٢٠\٢\٢٠١٣
گەل لە نێوان
دەسەڵاتی ناڕەوا و بەرهەلستکاری ساختە.

دارا ئەحمەد
ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی بابەتییانە و لە دەرەوەی (هەژموونی
ئایدیۆلۆژیی و تێڕامانە سیاسەتبازییەکان) و دوور لە (روانگەی شەوکوێریی
دەستەبژێرە بازرگانییە بە ناو رۆشنبییرییەکان) و دابڕاو لە (تێڕوانینی
تەسکبینیی حیزبایەتیی) چۆنێتی و چییەتی (تێگەیشتن و بەرخورد و
هەڵوێست)ەکانی دیوی ناوەوەی کۆمەڵگەی خۆمان بخوێنینەوە؛ ئەوە هیچ
گومانی تێدا نییە کە خەڵکی هۆشیار و ئازادیخوازی چین و توێژە رەشوڕووت
و زەحمەتکێشەکانی کوردستان زۆر بە توندیی دژ بەو
دەسەڵاتە سەرکوتکەر و گەندەڵکارەی ئێستای
ئەو سێ شارەی کوردستانن و بە دیارکراوییش تا سەر ئێسقان دژ بە دەسەڵاتی
خێڵەکیی و بنەماڵەیی پارتیی و بارزانین.
دیارە هۆکار زۆرن بۆ ئەوەی دیوی دەرەوەی ئەو چۆنێتی و چییەتییەی (تێگەیشتن
و بەرخورد و هەڵوێست)ەکانی
گەلەکەمان شاراوە بن یان بە لایەنی
کەم بە هەمان ئەو شێوەیە نەبیندرێن
کە لە ناخەوە هەن، من لێرەدا تەنیا دیارترین و کاریگەرترینیان لەو
چەند خاڵە دەستنیشان دەکەم:
• مێژوویەکی زۆر دوور و درێژی بەر لە
راپەڕینی ئاداری ١٩٩١ کوردان - جگە لەوەی وەک
هەر میللەتێکی دیکە بە پێ قۆناغ و پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییە
چینایەتییەکانیان لە نێو چەوسانەوەی چینایەتییدا دەژیان - تەنیا لەبەر
ئەوەی کورد بوون لە باری قڕان و تواندنەوەی نەتەوەییدا دەژیان، دەرچوون
لەو بارە بە هۆی دەستکەوتەکانی خەباتی درێژخایەنی میللەت و تەقینەوەی
لە راپەڕین خۆبەخۆ و بە شێوەیەکی بابەتییانە دەرفەت دەداتە ئەو
دەسەڵاتە خۆماڵییە کوردییە رووکەشە تا لە نێو ئاهەنگی سەرکەوتن بە سەر
ستەمی (کوردقڕان) خۆی بسەپێنێ و بۆ ماوەیەک میللەت بڕەتێنێ تا شێوە
راستەقینەکەی دەردەکەوێ.
• جگە لەوەی پارچەکانی دیکەی کوردستان
هەر لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکاریی دان و کۆی دۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانی
خەڵکی کوردستانی مەزن لە ژێر هەڕەشە و مەترسیی دایە، بەشێکی زۆری خەڵک
و خاکی کوردستانی باشووریش بە داگیرکراویی ماوەتەوە و تەنانەت ئەو
هەرێمەش کە لە سێ شاری کوردستان پێکدێ بە هۆی ئەو فیدرالییەتە
پەڕپووتەی - کە لە خراپیی وێنەی نییە لە جیهان - دەسەلاتێکی زۆر بێ هێز
و نابەرپرس و دوور لە خواست و ئامانجەکانی گەلی لێ دروست بووە و هێشتا
لە رووی نەتەوەیی و نیشتیمانیی بە تەواویی رزگار نەبووە، ئەوانەش
هەمووی پێکەوە هۆیەکی زۆر کاریگەر بوونە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆماڵیی
بتوانێ تا ئێستا درێژە بە حوکمی تاڵانکاریی و ستەمکارانەی خۆی بدا.
• بە بێ گومان بچووکترین دەستکەوتی
نەتەوەیی و نیشتمانیی - ئەگەر هەندێک بارودۆخی تایبەت و
دەگمەنی لێ دەر بکەین - دەستکەوتی
بوژانەوەی ژیان و گوزەرانیش بە دوای خۆیدا دێنێ،
ئەوەش یەکێکە لەو گرفتانەی کە سوودوەرگرتن لەو دەستکەوتانە ناهێلێ یان
کۆسپ دەخاتە بەردەم بزووتنەوەی
گەل بۆ ئەوەی بتوانێ بە زوویی ناخ و
هەڵوێستی خۆی بەرانبەر دەسەڵاتی ستەمکاریی خۆماڵیی دەرببڕێ.
• لە رووی جیهانییەوە، گەیشتنی کوردان بۆ
یەکەم جار بەو تۆزە دەستکەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانییە جگە لەوەی هاوکات
بوو لەگەڵ داڕووخانی بلۆکی رۆژهەڵات و باڵادەستبوونی سیستەمی کەڵەگایی
سەرمایەداریی ئەمەریکا و رۆژئاوا.. زۆری نەبرد عێراق بە
کوردستانەکەشەوە راستەوخۆ لە لایەن ئەمەریکاوە داگیر کرا و بە پێی
نەخشە سیاسییە بەرژوەندخوازەکانی خۆیان خولیای کۆنەپەرستیی دینیی و
نەتەوەپەرستیی و تەنانەت مەزهەبیی و خێلەکیی و دەستەگەرییشیان
تێیدا زیندوو کردەوە.. پاشانیش هەستانەوەی
بزووتنەوە توندڕەوە ئیسلامییەکان لە تێکڕای وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکەش
سەربار، ئەو بارودۆخانەش هەمووی بە پێچەوانەی پەرسەندن و وەدستهێنانی
پتری مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان تەواو بوون و مەترسیی
لەدەستچوونیشیانی هێنایە کایەوە.. سەرئەنجام دەرفەتی پێچانەوەی ئەو
دەسەڵاتەی دوورتر خستەوە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەروەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێی کرد.. میللەت
لە دیوی ناوەوەی خۆیدا بە تەواویی لە بەرانبەر ئەو دەسەڵاتەی ئێستادا
گڕی گرتووە و بە دوژمنی خۆی دەزانێ، بەڵگەشمان بۆ ئەوە جگە لەوەی
میللەت لە ماوەی بیست ساڵی رابردوو سەرەڕای سەرکوتییەکی لەرادەبەدەر بە
بەردەوامیی لە خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی جواروجۆردا
بووە*، هەر زۆر بە سادەییش
ئەگەر ئێستا هەر کەسێک لە خەڵکی کوردستان - جگە لە کۆمەڵێک خەڵکی نێو
دەسەڵات و بەردەستەکانیان - لە بارەی باشیی و خراپیی دەسەڵات بدوێنی و
لێت دڵنیا بێ کە بە قسەکانی هیچ زیانێکی پێ ناگەیەنی.. ئەوە یەکسەر
دەڵێ: (گەندەڵن، دزن، درۆزنن، زۆردارن، سەرکوتگەر و دژە ئازادیین،
ژنکوژن، بێ رەوشتن، بنەماڵەیی و خزمخزمانێیە، بێ ویژدانن، ئەوەی لە
لایان هیچ نەبێ خەڵکی هەژار و میللەت و کوردایەتیی و مرۆڤایەتییە، و...
هتد) ئەوە نەک هەر خەڵکی ئاسایی دوور لە دەسەڵات بەڵکە خەڵکی حیزبی و
بەرپرسیش لە نێو تەواوی جومگە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی
دەسەڵات هەر بەو شێوەیە دەدوێن.
دیارە ئەو راستییانە هی ئەوەن لەوە دڵنیامان بکەنەوە کە
خەڵکی کوردستان هەر
ئێستا ئامادەیە بۆ راپەڕین بە رووی ئەو دەسەڵاتە، کێشەکە لەوە دایە کە
میللەت تا ئێستا نەیتوانیوە خۆی لە نێو بزووتنەوەیەک رێک بخا کە بتوانێ
خۆی رابەرایەتی خۆی بکا و نەخشەیەکی سیاسییانەی ئەوتۆ دابڕێژێ کە بە
شێوەیەکی رێکوپێک هێز و تواناکان کۆ بکاتەوە و راپەڕینێکی بەردەوام و
سەرتاسەریی پێ ئەنجام بدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر ئەو میللەتە هەندێک
هەنگاویشی بڕیوە چونکە ئێستا زۆر باش لەوە تێگەیشتووە کە ئیدی ئەو هێز
و لایەنانەی وەک (گۆران و ئیسلامییەکان کە هەندێک بەناو رۆشنبیرانیان
بە کرێ گرتووە و هەندێک ناوەند و دەزگەی میدیایی سێبەری خۆیان
دامەزراندوون وەک: هاوڵاتی و لڤین و ئاوێنە و رەهەندییەکان و خانەی
حیکمەت و دەزگەی تەڕەماش و ترخێنە و ...هتد) هیچ پەیوەندییەکیان بە
بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی دژ بە دەسەڵاتەوە نییە بەڵکە ئەوانە جگە
لەوەی هەر وەک یەکێتی و پارتی خەریکی ناوچەگەریی
و بەرژەوەندییە کەسیی و
بنەماڵەییەکانی خۆیانن و لە پێناو گەیشتن بە
کێکەکەی دەسەڵات خەریکی بازرگانیشن بەو
میللەتە، سەرەرای ئەوەش ئەوانە لە هیچ یەکێک لە رووە فەلسەفیی و هزریی
و سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان و
تەنانەت رەوشتی مرۆییش هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ یەکێتی و پارتی لە
خۆیان نیشان نەداوە.. بۆیە هیچ رێی تێ ناچێ کەسانێک لە باری بە ناو
بەرهەلستکاریی دابن و هەمان بەها و لۆژیکی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر و
گەندەڵیان هەڵگرتبێ بتوانن لە کاتی دەسەلاتیاندا باشتر ببن و خزمەت بە
میللەت بکەن!
هەرچەندە هەبوونی دەسەڵاتێکی ناڕەوا و بەرهەلستکارێکی ساختە گرفتێکی
گەلێک مەزنە بەڵام بە دڵنیاییەوە رەوەڕەوەی مێژوو ناوەستێ و پەتی
دەسەڵاتدارییش لە ئەستوورییدا دەپچڕێ، ئیدی ئەو
گەلە ناڕازییە هەر
دەستەوەستان دانانیشێ و ئەمڕۆ یان سبەی لە نێو هەناوی خۆیدا رێچەکەی
راستەقینەی بزووتنەوەی خۆی دەدۆزێتەوە و ئەو دەسەڵاتە دژە ئازادیی و
گەندەڵکارە بە بەرهەڵستکارە ساختەکانیشەوە رادەماڵێ.
_________________________________________________
*
دیارە مەبەستمان لە خۆپیشاندانەکانی دوو ساڵ لەمەوبەر نییە چونکە
ئەوانە خۆپیشاندانی
گەل نەبوون بەڵکە هی (گۆڕان - کەرتی حیزبێکی
دەسەڵات و ئیسلامییە کۆنەپەرستەکان) بوون لە
شارێک و دەورەبەرەکەی و هەندێک خەڵکی بێ ئاگاشیان
پێ لەخشتە بردن..
سەرەنجام لە پاش کۆمەڵێک قوربانیی تەنیا ئەو حیزبە بە ناو
بەرهەلستکارانە
تێیاندا سوودمەند بوون بۆ گەیشتن بە پشکی خۆیان لەو
دەسەڵاتە ملهوڕە.
ماڵپهڕی دارا ئهحمهد
|