١٩\٦\٢٠١٤
گەمەی داعش و
زەلکاوی پارتی.
جەلال محەمەد
هێرشی چەتەکانی داعش هەر بە ڕۆژاوای کوردستان کۆتایی نەهات ، بەڵکو
ناوچە عەرەبیە سونەنشین و بەشێک لە باشووری کوردستانیشی گرتەوە . ئەگەر
بمانەوێت مەبەست لەم هێرشەی داعش و ئەو دەستانەی لە پشتیەوەیەتی بزانین
ئەوا دەبێت هەم ڕووداوە کورتماوەکانی پێش هێرشەکە و هەم کاتی
دەستپێکردنی هێرشەکەش تاکو ئیمڕۆ هەڵسەنگێنین.
١- خەندەک کۆڵینی بارزانی لە نێوان باشوور و ڕۆژاوادا کە بە خەندەکی
خیانەت ناسراوە ، لە ھەمان کاتدا ھیچ تەدابیر وەرنەگرتنێک لە نێوان دوو
پارێزگای نەینەوا و دھۆکدا کە سنوورێکی بەرفرەوانی ھاوبەشیان ھەیە.
٢- تەقاندنەوەی چەندین بارەگای یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خورماتوو و
خانەقین و کەرکوک و ڕوونەدانی ھیچ ڕووداوێکی ھاوشێوە لە ناوچەکانی ژێر
دەسەڵاتی بارزانی.
٣- لە کاتی داگیرکردنی شاری موسڵدا ھێزەکانی داعش ڕایانگەیاند کە
کاریان بە ھەرێمی کوردستانەوە نییە بەڵام ئەم ڕاگەیاندنە تەنھا
ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی گرتەوە ، دەنا وەکو دی مەزنترین
ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی یەکێتی لە جەلەولا و سڵێمان بەگ و قەرەتەپە
و ڕەشاد و سەعدیە.
٤- بەر لە ھێرشەکانی داعش ، زیاتر لە ٦٠٠٠ زیندانیکراو کە زۆربەیان
تیرۆریست و بەرپرسەکانی القاعیدە بوون لە زیندانەکانی بەغدا و باشووری
عێراقەوە گوێزرانەوە بۆ زیندانی بادوش و سێ زیندانی دیکە لە نێو شاری
موسڵ.
٥- ئەگەرچی لە یەکەم ڕۆژی ھێرشەکانی داعشدا زۆربەی شاری موسڵ داگیرکرا
، بەڵام کاربەدەستانی عێراق ھیچ ھەوڵێکیان نەدا بۆ خاڵی کردنی
بانکەکانی شاری موسڵ کە نزیکەی ٢ ملیارد دۆلاری تێدا بوو.
٦- بەر لە ھێرشەکانی داعش ، ژمارەیەکی بێ شومار چەکی گران و سوک لە
شاری موسڵدا کەڵەکە کران ، بەڵام ھەموو ئەو چەکانە بەبێ ئەوەی تەنھا
یەک تەقەیان پێ بکرێت ڕادەستی ھێزەکانی داعش کران.
٧- کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک لە قونسڵیەکەیاندا مانەوە و بە تەواوی
پاسەوانەکانی قونسڵیەکەشیان ڕاگەیاند کە چیدیکە پێویستیان بە پاسەوان
نییە و ژیانیان ئارامە.
٨- لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بەبێ ھیچ بەرگریکردنێک زۆربەی ناوچە عەرەبیە
سونەنشینەکانی دیکە ڕادەستی داعش کران ، کە بەر لە ھاتنی داعش
خۆپیشاندانێکی ھێمنانە لەو ناوچانەدا بەڕێوە دەبرا و یەک ساڵیش درێژەی
کێشابوو .
٩- مەرجەعی شیعەکان و تەواوی کەسایەتیە ئاینیەکانی دیکەی شیعە فتوای
جیھادیان دەرکرد دژ بە داعش .
١٠- تەواوی حیزبە شیعەکانی دیکە کە بەر لە ھێرشەکانی داعش دژ بە نوری
مالکی لێدوانیان دەدا ، بەڵام بە دەستپێکردنی ھێرشەکان سەرجەمیان چوونە
پاڵ مالکی و تەنانەت بانگەوازی کرا کە سوپا ھەڵوەشاوەکەی مەھدییش
دابمەزرێتەوە.
بە سەرنجدان لەم خاڵانەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە دەستێکی زۆر
شارەزا لە پشت هێزەکانی داعشەوە هەیە و بارزانیش لە نێو ئەو گەمە
ژەهراویەدا جێگە دەگرێت ، کە بە باوەڕی من ئەو دەستە شارەزایەش تەنها و
تەنها کۆماری ئیسلامی ئێرانە ، ئەگەرچی نکۆڵی لە هاوکاریەکانی دەوڵەتی
تورکیش ناکرێت بۆ داعش و تەنانەت لەو پیلانەشدا.
لە سێ ساڵی ڕابردوودا ، سەرەتا خۆپیشاندانێکی زۆر سەردەمیانە وڵاتی
سوریای گرتەوە ، پاشان ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان گۆڕدرا بۆ شەڕێکی زۆر
نابەجێ و دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی ، ئەوەی ئاڕاستەی
خۆپیشاندانەکانیشی گۆڕی هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکان بە گشتی و جەبهەت
النوسرە بە تایبەتی بوون . ئەم شەڕە نابەجێیە بوویە هۆی ئەوەی کە هەم
سوپاکەی ئەسەد پاک ببێتەوە لەو جۆرە کەسانەی کە دژ بە ئەسەد بوون و هەم
بوویە هۆی ئەوەی کە لە ڕێگەی ئەو شەڕەوە خۆپیشاندانەکانیش سەرکوت بکرێت
و هەم بوویە هۆی ئەوەی کە تەواوی عەلەوی و تەنانەت دورزی و
مەسیحیەکانیش خۆیان بدەنە پاڵ ئەسەد.
عێراقیش ڕەوشێکی هاوشێوەی سوریای هەیە و تەنانەت سوریا بۆتە باشترین
ئەزمونیش بۆ مالکی و ئێران کە بە بیانووی شەڕ لە دژی تیرۆریستان ، هەم
سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ئەنبار و تەنانەت سونەکانیش بکەن و هەم
سوپاکەشیان پاک بکەنەوە لەو تێکەڵیە میلیشیاییەی ڕابردوو و هەم ماڵی
شیعەشی پێ یەک بخەنەوە.
بە گرتنی ناوچە سونەنشینەکان ، تەواوی سەربازە سونەکان لە سوپادا
خۆیاندا بەدەستەوە ، لە بەرامبەردا بە فەتوای سەید عەلی سیستانی
ژمارەیەکی بێ شوماری شیعەکان چوونە ناو سوپاوە و جێگەی سەربازە
سونەکانیان پڕ کردەوە بە زیادەوە . لە هەمان کاتدا تەواوی حیزبە
شیعەکانیش چوونە پاڵ حیزبەکەی نوری مالکی و پێدەچێت لە داهاتوودا نوری
مالکی هیچ پێویستییەکی بە سونەی عەرەب و تەنانەت کوردیش نەبێت بۆ
پێکهێنانی حکومەت و کابینەی نوێ.
ئاشکرایە کە هێزێکی وەک داعش هیچ کاتێک نەی دەتوانی تەنها شارێکی وەک
موسڵیش کۆنترۆڵ بکات چ جای ئەوەی بگات بە هەموو ناوچە سونەنشینەکانی
عەرەب ، لەبەرئەوە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە (تا گەیشتن بە ئامانجی
کۆتایی کە کۆنترۆڵکردنی هەموو عێراقە لەلایەن مالکی و شیعەکانەوە)
دەبوو هەندێک لە هێزەکانی داعش زیاد بکەن لە ڕێگەی ڕادەستکردنی
زیندانیە تیرۆریستەکان و پڕچەک کردن و خستنە دەستی هەندێک پارە و
داهاتیش.
ئەوەی پەیوەستیشە بە تورکیاوە زیاتر شێواندنی ناوچەکەیە ، چونکە لە
مێژە دروشمێکی زۆر گڵاو کەوتۆتە سەر زاری تورکەکان کە دەڵێن (ئەوەی
دوژمنی دراوسێکانم بێت دۆستمانە) ، لەبەرئەوە هیچ سڵ ناکەنەوە لەوەی کە
چ کارەساتێک ڕوودەدات لە عێراق و سوریا و تەنانەت تەواوی ناوچەکەشدا .
هەر بۆیەش لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هیچ درێغیان نەکردووە لە
هاوکاریکردنی داعش و هێزە ئیسلامیە تیرۆریستەکانی دیکە لە هەموو
ڕوویەکەوە ، هێشتنەوەی کارمەندانی قونسوڵیەکەشیان تەنها بۆ شوێن
بزرکردنی ڕووداوە نەخوازراوەکان و شاردنەوەی پەیوەندیەکانیانە بە داعش
و هێزە ئیسلامیەکانی دیکەوە.
ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجدانە ، بریتییە لەو گەمە ترسناکەی کە بارزانی
دەستی داوەتێ ، کە ئەم گەمە ترسناکە هیچ لە گەمەی ساڵی ١٩٧٥ و جاڕدانی
ئاشبەتاڵ کەمتر نییە ، چونکە دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ داعشدا نابێت
هێندە بە ئاسانی چاوی لێ بکرێت ، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە
ڕابردووشدا هەمان گەمەی ترسناکی کرد لە ڕێگەی قاچاخچێتی کردن بە
جولەکەکانی عێراقەوە ، کە ئەنجامی ئەو قاچاخچێتی کردنە ئەوە بوو کە لە
لایەن کۆمەڵگای جولەکەوە هەموو کوردیان بە مافیا پێناسە دەکرد و لە
لایەن جیهانی عەرەبیشەوە نازناوی نۆکەر و هاوکارانی ئیسرائیل بەسەر
کورداندا دابڕا.
هیچ گومانم لەوە نییە کە هێرشی داعشەکان شانۆگەریەکی زۆر بێ سودە و
ئەنجامەکەی بە تێکشکاندنی داعش و سەرکوتکردنی سونەکان کۆتایی دێت ،
بەڵام دەستێکەڵاوی بارزانی لەگەڵ داعشدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەم سونە
ئۆباڵی سەرکوتکردنەکەیان بخەنە ئەسۆی کوردان و هەم شیعەکانیش وەک
هاوکارێکی تیرۆریستان لە کوردان بڕوانن.
پێ دەچێت بارزانی بیری لە ئاشبەتاڵێکی دیکە کردبێتەوە و بڵێت چۆن لە
ئاشبەتاڵی ١٩٧٥دا ئێمە خۆمان دەرباز کرد و خاکەساریەکەش بۆ کوردان
مایەوە بەهۆی ئەنفال و کیمیابارانەوە ، ئەوا ئەم جارەش خۆمان دەرباز
دەکەین و کەرەج و تاران دەگۆڕینەوە بە ئەستەمبوڵ ئەنقەرە و چیش بەسەر
کورداندا دێت "خەرمان بەرەکەت".
لێرەدا ئەوەی ئەرکی گەورەی دەکەوێتە سەر شان بریتییە لە هێزەکانی دیکە
، بە تایبەت پەکەکە و پەیەدە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پژاک و
بزوتنەوەی گۆڕان کە نەهێڵن کوردان بکەونە زەلکاوی بارزانیەوە و ببن بە
بەشێک لەو شەڕە کۆنەپەرستانەیەی نێوان شیعە و سونە.
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|