١٩\٧\٢٠١٥
گەلی کوردی
باشوور، چۆن لە قەیران و نەهامەتییەکان رزگاریان دەبێ؟

جیهاد محەمەد
خەڵکی کوردستان، لە گێژاوێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوریی و
کولتوورییدا خول دەخوات. دەریچەکانی رزگاربوون لەم خولگە و گێژاوە
بکوژەدا لە لایەن کۆمەڵە حێزبێکی حوکمڕانی گەندەڵ و سازشکارەوە
داگیرکراوە و قفڵدراوە، کە زۆر جار بە ناوی کردنەوەی دەریچەکان سازش و
سازان لەگەڵ یەکتریدا لە پێناوی مانەوەی دەسەڵاتگەرێتی خۆیاندا دەکەن،
نەک لە پێناوی کردنەوەی دەریچەی رزگاربوون لە قەیران و نەهامەتییەکان.
شەڕ و ئاژەوە دەنێنەوە لەنێوان یەکتریدا و شەڕی ڕاگەیاندن دەگەیەننە
چڵەپۆپە و خەڵکی بەش بەشکراویش، ناحاڵیانە، دوایان دەکەون و هەر بەشە و
چەپڵە بۆ موزایەدەی حیزبێک لێدەدەن.
ئەم حیزبانە لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، لەگەڵ شەڕ و
ئاژاوەنانەوەیان لە نێوان خەڵکدا لە ژێر ناوی مافی دیموکراتیانەی
بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، کە زۆر جار چەندین کەسی تێدا دەکوژرێت و
چەندین کەس کەرامەت و شکۆمەندی دەشکێنرێت، دەتوانم بڵیم هیچ شەو و
رۆژێکی هەڵمەت و پڕۆسەی بانگهێشتکردن نییە، کە بێحورمەتی و شکۆ شکاندنی
خەڵکی تێدا نەبێت، لەگەڵ ئەمەشدا هەموو ئەم حیزبانە بە جۆرێک دەبن بە
بانگخوازی دیموکراتیی و مافی مرۆڤ و یەکسانیی و رزگاری و ئازادی کێشە
میللیی و کۆمەڵایەتیی و نەتەوەییەکان، کە هەموو ئەو کوشتن و
بێحورمەتیکردنەی خەڵک بە ئاسایی وەردەگیرێت و لە پێناوی ئەو ئامانجە
گەورانەدا لە لایەن خەڵکی فریوخواردووەوە، قبوڵدەکرێت.
کێشەی خەڵکی کوردستان، تەنها ئەوە نییە، کە ئەم حیزبە گەندەڵە
حوکمڕانانەی کوردستان دەریچەی رزگار بوون و ئازادییەکانیان داخستووە،
بەڵکو زۆر زیاتر لەوە، زۆر ترسناکتر لەوە فریوخواردنی حیزبییەکانن،
فریوخواردنی ئەو حەشامات و جەماوەرە کۆیلەکراوە زۆرەیە، کە بە دەوری
ئەو حیزبانەوەن وسەرسام و شەیدای دەروێشانەی حیزب و سەرکردە
حیزبییەکانن، ئەمانە هێزێکی گەورەن بۆ درێژەدان بە موزایەدەی سیاسیی
ناو ئەو حیزبانە، ئاوێکن لیخن و بۆگەن، کە حیزبە گەندەڵەکان بە ئاسانی
دەتوانن مەلەی تێدا بکەن و هەر رۆژەی بە شەڕێکی نەگریسی درۆزنانەوە
خەڵکی سەرقاڵ بکەن و ئەسپی حوکمڕانیی و دەسەڵاتگەرێتی خۆیانیان تێدا
تاو بدەن. ئەم ئاوە لیخن و پیسەی جەماوەری حیزبەکان بووە بە ئاوێکی
پەنگخواردووی ژەهراوی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان. ئەوانەی لە دەرەوی
حیزبن و حیزبیی نین و ئەوانەشی ئەندام و لاینگر و هەوادارانی حیزبن،
وەک ماسی گێژ بەو ژەهرە لەم ئاوە بۆگەنەدا خول دەخۆن. ئەوەتا بە
بەرچاوی هەمووانەوە، ئەم حیزبانە هەر ڕۆژەی شەرێک دەکەن لە سەر گۆڕینی
سیستمی حوکموڕانی، یان لەسەر گۆڕین و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، یان
لەسەر هەموارکردنەوەی ئەم یاسا و ئەو یاسا، یان لەسەر یەکگرتنەوەی دوو
ئیدارەیی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، یان تۆمەتبارکردنی یەکتری بە
جاش و دەڵاڵی بۆ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی ئقلیمیی، یان تۆمەتبارکردنی
یەکتری بە سەرچاوەی دزی و گەندەڵییەکان، بە سەرچاوەی قەیرانەکان، بە
هەوڵدان بۆ لەتکردنی کوردستان و دەیان جار تەخوینی یەکتری دەکەن، لە
کاتێکدا کە هەموویان هاوبەشن و بە هاوبەشی حکومەتیان پێکهێناوە و
هەموویان بەرپسن لە ژیانی ناهەمواری خەڵکی کوردستان.
تەنها کلیلێک بۆ رزگار بوونی هەموو خەڵکی کوردستان بە حیزبیی و
ناحیزبییەوە، بە دینیی و نادینییەوە، خۆ رزگارکردنە لەدەست ئەم
حکومڕانە گەندەڵانە، سوود وەرگرتنە لە ئەزموونی ژیانی تاڵی بیست و چوار
ساڵی رەبەق لە ژێر دەستی ئەم حکومڕانە نادیمکوراتە نادادپەروەرە نا
یەکسان و ستەمکارانە، ئەم ئەزموونە پێماندەڵێت: تەنها رزگاربوون، خۆ
رزگارکردنە لە دەست ئەم حیزبانە. بەڵام گەلێکی نەخوێندەوار، گەلێکی
بریندار و ئەنفالکرا و کیمیابارانکرا و، گەلێکی خێر لەخۆ نەدیوی ژێر
دەستەی نەتەوەپرستیی و شۆڤێنزمی عەرەبیی و بەعسیە دڕندەکان و سەدام
حسەینی خوێنڕێژ، گەلێک کە سەد ساڵ زیاترە بە ناوی “کوردایەتیەوە“
هەڵدەخەڵتێنرێت، گەلێک، کە بیست و چوارساڵە نەعەقڵانیەت و
نادیموکراتییەت لە سایەیی حکومڕانی کۆمەڵێک حیزبی بە ناو دیموکرات و
سۆسیالدیموکرات و ئیسلامی سیاسییەوە کراوە بە کولتووری، گەلێک، کە
دەیان شەری حیزبیی پێکراوە و لەم شەڕانەشدا تووندوتیژیی بووە بە
کلوتووری، گەلێک، کە بیست و چوار ساڵە ژن کوشتن و نایەکسانی ژن و پیاو
لە ساییەی حیزبگەلێکی ئیسلامییەوە وا خریکە ببێت بە کولتووری، گەلێک،
کە بیست و چوار سالە منداڵەکانی لە سایەیی پەروەردەیەکی نادیموکراتەوە
پەروەردە دەکرێن، گەلێک، کە تەندرووستییەکی ناشایستە بە مرۆڤ، کە
نزمترین ئاستی ستنداری جیهانی تێدا نییە بووە بە ژیانی، چۆن دەتوانێت
سوود لە ئەزموونی خۆی وەربگرێت!، لە کاتێکد، کە خەسەڵتی گەلی ئێمە و
هەموو ئەو گەلانەی لە شێوەی گەلی کورددا بوون و ژیاون، لاوازی یادەوەری
و ئەزموونیانە، کۆڵی بیرکردنەوەیانە، نەخۆشی بیرچوونەوە و
فریوخواردنیانە، ئیتر چۆن بتوانن سوود لە ئەزموونی ژیانی تاڵیان
وەربگرن و خۆیان خۆیان رزگار بکەن و دوای ئەم حیزب و ئەو حیزبی جامبازی
سیاسیی و بێویژدان ودرۆزن نەکەون!
بە بڕوای من رزگاربوون لەم قەیران و نەهامەتییانەی، کە گەلی کوردی
تێکەوتووە، بە هۆشیاربوونەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسییانە دەکرێت، کە
حەتمەن بۆ گەلێکی نەخوێندەوار و بریندار و پەککەوتە بە دەست ئەفسانە و
غیابی عەقڵەوە، گەڕانەوەی عەقڵ و هۆشمەندی و هۆشیاری دەبێت لەسەر دەستی
کەسانی رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووس و پیاو و ژنە ئازاکاندا بێتە
ئاراوە، کە هەموویان خۆیان لە سەنگەری ئازادیخوازیی و یەکسانیخوازیی و
دادپەروەرییدا دەبیننەوە لەگەڵ جیاوازی بیر و جیهانبینیشیاندا بۆ ژیان.
کەواتە دەور، دەوری خەڵکە ڕۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەند و پیاو و ژنە
ئازاکانە، دەور دەوری کەسە بە ئاگا و بە ویژدانەکانە، دەور دەوری عەقڵ
و عەقڵگەرایی و گەڕانەوەی عەقڵە بۆ میللەت، دەور دەوری کەسانی شۆرشگێر
و خۆنەویست و خۆبەختکەر و خەباتکارانی سیاسیی و مەدەنییە، دەور دەوری
کۆمەڵ و ناوەند و ریکخراوە مەدەنییەکانە بۆ برەودان بەو هۆشیاریی و
هۆشمەندییە کۆمەڵایەتیی و سیاسییە.
هەڵبەت کاتێک کە ناوی حیزبە حکومڕانەکان دەبەم، ئەوە باش دەزانم، کە
هەر حیزبە بە گوێرەی قورسایی خۆی هاوبەشیکردووە لە هێنانە ئارای ئەو
خولگە داخراوەی ژیانی خەڵکی کوردستان، دیسان، کە ناوی جەماوەر و
حەشاماتی دەوروبەری حیزبەکان دەبەم بە گشتگیری تۆمەتباریان ناکەم و
دەزانم، کە زۆریان دژی ئەو خوڵگە داخراوە دروستکراوەی دەستی
حیزبەکانیانن، سەرەڕای ئەمانەش ئەوەش باش دەزانم، کە تا هەنووکە لە
هەموو حیزبە گەندەڵە حوکمڕانەکاندا کادری سەرکردە و پێشکەوتووی زۆر
هەن، کە خوازیاری ئەم حاڵەتە ناهەموارەی کوردستان نین و کەی بۆیان
رێکەوێت دژی حیزبە گەندەڵەکانی خۆیان دەوەستنەوە. بۆیە هەموو ئەو خەڵکە
بە ویژدانانە ئەگەر ئازابن و بوێرانە لەگەڵ ویژدانی زیندوی خۆیاندا
مامەڵە بکەن و، نەترسن لە ئازادی، دەتوانن لە یەک سەنگەردا کۆببنەوە و
کلیلی دەریچەی رزگاری گەلی کورد لەم حیزبە داگیرکەرانە وەرگرنەوە.
دەفەرموون ئەی خەڵکی ئازادیخواز، حیزبییت یان لە دەرەوەی حیزبیت،
دینییت یان لە دەروەی دینیت، خوێندەواریت، یان نەخوێندەوار، ژنیت یان
پیاو، لاویت یان کامڵ، با پێکەوە هەڵوێستی ئەم حیزبە حکومرانە
گەندەڵانە ئیحراجکەین و پێکەوە دەست لە ناو دەست جیاوازییەکانمان
قبوڵکەین و خۆمان رزگار کەین و خۆمان رێکبخەین لە بنکەوە بۆ لوتکە، لە
ژێرەڕا بۆ سەرەڕا، هەرکەسە و لای خۆیەوە خۆی بە سەرکردەی مەیدانی و بە
بەرپس بزانێت بۆ رزگار بوون لە دەست تاوان و کارەساتێک کە یەخەی بە
کۆمەڵگا و میللەتەکەمان گرتوووە.
١٨\٧\٢٠١٥
- نەرویج
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|