٢٥\١\٢٠٢٥
گەمەی گەورەکان
-
کورد لە خاڵی وەرچەرخاندا.

ئەرسەلان مەحمود
یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم سیاسەتی ئەمریکی لە
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو دژیەکییە ئاشکرایە بووە کە لە نێوان
پشتیوانیکردن لە هاوپەیمانە نەریتییەکان و پاراستنی پەیوەندییەکانی
هەیە. ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە ئەمریکا لێرەوە ڕاستەوخۆ بیەوێت
ڕووبەڕووی ئەم ئاڵنگارییانە ببێتەوە، بەتایبەت دوای ئەو دەرسە گرنگانەی
لە عیراق و سووریادا فێریان بووە. ئەمەش بەشێکە لە گۆڕانکارییەکی
گەورەتر لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، کە بەتایبەت دوای شەڕی ئۆکرانیا،
بەرەو بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکانی دەڕوات لە سەرتاسەری جیهاندا.
ئەوەی ئەمڕۆ لێرە لە کوردستان ڕوودەدات، ڕەنگدانەوەی نەخشەیەکی
گەورەترە کە ستراتیژەکەی لە واشنتۆن داڕێژراوە. دیدارە "نهێنییەکە"ی
پێش کۆبوونەوە ئاشکراکەی نێوان بارزانی و عەبدی، ئاستێکی بێوێنەی
بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەمریکی و پێگرتنی ئەم ستراتیژە دەخاتەڕوو، کە لە
سەردەمی دوای شەڕی ساردەوە کەم وێنەیە.
لەوانەیە هەبێ و بپرسێ: بەڵام بۆچی ئێستا؟
یەکەم، ئەزموونی دوو دەیەی ڕابردوو لە عێراق و سووریا سەلماندوویەتی
دابەشبوونی کورد چەند زیانبەخشە. ئەمە نەک هەر بۆ کورد، بەڵکو بۆ
ئەمریکا و ئەوروپاش هەروەها، چونکە ئەگەر لە عیراقدا بووبێتە هۆکاری
لاوازبوونی پڕۆژەی دیموکراسی و کرانەوەی دەرگە بۆ نفوزی ئێران، ئەوا لە
سووریاش بووەتە هۆکاری درێژبوونەوەی قەیرانەکان و بەهێزبوونی پێگەو
ڕۆڵی دەوڵەتانی هەرێمی کە دواترینیان تورکیایە.
دووەم، گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەم دواییەی جیهان - لە
ئۆکرانیاوە تا غەززە - دەریانخستووە کە سیستەمی جیهانی بەرەو
فرەجەمسەری دەڕوات. لەم نێوەندەدا، ئەمریکا پێویستی بە هاوپەیمانی
بەهێز و یەکگرتوو هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا،
بەتایبەت لە بەرامبەر هەوڵەکانی چین و ڕووسیا بۆ زیادکردنی نفوزیان.
گرنگە تێبگەین کە سیستەمی نوێی جیهانی تەنها دابەشبوون نییە لە نێوان
زلهێزەکاندا. بەڵکو دەتوانێ دەرفەتی نوێش بڕەخسێنێت بۆ ئەو هێزانەی
دەتوانن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ هاوکێشە نوێیەکاندا. ئەوروپا کە بەرەو
سەربەخۆیی زیاتر دەڕوات لە سیاسەتی دەرەوەیدا، سەرگەرمی ئەوەیە ببێتە
لایەنێکی گرنگ لەم هاوکێشەیەدا. کورد پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ لەم
دینامیکیەتە نوێیەدا هەیە.
سێیەم، گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی تورکیا دەرفەتێکی نوێیان خوڵقاندووە.
ئەمجارەیان وەک پێشوو هەر جوینەوەی گوتار و یاری کردن نییە بە کورد و
کارتە هەرێمییەکان، قەیرانە ئابوورییەکان و پێویستییەکانی ئەردۆغان بە
پشتیوانی ڕۆژئاوا، توانای مانۆڕی تورکیایان سنووردار کردووە. ئەمەش
دەرفەتێکی گرنگە بۆ داڕشتنەوەی هاوکێشەکان بە شێوەیەکی نوێ.
چوارەم، هەڵوێستی ئیسرائیل، کە هەمیشە فاکتەرێکی کاریگەر بووە لە
سیاسەتی ئەمریکی بەتایبەت لە ناوچەکەدا، ئەمجارە جیاوازە. ئیسرائیل کە
خۆی لە قەیرانێکی قووڵی ناوخۆیی و دەرەکیدایە، پێویستی بە هاوپەیمانی
غەیرە عەرەبی بەهێز هەیە لە ناوچەکەدا. یەکگرتنی کورد - چونکە لانیکەم
بێزیان دەبێت بۆی، دەتوانێت بەشێک بێت لەم هاوکێشە نوێیە.
گرنگترین شت لەم نێوەدا، سروشتی بەشداریکردنی ئەمریکییە. بەکارهێنانی
فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکی و فەڕەنسی بۆ گواستنەوەی سەرکردە کوردەکان
پەیامێکی ڕوونە بۆ هەموو لایەک. ئەمە تەنها پشتیوانییەکی دیپلۆماسی
نییە، بەڵکو ئامادەیی تەواوە بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە پێناو
پاراستن و سەرخستنی ئەم پڕۆژەیەدا.
بەڵام ئەم هەلە مێژووییە، تەنها کاتێک دەبێتە واقیع کە کورد بتوانێت
ببێتە هێزێکی پێشەنگ لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی ناوچەکەدا. مێژوو
پێمان دەڵێت کە سەرکەوتنی نەتەوەیی و گەشەی دیموکراسی دوو ڕووی یەک
دراون، بەتایبەت لە جیهانی ئەمڕۆدا. بۆیە، یەکگرتنی کورد دەبێت لەسەر
بنەمای پرەنسیپە دیموکراتییەکان بێت، نەک تەنها ڕێککەوتنی تاکتیکی و
ڕووکەشی.
لێرەدا، زۆر گرنگە ئەمەش بزاندرێ کە ڕێگەکە ئەوەندەش سادەو ئاسان نیەو
خودی پڕۆژەکە لەگەڵ چەندین مەترسی گەورەدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بۆ ئەوەش
کە خودی ڕێگەکە باوەڕی بە هەنگاو هەڵگرتنە کوردییەکە بێت، دەبێ لەم
فاکتەرانە تێبگات:
مەترسی ناوخۆیی: بەرژەوەندییە تایبەتییە نەرێتی و ئابوری و
ئایدیاییەکانی سەرکردە کوردەکان لە مامەڵەی دوور و نزیک و ململانێی
دەسەڵات و هەوڵی سەپاندنی ئیرادە بەسەر یەکتر و بەسەر خەلکدا، وەک
هەمیشە دیسانەوە دەتوانن ببنە لەمپەر.
مەترسی هەرێمی: ئەگەری هاوکاری نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ پەکخستنی
پڕۆژەکە بەتایبەت ئەگەر هەست بکەن بەرژەوەندییەکانیان دەخاتە
مەترسییەوە، بەدرێژای سەد ساڵی ڕابردو پێگە و پەیوەندییەکانیان لە هەر
ئاستێکدا بووبن، لە هەر شتێکدا ناکۆک بووبن، لەمەدا کۆک بوون و بە
گۆشەی ١٨٠ گەڕاونەتەوە بۆ یەکتر.
مەترسی نێودەوڵەتی: گۆڕانکارییە خێراکانی جیهانی سیاسی و ئەگەری گۆڕانی
لەناکاوی سیاسەتی ئەمریکی - خۆرئاوایی لە هەر بوارێکی تەکنیک و تەکتیک
و ستراتیژدا.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییانە، کورد دەبێ هەنگاوی جددی بۆ
دامەزراندنی دەزگەی هاوبەشی بەهێز بنێت کە بتوانن درێژە بە پڕۆسەکە
بدەن، تەنانەت ئەگەر فشارە دەرەکییەکانیش نەبن. پێویستە ئەم دەزگەیانە
لەسەر بنەمای دامەزراوەیی، نەک کەسی، دابمەزرێن و بتوانن لە ژێر
سەقفێکی نیشتمانیدا کۆببنەوە نەک رەسمێک.
ئەوەی ئەم قۆناغە لە قۆناغەکانی پێشوو جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەمجارە
هاوکێشەکان تەنها ناوچەیی نین. کورد لە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییدایە
کە تیایدا دەتوانێت ببێتە بەشێک لە نەخشەی نوێی هێز لە جیهاندا. بەڵام
ئەمە پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەو کێشە قووڵە مێژووییانە هەیە کە تا
ئێستا وەک بەربەست وابوون لە بەردەم یەکگرتندا. ئەمەش تەنها بە
دروستکردنی دامەزراوەی بەهێز و پێگەیشتوو دەکرێت، کە بتوانن بەرگەی
گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان بگرن.
وەسفکردنی قۆناغی ئێستا وەک "سەردەمی زێڕینی کورد" ڕەنگە ڕاست بێت،
بەڵام دەبێ بزانین سەردەمە زێڕینەکان هەمیشە فرە خاڵی وەرچەرخێنەری
چارەنووسسازن. ئایا کورد دەتوانێت ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ دروستکردنی
داهاتوویەکی نوێ، یان جارێکی دیکە دەیکات بە قوربانی بەرژەوەندییە
تەسکەکان؟ وەڵامی ئەم پرسیارە نەک تەنها چارەنووسی کورد، بەڵکو سیمای
داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دیاری دەکەن.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|