په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٦\٢٠١٣

گەمەی گوناهـ!

نەهرۆ          


چوار کەس لە چایخانەیەک دانیشتبوون، جاران هاوپۆلی یەکبوون، ئەوا ئێستا هەر یەکەو بەڵگەنامەیەکی زانستیی هەیە، ئەیاد دکتورای هەیە لە میکانیک، حەمە ئەندازیارە، فاروق مامۆستای زمانە، چوارەمیان مامە خولەیە کە تەمەنی پەنجا ساڵە و دەرچووی پەیمانگای تەکنۆلۆژییە، وەک ئەوان درێژەی بە خوێندن نەدا، هەر زوو رێگای پێشمەرگایەتی گرتە بەر، لە درێژەدان بە خوێندنی باڵا دابڕا، بەڵام هەمیشە پەرتووکی خارجی دەخوێندەوە، گەرچی ئەوان لە رووی زانستییەوە پلەیان لە مامە خولە باڵاتر بوو، بەڵام مامە خولە لە دەروازەی مەعریفە بە گشتی لەوان بەهێزتر بوو ! کە باس و خواس دەکرایەوە، مامە خولە بە گوێرەی قسەکانی وان دەدوا، هەمیشە ئەو پەندەی پەیڕەو دەکرد کە دەڵێ (کلم الناس علی قدر عقولهم) زۆر جاریش بێ دەنگی هەڵدەبژارد، ئەو نەیدەویست بەو زانیاریانەی خۆی ئەوان شەرمەزار بکا!


هەر سێ برادەرەکە رووی دەمیان لە مامە خولە کرد و پێیانگوت بۆ چی ئیشی ناکەیت، هەم خۆتی پێ بژێنیت هەم سوودێکت هەبێ بۆ کۆمەڵگا، لە وەڵام دا مامە خولە گوتی لەم زەمانە هەموو ئیشێک پیویستی بە سەرمایەیە، ئێوە دەستی یارمەتیم بۆ درێژ بکەن، منیش کتێبخانەیەک دەکەمەوە، مەبەست لە یارمەتی ئەوەیە قەرزم پێ بدەن، منیش سەرەمانگانە بە قیست ئەتاندەمەوە، ئەیاد هەڵی داو گوتی بە مەرجی ناوی کتێبخانەکە بنێ پێشکەوتن یان ئیستقلال، ئەندازیارەکە کابرایەکی نوێژکەر بوو گوتی با ناوی کتێبخانەی ئیسلامی بێ! لەو میانەش مامۆستای زمان هاتە گۆ و گوتی نە با ناوی کتێبخانەی زمان بێ لە بەر ئەوەی زمان کلیلی مەعریفەیە، با میللەتەکەمان لایەنی کەم سەرەتا فێری زمانی درواسێیەکانمان بن لەگەڵ ئەوەش دا با زمانی ئینگلیزی وەک زمانێکی ئەنتەرناشیوناڵ بزانن، مامە خولەش لە وەڵام دا گوتی ئێوە یارمەتیم بدەن بەڵام بۆ دانانی ناوی کتێبخانەکە مەرجم بۆ دانەن، من ناوێک لە ئەندیشەم دایە، دەمەوێ هەر ئەوەش ناوی کتێبخانەکەم بێ!


تێکرا گوتیان دەی با بزانین ئەو ناوە چییە؟ مامە خولە لە وەڵام دا گوتی ( گەمەی گوناهـ) مامۆستای زمانەکە گوتی ئەوە ناوی درامایەکە هونەرمەند عەلی کەریم روڵی سەرەکی تیا ئەگێڕێ، مامە خولە گوتی دەزانم، ئەو باسی گوناهـ دەکا لە بواری کۆمەڵایەتی بەڵام من مەبەستم گەمەی گوناهە لە بواری مەعریفی و فیکری، ئەندازیارەکە گوتی کەواتە تۆ پێت وایە خوێندن و خوێندنەوە گوناهە، ئەی ئەوەی لە قوتابخانە خوێندمان ئەوەش گوناهە، مامە خولە گوتی بەڵێ ئەوەش گوناهە لە وانەی پەروەردەی ئاینی باسی ئەوەمان بۆ دەکەن کە ئێمە نەوەی ئادەم و حەواین کەچی لە وانەی زیندەوەران باسی بنەچەی مرۆڤمان بۆ دەکەن کە مەیمونە، قوتابی قوڕبەسەر بە قسەی کامیان بکات!


ئەیاد گوتی تۆ واز لەو بیرۆکەیە بێنە، ئەگەر ناکۆکی نەبێ پێشکەوتن نابێ، تۆ وەک بەقاڵێک وایت، هەموو مێوەیەک بێنە، ئیدی خەڵک بە پێ حەزو ئارەزووی خۆی لێت دەکڕێ، مامە خولە توزێک بەم قسەیە هەڵچوو گوتی کتێب فرۆشی وەکو مێوە فرۆش نییە، کتێب وەکو ئاگر وایە ناخی مرۆڤەکان دائەگیرسێنێ! بە تایبەتی لاوان هەر زوو دەکەونە ژێر کاریگەری بیروڕاکانەوە کەسایەتی دوگم و توندڕەویان لێ دەرئەچێ!


ئەیاد گوتی تۆ هەقت بەسەر چارەنووسەوە نەبێ، تۆ دەتەوێ قازانج بکەیت، مامە خولە گوتی ڕاستە من دەمەوێ قازانج بکەم بەڵام بایەی ئەوەش ویژدانم هەیە کارێ نەکەم سەرئەنجامەکەی خراپ بێت!


مامۆستای زمانەکە رووی دەمی لە مامە خولە کرد و گوتی تۆ سەرەتا کتێبی فێربوونی زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی و ئینگلیزی بێنە کە زانیت وا خەریکە خەڵک فێری زمانەکان بوون ئەوجا کتێبی مارکسی و ئیسلامی و سیکولاری و ناسیونالیستی و لیبرالی بێنە! مامە خولە گوتی مەبەستەکەی من لێرە دایە، ئەو هەموو کتێبە دژ بە یەکە بهێنم کەسانی دژ بەیەک لە نێو کۆمەڵگا دروست دەکا، لە تەقینەوەی دوا رۆژ دەترسم، لە ئەنجامی ململانیەکان!


ئەیاد گوتی کەواتە لێگەرێ با کۆمەڵگا بخەوێ، مامە خولە گوتی مەبەست خەوتن نییە، من لەوە دەترسم کتێبەکانم ئاگری ململانیەکە خۆش بکەن!


بە هەر شێوەیەک بوو یارمەتی مامە خولەیان دا، ئەویش کتێبخانەی داناو ناوی لێ نا گەمەی گوناهـ، مانگی یەکەم کتێبی فیربوونی زمانی هینا و دواتر ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان، رۆژێکیان دوو گەنج بە بەردەمی کتێبخانەکە دەڕوێشتن، ناوی کتێبخانەکە سەرنجی ڕاکێشان، گەورەکەیان بە بچوکەکەیان گوت، با بچین توزێ بە خاونەکەی ڕابوێرین، کە چوونە ژوورەوە، مامە خولە یەکسەر هەستی کرد بە مەبەستی قەشمەری پێکردن هاتوونەتە ژوورەوە، دەستبەجێ پێگوتن، ئەو خورمایەی ئێوە خواردووتانە، وا دەنکەکەی لە گیرفانی من دایە! چۆن هاتوون ئەوەها بگەرێنەوە.


رۆژێکی تر گەنجێکی کورتە باڵا خۆی کرد بە ژوورا، تەنیا کتێبە مارکسیەکانی دەکڕی، مامە خولەش جاروبار لە نرخی کتێبەکان خاتری دەگرت دەیزانی کوڕە هەژارە، ئەم لاوە هەر کاتێ پەرتووکێکی بکڕیبایە لە مامە خولەی دەپرسی خوێندۆتەوە، ڕات چی یە لە بارەیەوە؟


مامە خولەش زۆر ڕاستگۆیانە، ئەگەر خوێندبێتیەوە ڕای خۆی پێدەگوت، ئەگەر نە دەیگوت نازانم!


رۆژێکیان هات باسی کتێبی نەکرد بەڵکو بە لێکۆڵینەوە لە ژیانی مامە خولە دەستی پێ کرد، گوتی مامە خولە دەڵێن جاران شیوعی بوویت؟


بەڵێ کوڕم جاران شێوعی بووم، ئەی بۆ وازت هینا ؟ کوڕم وازم نەهێنا بەڵکو دەریانکردم، گوتیان تۆ خوردەبورژوازیت، بەکەڵکی ئێمە نایەیت، مامە خولە پێناسەی خوردەبورژوازی چییە؟ کوڕم فەرمانبەر، جوتیار، کاسب، ئەوانەی سەرمایەکیان هەیە ئاڵو وێری پێ ئەکەن ! دەڵێن گوایا خوردەبورژوازی هەڵویستی ڕاڕایە لە نێوان چینی کرێکار و بورژوازی دایە!


مامە خولە دەڵێن ئێستا نوێژ دەکەی؟ بەڵێ کوڕم نوێژ دەکەم، کەواتە بووی بە موسڵمان باددایەوە بەلای ئاین دا؟ نە کوڕم نوێژکردنی من نوێژکردنی ئاینیی نییە بەڵکو نوێژی عیلمانییە! مامە خولە نوێژی عیلمانی هەیە؟ بەڵێ کوڕم ڕاستگۆ بە، دەستپاک بە، رێزی دراوسێ یەکانت بگرە، خیانەت و ناپاکی بەرانبەر هاورێ خۆت مەکە، خەڵکت خۆش بووی، داوای یەکسانی بکە بۆ ئافرەت، رێزی مافی مرۆڤ بگرە زۆر شتی دیکەش! مامە خولە کەواتە ئەوەی تۆ باسی دەکەی هومانیستی و مرۆڤدۆستییە؟


بەڵێ کوڕم من گەیشتمە ئەو بروایەی کە لە دوا رۆژ هومانیستی گرەو دەباتەوە، مامە خولە تۆ مەبەستت ئەوەیە بەرانبەر دەوڵەمەنەکانیش بەزەییمان هەبێ، بەرانبەر قسەی ناهەقی مەلا و پیاوانی ئاینی نەوەستێنەوە؟


کوڕم دەکرێ ئێمە هومانیست بین و لایەنگرێ خەڵکی هەژاریش بین، دەکرێ ئێمە رێز لە بیروباوەر بگرین و بەشێوەیەکی دیموکراسی وەڵامی مەلا و پیاوانی ئاینیی بدەینەوە ئەگەر لە بەڕەی خۆیان زیاتر قاچیان درێژ کرد!


مامە خولە تۆ بروات بە دیکتاتوریەتی پرولیتاریا نەماوە؟


کوڕم هیچ بیروباوەرێک بە دیکتاتوریەت سەر ناگرێ، دیموکراسیەت دەرمانی هەموو دەردانە! دیموکراسیەت دەرگا لە پێش هەژاران دەکاتەوە داوای مافی خۆیان بکەن، دەبێ ئێمە ئیش لەسەر بە یاساکردنی مافەکانیان بکەین وەک دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بیمەی بێکاری، پاراستنی ئاسایشی کار!


مامە خولە ئەگەر ئەمە باکگراوندی بیروڕاتە، ئەی بۆ چی کتێبی میتافیزیکی و ئایدۆلۆژیەکانی تر دەفرۆشی؟


کوڕم من دەمەوێ بژیم ژیانم لەسەر کتێب فرۆشییە، بەڵام ئەگەر یەکی پرسیارم لێ بکا ڕای خۆم لەسەر کتێبەکان دەردەبڕم.


مامە خولە وشەی قورئان مانای چییە؟ بەو پێیەی کە خوێندومەتەوە وشەی قورئان بە مانای کتاب دێت! ئەی ڕات چییە بەرانبەر قورئان؟


کوڕم ئیمام عەلی لە شەری (ئەلجەمەل) گوتویەتی بە قورئان مشت و مڕیان لەگەڵ مەکەن، قورئان هەڵگری چەند دیوێکە!


کوڕم قورئانیش ئالیەت و میکانیزمێک بوو لە نێوان تاک و دەسەڵات پێش چوار سەد ساڵ بەر لە ئێستا!


مامە خولە مەبەستت لە دەسەڵات چییە؟ کوڕم دەسەڵات چەمکێکی ئاڵۆزە بە مانای دەسەڵاتی بەکۆمەڵی یادەوەری، بە واتایەکی تر دەنگی گەل!


مامە خولە کاتێ چەمکی دەسەڵات شی دەکەیتەوە لێت تێ ناگەم، کوڕم منیش وەکو تۆ وابووم، سەرەتا بە خوێندنەوەی کتێبی مارکسی دەستم پێکرد، تا دواتر بوومە دیلی دەسەڵات!


مامە خولە مەبەستت لە دەسەڵات، لایەنی سیاسییە یان کۆمەڵایەتییە یان ئابوورییە یان لەمانە گەورەترە؟


کوڕم لەوانە گەورەترە، دەسەڵات هەر رۆژەو بە جۆرێک خۆی پیشانی خەڵک دەدات، جار هەیە لە شێوەی میتافیزیکی جاریش هەیە لە وێنەی ماتریاڵی!


کوڕم لەوانەیە منیش دەسەڵات کایەی لەسەر قەدەرم کردووە بکرێم بە کتێبفرۆش، لەوانەشە قەدەر تۆی بۆ لای من هینا بێ ئەم نهێنیانەم پێ بدرکێنی!


نە مامە خولە ئەگەر بێزار بوویت، پرسیارت لێ ناکەم! نە کوڕم هەندێ پرسیار هەیە وەڵامی نییە، تەنانەت هەموو کتێبی کتێبخانەکەم بخوێنیتەوە، وەڵامت دەست ناکەوێ!


مامە خولە لە وەڵامەکانت گێژ بووم! کوڕم ئەوەیە مەبەست گێژکردنی یەکتر، سەقاڵکردنی یەکتر، یەکترکوشتن، ئەمەیە من ناوم لێ ناوە گەمەی گوناهـ!


کوڕم ئێمە هەموومان داش دامەین، لەو پانتاییە کورتەی ژیان، دەسەڵات کایە بە چارەنووسمان دەکا، بابایەکی وەکو من دەکاتە کتێبفرۆش، تۆش وەک کوڕە هەژارێک دەکاتە خوێنەر! هەندێ جاریش ئایندە رەنگی تەمتوومان و دووکەڵاویی لێ دەنیشێ!!


١٦\٦\٢٠١٣ - نەرویج

ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک