٨\١٢\٢٠١٢
گەمەیەکی تری
سیاسیی و باجێکی گەورە!!!!!

زاھیر باھیر
شتێک نییە بۆ دەسەڵات لە ھەڵگیرسانی جەنگ باشتربێت بۆ داپۆشین و
سووککردنی قەیرانەکانی نێو خودی دەسەڵات خۆیی و ئەو کۆمەڵگەیەشی کە
فەرمانڕەوایی دەکات، کارێک نییە بۆ دەسەڵات لە ھەڵگیرسانی جەنگ
بەئاکامتر بێت بۆ "یەککەوتنی ڕیزەکانی گەل". ئەوەشی بۆ دەسەڵات و
دەسەڵاتخوازان باشبێت، بێگومان بۆ زۆربەی زۆری دانیشتوانی وڵات و
ھاووڵاتییەکانی، خراپە. ھەڵگیرسانی جەنگ ھەتا بەو جەنگانەشەوە کە
ناویان بە " جەنگی ڕەوا" براوەو دەبرێت، جگە لەوەی کە قەیرانێکی ئابوری
و کۆمەڵایەتی قوڵ دەخولقێنێت، ھەرچی داخوازی و کێشە ھەنووکەییەکان و
ئەوانەی کە پێشتریش لەئارادا بوون، دەکاتە شتی زۆر لاوەکی و دەیانکاتە
قوربانی مەسەلە ھەر گەورەکە کە جەنگە.
زۆربەی وەخت کە دەسەڵات ڕوبەڕوی کێشە ناوخۆییەکان و دەرەکییەکان
دەبێتەوە ، پەنابردن بۆ جەنگ، قورتار بووونە لە کێشەکان، گەر
بەشێوەیەکی کاتیش بێت. ھەر بۆ نموونە دروستبوونی جەنگی عێراق و ئێران،
کە ڕەنگە دەوری لە مانەوەی ڕژێمی ێەدام حسەیندا ھەبووبێت، بەڵام
دەتوانم سەبارەت بە ئێران بڵێم کە ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە مانەوەی ڕژێمی
ئیسلامییەکانی ئێراندا. لە ساڵی ١٩٨٢ دا لێرەش "بریتانیا" کە سەرەک
شالیارانی ئەو سەردەمەی ئێرە، مارگرێت تاچەر، لە نابووتبووندا بوو
پاش ئەوەی کە ڕێژەی بێکاری دووقات بووەو ناڕەزایی خەڵکی دژی سیاسەتی
بەتایبەتکردنی کەرتە دەوڵەتییەکان، ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەیان بەرەو زیادی و
بەھێزی دەڕۆیشت، ڕێژەی سەدی کەسایەتی و ناوبانگی تاچەر ھاتبووە خوارەوە
بۆ ڕێژەی ٢٥٪، بۆیە باشترین کارێک کە کردی بۆ بەرزکردنەوەی ئەو
ڕێژەیەو مراندنی گیانی ناڕەزایەتی خەڵکی بەرامبەر بە سیاسەتەکانی
دەوڵەتەکەی ، ھەڵگیرساندنی جەنگی فۆکلەند لەگەڵ ئەرجەنتینا، بوو. لە
ئەرجەنتینیشدا ئا لەو کاتەدا کە بەھۆی گەندەڵی و قەرزاربوونێکی زۆری
دەوڵەت و بێکارییەکی زۆرو ھەبوونی کەمپەینی دژە ئیمپریالیزم و کەمپەینی
مافی مرۆڤ بۆ داواکردنی ئازادییەکانیان و بەردانی ئەوانەی کە لە
بەندیخانەدا بوون و ئاشکراکردنی جێگاو ڕێگای ئەوانەشی کە
بێسەروشوێنکرابوون، وەڵامدانەوەی تاچەر بە جەنگ بۆ ئەرجەنتین، باشترین
چارەسەرێک بوو بۆ ئەو کێشانە. کە جەنگ ھەڵگیرساو کۆتایی ھات بەپێی
پوڵێکی ڕاپرسی ئەو سەردەمەی بریتانیا، کەسایەتی و شۆرەتی تاچەر
بەرزبووەوە بۆ لە ٥٩٪ واتە نزیکەی دووقات چووە سەرەوە. لە
ئەرجەنتیناش بووە ھۆی لاوازکردنی کەمپەینەکان و داخوازییەکانی خەڵکی و
بەھێزکردنی ڕژێم و مراندنی گیانی دژە ئیمپریالێت.
کەواتە لای دەسەڵات و دەسەڵاتخوازان ، کردنی گەمەیەکی سیاسی تاکو
دەسەڵاتداران بەھەر ڕێگایەک بێت، لە دەسەڵاتدا بھێڵێتەوە، با باجەکەشی
یەکجار سەخت بێت، مەسەلەیەک نییە. ئیدی ئەو شەڕەی ، ئەو جەنگەی
ھەڵیدەگیرسێنن با بشبێتە مایەی قوربانیدانی سەدان ھەزار کەس و بە سەدان
ھەزاری تریش لە شوێنی خۆیان ھەڵبکەنرێن و کاریان لەدەست بچێت و ماڵو
منداڵیان برسی و ڕووت و ڕەجاڵ ببن، لای ئەمان نەک ھەر ھیچ نییە بەڵکو
دەبێت سەرتاپای میللەت خوایش و سوپاسگوزاری ئەوان بێت، چونکە ئەوان
شەڕیان لە پێناوی ئەمان و خاک و نیشتمانەکەیان و شۆرەت و کەرامەتی
"ئوومەدا" کردوە.
تازەترین نموونە، نموونەی ئەمجارەی ھێڕشی ئیسرائیل بوو بۆسەر غەزە ،
دەبینین کە بەری ئەم جەنگە، ئەم گەمە سیاسییە، لە مانگی جێنیوەری ساڵی
داھاتوودا، دەچنرێتەوە، چونکە بەم کارەی کە کرا نەک ھەر ھەمان دەستەو
دایەرە دەھێنرێتەوە سەر کورسی دەسەڵات بەڵکو بە دەنگی زۆربەش دەبنەوە
فەرمانڕەواو ژمارەی ئەندامانی پەڕلەمانیشیان زیاد دەکات.
ئەمەی ئێستاش کە لە کوردستاندا ڕوودەدات ، شتێک نییە جگە لەو گەمە
سیاسییەی کە دەکرێت. ھەمووان دەزانن کە ڕژێمی ناوەندی عێراق لە
قەیرانێکی لەبننەھاتوی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ، دەژی. دەسەڵات
لە ھەرێمی کوردستانیش، ھەمان قەیران ڕوبەڕوویان بووەتەوە، وەلێ
قەیرانە ئابورییەکە لە کوردستاندا چەشنی بەشەکانی تری عێراق نییە،
بەڵام لەوە دەکات ئۆپۆزیشن لە کوردستاندا ڕێکخراوترو تا ڕادەیەک تۆکمە
تر بێت، تاکو بەشەکانی تری عێراق . جا چی لەمە باشتر بۆ ھەردوولایان
دەبێت جگە لە ھەڵگیرساندنی جەنگێک کە نە دەسەڵاتداران و نە بەرپرسان
زیانێکی ڕۆحی و ئابوری کۆمەڵایەتی تیاداناکەن، بگرە لە ھەندێک ڕووەوە
وەک لە سەرەوە باسم کرد، سوودیشی لێدەبینین.
گەرچی ئەگەری ڕوودانی شەڕ زۆر زۆر کەمە بە حوکمی ئەوەی کە ئەمان،
ھەردوولایان، بەنەخوێنیان (دووخوێن) لەدەستی خۆیاندا نییە، بارو دۆخی
ناوچەکەش لە ھەموو ڕویەکەوە یارمەتیدەری ھەڵگیرسانی شەڕێکی تر نییە لە
کاتێکدا کە ئەوە حاڵی وڵاتانی عەرەب و فەلەستین و ئێرانە، سەرەڕای
ئەوانەش لە ئێستادا ئەمەریکا نایەوێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام لەگەڵ
ئەوەشدا ئەم گارە گاری شەڕە کاریگەری خراپی خۆی لەسەر کۆمەڵگەی
کوردستان و تاکەکانیشی چ لەوێندەرێ و چ لە دەرەوەی کوردستانیش، داناوە.
ڕاگەیاندنە خراپەکانی دەسەڵاتداران و بەرپرسەکانی کورد لە سەرەجەمی
میدیای کوردستاندا زۆر مەترسیدارن ، بە ھەڕەشەو گووڕەشە کردن و خۆ
گیڤکردنەوەیان: کە ھێزی ئەمان ھێزێکی پڕچەکو ئامادەیە بۆ جەنگ، ئەمان
دەتوانن نەک ھەر ڕوبەڕوی لەشکری عێراقی ببنەوە بەڵکو لەگۆڕی لەشکری
ھەموو ئومەی عەرەبیش دێن،.... یاخود گەر کوردێک بکوژرێت ئەوەندە عەرەب
دەکوژرێتەوە یا گەر ماڵێکی کورد بسوتێنرێت ئەوەندە ماڵی عەرەب
دەسوتێنرێتەوە ... گەلێکی تر لەم ڕاگەیاندنە بێسەروبەرانە.
من نازانم ئایا ئەمان لە ھۆشمەندییەوە ئەم ڕاگەیاندنانە دەدەن یان لە
نەزانینیانەوەیە؟!!. بەڵام لەھەر سەرچاوەیەکیانەوە سەری گرتبێت، زۆر
خەتارناکە، بیری ڕایسیسزم و شۆفێنیزم و فاشیزم بەھێز دەکات ، خەڵکی
نەفام و خەڵکانی سەربەو جۆرە ھزرانە ھاندەدات ھەر کە تەقە دەستی پێکرد
ئەمان لێرەوە دەستی خۆیان بە خوێنی ئەو خەڵکە عەرەبە ھەژارانەی کە بۆ
پەیداکردنی نانێک بۆخۆیان و خێزانیان، ھاتوونەتە کوردستانەوە ، سوور
بکەن.
لایەنێکی تری ئەو پاگەندەیەی کە ئەم بەرپرسانە بۆ جەنگی دەکەن، دەقاو
دەق پاساودانەوەی ئەوەی ێەدام حسەینە کە دژی کورد کردی، کە وەکو چۆن
لەسەر کوڕیک کە پێشمەرگە بوو، لە شاخ بوو، خێزانەکەی دەگوێزرایەوە بۆ
خواروی عێراق، بەند دەکرا ، جاری واش ھەبوو تیرۆریش دەکرا. ھەموو
ئەوانەی کە ێەدام کردی بە ڕاگوێزانی گوندەکان و ئەنفال و کیمیاوی و
کوشتن و بڕین کە لەشکرەکەی دەیکرد دژی خەڵکانی دانیشتوانی بێتاوانی
کوردستان ھەر ھەمان بۆچوون وسەرچاوەیە کە ئێستا دەسەڵاتداران و
بەرپرسان لە کاتی ھەڵگیرساندنی ئەم شەڕەدا دووبارەی دەکەنەوە چ بە قسەو
گوفتار، چ بە کردارو ڕەفتار. باشە کەواتە بۆچی دەبێت ئیدی ئێمە لەمەولا
گلەییمان لە ێەدام و ڕژێمەکەیی و پیاوەکانی ھەبێت ، کە ئێمە خۆمان پاش
زیاتر لە ٢٠ ساڵ ھەمان گوفتارو ڕەفتار دووبارە بکەینەوە؟ باشە گوناح و
تاوانی منداڵێک، ئافرەتێک،پیرێک، گەنجێکی عەرەب کە لەماڵی خۆیدا
دانیشتبێت، چییە ھەتا باوکیشی، براشی ، کوڕیشی لەناو ھێزی "دیجلەدا"
بێت؟ گەر ئەوانە تاوانبار بن و دەبێت بکوژرێن ھەر بەو پێوانەیە کەواتە
ڕەواشە گەر لەشکری "دیجلەش" دەستی بگاتە ماڵ و خێزانی کورد کە کوڕو
براکانیان لەناو ڕیزی پێشمەرگەدان، یا دەستیان بگاتە ماڵ و منداڵانی
دەسەڵاتداران و بەرپرسان کەلە ماڵی خۆیان دانیشتوون و بێتاوانن،
بیانکوژن؟!
ئەوانەی سەرەوە ئەوەمان نیشان دەدەن کە بیروڕای ڕایسست و فاشیەت لە
برەودایە ، ئەو ڕاستییە وندەکات، یا دەشارێتەوە کە شەڕەکە شەڕی کوردو
عەرەب نییە ، بەڵکو شەڕی دەسەڵاتەکانە، گەر ڕێگاش لەو جۆرە
بیرکردنەوانە نەگیرێت، کارەساتێک دەخولقێنێت، بۆیە ئەرکی سەرشانی
ئازادیخوازان و سۆشیالیستەکانە، بە کردنی کەمپەین و گرتنی کۆڕو نوسین و
لێدوان و مشتومڕ کردن لە ڕوبەرەکانی میدیادا، بەر بەم قسەو بۆچون و
فکرە بێسەروبەرو بەسەرچوانە ، بگرن. وەختی ئەوەیە کە ھەمووان بڵێین نا
بۆ شەڕو ماڵکاولی و وێرانکاری، بەڵی بۆ یەککەوتنەوەی ڕیزەکانی خەڵکانی
ھەژارو چەوساوە بۆ خەباتکردنیان بۆ نان و ئازادی و دژی جەنگ و دژی چینی
باڵادەست و ھەموو جۆرەکانی دەسەڵات و سەروەرێتی ئەو دەسەڵاتە.
٦\١٢\٢٠١٢
- لەندەن
ماڵپهڕی
زاهیر باهیر
|