په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١١\٢٠١٣

گێچەڵاویترین کەلەبەری دنیا!

وشەجاڕ        

لە"کەنەدا"وە دوو میوانم هاتن بۆ ئەو کوردستانە حەیاتە.


یەکیان بە بنەچە فارس-کەنەدی و ئەوی دیکە باسکێکی سەرڕەشی ئیسپانی-کەنەدییە کە بە ئیرادەی خوا، هەرتکیان ڕەنگی کوردیان لێ نیشتووە و وەکوو ورچ، لای ڕاستیان کورد و تەنیا لای چەپیان عەجنەمووکەیە و تا نەیەنە گۆ، لە کوردیان ناکەیتەوە! وا کوردێنراون کە لە ڕاپۆرتێکی بۆماوەزانیدا، ئەوە ڕووداوە سەرسووڕهێنەرە بە یەکێک لە پەڕجووەکانی وشەجار و دەگمەنەکانی مێژووی بۆماوەزانی ناو براوە!


چونکە خۆیشم لە کوردستان میوان بووم و نەمدەویست ببمە ئەرک بەسەر کەسەوە، ئەو ماوەیە هوتێلمان گرت!


پێش هاتنی میوانەکان، پایتەختی ڕۆشنبیریم نایە یەک! نە ئوتێلیان دامێ و نە موتێل! ئەگەرچی لە باری ئاسایشەوە کێشەمان نەبوو، بەڵام حەقدی گەواجمان نەبوو و ئوتڵێلچیان دەیانگوت: "خۆ زەواد نین ڕیی ئێوە بکەینەوە!" ناچار پایتەختم جێهێشت و هاتمە هەولێر. لەوێ بە ١٠١ واستە، موتێلێکمان ڕازی کرد دوو ژوورمان بداتێ. گەرچی میوانەکانم لە خوشکەکەی فەرەج گەڵاڵی لام مەحرەمتر بوون، کەچی مەرجی سەرەکیی سەر،ببورن ژێرۆک قۆماری موتێلەکە ئەوە بوو کە ڕۆژانە "ئایەتەلبرسی" بە دەورمدا بخوێنن، نەوەک دزە بکەم بۆ ژێر بەتانیی میوانەکانم! [ئەڵبەت پاش ٣ خولەک بازنەی مارەکەم بەزاند و تا کۆتایی سەفەرەکە، "تاق‌تاقکەرە"ی داماو لە ژوورەکەمدا بە تەنیا مایەوە!].


میوان هاتن. پاش پشوو و هەر لە ڕۆژی دووهەمەوە، بردنم هەندێ شوێنی گوندە گەورەکەم پیشان دان!
پاش سێ چوار ڕۆژ عەسرانێک وتم: ئەرێ نەڕۆینە دەرەوە و نانیش بخۆین؟ باسی چەن شوێنێکی نەبیندراوم بۆ کردن و...
باسکە خان خێرا وتی: "نەوەڵا نەڕۆین!" خوشکەکەی فەرەج گەڵاڵییش بۆی سەندەوە: "وەڵا ڕاست ئەکات، بۆ کوێ بڕۆین؟!".


سبەینێیش خۆیان خڵاواند!
قسەکانیان بۆنی دەهات!


گۆتم؛"حاجی هەولێر"! بەسەری "بەرخۆکەی شەهید" قەسەم، دەبی ئەو ماس-تە کلکی چێرەکەی کەتبیتە ناوێ!
شەو خوشکەکەی فەرەجم بانگکرد: "کەرەج"! هۆ "کەرەج"!
- گیان!
- کچێ! ورچێ بانگ بکە با پلانێک بۆ ڕۆژانی داهاتوو داڕێژین!
باسمان دامەرزاند، دەبینم ڕایان لە گەڕانی ناوگوند نیە!
وتم: بڕۆین سلێمانی و دهۆک ببینین؟
خاتوو کەرەج لەدەمی دەرچوو:
ئەرێ سلێمانی و دهۆکییش هەر ئەوهان؟!


وەکوو یەک بەرمیل سەهۆڵاویان کردبێت بە سەرمدا! وەکوو لە قەندیلەوە فڕێ درابێتمە خوارەوە یان "کارەبێ‌با"کەی عکومەتی هەرێم گرتبێتمی! وەکوو خوای گەورە چاوی لێ زیتەوە کردبێتم؛ ناوکم کەوت!


- کەرەجێ! چ قۆماوە؟!
کەرەجێ بەرمیلێک نەوتاوی هەڵڕشت:
- ڕاستیەکەی بەشەر لەبەر چقڵی چاو ناتوانێ بڕۆات بەڕێگادا!


ڕاستی دەگوت؛ پیاوی نەخۆش لەتاو سەیرکردنی ژن، ئاگایان لە بەرپێیان نیە! شۆفیری نەخۆش، ئاگایان لە جەڕ و مەنگەنی ئوتۆمبێلەکانیان نیە و گەر ژنێک لە ئوتۆمبێلەکەیاندا بێت خەریکن لە ئاوێنەکەوە بێنە دەرەوە و بیخۆن، کەچی شریتی ئەو قورئانەیان لێداوە کە لەسەری خۆ بەکوشت دەدەن! ئەوجا دەڵێن؛ خودا پێی ناخۆشە سەیری ئەو شتانە بکەیت!


کەرەجێ دەیگوت: "تۆ پرسیار لە دووکاندار ئەکەیت و وەڵامی ئێمە ئەدەنەوە کە تەنانەت زمانەکەیشیان تێناگەین!
ئێمە غەریبەین! گەنجین! بەڵام خۆ ئەگەر ژنێکی بەتەمەنی عابابەسەریش تێپەڕێ، هەمان چقڵی چاوانی حیزی لە ڕێدایە! "بەڕاستی ئێستا ئیمانم بەوە هێناوە کە دەتگوت خەڵکێکی داماومان هەیە!".


هەقی خۆی بوو، هەرچی بڵێ! کێ دەتوانێ بەسەر دڕکا تێپەڕێ؟! دەمزانی وەهایە، نەک ئەوەندە بێشەرمانە کە ئابڕووی وڵاتەکەت ببەیت، لە پێناو "هیچ"! "کەرەجێ" لەوپەڕی تووڕەییدا، کە باسی دەردی هاوڕەگەزە کوردەکانیی کرد، چاوی تەڕ بوو!
- "ئەوانە هەمان دڕندەن کە "دۆعا"یان ڕووت کردەوە و ئەوجا بەردبارانیان کرد! ئەوانە هەمان دڕندەن کە دەڵێن کەلتوور و ئاینی ئێمە، پارێزەری شەرەف و نامووسی مرۆڤە!".


ئەو شەوە ڕەشەش ڕابورد و گەرچی پاش چەن کاتژمێر خۆرەتاومان دی، بەڵام ئازیزان گوتەنی؛ ژنی ئەم وڵاتە وەک لە قوتبا قەتیس مابن! وەکوو "شەو" چەندین سەدە ئاسمانی لە خاوەنە بێ‌خاوەنەکانیان بە کرێ گرتبێ، هێشتا هەروا گرفتاری شەوەزەنگن و زۆری ماوە تاوی دادپەروەری و یەکسانی و خۆشەویستی ببینن!


ناچار لە سبەینێی درۆیینەوە، وازم لە گوندی کوێران هێنا و ئەو ماوەیە لەگەل ئازیزاندا خۆمان بە سەیرانی کەژانەوە خڵاواند! تەک سروشتی کوردستاندا هەوڵماندا میوانەکانمان پیاوی نەخۆشی ئەم وڵاتە، بە ناپیاوی و کەریەتیی خۆیان ببەخشن!


بەڵێ! "چاوی حیز"یش خنجێرێکە لە خنجێرەکانی سەر گەردنی ژنان، لە دەرەوە و لە شوێنی کاریشدا!

بۆیە دەڵێم ناوگەڵی مرۆڤ گێچەڵاویترین کەلەبەری دنیا و تەنانەت قیامەتیشە!
 

ماڵپه‌ڕی وشەجاڕ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک