٨\١١\٢٠١١
گەلان سەرکردەیەکى
داپەروەریان دەوێ نەک دیکتاتۆر.
سالار مامه کهریم
هەموو گەل و میللەتێک حەز دەکات سەرکردەیەکى دادپەروەر و ئاشتیخواز و
بەخشندە و بەڕێز و خۆشەویست و گران و سەنگینى هەبێت. سەرکردەیەک سەروەت
و سامان و گەنجینەى وڵات بۆ بەرژەوندى گشتى بەکاربهێنێت و زۆربەى زۆرى
گەل سوودى لێببینێت، نەک بەپێچەوانەوە ئەم دەستکەوتانە بەموڵکى خۆى
بزانێت و بۆ بەرژەوەندى تایبەتى و تاکەکەسى و بنەماڵە و عەشیرەت و
تاقمێک بەکاربهێنێت وزۆرینەى گەلیش لەدوورەوە دەمیان ئاو بکات و سکیان
قۆڕەبکات.
سەرکردەیەک گەل هەڵیبژاردبێ و متمانەى پێکردبێت ، نەک سەرکردەیەک بەزۆر
و زۆردارەکى خۆى سەپاندبێت و تەنیا سەرکردەى تاقمێک بێت و زۆرینەى
گەلیش فەرامۆش بکات ، سەرکردەیەک مافەکانى گەل بپارێزێت و خواست و
داواکارییەکانیان جێبەجێبکات و ڕێزیان لێبگرێت ، نەک سەرکردەیەک بە
ئاگر و ئاسن وەڵامى داخوازییەکانى گەل بداتەوە و دڕندانە رەفتاریان
لەگەڵ بکات و بیان چەوسێنێتەوە . لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کەوا دوو
جۆرە سەرکردە هەیە یەکێکیان دۆستى گەلە و ئەویدیکەیان دوژمنى گەل .
سەرکردەیەکى گەل و نیشتمان پەرست.. سەرکردەیەکى خۆپەرست و پارەپەرست .
سەرکردەیەکى دڵنەرم و میهرەبان .. سەرکردەیەکى دڵڕەق و بێویژدان و
خوێنڕێژ و جەللاد. سەرکردەیەکى دادپەروەر و سەرکردەیەکى دیکتاتۆر.
تاکو ئێستا چەندین لێکۆڵینەوە و تۆژینەوە لەسەر دیکتاتۆرەکان و
تۆتالیتاریەکان و ستەمکاران کراوە و چەندین پەرتووک و نووسراویان لەسەر
نووسراوە. هەر کەسێک بەبیروبۆچوونى جیاوە باسیانى کردووە ، بەڵام
لەئەنجامدا هەموویان گەیشتوونەتە ئەو رایە کەوا دیکتاتۆرەکان لەڕووى
روخسار و ئەدگارەوە گشتیان لێک دەچن وەک ئەوەى هەموویان کوڕى دایک و
باوکێک بن.
یەکێک لەخوڕەوشتە هەرە سەیرەکانى دیکتاتۆرەکان ئەوەیە کەوا پەند لە
رووداوەکانى مێژوو وەرناگرن ، دەرس و وانە لەڕووخانى حوکمى
دیکتاتۆرەکانى پێش خۆیان وەرناگرن . خۆشى و چێژى دەسەڵات واى لێکردوون
کەوا هەرگیز چاویان راستیەکان نە بینێت و تەنیا خۆیان لەبەرچاوبێت ،
بۆیە هەرکاتێک زانیان بەرژوەندیان دەکەوێتە مەترسییەوە ئەوا هەموو جۆرە
دڕندایەتیەک بۆ مانەوەى خۆیان تاقیدەکەنەوە و ئامادەن هەموو گەل
لەناوببەن بۆ ئەوەى تەنیا خۆیان بژین.
دیکتاتۆرەکان هەر لەیەکەم وەرگرتنى جڵەوى فەرمانڕەواییاندا بەخوێنڕشتن
و زەبروزەنگ و توند و تیژى دەستپێدەکەن .ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەى
کەوا دەکات دیکتاتۆرەکان نەتوانن دەستبەردارى جڵەوى حوکم بن ، چونکە
باش دەزانن چارەنووسیان چى دەبێت ؟! لەمەدا وینستۆن چەرچل باش بۆى چووە
کەدەڵێت : (دیکتاتۆر وەک کەسێکە سوراى پشتى پڵنگَیک ببێت و بەزەبرى
لێدان لێخورێت ، بۆیە هەرگیز ناتوانێ لێی بێتە خوارە وە). ئاخر چۆن
کەسێک دەستى بەخوێنى خەڵکى بێتاوان و بێدەسەڵاتەوە سوور بێت ئاوا
بەئاسانى واز دەهێنێت؟
دیکتاتۆرەکان کاتێک بزانن ترس هەراسانیان دەکات ناچار دەبن پەنا دەبەنە
بەر بانگهێشتى چاکسازى ، بێئەوەى هیچ شەرمێک لەخۆیان بکەنەوە کەپێشتر
بۆ چاکسازیان نەکردبوو بۆچى ئێستا دەیکەن ؟ ئەوان چاکسازى بەکەشتى نوح
دەزانن بۆ خۆ دەربازکردنیان لە شەپۆلى ناڕەزایى خەڵکدا. دیکتاتۆرەکان
چاکسازی ساختە و بەدرۆ ، بەباشترین پینەکردنى کێشەکان و کات کوشتن
دەزانن، وەک ئەوەى لەڕۆژهەلاتى ناوین و وڵاتە عەرەبیەکاندا دەبینین چۆن
بەڵێنى بەدرۆ دەدەنە خەڵک.بەڵام لەبەر ئەوەى دیکتاتۆرەکان هەر لەبەرایى
دەسەڵاتیاندا هێندە درۆ و ساختەیان کردووە ، ئێستا کەس باوەڕیان
پێناکات ، ڕۆژ بەڕۆژ پەردە لەسەر رووى دزێویان هەڵدەدرێتەوە و لاى خەڵک
زیاتر ئاشکرا دەبن . ئەم قۆناغەى ئێستا قۆناغى لەناو چوونیانە و
هەنووکە زۆر زەحمەتە خەڵک سەرکردەیەکى دیکتاتۆریان بوێت.
salarmama@yahoo.com
|