په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٩\٢٠١٧

گەمەی گشتپرسیی روو لە کوێ دەکا؟

عارف کەریم      


ماوەیەکە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بەتایبەتی کاک مەسعود بارزانی خۆیان سەرقاڵی پرسی گشتپرسیی کردووە بۆ پەردەپۆشکردن و لەبیرخۆبردنەوەی کۆمەڵێ پرسی گرنگی تر کە ئەوان خۆیانی لێدەدزنەوە و نایانەوێ جێبەجێی بکەن وەکوو پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم ، مەلەفی نەوت و گاز ، کێشەی بژێوی خەڵک و پاشەکەوتی مووچە ، کاراکردنەوەی حکومەت و پەرلەمان بە مانای خۆی کە ڕەزامەندی ھەموو لایەنەکانی لەسەربێت.


پێشەکی دەمەوێ بڵێم کە گشتپرسیی واتە ( ڕاپرسی گشتی ، پرسکردن بە خەڵک ) دەستکەوتێکی میللی ، نەتەوەیی ، نیشتمانی نیە ھەتا لە قەوارەی خۆی گەورەتر بکرێت و ئەو ھەموو خەڵکەی بۆ بوروژێنرێ و دەوڵەتانی ئیقلیمی و زلھێزەکانی دنیای بۆ بھێنرێتە سەر خەت سەبارەت بەوەی کورد ئەنجامی بدات یان نا؟


راپرسی لە زۆر وڵاتی دنیادا کراوە و دەکرێت ، کەچی وەکوو ئەوەی کوردی بۆ نەکراوە ، وا ڕێدەکەوێت وڵاتێکی ئەوروپا ڕاپرسی بکات لەسەر ئەوەی دەیەوێ لەگەڵ یەکیتی ئەوروپا بمێنێتەوە یان نا ، وەکوو ئەوەی بەریتانیا کردی ، کەتەلۆنیاکان لە ئیسپانیا کە ژمارەی دانیشتوانیان لە حەوت ملیۆن کەس زیاترە بەتەمان لە ٠١/١٠/٢٠١٧ دا ڕاپرسی بکەن لەسەر ئەوەی ئایا دەیانەوێ لەگەڵ ئیسپانیادا بمێننەوە یاخود جیا دەبنەوە؟، چەند ساڵیک لەمەوبەر وڵاتی سوید گشتپرسییێکی ئەنجامدا سەبارەت بەوەی دراوەکەیان کە کرۆنی سویدیە بگۆرن بۆ یورۆ یان نا ؟ دواجار بەیەک دەنگ وتیان نەخێر.


بەڵام مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەبەخۆ کەتەواو جیاوازە لە گشتپرسیی ، مافێکی شەرعی ھەموو نەتەوەکانی دنیایە بەپێی بریاری نەتەوە یەکگرتووەکان ، ئەوان واتە نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ١٩٤٥ دادانیان بەوەدا ناوە کە ھەموو گەل و نەتەوەیەک بۆی ھەیە بریاری چارەنووسی خۆی بدات و ئەو شێوەیە لە دەسەڵات ھەڵبژێرێ بۆ خۆی کە بۆی دەست دەدات بەبێ دەست تێوەردانی بێگانە و داواش دەکات ھەموو دەوڵەتێک ڕێز لەم مافە بگرێت.


ھەر لە دیباجەکەدا ھاتووەکە ئەوان واتە (UN) بڕوای خۆیان دووپات دەکەنەوە لەسەر مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ و کەرامەتی تاک بە شێوەیەکی یەکسان بۆ ژن و پیاو و نەتەوەی گەورەو بچوک ، ھەروەھا کارکردن بۆ یەکسانی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتنی مرۆڤ و پێشخستنی باری کۆمەڵایەتی و ئاستی ژیان لە ھەلومەرجێکی ئازادا ، لەیەکتر خۆشبوون و پێکەوە ژیان بە ئاشتی بەبێ پەنابردنە بەر بەکارھێنانی ھێزی چەکدار ھەروەھا پەنابردنە بەر ئامرازە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێشخستنی ئابووری کۆمەڵایەتی گەلان.


کەوابوو ئەم ھەموو قڕە قڕ و ھەراو ھوریا و فشار و ھەڕەشانە چین کە لەلەیەن دەوڵەتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەوە ڕووبەڕووی کورد دەبنەوە لەسەر مەسەلەی ڕێفڕاندەم ؟ ئایا کورد ئەو ھێز و ھەڕەشە گەورەیەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا تا بەو شیوەیە گەلەکۆمەکی لێبکەن ؟ ئایا کورد لەوە زیاتر کە مافەکانی پێشێل کراوە و دەستی بە دەستی پێدەکرێ ، ھیچ ھەڕەشەیەکی سەربازی لەوانی تر کردوە ھەتا بەم شێوەیە مامەلەی لەگەڵ بکەن؟


کێشەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە ھێزە سیاسیەکانی ناو عێراق بە شیعە و سوننەوە بڕوایان بە کوردو کوردستان و کێشەکەی نیە ، چاکیش دەزانن کە نیشتمانی کورد دابەشکراوە بەسەر چەند دەوڵەتیکدا بە پێی ڕێککەوتننامەی سایکسبیکۆی ساڵی ١٩١٦، ئەو کاتەی کورد ئەنفال کرا و بەچەکی کیمیایی لێیدرا ، ھیچ ڕێکخراو و حزبێکی عەرەبی بە تایبەتی فەلەستینیەکان ورتەیان لێوە نەھات و لەسەر کوردیان نەکردەوە و ھەڵیان نەدایە و نەھاتنە جواب ، ئەم ڕێکخراو و حزبانەی عەرەب بە بیروڕای جیاجیاشیانەوە کوردستان بەموڵکی باو و باپیریان دەزانن و کوردیش بە میوان لەسەر خاکەکەی خۆی.


لەلایەکی ترەوە کورد خۆیشی خەتابارە کە سەد ساڵە شکست لەدوای شکست بەدەستی دێنێ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عەرەبدا لە بەغدا و نەیانویستووە لەیەکەم ڕۆژی تێکۆشانەوە درووشمەکانی ئەمڕۆ بەرزبکەنەوە کە مافی چارەی خۆ نووسینە و ھەمیشە وەکوو برای بچوک خۆیان پێشکەش کردوە و چیان پێوتراوە دەستبەجێ بڕوایان کردوە و بەھەر دەپەنجەکە بۆیان مۆرکردوون ، ئەگەر وانەبوایە و عەقلی سیاسی کورد خێلەکی نەبوایە و بەرژەوەندی گەل و نەتەوە لە سەروو پەرژەوەندی تاک و حزب بوایە و سەرکردایەتیەکی بە کۆمەل جڵەوی سیاسی لە دەستدا بوایە یاسا و دەستوور سەروەربوایە ئەوا لەدوای داگیرکردنی کوێت و جەنگی خەلیج کورد دوو دەرفەتی زێرینی بۆ ھەڵکەوت کە ببێتە دەوڵەت بەڵام ھەردوکیان لەدەستدا و نەیانویست ، یەکەمیان لەکاتی کۆڕەوەکەی خەڵکی کوردستان ١٩٩١ و ئەویتریان لەکاتی ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام لە ٢٠٠٣ دا ، ئەمە جگە لەو بەڵێنانەی سەرۆک کۆماری فەرەنسا فرانسۆ میتران پێی دان لەنەوەدەکاندا ، بەداخەوە ئەویشیان لەدەستدا ، ئێستا تازە بەتازە خەڵک کۆدەکەنەوە و لەتەلی عاتیفەی خەڵکی دەدەن و داوای ڕێفراندەم و دەوڵەت دەکەن.


ڕاستییەکی میژوویی ھەیە کە نابێ پشتگوێ بخرێ ئەویش ئەوەیە کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە گاز و نەوت و سەرچاوە سروشتیەکان و چاوی دەوڵەتە ئیقلیمی و زلھێزەکانی لەسەرە و جێی سەرنجی ئەوانە ، بەرژەوەندیە بازرگانی و ئابوریەکان ھەروەھا نەوت و گاز ئەم دەوڵەتانەی کۆکردۆتەوە و بەھاسانی دەستی لێھەڵناگرن ، ھەر ئەمەیشە وای کردوە دەوڵەتەکانی تورکیا و ئێران لەوە بترسن کە کورد لەوەی ئێستا زیاتر دەستکەوتی ھەبێ لەبەشەکەی عێراق و لەدەستیان بچێ ، ھەر بۆیە ئەوان لە پێش ھەموانەوە ڕازی نین کورد ھەنگاو ھەڵنێ بەرەو درووستکردنی دەوڵەت ، بێگومان بڕواشیان بە کورد و کوردستان نیە و کار بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەکەن و لە ژێرەوە دوژمنایەتی کورد دەکەن . دەوڵەتە گەورەکانیش بە تایبەتی ئەمەریکا کار بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەکەن و ڕەنگە لە داھاتوودا پرۆژەی تایبەتی خۆیان ھەبێت بۆ کورد بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پێوەلکاندنی کوردستانی باشور و رۆژئاواوە ھەیە کە ناوبەناو گوێبیستی دەبین ، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ un)) و دەوڵەتە ئیقلیمێکاندا دەنگیان کردوە بەیەک بۆ دواخستنی ڕێفراندەم بە تایبەتی بەلای ئەوانەوە شەڕی داعش کۆتایی نەھاتوە و لەھەمان کاتدا دەیانەوێ سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. بەکورتیەکەی بە پارتی و مەسعود بارزانی دەڵێن : لێمان تێک مەدە ، ئەگەنا لێتان تێک دەدەین!!!!


بۆچی کاک مەسعود پێی داگرتوە و پشت بە کێ دەبەستێ ؟ ئەگەر پشت بە میللەت دەبەستێ ئەوا ماڵی کورد پەرت و بڵاوە و و کورد خاوەنی گوتارێکی سیاسی یەکگرتوو نیە و بەرگەی ئەم ھەموو ھەڕەشەو گوڕەشانە ناگرێ! خۆ ئەگەر ھەموو ھێلکەکانی فرێداوەتە سەبەتەی تورکەوە و بە پشتی ئەردۆگان ئەمە دەکات ئەوە ھەموومان دەزانین کە تورک دۆستی کورد نیە و چەند بۆی بکرێ چاڵی بۆ ھەڵدەکەنێ و بەرژەوەندی تایبەتیشە وای کردوە کە پەیوەندیەک ھەبێ لە نێوان ئەردۆگان و مەسعود بارزانیدا ، خۆ ئەگەر تورکیا خۆی دەرەقەتی ئەمەریکا نایەت و دەیەوێ پارتی و مەسعود بەکار بھێنێ بۆ تەحەدا کردنی سیاسەتی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا و تێپەڕاندنی پیلانەکەی دژی ئەمەریکا ، ئەوا کاک مەسعود ئەبێ زۆر چاک بزانێ کە ئەو شەڕە بەو ناکرێ و خۆی بەدوور بگرێ باشترە و کاری ئەو نیە ، خۆ ئەگەر ئەردۆگان دیەوێ لەرێگەی مەسعودەوە ئاژاوە بنێتەوە لە ناوچەکەدا ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێ باجەکەی بدات و ئەردۆگانیش وەکوو بەزەکی بانان بۆی دەردەچێ و ھیچیش بۆ کورد ناکات!


کاتی خۆی ژەنەراڵ محەمەد زیائو ئەلحەق کۆدەتایەکی سەربازی بەسەر محەمەد عەلی بۆتۆی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای پاکستاندا کرد ( باوکی بەنازیر بۆتۆی سەرەک وەزیران ) و لەزیندان توندی کرد و بریاری ئیعدام کردنی دا ، دەوڵەتە زلھێزەکان تکای زۆریان کرد کە ئیعدامی نەکات بەڵام سوودی نەبوو و ئیعدامی کرد ، بەرامبەر بەمە چەند جارێک پیلانی کوشتنیان بۆ ژەنەراڵ دانا بەڵام بەرنەئەکەوت و لە دوایین جاردا لەگەڵ سەفیری ئەمەریکا لە گەشتێکی ئاسمانیدا فرۆکەکەیان فڕێدایە خوارەوە و لەناویانبرد.


شا ی ئێران حەمە رەزا پەھلەوی لەو ساڵانەی دواییدا توشی لوتبەرزی بوبو بەرامبەر بە ئەمەریکا و دەیویست پۆت بشکێنێ و خۆی گیف بکاتەوە ، ئەوانیش ھاتن خومەینیان بۆ دروست کرد و ڕەوانەی ئێرانیان کردەوە.


ساڵی ١٩٧٣ یەکێک لە زلھێزەکان تکای لە مەلا مستەفای بارزانی کرد کە شەر نەکاتەوە لەگەڵ حکومەتی بەغدا و لەجێی ئەوە ڕێکبکەون ، بەڵام مەلا مستەفا گوێی نەدایە و ئەوانیش ڕێککەوتننامەی جەزائیریان لە نێوان ئێران و عێراقدا دروستکرد و ئەوە ڕووی دا کە ڕووی دا.


مام جەلال و یەکێتی نیشتمانی لە شەڕێکی خۆکوژیدا بوون لەگەڵ پارتی و مەسعود بارزانیدا ، ئەوە بوو یەکێتی ھەولێریان گرت و مام جەلال دەیگوت : مەگەر کاکە بە دوربین سەیری ھەولێر بکات و بیبینێ ، ئەمە نەدەگونجا لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکادا و ھاتن ٣١ی ئاب یان بۆ خۆلقاند لەساڵی ١٩٩٦ دا و ھەتا سنووری ئێران ھەڵیان بڕی و دوایی پێیان وتن کە ئەمەریکا سەرو ماڵی زۆری داناوە ھەتا ئەو وەزعەی درووست کردوە ، وەرن عاقڵانە دانیشن و ئەوەبوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مادەلین ئۆڵبرایت کاکە و مامەی بردە ئەمەریکا لەساڵی ١٩٩٧ دا و رێکی خستنەوە.


جا ئەگەر کاک مەسعود بەردێکی گەورەی ھەلگرتوە و بۆی فرێنادرێ، باشتر ئەوەیە ئەو موغامەرەیە نەکات و بەردەکە لە شوێنی خۆی دابنێتەوە و موراجەعەیەکی بجوک بکاتەوە و سەیری حسابی قازانج و زەرەری خۆی بکات لە سیاسەتدا بۆ ئەوەی توشی ھەڵەی گەورە گەورە نەبێت.


من پێموایە ئەنجامدانی ئەم ڕێفراندەمە شەڕی زیاترە وەک لە خێر بەتایبەتی لە ناوچە داگیرکراوەکان کەناوی جێناکۆکی لێنراوە. ھیوادارم گشتپرسیی لە داھاتوودا لەژێر سەقفی یەکڕیزی کوردا ئەنجام بدرێت وەکوو ئەوەی ساڵی ٢٠٠٥ کە میللەتەکەمان بێدەنگ ئەنجامی دا.

 

٢١\٩\٢٠١٧ - ستۆکهۆڵم

ماڵپه‌ڕی عارف که‌ریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک