گێژاوی سیستەم و پرسی کورد.
دیار غەریب
ئەمڕۆ سیستەمی جیهانی وەکو پادشا بێ بەرگەی
لێهاتووە، هەرچەندە دەخوازێت خۆی وەها نیشان بدات کە باشترین و
رازاوەترین بەرگی لەبەردایە. بەڵام هاواری منداڵێک دەوروبەر هۆشیار
دەکاتەوە، کە پادشا بێ بەرگە و رووتە. ئەوەتا سیستەمی سەرمایەداریش
لەدوای هەڵوەشانی بلۆکی رۆژهەڵاتەوە لەهەوڵی ئەوەدایە جیهان قەناعەت پێ
بکات کە سیستەمەکەی لەرووی فکری، ئابووری، کۆمەڵایەتی وکەلتوورییەوە
باشترین و رازاوەترین وهەمیشەییترین بەرگە بۆ ژیانی کۆمەڵگا و
بیرکردنەوە لە جۆرە ژیانێک لەدەرەوەی سیستەمی سەرمایە ئەوا مرۆڤ
ڕووبەڕووی ژیانێکی ئاڵۆزوبێ ئەنجام دەکاتەوە. بەڵام واقع پێچەوانەی ئەو
بانگەشەیەی نیشانی ئێمەدا. ئەوەتا لەرووی فکری و ئایدیۆلۆژییەوە ئەو
بانگەشانەی بیرمەندەکانی سیستەم زەقیان دەکردەوە، وەکو نەمانی سەردەمی
ئایدیۆلۆژیا، کۆتایی مێژوو یاخود شەڕی شارستانیەکان نەیانتوانی جێگەی
خۆیان لەناو ژیانی کۆمەڵگا بکەنەوە. لەجێگەی ئەمە ئایدیۆلۆژیا
بەشێوەیەکی تر پەرە بەخۆی دەدات و سەرلەنوێ خۆی پێناسە دەکاتەوە و
پەراوێزی لەژیان و ململانێیەکاندا پەسند ناکات. بەواتایەکی تر دەتوانین
بڵێین ئایدیۆلۆژیا کۆتایی نەهات، بەڵام رۆڵ و ناوەڕۆکی گۆڕانی بەسەردا
دێت. هەروەها ئەو چەمکە بەلاوەنرا کەسیستەمی سەرمایەداری کۆتایی مێژوو
بێت، چونکە ئەم چەمکە لەناوەڕۆکی خۆیدا بانگەشەیە بۆ راوەستاندنی
پێشکەوتن و هەڵگری ئەو بۆچوونەیە کەهەندێک لەئایینەکان خواستویانە
لەرێگەیەوە کۆنترۆڵی ژیانی کۆمەڵگا بکەن و دەرفەتی بیرکردنەوە و گۆڕان
و پێشکەوتنی لێ وەربگرنەوە، گومانی تێدا نییە ئەمەی سەرمایەداری
بەشێوەیەکی وریاییانەتر لەم دەرگایەی داوە، بەڵام دوو دەیەی رابردوو
سەلماندی کە سیستەمی سەرمایەداری کۆتایی مێژوو نییەو مێژوو و سیستەم
بوونەتە بەشێک لە پێکهاتەی ژیان و لەگەڵ ژیاندا بەردەوام دەبن. بە
پێچەوانەوە ئەوەی نزیکبۆتەوە لەکۆتایی نەک مێژوو، بەڵکو سیستەمی
سەرمایەداری بۆ خۆیەتی. لەلایەکی ترەوە هەرچەندە بەتیۆری وکرداری
سیستەم کاری کرد بۆ ئەوەی پێکدادانی شارستانیەتەکان دروست بکات و
سەرلەنوێ ململانێ ئایینەکان، رۆژئاوا ورۆژهەڵات، وڵاتانی پێشەسازی
وتارە پەرەسەندووەکان قوڵبکاتەوە، بەڵام ئەم هەوڵەش بێ ئەنجام بوو،
یاخود بەرەو بێ ئەنجامی دەچێت، چونکە لەرووی کردارییەوە دەبینین
شارستانییەکان سەرەرای ناکۆکی وململانێیەکانیان لەتەبایی و پێکەوە ژیان
دەگەڕێن. لێرەوە دەتوانین ئەو ئەنجامە بەدەست بخەین کە سیستەمی
سەرمایەی جیهان لەرووی ئایدیۆلۆژیاوە لە قەیرانێکی قوڵدایەو لە رێگەی
ئەو رووپۆشکردنەی کە لەرابردوودا پێی هەستاوە ناتوانێت خۆی لەو قەیران
و ئاڵۆزییە رزگار بکات، جێگەی بیرهێنانەوەیە کە پێش دوو دەیە رێبەر
عەبدوڵڵائۆج ئالان ئاماژەی بەم واقعە کردبوو، جەختی لەسەر ئەوە کردبۆوە
کە لەململانێی بلۆکی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، بلۆکی رۆژئاوا براوە نییە،
ئەوەی براوەیە و سەرکەوتووە دیموکراتی و مافی مرۆڤ و مافی گەلان و
زانستە هەر بۆ ئەمە پێویستە سیستەمی سەرمایەداری و بلۆکی رۆژئاواش بەم
پێیە خۆی رێکبخاتەوە ئەگەر نا ئەوا ئەو سیستەمەش ناچاری هەڵوەشان
وداڕووخان دەبێت. ئەوەی ئەمڕۆ بەدی دەکرێت ئەنجامێکی بەمڕەنگەیە.
بابەتێکی تر کە داهێنانی سیستەمی سەرمایەی
جیهانییە پێویستی بەهەڵوەستە هەیە مۆدێلی دەوڵەت ـ نەتەوە یە. کەوەکو
مۆدێلیکی سیاسی و ئیداری بەرهەمی هێنا، ئەم مۆدێلە سەرنەکەوت و
نەیتوانی کێشە سیاسی، نەتەوەیی و ئیدارییەکانی کۆمەڵگاکان چارەسەر بکات.
واتە لەم بوارەشدا شکستی خوارد. ئەوەتا سیستەمی دەوڵەت ـ نەتەوە لەرووی
ئیدارییەوە لەهیچ جێگەیەک نەیتوانیوە عەدالەتی کۆمەڵایەتی دروست بکات
وکۆتایی بەکێشە ئیداری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بهێنێ. لەرووی
ئابووریشەوە رۆژبەرۆژ لەلایەنی سەرمایەی جیهانی وکۆمپانیا فرە
رەگەزەکانەوە، تەنگاو دەکرێت وناچار دەکرێت کە دەست لەبازاڕی نەتەوەیی
بەربدات کە بنەمایەکی سەرەکی دامەزراندنی دەوڵەت ـ نەتەوەیە. هەروەها
ئەم مۆدیلە لەلایەن رێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بەمافی مرۆڤ و ژینگە
پارێزی و بەپشت بەستن بە کریتەرو نۆرمە جیهانیەکان فشاری دەخرێتە سەرو
ناچار دەکرێت کە گۆڕانکاری ئەنجام بدات و رێز لەمافی مرۆڤ و پێکهاتە
جیاجیاکانی ناو کۆمەڵگا بگرێت. لەلایەکی ترەوە مۆدیلی دەوڵەت ـ نەتەوە
لەو وڵاتانەی کە دوو پێکهاتە یان زیاتری تێدایە هەمیشە لەناوخۆیدا
کێشەی نەتەوەیی هەبووە و هەتا ئێستاش بەردەوامە، ئەو کێشانەش
ئاڵۆزییەکی زۆری دروستکردووە لەکۆمەڵگاکاندا، واتەمۆدێلی سیاسی وئیداری
سەرمایەداریش تووشی شکان بۆتەوە و نەیتوانیوە وەڵامی کێشەی سیاسی، و
ئیداری کۆمەڵگاکان بداتەوە، ئەمەش سیستەمی تەنگاو کردووەو خستوویەتیە
بەردەم دوو رێگاوە یان ئەوەتا گۆڕانکاری رێشەیی لەم سیستەمەدا ئەنجام
بدات، یاخود سیستەم رووبەرووی هەڵوەشان دەبێتەوە.
بابەتێکی تر کە ئەمڕۆ سیستەم تێیدا
رووبەرووی ئاڵۆز بووەتەوە بواری ئابوورییە، گۆمانی تێدا نییە، ئابووری
هەر سیستەمێک و پێوانەکانی گرێدراوی بنەمای ئایدیۆلۆژی و فکری ئەو
سیستەمەیە، تێگەی ئەو سیستەمە چۆن بێت بۆ ئابووری ئەوا ئابووری بەو
رەنگە خۆی رێکدەخات. واتە لەکۆمەڵگایەکی سوسیالیستیدا مرۆڤ ناتوانێت بە
پێی پێوانەکانی سیستەمی سەرمایەداری ئابووری رێکبخات. بە پێچەوانەشەوە
هەر راستە، یاخود ئابوورییەک کە لەسیستەمی سوسالیزمی بونیادنراودا
شکستی خواردووە ناتوانێت وەکو ئەڵتەرناتیڤی ئابووری سەرمایەداری
دایبنێن. هەروەها ئەو ئابوورییەی سیستەمی سەرمایەداری کەلەسەر بنەمای
هاوکێشەی سەرمایە ـ قازانج کار دەکات وخۆی رێکدەخات و لەناوەندە
جیهانییەکاندا لەقەیراندایە، ئەمڕۆ ناتوانێت بۆ وڵاتانی تازە
پەرەسەندوو ببێتە مۆدێلێکی باش و چارەسەری کێشەی ئابوورییان بکات.
دیارە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لەم بوارەشدا ماوەیەکی زۆر خواستی
ئابووری بازاڕو هاوکێشەی سەرمایە ـ قازانج وەکو ئەڵتەرناتیڤی سیستەمی
ئابووری دەوڵەتی سوسیالیزمی بونیادنراو پێناسە بکات و بەهەموو شێوەیەک
رێگەی لە دەستێوەردانی دەسەڵات دەگرت لەکۆنترۆڵکردنی بازاڕدا، کار
گەیشتە ئەوەی ئەم هاوکێشەیە وسیستەمە ئابوورییە ژیانی مرۆڤ وژینگەی
خستە ژێر مەترسی لەناوچوونەوە و ئێستاش لەژێر ئەو هەڕەشەیەدا ژیان
دەگوزەرێنێ. بەڵام سیستەمی سەرمایەداری نەیخواستووەو ناخوازێت بەم
سیستەمە ئابوورییەدا بچێتەوە، هەتا کارگەیشتە ئەوەی کە لەچارەکی کۆتایی
ساڵی پارەوە هەتا چارەکی یەکەمی ئەمساڵ سەرمایەداری جیهانی خۆی
گەورەترین گورزی خواردو تووشی قەیرانێکی قوڵ بووەتەوە. گومانی تێدا
نییە کە ئەم قەیرانە قەیرانێکی کاتی نییەو لەوێنەی قەیرانی ساڵانی
کۆتایی بیستەکان وسەرەتای سییەکان سەدەی رابردووش نییە هەتا لەرێگەی
هەندێ موداخەلەی دەوڵەت و دەسەڵاتەوە چارەسەر ببێت. بەڵام دەبینین ئەو
سیستەمە سەرمایەدارییە کە بەهەموو شێوەیەک نەیاری دەستێوەردانی بازاڕەو
بازاڕی ئازاد کردووە ئەمڕۆ لەپێناوی رزگارکردنی سیستەمە ئابوورییەکەیدا
بەسەدان ملیار دۆڵار هاوکاری کۆمپانیا وبانکەکان دەکەن و دەخوازن
لەرێگەی موداخەلەی دەسەڵاتەوە لەوقەیرانە رزگاریان بێت، ئەوەش
پرسگەلێکی زۆری دروست کردووە لای چاودێرانی ئابووری و دەپرسن کە ئایا
سیستەمی سەرمایە بۆ رزگار بوون لەقەیرانی ئابووری پەنا بۆ سوسیالیزم
دەبات و ئابووری دەوڵەت دەژێینێتەوە؟.! لێرەدا پێویستە ئەو راستیە
بدرکێنینین کە نەمۆدێلی ئابووری بازاڕ، نە مۆدێلی ئابووری دەوڵەت
ناتوانێت کێشەی ئابووری چارەسەر بکەن و چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە
پێداچوونەوەیەکی مێژوویی و زانستی پێویستە کە بۆ سیستەمی سەرمایەو
ئابووری بکرێت و پەیوەندی ئابووری و زانست، کۆمەڵگا وژینگەی تێدا باش
دیاری بکرێت و بەو پێیە سیستەمێک بۆ ئابووری دیاری بکرێت دەتوانرێت ئەم
قەیرانە چارەسەر بکرێت، لێرەدا پێویستە ئابووری لەهاوکێشەی سەرمایە
وقازانج رزگار بکرێت و پێداویستی کۆمەڵگاو زانست و ژینگە لەسەر بنەمای
پەیوەندی پۆزەتیڤ وەک و پێوانە وەربگرێت، رێبەر عەبدوڵڵا ئۆج ئالان
وەکو بیرمەندێکی دیار ئەم بابەتەی شێکردۆتەوەو بەئابووری کۆمەڵگای
ناوزەد کردووە، ئەو دەڵێت: ئابووری کۆمەڵگا دەتوانێت ببێتە ئەڵتەرناتیڤ
بۆ ئابووری بازار و ئابووری دەوڵەت. دیارە دەسەڵاتداران وسیستەمی
سەرمایە کە هاوکێشەی سەرمایە ـ قازانج بۆ خۆیان بەبنەما وەردەگرن،
گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەو رەنگە لەبەرژەوەندی خۆیاندا نابینن، ئەمەش
وایکردووە بخوازن لەرێگەی پینەکردنەوە ئەم قەیرانە تێپەڕ بکەن،
بابەتێکی تر کە ئەمڕۆ سیستەمی سەرمایەداری تەنگاو کردووە، بابەتی ماف
وئازادی رەگەزییە، سەرمایەی جیهانی کە لە ناوەڕۆکی خۆیدا درێژە پێدەری
سیستەمی پیاوسالاری سەردەمی کۆیلەدارییە، بەڵام لەرێگەی بانگەشەکانیەوە
دەخوازێت وەکو داکۆکیکەرلەماف و ئازادی ژن بناسرێت، ئەوەتا لەژێر
پەردەی ئازادیدا ژنی کردۆتە بێ بەهاترین کاڵای بازرگانی و رێکلامی
پێوەدەکات و ئەمەش بەئازادی دەژمێرێت، پەیوەندی نێوان هەردوو رەگەزی
ئەوەندە بەرتەسککردۆتەوە کە لەدەرەوەی تێڕوانین و نزیکبوونەوەی زایەندی
بۆیەکتر پەیوەندییەکانی نێرومێ بێ واتا کردووە، ئەمەش لەهەموو
ناوەندەکانیانەوە دەکەنە رۆژەڤ. لەبەرامبەر ئەوەدا شتی دڵخۆشکەر ئەوەیە
کە ئیتر ژنان و بەشێکی زۆری کۆمەڵگا لەتێکۆشاندان بۆ ئەوەی ئەو
پێوانانەی سیستەمی سەرمایەداری تێپەڕ بکەن و ئەمڕۆ لەم بوارەشدا
سیستەمی پیاوسالاری سەرمایەداری تەنگاتاو بووە، رەوتی تێکۆشان
ورووداوەکانیش ئەوە دەسەلمێنن، کە سیستەمی سەرمایەداری لەم بوارەشدا
شانسی بەردەوامی نییە. سیستەم بەشێوەیەک پێویستە بگۆڕێت کە
پەیوەندییەکانی هەر دوو رەگەزی مرۆڤ بەهەموو رەهەندەکانیەوە گرنگی پێ
بدرێت و لەسەر بنەمایەکی هاوسەنگ رێکبخرێتەوە.
ژینگە وپێداویستیەکانی بەردەوامبوونی ژیانی
مرۆڤ و ژینگە راستییەکی ترە کە سیستەمی تەنگاو کردووە، ئەمڕۆ دەبینین
بەهۆی باڵادەستی چەمکی قازانج وهاوکێشەی سەرمایە ـ قازانج ەوە هەم
ژیانی مرۆڤ رۆژانە رووبەرووی نەخۆشی کوشندە ونوێ دەبێتەوە، هەم ژینگ
دەوروبەرمان پیس دەبێت وزیندەوەران تۆشی گەشەولەناوچوونی ناهاوسەنگ
دەبنەوە، لەهەمان کاتدا هاوسەنگی ژینگەکەمان تێکدەچێت. ئەمانە بۆخۆی
کۆمەڵێ مەترسین و هەڕەشە لەژیانی مرۆڤ وزیندەوەران وژینگە دەکەن،
گۆمانی تێدا نییە کە هۆکاری سەرەکی تێکچوونی هاوسەنگی ژینگە مرۆڤە،
چونکە مرۆڤ و ئەو عەقڵییەتەی سیستەمی دەسەڵات کاری پێ دەکات ئەوەیە کە
جیهان و ژینگە بەهەموو پێکهاتەکانیەوە بۆ خزمەتی مرۆڤ دروستکراوەو مرۆڤ
ئازادە لەوەی چۆن سوودیان لێ وەردەگرێت و دەیخاتە خزمەتی گوزەرانی
خۆیەوە، واتە ئەم بۆچوونەدا مرۆڤ کراوەتە چەقی ژینگەو هەموو بوونەوەر و
پێکهاتەکانی ژینگە لەدەوری مرۆڤ دەسۆڕێنەوە، هەر ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی
مرۆڤ بەئاسایی زیندەوەرانی تر دەکوژێت و بەمافی خۆی دەزانێت بیانخوات
ویاخود بۆ خۆشی دەیکات بەسەربردن بەکاریان بهێنێ و دەست بەسەریان بکات،
یان هیچ بیر لەوە نەکاتەوە کە پێکهاتەی ژینگە پیس نەکات. گومانی
تێدانییە ئێستا ژمارەیەکی زۆر رێکخراوەی ژینگە پارێزو ئاژەڵ دۆست
لەهەوڵی ئەوە دان کە سنوور بۆئەم هەڵوێستە نا بەرپرسیارانەی مرۆڤ و
سیستەم دابنێن. ئەمەش بۆ خۆی سنوور بۆ سیستەمی سەرمایەداری دادەنێت
چونکە راستی و بەڵگە زانستیەکان ئەوەیان سەلماندووە کە ئەگەر سیستەم
ئەم بارۆدۆخە لەبەرچاو نەگرێت ئەوا ژینگە هەمووی تێکدەچێت و ئەو کاتە
هەموومان وەک و ئەو کۆمەڵە کەسەمان لێ دێت کە لەناو کەشتی یەکداین،
نوقمی ئاو دەبێت.
بەگشتی لێرەدا خواستمان ئاماژە بەوە بکەین
کە بۆچی سیستەم لەگێژاو دایە، یاخود ئەو بارودۆخەی سیستەم پێیدا تێپەڕ
دەبێت کێشەیەکی ئاساییە یان ئاڵۆزییەکی گشتگیرە؟ گۆمانی تێدا نییە کە
ئاڵۆزی وگێژاوێکی گشتگیرە و بەرگی ئەمڕۆی سیستەم بەبەری پێشکەوتنەکان و
ژیانی مرۆڤایەتی ناکات. واتە سیستەم ناچاری گۆڕانە یان دەبێت خۆی
بگۆڕێت یان ئەوەتا هەڵدەوەشێتەوە و سیستەمی تر بونیاد دەنرێت. ئێمەش
وەکو گەلی کورد پێویستە بەدەریاییەکی زۆرەوە چاودێریی ئەم بارودۆخە
بکەین، هەتا بزانین گۆڕان وماهیەتی گۆڕانەکە چۆنە و ئێمە چۆن دەتوانین
ببینە فاکتەرێکی پۆزەتیڤ لەگۆڕاندا وجێگەو پێگەی ئێمە چۆن دەبێت. ئایا
ئێمە وێنەی سەرەتای سەدەی بیستەم هەر بینەردەبین و لەو چوارچێوەی
بەرنامە و پرۆژەی هێزو لایەنەکانی تردا هەڵسوکەوت دەکەین. یاخود ئێمەش
دەتوانین خاوەن پرۆژە بین و مۆرکی خۆمان لەگۆڕانکارییەکان بدەین. ئەوە
ئەمڕۆ نەک تەنیا مژاری گفتوگۆی ئێمەیە بەڵکو بابەتێکە سیستەم بەگشتی
وهێزە سەردەستەکانی سەر کوردستانیش بەجددی و هەند وەریدەگرن. پێگەی کورد لەسیستەمی جیهانیدا.
گومانی تێدا نییە دوای فڕاندنی رێبەرئاپۆ
هێزە هەرێمی و جیهانییەکان پێیان وابوو کە پەکەکە بوو بە بەشێک
لەمێژوو، ئیتر ناتوانێت کاریگەری لەسەر رووداوەکان ورەوتی
گۆڕانکارییەکان بکات. بەڵام لەم دووساڵەی دواییدا لەهەموو بوارەکانی
تێکۆشاندا ئەوە سەلمێندرا کە ئەو هێزانە ناتواننن پرسی کورد فەرامۆش
بکەن. چونکە تەڤگەڕی ئازادیخوازی کوردستان هەم لەرووی فکری هەم لەرووی
سەربازی وسیاسی وجەماوەری توانی ئیرادەی چارەسەری نیشان بدات، وئەوە
بەتایبەتی لەهەڵبژاردنەکانی 29-2-2009 باکووری کوردستاندا ئەو بریارە ی
کە کەجەکە دای سەبارەت بەئەنجام نەدانی چالاکی هەتا 1-6-2009 وەکو
دەرفەتێک بۆ ئاشتی و دیالۆگ لەگەڵ تورکیادا گەیشتە لوتکە.
ئێستا دوای سەدەیەک لەنکۆڵیکردن لەکورد
لەباکووری کوردستان دا کورد هەم لەرووی سەربازییەوە لەئاستێکی ئاکتیڤ
دایە هەم لەرووی ئیرادەی سیاسییەوە لەسەر پێیە.لەرۆژهەڵاتی کوردستاندا
سەڕەرای ئەوەی کە لەدەیەی هەشتاکان و نەوەدەکاندا تا رادەیەکی رژێمی
ئێران سەرکەوت لە بێ دەنگکردنی کورددا، بەڵام ئەوەتا لەکۆتایی
نەوەدەکاندا جۆڵەیەکی سیاسی، خەباتی مەدەنی و کەلتووری پەرەی سەندووە و
لەچوارچێوەی پاراستنی رەوادا ئیرادە بوونێکی سەربازیش دروست دەبێت،
گومانی تێدانییە کە ئەمەش وا لەئێران دەکات کە بە سیاسەتەکانی خۆیدا
بچێتەوە. لەئێراقیشدا کورد ستاتۆیەکی بەدەست هێناوە، ئەم ستاتۆیە هێشتا
جێگیر نەبووە، هۆکاری جێگیر نەبوونیشی دوو لایەنەیە لایەنێکی پەیوەندی
بەهەڵوەستەی گشتی هێزە هەرێمی و جیهانییەکانەوە هەیە کە هێشتا ئامادەی
ئەوە نیین ستاتۆیەکی جێگیر بۆ کورد پەسند بکەن، لایەنەکەی تریشی
وابەستەی سیاسەتی ئیدارەی کوردی و هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی
کوردستانە کە لەبواری دیموکراتی نەتەوەیی و باوەڕ بوون بەهێزی خود
نەیانتوانیووە نموونەیەکی وەها نیشان بدەن کە دۆست و نەیار ناچار بکەن
رێزی لێبگرن. هەرچی رۆژئاوای کورستانیشە تێکۆشانی دیموکراتی و نەتەوەی
رۆژانە بەرفراوان دەبێت و ئیتر کورد ناتوانێت ژیانێکی بەو رەنگە پەسەند
بکات و دەوڵەتی سوریاش ناتوانێت سوود لە سیاسەتێکی بەوڕەنگە وەربگرێت.
لەبارودۆخێکی بەمڕەنگەدا لە تورکیا لەلایەک
گفتوگۆ لەسەر دیالۆک و چارەسەری فراوان بکرێت، لەلایەکی ترەوە هێرش
لەهەموو بوارەکاندا بۆسەر گەلی کورد و رێکخراوەکانی روو لەزیادبوونە.
ئەوەتا لەکاتێکدا رۆژێک بەسەر بانگی کەجەکە دا تێپەڕ نەبووبوو سەبارەت
بە ئاشتی، کەچی دەیان کادیری پێشەنگی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتی راپێچی
زیندانەکان کران، پێش ئەمەش لە کاتێکدا کە گەلی کورد بە ئاشتی و لە
ئاگری دەیخواست لێکۆڵینەوە لەسەر ئانجامی هەڵبژاردنەکان بکرێت و
لەلایەکی ترەوە بۆ پێرۆزکردنی ساڵیادی لەدایکبوونی رێبەر عەبدوڵڵا
ئۆجەلان سەردانی گوندی (ئامارا) زێدی لەدایکبوونیان دەکرد، پۆلیستی
دەوڵەت بە چەک هێرشی کردە سەر جەماوەر و دوولاوی کورد بوونە قوربانی و
شەهید بوون، لەلایەکی ترەوە بەهۆی سیستەمی جاشایەتی کە دەوڵەت ماوەی
نزیکی (25) ساڵە پەیڕەوی دەکات بەشێکی بوودجەی دەوڵەت بە فیڕۆ دەچێتەوە
لەهەمان کاتدا بارودۆخێکی ناهەموار لەناو کۆمەڵگادا بەهۆی جاشایەتی
دروست بووە و کۆکوژییەکەی گوندی "زانقرت" کە 44 کەسی تێدا بووە قوربانی
بەرهەمی ئەم سیاسەتەیە و ئەمانە وایکرد کە دەوڵەتی تورکیا هەم لە
ناوخۆدا هەم لەدەرەوە زیاتر ببێتە جێگەی رەخنە و داوای هەڵوەشاندنەوەی
سیستەمی جاشایەتی دەکەن، کە ئەمەش بۆخۆی تورکیا رووبەڕووی دوو رییانێک
دەکاتەوە، یان ئەوەتا تورکیا سوور بێت لەسەر پەیڕەوکردنی سیاسەتی
نکۆڵیکردن لە کورد و بەرپاکردنی شەڕێکی سەرتاسەری کە ئەمە تورکیاش
رووبەڕووی گێژاوێکی قوڵتر دەکاتەوە، یاخود ئیتر سەرەتایەکی نوێ دەست پێ
بکات و دیالۆک لەپێناوی چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورددا دەست
پێبکات. چاودێران پێیان وایە کە لایەنی کوردی بۆ هەردوو ئەگەرەکە
ئامادەیە، بەڵام لایەنی تورکی هێشتا بۆ ئاشتی و دیالۆگ ئامادەنییە و
سەبارەت بە شەڕیش هەرچەندە داخوازی هەندێک ناوەند هەیە، بەڵام شەڕی
دەوڵەت تێکشکاوە و ئەو ناوەندانەی لایەنگیری شەڕن دەخوازن بەهاوکاری
هێزە هەرێمی و دەرەکییەکان شەڕ بەردەوام بکەن و ئەمەش وەکو هوڵوێستی
(ئیتحادییەکان)ی سەرەتای سەدەی بیستەم بە ناو دەکەن کە بەهۆی سیاسەتی
هەڵەوە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیان هەڵوەشاندەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەن کە
ئەو ناوەندانەی پێداگری لەسەر شەڕ دەکەن ئیتحادی نوێن و دەبنە هۆی
هەڵوەشانی تورکیا و لەدەستچوونی تورکیا.
لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا رژێمی ئێران ئەو
راستییە دەبنێت کە بەهەمان سیاسەتی رابردوو ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ
کورددا بکات، بەڵام دەسەڵاتی ئەمڕۆی ئێرانیش وەکو دیاردەبێت
ئامادەکارییەکی ئەوتۆی نییە بۆ چارەسەری. دەبێت و واقیعەش ببینین کە
سەڕەرای ئەوەی ئێران وەکو دەوڵەتێک لەهەرێمی رۆژهەڵاتی ناوین و جیهاندا
پێگەی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام ئەو سیاسەتە توندڕەوانەی لەناخۆ و
دەرەوە پەیڕەوی دەکەن رژێمی رووبەڕووی فشاری ناوخۆ و دەرەکی کردۆتەوە،
پرۆتەستۆکردنی ئەحمەدی نەژاد لە ئەوروپار و فشار خستنە سەر ئێران
سەبارەت بە پرۆژەی ئەتۆمی ئەم وڵاتە و لەهەمانکاتدا فشاری سەری سەبارەت
بە دەستگیرکردنی کچە رۆژنامەوانی ( ئێرانی ـ ئەمریکی) رۆکسانا و بڕیاری
ئازادکردنی لەلایەنی دادگای پێداچوونەوەی ئەم وڵاتەوە، ئاماژەن بۆ
ئەوەی کە یان رژێم لەناخۆدا و بەتایبەتی لەو هەڵبژاردنەی کە بڕیارە لە
مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت دەست بەهەنگاوی گۆڕانکاری دەکات،
یاخود خۆی ناچاری رووبەڕووبوونەوەی سیستەمی سەرمایەداری دەکاتەوە یان
ئیرادەی خۆی رادەستی ئەو هێزانە دەکات، کە ئەم دوو شیمانەیەی دوایی
هیچیان ناکەوێتە خزمەتی ئێران و گەلی کوردیشەوە. لەم نێوەندەدا پارتی
ژیانی ئازاد لەسەر بانگی کۆما جڤاکێن کوردستان ئامادەکاری خۆی نیاشندا
کە چالاکی خۆی رابوەستێنێت و زەمینەی دیالۆگ دروست بکات، بەڵام رژێمی
ئێران هەتا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنی نەداوەتەوە. هەروەها لایەنە
سیاسیەکانی تری رۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا بەسەر قەیرانی ناوخۆسسدا زاڵ
نەبوون و ئەمەش لەبەرژەوەندی کورد ودیموکراتیەت ناشکێتەوە، چونکە ئەم
بارودۆخە دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو ناوەندانەی کە لایەنگری گۆڕانی
دیموکراتی وچەسپاندنی مافی کورد و گەلانی تری ئێران نین. هەرچەندە
گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری هەیە بەڵام تاڕاددەیەکی زۆر
گەل بەگۆڕانکاری لەناو سیستەمی ئێراندا بێ باوەڕ بووە، هەر بۆیە راستتر
وایە کورد و لایەنە دیموکراتخوازەکانی ئێران هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت
سەبارەت بەم بابەتە، نەک پەرتەوازە بن. چونکە پێ ناچێت سیستەمی ئێران
ئەگەر فشارێکی گەورەی لەسەر نەبێت هەنگاو بەرەو گۆڕانکاری بنێت.
لەباشووری کوردستان و ئێراقدا زۆربەی
کێشەکانی نێوان کورد و بەغداد بەهەڵواسراوی ماوەتەوە، بابەتی
هەموارکردنی دەستوور کە کورد دەخوازێت لایەنی دیموکراتی زێدەتر بێت و
ناوەندێتی کەم ببێتەوە، حکومەتی ناوەندیش بەپێچەوانەوە دەخوازێت
هەمواری بکات، پرسی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تر، پرسی پێشمەرگە و
بوودجە و بابەتی یاسای نەوت و گاز ئەو بابەتانەن کە لە رابردوو و
ئێستاشدا خاڵی ناکۆکی نێوان کورد و ئێراقە بەڵام لەبارودۆخی ئەمڕۆدا نە
کورد دەتواێت تێڕوانییەکانی بچەسپێنێت نە حکومەتی ئێراق دەتوانێت
مەرجەکانی بسەپێنێت، ئەمەش وایکردووە کە هەردوو دەخوازن لەناو کاتدا
سەربکەون و لەم بوارەدا لایەنی ئێراقی زیاتر دەخوازێت کات قازانج بکات
و لایەنی کوردی ئامادەکاری پێویستی نییە. چاودێران پێیان وایە بارودۆخی
ئێراق و کورد لەباشووری کوردستاندا بەمڕەنگە بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە
هەتا کێشەی کورد لە باکووری کوردستان و رۆژهەڵات بەلایەکدا بکەوێت و
هەرهەنگاوێک بەتایبەتی لەباکووری کوردستان بەهەر ئاراستەیەکدا بنرێت
راستەوخۆ بەو ئاراستەیەدا کاریگەری لەسەر باشوور دەکات. هەربۆیە لەم
ماوەیەدا حکومەتی ئێراق و تورکیا و ئەمریکاش لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە
ئیدارەی کوردی لە باشووردا لە دژی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلەکەمان
بەکاربهێنێت، هەتا بتوانن هەم لەباکووردا کورد و پرسەکەی رووبەڕووی
چارەنووسێکی خراپ بکەنەوە و دوابەدوای ئەوەش پلانەکانیان لەسەر
باشووریش پەیڕەو بکەن. هەر لەم پێناوەدا بوو بابەتی کۆنفرانسی کورد و
مەسەلەی چەک دانانی پەکەکە یان کردە رۆژەڤ.
ئەو هاوپەیمانێتییە سێ قۆڵییەی کە لەنێوان
ئێراق، تورکیا، ئەمریکا دروست بووە و نێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش
بەشداری تێیدا پیلانیان بەو رەنگە بوو کە لە رێگەی فشاری سیاسی و
سەربازییەوە پەکەکە تەنگاو کەن و لە رێگەی کردنەوەی تەرەتە شەش و
هەندێک یارمەتی دارییەوە بۆ هەژاران دەتوانن دەنگی دەتەپە کەمبکەنەوە،
بە واتایەکی تر پێیان وابوو کە پەکەکە وەکو ماسی بێت و ئاو لێ دەکەن،
دواتر لە رێگەی کۆنفرانسێک بە ناو کوردییەوە داوای چەکە دانان لە
پەکەکە بکرێت، ئەگەر چەکی دانەنا ئەوکاتە رووبەڕووی ناڕەوایی کورد
ببێتەوە. بەڵام دوای ئەوەی کە سیاسەتەکانی تورکیا لە باکووری کوردستان
ئەنجامی نەگرت و پە پێچەوانەی بەرنامەی ئەوان ئەوەی نیشاندا کە
جەماوەری کورد لەگەڵ سیاسەتی پەکەکە و دەتەپە دان و هێزی هەرێمی و
جیهانی ناتوانن سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بەسەر کورد و پەکەکە دابسەپێنن،
ئەمەش بۆخۆی بووە هۆکاری پووچەڵکردنەوەی ئەو کۆنفرانسە.
ئەمە لەسەرەتای ئەمساڵدا هەڵبژاردنی
ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئێراق ئەنجامدراو تێیدا زیاتر ئەو لایەنانەی کە
لایەنگری ئێراقێکی یونیتەرن سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و بڕیارە لەسەرەتای
ساڵی ئایاندەشدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراق ئەنجامبدرێت، کورد لە
هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا پێگەی پەرلەمانی ئێراقیشدا پێگەی لااواز
نەبێت. هەربۆیە بەشێکی زۆری چاودێر و پسپۆڕانی سیاسی پێیان وایە
پێویستە هەڵبژاردنی 25/7/2009 ی پەرلەمانی کوردستان ببێتە
ئامادەکارییەک بۆ بەخۆدا چوونەوەی کورد لە سیاسەتی ناوخۆیی و لەسەر
ئاستی ئێراق و لەسەر ئاستی نەتەوەییش. ئەوەی ئێستاش لەم هەڵبژاردنە
چاوەڕوان دەکرێت ئەوەیە کە لە باشووری کوردستاندا هەنگاوێک بە ئاراستەی
گۆڕانی دیموکراتیدا هەنگاوی بنرێت، چونکە هەم زەمینەی ناوخۆ هەم
باردۆخی دەرەکی بەردەوامبوونی رەوشێکی بەمڕنگە پەسەند ناکەن.
بەگشتی لەم بارودۆخەدا کە باسمان کرد
دەبینین هێزە جیهانی و هەرێمییەکان سەرەڕای تەنگاوبوونیان لە هەموو
بوارێکدا، بەڵام لە هەوڵی ئەوەدان تەمەنی سیاسەتی خۆیان درێژبکەنەوە،
بەرامبەر ئەوە دەرفەتێک بۆ کورد رەخساوە کە لە گێژاوی سیستەمی جیهانیدا
رۆڵێکی بەرچاو ببینێت و خاوەن پرۆژەی خۆی بێت بۆ چارەسەری کێشەکانی
سیستەم و پرسی خۆی، لەم پێناوەشدا بەستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی کە
سەرجەم پارت و رێکخستنە کوردییەکان و نوێنەری هەموو چین و توێژەکانی
کوردستانی تێدابێت و کار بکەن بۆ داڕشتنی ستراتیژییەکی نەتەوەیی کە
تێیدا پرسەکانی شەڕ و ئاشتی، یەکێتی دیموکراتیانە، چۆنییەتی
چارەسەرکردنی پرسی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان و پرەنسیپەکانی
یەکێتی نەتەوەیی بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا باسیان لێبکرێت و ببنە
بنەمای ئەو ستراتیژەی کە گەلی کورد هیواخوازێتی. وەکو ریبەر عەبدوڵڵا
ئۆج ئالان دەڵێت دەتوانرێت ئەو کۆنفرانسە ناوی بکرێت بە (کۆنفرانسی
ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی). دەبێت ئەو راستییەش بڵێین کە تەنیا لە
رێگەی هەنگاوێکی بەمڕەنگەوە کورد دەتوانێت لە پیلانی پاکتاوبوون رزگاری
بێت و کۆتایی بە سیاسەتی نکۆڵیکرد و پاکتاوکردن بهێنێت و ناسنامەی خۆی
گەرەنتی بکات. شان بەشانی ئەم هەنگاوە لە ناوخۆدا خۆ ئامادەکردن بۆ هەر کاردانەوەیەک کە هێزە هەرێمی و و جیهانییەکان نیشانی بدەن، چونکە پێش ئەوەی چاوەڕوانی وەڵامێکی پۆزەتیڤ بین رەنگە رووبەڕووی هێرشی هەمەلایەنە ببینەوە، لەم بوارەدا دەبێت (پڵنگەکانی تامیل) مان لەبیر نەچێت، چونکە ئەوان ماوەیەکی درێژ بوو شەڕیان راوەستاندبوو، چاودێری نێودەوڵەتیش لە دانیشتن و دیالۆکەکاندا ئامادە دەبوون بەڵام دواتر پاکتاوکران و ناوەندە نێو دەوڵەتیەکانیش بێدەنگ بوون سەبارەت بەم پاکتاو کردنە ئێمەش دەبێت زۆر وشیار بین وەکو رێبەر عەبدوڵڵا ئۆج ئالان پێش زیاتر لەمانگێک کوردی وشیارکردەوە لە کۆکوژی و هێرشی دەوڵەتانی ئێران،تورکیا، سوریا و ئێراق. هەربۆیە پێویستە لە رووی کردارییەوە ئامادەی هەر هەنگاوێک بین، خۆمان تەنیا بەگوێرەی ئاشتی ئامادە نەکەین، بەڵکو ئامادەی دژوارترین بارودۆخ بین. لە رووی پرۆژەشەوە بتوانین مۆدێلی دەوڵەت ـ نەتەوە تێپەڕ بکەین و چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی نەتەوەیی و پرسەکانی تر بکەینە بنەما لە خەبات و تێکۆشانماندا. هەڵوەستەیەکی بەمڕەنگە مەترسی دەرەوە کەم دەکاتەوە و ئیرادەیەکی باشیش بۆ چارەسەری دروست دەکات، چونکە ئەوانەی باوەڕیان بە دیموکراسی هەیە بێچارە نابن، ئاوانەشی بێ چارەنەبن بەهێز دەبن.
kurdistansjeikhi@yahoo.no
|