١\٩\٢٠١٣
گه‌مه‌ی
هه‌ڵبژاردن.

عادل
جارێکی تریش گه‌مه‌کردن به هەست و ویژدانی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان
ده‌ست پێ ده‌کاته‌وه. جارێکی تریش فیئودالیزمی گیرفان هه‌ڵئاوساو،
تیغی ده‌ستی حیزبایه‌تیه‌کی له‌سه‌ر گه‌ردنی هه‌ژارانی کوردستان
تیژده‌کاته‌وه. مارکس گوته‌نی ئه‌وجۆره له هه‌ڵبژاردنی بورژوازی
جگه له تیژکردنه‌وه‌ی تیغی ده‌ستی خودی سه‌رمایه‌داران بۆ گه‌ردنی
کرێکاران شتێکی تر نییه. له کوردستانیش تیژکردنه‌وه‌ی تیغی ده‌ستی
بنه‌ماڵه‌ی لێره و له‌وێیه له‌سه‌ر سنگی هه‌ژاران، که‌س و کاری
ئه‌نفالکراوان و کیمیابارانکراوان و پیر و په‌ککه‌وته و ئافره‌تان و
کاسبکاران و... هتد. واته له کوردستانیش گه‌له‌حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و
به ناو ئۆپۆزسێۆن، که‌توونه‌ته ده‌هۆڵکوتان بۆ فڕکان فڕکانی گیرفان
پرکردن، بۆ به‌رکه‌وتنی به‌شی شێر له‌مشه‌خۆریی له‌سه‌ر سنگی
جه‌ماوه‌ری سته‌م دیده‌ی کوردستان.
له‌و نێوه‌دا ئه‌وه‌ی له هه‌مووی سه‌یرترە، گۆڕانه به ناو
ئۆپۆزسێۆنه‌که‌یه، که به حیساب ده‌بێته داکۆکییکه‌ر له جه‌ماوه‌ر
له به‌رامبه‌ر مفته‌خۆران و گه‌نده‌ڵکاراندا، له کاتێکدا خۆیان تا
خوار چه‌ناگه‌یان شڵپه‌ی دێ له حه‌لاوه‌که‌ی ناوپه‌رله‌مان و حکومه‌ت،
ده‌م له داکۆکییکردنیش ده‌کوتن. هیج کام له ئه‌ندام
په‌رله‌مانه‌کانیان مووچه‌که‌یان که‌متر نییه له‌وانه‌ی له
ده‌سه‌ڵاتدان. له‌وه‌ش زیاتر بوونه‌ته ده‌سه‌ڵاتێکی حکومیی له ناو
ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌رێمدا. گه‌ر به راستیی ئۆپۆزسێون بوونایه
ده‌بووایه ئه‌و شێوازه‌یان له هه‌ڵبژاردن قاوبدایه، نه‌ک له‌وه‌ی
له ده‌سه‌ڵاتداران گه‌رمتر ده‌هۆڵی بۆ ده‌کووتن. دیاره شه‌ڕ شه‌ڕی
هه‌ریسه‌که‌یه نه‌ک شه‌ڕ له‌سه‌ر حوسه‌ین.
ئه‌گه‌ر گرووپی ده‌سه‌ڵات، ده‌یانه‌وێ، درێژه به له‌وه‌ڕگاکه‌یان
بده‌ن، ئه‌وه ئه‌وان واته به ناو گۆڕانکاران، ئه‌و بێ له‌وه‌ڕییه
هه‌راسانی کردوون، ئەگینا ئه‌وان خۆیان گوته‌نی چۆن ده‌ست ده‌خه‌نه
ناو ده‌ستی بکوژانی ١٧ی شوباته‌که‌یانه‌وه، یان ئه‌وه‌یان کردوه بۆ
گه‌یشتن به چه‌ورییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات.
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ئه‌وه‌ی رووده‌دا ته‌نیا هه‌ڵبژاردنی کۆمه‌ڵێک
نوێنه‌ری حیزبه بنه‌ماڵه‌ییه‌کانی کوردستانن، له پاڵیدا بنه‌ماڵه
گه‌شه‌کردوو و تازه‌پیاکه‌وته‌کانیش ده‌یانه‌وێ، بگه‌نه هاوشانی
عیفریته‌کانی ژوور خۆیان. ئه‌وه‌ی جیگای داخه له‌گه‌ڵ به ناچاریی
قبوڵکردنیشمان بۆ ئه‌و گه‌مه و پاشاگەردانییەی هه‌ڵبژاردن، ته‌نیا
چاواڕوانی ئه‌وه‌ی لێده‌کرێ، که مێگه‌له بنه‌ماڵه‌یه‌کی تر خۆیان به
جه‌ماوه‌ر ده‌ناسێنن.
لیستی کاندیده‌کانیان هه‌ر هه‌موویان به‌ده‌ر نین له به‌رپرسانی
حیزبه بنه‌ماڵه‌ییه‌کانیان و وه‌چه‌کانی به‌رپرسه‌کان و گزیر و
مزیره‌کانیان. لیسته‌کانی کاندیده‌کان بێ شه‌رمانه بێ به‌شه له
نوێنه‌رانی فدراسێۆنه پیشەیی و ئه‌کادیمیته‌کان، بێ به‌شه له
کاندیدگەلێک که له کۆبوونه‌وه‌یکی گشتیی‌دا له ناوچه و ژیان و شوێنی
کار و هه‌ڵسووڕانیان هه‌ڵبژێردرابن وه‌ک کاندید بۆ په‌رله‌مان. به‌ڵکو
رێک وه‌ک ئه‌وه وایه له ئاسمانه‌وه هاتبن و بیانه‌وێ، گونی خۆیان
به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ردا شۆڕبکه‌نه‌وه.
له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو کۆڵه‌وارییه‌شدا، ده‌بینین شازه‌که‌یان
که گۆڕانه (به ناو دلخۆشکه‌ره‌که‌یان)، خاوه‌نی یه‌ک پلاتفۆڕمی
دڵخۆشکه‌رانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی نییه، له هه‌گبه‌که‌یدا له گۆرینی
بنه‌ماڵه‌که‌ی بارزانی و به رواڵه‌تیش ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی هیچی تری
له هه‌گبه‌که‌یدا نییه، که ئه‌وه‌ش له تۆز و گه‌ردی شه‌ڕێکی ناوخۆی
دره‌نگ یان زووی باشتری له‌خۆ نه‌گرتوه گه‌ر له سه‌ری سووربێ.
خه‌لکی کوردستان له‌م بارودۆخە ناسکه‌یدا پێویستی به هه‌ڵبژاردنی
کاندیده‌کانی هه‌یه به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا و دوور له هه‌ر چه‌شنه
ئارەزوویەکی حیزبیی و بنه‌ماڵەیی.
پێویسته هه‌موو چین و توێژه کۆمه‌لایه‌تییه‌کان مافی هه‌ڵبژاردنی
کاندیده‌کانیان هه‌بێ، له شوێنی کار و ژیانی خۆیاندا، نه‌ک حیزبه‌کان
نوێنه‌ر و کاندیده‌کانیان بۆ دیاری بکه‌ن. ئه‌وان واته حیزبه‌کان
ده‌توانن و بۆیان هه‌یه نوێنه‌ری حیزبی خۆیان له هه‌ڵبژاردنه
حیزبییه‌کانیاندا دیاربکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وپه‌ڕی گه‌مه‌کردنه به هەستی
خەڵک که حیزبه‌کان کاندیده‌کانیان بۆ دیاری بکه‌ن - له راستییدا ئه‌و
کاندیدانه تەنیا و تەنیا ده‌توانن نوێنه‌رایه‌تی حیزبه‌کانیان بکه‌ن
نه‌ک نوێنه‌رایه‌تی به‌شه جیاجیاکانی کۆمه‌ڵگا.
له‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان پێویسته نه‌فره‌ت له‌و جۆره هه‌ڵبژاردنه
بکه‌ن، چونکه ئه‌وه هه‌ڵبژاردنی حیزبییه نه‌ک جه‌ماوه‌ری کوردستان.
نوێنه‌ری هه‌ڵبژاردنی بنه‌ماڵه‌کان و چۆنیه‌تی درێژه‌دانه به
گه‌نده‌ڵێه‌کانیان، به گه‌له‌کۆمه‌کیی له‌سه‌ر حیسابی زۆرینه‌ی
زه‌حمه‌تکێشان له کوردستان. چونکه چ پارتی و یه‌کیه‌تی و چ گۆڕان و
ئیسلامیزمی ئۆپۆزسێۆن پێمان بکا، له لایه‌کی تره‌وه مه‌ترسی
گه‌مه‌که له‌وه‌شدا زیاتر کوشنده‌تر ده‌بێ، که پێگه‌ی شمشێری
(ئەڵاهوئەکبەری) ئیسلامیزم و (جوندوڵا) له‌سه‌ر سنگی مۆدێرن و
عه‌لمانیه‌ت به‌رزتر ده‌کاتەوە.
له لایه‌کی تریشه‌وه به‌و گه‌مه‌یه بورژوازی و فیۆداڵیزم و
بنه‌ماڵەیی له کوردستان پێ ده‌چێ، تابووتی خۆیان دابتاشن، چونکه
ئیسلامیزم گۆشتی ده‌رزیاویی بۆ له هه‌گبه‌ناون.
ئێستا کاتی ئه‌وه هاتوه خه‌لکی کوردستان کۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی
ببەستن و کاندیدی خۆیان له جێگا و شوێنی کار و گوزه‌راندا هه‌ڵبژێرن و
ئەو شێوازەی خۆیان به زۆر به‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا بسەپێنن
ئەگینا گه‌ر له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه رێگایان پێ نادرێ پێویسته
بایکۆتی سه‌رتاسه‌ریی بکه‌ن له هه‌ڵبژاردنه‌کان.
ya_sh@rocketmail.com
|