په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

        گاتەکانی مردن.


یاسین برایم

نووستن مردنێکی سپیە و
کفنی نیە،
مردنیش نووستنێکی دوور و دڕێژە
کفنی هەیە!
*****
دەبێ کامە زۆرتربن!
ئەوانەی مردوون ، گۆڕیان نیە
خاوەن گۆڕەکان
یان ئەوانەی هێشتا گۆڕیان نەدیووە!!
لەوەتەی دونیا دروست کراوە
ژیان لە پەرتووکێکی رەش دەچێ
گاتەکانی مردنی تێدا نووسراوە..
*****
خوایە!
مردن هاوکێشیەیەکی بێ بەرسڤە
سەیرە سەیر،
هەیە لە دایک نەبووە ، مردووە!
هەیە زیندووە ، وەک مردووە!
هەیە لە مێژە مردووە،
بەڵام هەمیشە زیندووە!!
*****
کە مردین،
جەستە دەبێتە مێوانی خاک و
دەڵێن گیانیش یاخی دەبێت و
هەڵدەفڕێت
بەڵام ، نازانم
ئاخۆ ئەویش بۆ جەستەی خۆی دەگڕیێت!!
*****
کە لە دایک بووین
بە خەندە پێشوازی دەکرێین
کەمردیشین بەگریان بەرێ دەکرێین
نازانم ، نا
لە نێوان خەندەو گریان
چ شتێک هەیە ناوی بنێم ژیان!!

*****

رواندز