په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠١٤

    گەڵایەکی مات.


سۆزی

خۆشەویستم
ئەمویست ماچێ لە ریتمی ئاو
لە کەناری چاوت بکەم
نامەیێک پیتەکانی بە نەسیم
بۆ گەڵای رۆحت بنێرم
هەزار ماچم هەبوو
لە رەنگی باران
گوڵێکت نەدامێ بۆ ماچ
هەزار پیتم هەبوو بۆ نووسین
هەزار رەشەبا ئامادە بوو بیگەیەنێ
نە پەڕێکی سپیت هەبوو نە گەڵایەک
تا پیتەکانم وەرگرێ
لە بیرمە چاوەکانم وەک فەرماندەیێ
سەیری دەریای چاوتی ئەکرد
بەڵام تۆ
چاوت لە شەپۆلی دەریایەکی تر دا ئەگرت
چەند هەڵۆیەکی سادەبووم
لە چاوەڕوانیی ئاسمانت
باڵەکانم رەق بوونەوە
ئای لەو رۆژە بێ تیشکانە
ئای لەو شەوە
ئارامیی لێ دزراوانە
چەند درەنگ رۆشتن
ئەبێ کەی بێ رقەکانت
لە پەڕاوی رۆژانەدا بسڕیتەوە
چرای هەستی یەکەم ساتت
لە شەوانی خنکاوی من دابگیرسێ
فرمێسکەکانم شاهیدن
هیچ شەوێ دڵم بێ سووتان نەبووە
هەتا ئێستاش لە ناو ئاگری دڵڕەقیتدا
دڵم خنکاوە
سەیرکە چەند بێ نازین
من و بەرد
کە دەریای سۆزمان
لە یەک رووبارەوە دێ
من و ئازار
هێند نزیکین لە یەکەوە
لە کۆڵانی ژیان
هەموو سپێدەیەک کە دەرگا ئەکەمەوە
سپێدە باشم لێ ئەکات
دێمەوە لات
وەک ئەو ساتانەی
گۆرانی ئەشقم فێر کردی
بە دەنگێکی غەمگینتر
لە منداڵەکانی کۆبانێ
سەرهاتی مردنت بۆ ئەگێڕامەوە
تۆش وەک هەمیشە
سروودی جێهێشتن بڵێ
  *   *   *
رۆژێ
ئەو دەمەی مردن
وەک گەڵا لە شەقامێک بۆم هەڵوەری
هێشتا راستییەکانی خەواڵوو بوون
ئەو دەمەی ژیان
پەڕۆی ماڵئاوایی بەرزکردەوە
کەشتی خەونم
هێشتا کەناری جێنەهێشتبوو
ئەو رۆژە لێوم بۆ مردن برد و
کەچی وەک سەراب لێوەکانی وون بوون
ببینە چ وەرینێک لەگەڵ خۆی بردووم
چ رووخانێک دەستی گرتووم
چ گەشتێکی پیر
جوانی لێ دزیم و دای بەو تیشکانەی
کە بە ماچ دڵی گوڵەکان ئەسوتێنن
سەیرکە
غەمەکان چەند بێ باکانە
قژی هەستەکانم دادەهێنن
کە وەرینی خۆمم بینی
ئەو دەمە ئەمەویست بگریم
بەڵام کە تۆ
فرمێسکت لە چاومدا نەهێشت
چی بڕێژم؟
کە گۆڕستان نەماوە بێ هەڵەی تۆ
کامە هەڵەی تر بنێژم خۆشەویستم
با دەستی گەڵا ئەگرێ و
تیشکەکان دەستی گوڵ
نۆتەکانی شەپۆڵ
ئەڕۆنەوە باوەشی دەریا و
سەوزیش ئەچیتەوە لای بەهار
سەیرکە چۆن
هەموویان لەگەڵ یەک ئاشت ئەبنەوە
کەچی (تۆ)
لە رستەکانیشدا لەگەڵ من

تێکەڵ نابیتەوە
هەمیشە
(بێ) تۆم لێ ئەسێنێ
نزا ئەکەم
لەگەڵ کاروانی ئەمجارە
پەپولە و گوڵ و باران
جێ بمێنن
بەڵام (تۆ) بگەڕێیتەوە
تا چیتر (من)
تەنیایی لەسەر پەڕەکان نەنووسێ.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک