په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٣\٢٠١١

گاڵتەجاڕییەکانی سەرۆکەکان، ''رۆشنبیر'' و مفیستۆفیلس!


سەلام عەبدوڵا  


وەک هاوڵاتییەکە شەرمدەکەم لە وتەکانی مەسعود بارزانی و جەلال تالەبانی: یەکەمەکەیان وتی (سیاسەتی ئۆردوگان راست و درووستە)و دووهەمەکەشیان پشتیوانی خۆی بۆ دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد راگەیاند. ئەم برادەرانە پێیان گرنگ نییە، چەندە ئەو دەربڕینانە خەڵکی کوردستان بریندار دەکات و بەنهێنی و ئاشکرا چییان پێدەوترێت. ئەگەر ئەمە جەهلی سیاسیگەلێک نەبێت پشتیان لە خەڵک کردووە، ئەدی ناوی چی لێ دەنێن؟

ئێمە نابێ"بەهەڵە"لە پشتیوانییەکەی جەلال تالەبانی بۆ بەشار تێبگەین، چونکە وشەیەکی نهێنییە بۆ(بڕۆ)؛ ئەی جەنابی پێشتر پشتیوانی خۆی بۆ موبارەک راگەیاند؟!

ئێستا سەرۆکحکومەتەکان لە خواخوایانە نامە و تەلەفۆنی پشتیوانیکردن لە(جەلال تالەبانی)، پێنەگات و ئەوەی پێی گەیشتووە، خەریکە دەفتەری حیسابە نهێنییەکان کۆدەکەنەوە!

چۆن بەر بەم جەهالات بگرین؟!

ئەگەر ئاو نەگاتە پلەی100، ناکوڵێ و منداڵیش بە نۆ مانگ لەدایک دەبێت، بەڵام هەندێ جار هۆکاری وەها دێتە پێشەوە کە بە 6یان 8 مانگ یان پاش تێپەڕبوونی چەند رۆژێک، بە نەشتەرگەری چاوی بە دنیا گەش دەبێت.

بەڵام بەختیار عەلی لەبارەی شۆڕش دەڵێ(پێگەیشتن و پێنەگەیشتی تێزێکی مارکسییە...).

بە ئاشکرا جەهل بەو بۆچوونە دیارە، چونکە ئەگەر هۆی بابەتی و خۆیی هەمەلایەنەی پێنەگات، نە دوعای ئەولادەکانی تاتشەر و ریگان لە هەینی"پیرۆز"و نە دوعای هەموو هەموو مەلا و سەید و قەشە و حاخامەکانی دنیا دەتوانن شۆڕش بەرپا بکەن. چەند شەرمە یەکێک ناڕەزایەتی، شۆڕش و راپەڕین تێکەڵ پێکەڵ بکات، بەڵام مەلا ئەم کارە دەکات.

"فەیلەسوفەکەمان دەڵێ: مەنتقی شۆڕش و راپەڕین وەک مەنتیقی هەڵبژاردن نییە...

ئەمەش زانستێکی نوێیە هێشتا مرۆڤایەتی پەیی پێی نەبردووە!

بەختیار بە بۆنە و بە بێ بۆنە هەر سوور لەسەر هەوڵی دژایەتی مارکسیزم(ئەمەیە ئەو هۆ سەرەکییەکە کە بۆچی راگەیاندنە"زیرەکەکانی"پارتی و یەکێتی درووستیان کرد و ئێستا راگەیاندە "بێلایەن و ناحزبییەکانی" گۆڕان زیاتر باوەشیان بۆ کردووەتەوە. بەختیار و رەفیقەکانی پێشوەخت بڕیاریان داوە بەرەی وەحشیگەری و تاوان بەهێز بکەن و قسە ژەهراوییەکانیان وەک درۆی یوکیو ئیدانو(قسەکەری حکومەتی یابان)ە. ئەم بەڕێزە بۆ هەڵخەڵەتاندنی رای گشتی جیهاخ وتی: خواردنی میوەکان مەترسی لەسەر تەندرووستی نییە). راستییەکەیشی ئەمەیە: رادەی بەرکەوتنی تیشکی ئەتۆمی گەیشتووتەە نزیکەی15000بیکویرێل، بەڵام سنوروی مەترسیدار بۆ تەندرووستی مرۆڤ کە لە لایەن رێکخراوی تەندرووستی جیهانی دیاریکراوە300بیکویرێل!

نووسەر(فیلیب شلێگە) وتارێکی لەژێرناوی(درۆکانی ئۆباما)لە رۆژنامەی یونگەڤێڵت، بڵاوکردووەو پاول کرایگ رۆبیرتۆس لە وتارێکیدا پرسیار دەکات: کەا 103هەزار هەڵی نوێی کارکردن لە کوێیە؟

لە راگەیاندە کوردییەکان درۆی شاخداری پڕ سەمەر بۆ خەڵک دەکرێ، مەبەستم ئەوەیە راپەڕین، خۆپیشاندان و بەرگرییە جەماوەرییەکان لە دنیا دەهێنرێتە ئاستی تونس و میسر، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە هەژاران، ژنان، بێکاران، کرێکارو جووتیاران، دژ بە سیاسەت و ئابووری و کلتووری لیبڕالیزمی نوێی سەرمایەداری جیهانی راوەستاون.

جاهیلە کوردەکان هەر خەریکی ئەوەن قەڵەمەکانیان بۆ خزمەتکاری کلتور، فکرو دەسەڵاتی سەرمایە تەرخان دەکەن و ئیدیعای رۆشنبیری و حەقیقه‌ت دەکەن، ئامادەنین هیچ گوزارشێک لە بارودۆخی نائینسانی، نامۆیی و هەژاری و رەشبینی مرۆڤ لەو وڵاتەکە بدەن، ئاخر(لە هەر 5 ئەمریکی، یەکێکیان کاری جێگیری نییە. دێبرا رۆزی(بێکار) لە بەرێوبەرایەتی کار لە شاری نیویورک وتی: بەراستی ئێستا ئەم پرسیارە لە خۆم دەکەم: ئایا ئەو کارتۆنانە کە ئێمە ناچارکراوین تێدا بژین ئەوەندە گەورە دەبێ کە شوێنی هەموومان بکات؟). خانم رۆزی لە مانگی یازدە کارەکەی وەک بەرێوبەری لقێکی بچووکی بانقی(سونتروست)لەدەست دا. لەوکاتەوە بە دووڵییەوە بۆ کارێکی تر دەگەڕێ...ئەمە تەنها چارەنووسی کەسێک نییەو بەرۆکی دەیان ملیون ئەمریکی گرتووە.

پاول کرەیگ جێگری بەرپرس بوو لە حکومەتەکەی ریگان و سەرنووسەری کۆمینتارەکانی (ووڵ سترید جۆرناڵ)دەڵێ) گۆڕانکارییەکان لە ئەمریکا پەیوەندی بە ئۆباماوە نییە، گۆڕانکارییەکان لەلایەن چاوچنۆک و قۆڵبڕەکانی ووڵ ستریت بریاریان لەسەر دەدرێ...) و هەروا پرۆفیسۆر میشائیل چۆسودۆڤسکی پرسیار دەکات (لە کەیەوە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان رێ بە ئەمریکا دەدا مایەپووچی دەوڵەکەیان بە بەرپاکردنی جەنگێکی تر بەرپابکەن؟!).

ئایا"حەکیمەکانی" کوردستان لەو قسەیە تێدەگەن، یان هەر درێژە بە"حیکمەتە دژ بە کۆمونیستەکانیان"دەدەن؟!
قەیرانی دارایی سەرمایە هەموو جیهانی هەژاندووە، بەڵام دانیال بیل(نووسەری کۆتایی ئیدۆلۆژیا) لە گفتوگۆیەکدا وەڵێ: ئەمریکا لە حاڵەتێکی سەختەو قەیرانی دارایی بچووکترین کێشەیە. ئەم وڵامە بۆ هەر شارەزایەک سەیرە، بۆیە رۆژنامەنووسەکە پرسیاری لێدەکات: ئەو قەیارنە کێشەیەکی بچوکە؟

دانیال بیل: ...لەدواییدا هەموو ئەو شتانە کێشەی سەرەتایین، هیچ کەس خۆی لەگەل بونیادە گۆراوەکان سەرقاڵ ناکات. نموونە مێژووییە باڵاکان چین؟ چ هێڵێکی گشتی هەیە؟ ئەم مانایە بۆ مێژوو کورتی هێناوە لە گفتوگۆکانی ئیمڕۆماندا.).

بیل بەخۆی دەڵێ: لە پرسی ئابووری سۆسیالیستم، لەسیاسەتدا لیبڕاڵیست و لە بواری کەلتوور کۆنەپارێزم).

گاڵتەجاڕی"رۆشنبیرەکانمان" هێشتا لە ئاستی گاڵتەجاڕی ئەو ئیسلامیانەن کە وتار بە دڵی حکومەت دەخوێنن و لە دەرگای سەرا پێشنوێژی هەینی دەکەن و وەزیرە ئیسلامییە هاودینەکەیان هەڕەشەیان لێدەکات(هەر مامۆستایەک لە مەیدانی ئازادی وتار بدات، فەێل دەکرێت یان لە مزگەوتەکەی دوور دەخرێتەوە)و لەولایشەوە ئۆردوغانی بەدەم کوردکوشتن و بۆردومانەکانی گوندەکانمان و زیندانکردن و لێدانی خۆپیشاندەرەکان لە وڵاتەکەی، لە وتارەکەی باسی عەدالەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی کرد!..."بلیمەتەکان"پەنا بۆ حکومەتی به‌ریتانیا دەبەن، بەڵام ئەو حکومەتە بەخۆی لە هەفتەی رابردوو کاتێ 400هەزار کەس دژ بە پلانی لەناوبردنی(300)هەزار شوێنکار لە کەرتی دەوڵەت(سەڵاو لە پرۆفیسۆر عەلی قەرەداغی!!)ناڕەزایەتییان دەربڕی، بە شێوەیەکی توندوتیژ200خۆپیشاندەریان دەستگیرکرد. ئێستا دەستگیرکراوەکان چاوەڕوانی هاوپشتی"رۆشنبیرە بێلایەنەکانی"سلیمانین دژی بە رەفتاری پۆلیسی لەندەن...

ئەگەر یەکێک بڵێ چۆن لەم کارەساتانە رزگارمان دەبێت، ئەوا بە وڵامەکەی مفیستۆفیلس لە شانۆگەری(فاوست)گونجاوە: (هێزی سروشت و عەقڵ لە کەسێکی بەهرەدار)مان پێویستە...پەرتەوازیمان بەرەو ئامانجەکەمان نامانبەن!
 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک