١٢\١٢\٢٠٢٢
غاز دەرنەچوو،
هەنار بوو!

شوان سدیق
لەبری غاز هەناریان هەناردەی دەرەوە کرد ئەم هەنگاوەیش پدک عاقڵانە بۆ
بەرژەوەندی خۆی مارکێتینگی پێوە دەکات، پدک ساڵانێکە خەریکی گەلەکۆمەیە
بەسەر کۆمەڵگاو پاڵەوان دروستدەکات..
یەنکی هاوپەیمانی پدک، ئەمڕۆ نەک حیزب نییە بەڵکو بووە بەگروپێک سەر
لەخۆیشیان دەرناکەن، بەهەردوولا زیانی زۆریان بەکۆمەڵگە گەیاندوەو
ئیسلامگەرایش خەریکی درووستکردنی دووبەرەکی و نانەوەی بشێوی
کۆمەڵایەتین، بەکورتی هەرێم پێویستی بە ریفۆرمە!
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم مەسرور بارزانی بانگەشەی ڕەوانەکردنی هەناری
کوردستان بۆ دەرەوە دەکات، هەنارەکە، هەناردەکراوەو پاڵپشتی دەکات. ئەم
بانگەشەیە بەقازانجی خۆیان بەکاری دەهێنن!
لەلایەکی دیکەیش مێدیای پدک ڕووماڵێکی بۆ بانگەشەکانی بارزانی
دەستپێکردوەو بانگەشە بۆ هەناردەکردنی هەنار دەکەن. بەپێچەوانەوە
مێدیای یەنک و زۆنی سەوز زۆر گرینگی پێ نادەن!
دیارە هەر هەناردەکردنێکی بەرهەمی نێوخۆ هەنگاوێکی باشەو قازانجی
جوتیاران و بەرهەمهێنەرانە. وڵات لەڕووی گەشەی ئابووریەوە نابێ هەر پشت
بەهاوردەکردن ببەستێ، پێویستە کار لەسەر سێکتەری هەناردەکردنیش بکرێ.
ئەم هەنگاوە ئەگەرچی گرنگە بەڵام لەوڵاتێکی بێ ئیدارەو نەبوونی
دامەزراوەی تەندروست و نیشتیمانی و سیستەمێکی مۆدێرن، ئەستەمە کوردستان
بکەوێتە سەر ڕێچکەیەکی باش هەموان لێی سوودمەندبن!
"بەپێی ئاماری حکوومەت، هەرێم ٣٤ هەزار و ٤٣٥ تۆن هەناردەی دەرەوە
وەڵات کردووە. هەڵەبجە پێشەنگە لە هەنار.. لە کوردستان بەگشتی ٨٥٠٠ تۆن
زەوی کراون بەباخی هەنار. هەڵەبجە، خاوەنی ١١٠٠٠ هەزار دۆنم زەوی
هەنارەو بەرهەمی ساڵانەی ٢٥ بۆ ٣٥ٚ تۆن هەنار دەبێ"... کوردستان٢٤.
بەپێی ئاماری نافەرمی تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ٥٠٠ تۆن هەناری
هەڵەبجە هەناردەی چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئەوروپای کراوە..
مێدیای پدک ئێستە لەم بوارە چالاکەو بانگەشەی ئەوە دەکات٫ کابینەی
نۆیەمی حکوومەت بەسەرۆکایەتی بارزانی گرینگی بە کەرتی کشتووکاڵی و
بەرهەمی نێوخۆی داوە.
بەڵام کۆکردنەوەی حکوومەت و هەوڵی میلەت لە کەسێک یان لایەنێکدا
کۆبکرێتەوە جێی مەترسیە. سیاسەتی تاکڕەوی و هەرکەس بۆخۆی و خۆدزینەوە
لە بەرپرسیارێتی قەیرانەکان وایکردوە، کوردستان زۆر بگەڕێتەوە دواوە،
تەنانەت کەس و لایەنێک ڕووبەڕووی دادگا نەکراوەتەوە، لەسەر ئەو هەڵە
سیاسی و قەیرانە ئابووریەی تووشی هەرێم بووە.
ئێستە هەرێمی کوردستان، لەڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی زۆر
پاشەکشەی کردوە، بارودۆخێک دروستبووە ڕیفۆرمی تێدا ڕاوەستاوە، کۆمەڵگە
زەرەرمەندی یەکەمە، نائومێدی زیاتر بووە، بێکاری و جێهێشتنی وڵات
لەلایەن گەنجانەوە بەتایبەتی زیاتر دەبێت!
ماڵپهڕی شوان سدیق
|