوکم شیعرەکانی منی پێ باش بوون و پێی دەگوتم "سۆز و خولیای تۆ بۆ
شیعر هیچ سنوورێک ناناسێت".
هەندێکجار، پێشنیاری گۆڕانکاری لە دەقەکانمدا دەکرد، بەڵام من بە
تەواوی ڕەتم دەکردەوە و پێم دەگوت "تۆ شاعیرێکی کلاسیکیت؛ من تەنیا
ڕاستکردنەوەی ڕێزمانییم دەوێت گەر هەڵەیەک هەبوو".
هەمیشە پێی دەگوتم: "فورات دەستنووخەتت باشتر بکە. خەت بابەتی سەلیقە و
عەقڵە" هەموو جارێك لە یەمەنی بەختەوەرەوە بۆی دەنووسیم.
(پ) پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا و پێشڕەفتی تەکنەلۆژیا، بێ گومان
پەیوەندیکردنیان زۆر ئاسانتر کردووە و مەودای کورتتر کردووەتەوە. باسی
ئەزموونی خۆتمان بۆ بکە لەگەڵ پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا و ئەو
ئاڵوگۆڕە کولتوورییەی کە لە پەراوێزی ئەواندا ڕوودەدات، هەروەها باسی
ئەو پەیوەندییەمان بۆ بکە کە لەگەڵ خێزان و ئازیزانت لە سوریا
پێشکەشیان کردیت؟
(و) پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا ئاسۆی فراوانی شیعریان بۆ واڵا کردووم
و باوەڕم وایە کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئەزموونەکەم بووە، بەڵگەش ئەوەیە
کە سەرجەم کۆمەڵە شیعرەکانم لەلایەن ڕۆیتەرز - بەشی ڕۆشنبیری و
پرۆفیسۆر جۆرج جەحا و هەروەها لەلایەن مامۆستایانی زانکۆکانی مەغریبەوە
لەسەریان نووسراوە، لەنێویاندا زانکۆی محەمەدی پێنجەم. دووبارە زۆر
شانازی بەو نووسینانەی (د. عەبدوڵلا ئەحمەد فيفی)یەوە دەکەم لە زانکۆی
پاشا سعودەوە لە ژیر ناونیشانی (شیعرو شیعرێتی) بە دووبەش لەسەری
نووسیون، هەموو ئەمانەش لە سایەی سۆشیال میدیاوەیە، شانبەشانی پرۆژەی
وەرگێڕانەکانی د. محەمەد ساڵح.
سۆشیال میدیا لە فراوانکردنی ئاسۆ و دروستکردنی پردی ڕۆشنبیریدا زۆر
گرنگە. هەروەها لە ڕێگەیەوە دەقەکانم لە جۆڕناڵەکانی بەلجیکادا
بڵاوکراونەتەوە و بەشداریم لە چەندین کتێبدا کردووە بە هەردوو زمانی
ئینگلیزی و عەرەبی.
(پ) تۆ ئارەزووی فێستیڤاڵەکانی شیعر یان کۆبوونەوە، یان خەڵاتەکان
ناکەیت. ئایا ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆشەگیرییەی کە هەڵتبژاردووە، یان
دووری ئەو وڵاتەیە کە تێیدا دەژیت؟
(و) ڕاستگۆیانە بڵێم: هیچ بانگهێشتێک بۆ فێستیڤاڵە عەرەبییەکان
نەکراوم، جگە لەوانەی لە مەغریب و جارێکیش، ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر، بۆ
فێستیڤاڵی میربەد. ناتوانم پاساو بۆ ئامادەنەبوونی خۆم بهێنمەوە؛ ئەوە
بڕیاری ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکانە.
(پ) چی نوێت لە بەردەستە؟
(و) دوایین بەرهەمی من کۆمەڵەی "ئەتڵەسی ژنێکی کێوی" (بەم دواییە
بڵاوکرایەوە، ٢٠٢٤). سوپرایزی دڵخۆشکەر ئەوە بوو کە لە لایەن زنجیرەی
ئیشراقاتەوە چاپ کرا، کە شاعیر ئەدۆنیس سەرپەرشتی دەکات.
______________________________________________
نموونەی شیعرێکی شاعیر، لە یەکەم کۆمەڵە
شیعریەوە:
لە لوتکەی چیاوە
گوڵێکت بۆ دەچنم...
لە لوتکەی چیاوە گوڵێکت بۆ دەچنم
ڕێگا ڕۆشن دەکەمەوە.
سامیە...
بیرتە؟
خەونمان هەبوو کە بە تەنافەکەوە هەڵماندەواسی
لە سەر تۆزی کتێبەکان دەماننووسی...
شیعرەکان دووچەرخەی خەیاڵ
دەستم دەگرتی بۆ فێرگە
مامۆستاکە بە بێوەیی کۆچی کرد،
ڕۆح... وێرانە ئەی خوشكم
مانگەکان و
ئەستێرەکانت نەچنیەوە.
وەک ئاوی ڕوون
ڕووخسارت دێتە پێش چاوم
دەیخوێنمەوه،
بۆچ هەمیشە تارماییەکان سەرتدەبڕن، ناڕەونەوە؟
خوشکان،
هاوڕێی خەونەکان،
تا زیاتر نزیک بینەوە مەوداکان دوورتر دەبنەوە.
چما ڕووخسارت ئەو هەموو بارانەی لێ نیشت؟
هەموو ڕۆژێ دەیبینم بە بەردەمما تێدەپەڕێ،
منیش هەڵدێم.
لەناو مندا خاکە دوورەکان هاوار دەکەن،
بۆچی ئەم هەموو چۆڵیەتان بە من بەخشی؟
دانیشتوو لە سەر دۆشەکی ئازار،
چەرچەفی ڕۆژەکان دەپێچمەوە،
فرمێسکەکان دەسڕم.
بەرەو ئازارەکانت بەرز دەبمەوە،
بەرزە، بەڵام وەك قادرمەی ماڵێ نییە.
شاد بە... شاد بە،
منیش وەک تۆ، خاکێکی تاڵانکراوم.
|