٣\٥\٢٠١٣
گەمەی
ھەڵبژاردنەکان.
رێککەوتنی ژێربەژێری پارتی و یەکیتی بە قازانجی کێ تەواو دەبێ؟!
چارەنووسی یەکیتی نیشتمانی کوردستان چی دەبێ؟

عارف کەریم
ماوەی چەند ھەفتەیەکە پرسی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم، حیزبە
دەسەڵاتدارەکانی کوردستان (پارتی ویەکێتی) و ئۆپۆزسیۆن وڕاگەیەندنە
کوردییەکانی سەرقاڵ کردووە و کۆی قسەکان ئەوەیە ئایا سەرۆکی ھەرێم بۆی
ھەیە بۆجاری سێیەم خۆی کاندیدبکاتەوە یان نا؟
ھەرچی ھەوادارانی بارزانییە پێیانوایە بەڵێ بۆی ھەیە خۆی
ھەلبژێرێتەوە،ھێزی ئۆپۆزسیۆنیش(گۆڕان،یەکگرتوو،کۆمەڵ)لەگەڵ بەرەی
میللەت و جەماوەرێکی زۆری ناو ڕیزەکانی یەکێتی و ژمارەیەکی دیار لە
نووسەرو ڕوناکبیرو سیاسەتمەدارو مامۆستای زانکۆو پسپۆری سیاسی،جگەلە
گۆڤارو ڕۆژنامە ئەھلییەکان و ھەندێ لە کەناڵی ئاسمانی پێیانوایە بەپێی
یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم مەسعود بارزانی بۆی نییە لە دووخول زیاتر خۆی
کاندید بکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم.
بێگومان سەرۆکی ھەرێم خۆی لەپشتی ھەموو ئەم مشتومڕو غەڵبەغەڵب و
شەڕانەوەیە کە ھەوادارانی بۆی ئیدارەدەکەن، ئەگەر وانییە،ئەو دەتوانێ
لەکەناڵێکی ئاسمانییەوە پەیامی خۆی ڕابگەیەنێ کە نایەوێ جارێکی تر خۆی
کاندید بکاتەوە و ئەوە حیزبەکەیەتی کە شەڕی پێدەفرۆشێ و زۆری لێدەکات و
بەناوی ئەوەوە قسەدەکات و دەخوازێ کاک مەسعود ھەر سەرۆک بێت.وادیارە
سەرۆک خۆی ھەڵگرتووە بۆ دوا چرکەساتی ململانیکان و ئەگەر زانی لە
قازانج و بەرژەوەندی ئەو تەواودەبێت ئەوا یەک ودووی لێناکات و یەکسەر
خۆی کاندید دەکاتەوە بۆیە ھەر بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی ٢١/٠٩/٢٠١٣ی دیاری
کرد بۆ ھەڵبژاردن،کەچی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی
ھەرێم لە ٠٨/٠٩/٢٠١٣دا کۆتایی دێت، ١٣ ڕۆژەکەی دەکەوێتە نێوان
٠٨/٠٩-٢١/٠٩/٢٠١٣وە بۆئەوەیە سیناریۆی تایبەتی تیا سازبکەن تا مەسعود
بارزانی ببێتەوە بە سەرۆک، یاخود ھەڵبژاردنەکە دوابخەن.
بەداخەوە دەڵێم پدک لەمێژەوە، ھەرلەسەردەمی مستەفا بارزانی و مامۆستا
ھەمزە عەبدوڵڵە و پێش شۆڕشی ئەیلول و دواتریش پێش و پاش جیابوونەوەی
باڵی مەکتەبی سیاسی لە حیزبەکە (١٩٦٤)،وەکوو حیزبێکی ستالینی و شموولی
ڕەفتاری کردووە،سەرکردایەتی حیزبەکە خۆی بە سێبەری خودا دەزانی لەسەر
زەوی، قەواعیدو جەماوەری حیزبەکەش وەکوو گوێرەکە و مێگەلە مەڕ حسابیان
بۆدەکرا، ڕێگەیان بەکەس نەداوە بچێتەوە بە گژ دەمیاندا و ڕوبەڕویان
بوەستێتەوە و ڕەخنەیان لێبگرێ یان ئەو شتانە ھەڵڕێژێ کە بەدڵی ئەمان
نەبووبێ،ئەگەر کەسێک ھەڵکەوتبێ بێدەنگ نەبووبێ و عەیبەکانی ئەوانی
خستبێتە ڕوو، ئەوا بێویژدانانە کەوتوونەتە کۆکردنەوەی توومەتی ئەخلاقی
و سیاسی دژی کەسەکەو چییان لەدەستھاتبێ کردوویانە بۆ شکاندن و
لەکەدارکردن و ناوزراندنی ئەو کەسە و دواتریش لە حیزبەکە
دەریانپەڕاندووە و مۆری خائین،جاش، خۆفرۆش،حیز و خوشک ودایک حیزو
گەوادیان ناوە بە تەوێڵی کەسەکەوە،بەداخەوە دەڵێم ھەتا ئێستایش پارتی
دیموکراتی کوردستان کە تەمەنی ٦٧ ساڵە بەھەمان ئەقڵیەتی کۆن
مامەلەدەکات.
ئێمە بە درێژایی ئەو کاتانە ھەر لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمەوە ئەندامی
ئەو حیزبە بوین،ڕاستییەکان بە چاکی دەزانین و بۆختان بۆکەس
ناکەین،لەتواناشدا نییە لە وتارێکی کورتی وەکوو ئەمەدا ئەو مێژووە
دورودرێژە ھەڵڕێژین کە پڕێتی لە خەتا و تاوان و پێھەڵخلیسکاندن و
سەرەڕۆیی و کورد کوشتن و شتی سەیروسەمەرە و بەدەیان بەڵگەو نموونەش
لەبەردەمدان بۆ سەلماندنی ڕاستییەکان.
یەکیک لە بەڵگە زیندووەکانی ئەمڕۆ، کارێکی ناڕەوای شێخ ئەدھەم بارزانی
ئامۆزای مەسعود بارزانییە کە لەم ھەفتانەی ڕابوردوودا پەنای
بردەبەر،ئەویش برێتیبوو لە پەلاماردانی کەسایەتییەکی سیاسی ناسراوی
کوردستانی وەکوو مامۆستا سەلاحەددین بەھائەددین و تومەتباری کرد بە
جاسووس و بەم کارەی زیانێکی گەورەی گەیاندە پارتی و شەخسی مەسعود
بارزانی.
خەتاکە بەتەنھا ھی شێخ ئەدھەم بارزانی نییە،خەتاکە زیاتر ئەوەیە کە
ئێمە خاوەنی کۆمەڵگایەکی خێڵەکی دواکەوتووین،دابونەریتە کۆنەکان باڵیان
کێشاوە بەسەر جومگەکانی ژیاندا و دەیانەوێ کۆمەلگاکە لە جووڵە بخەن
وڕێگربن لە ھەموو جۆرە گەشەکردن و بۆپێشەوەچوونێک ،ئەم کۆمەڵگایە
کلتوورێکی سەقەت و تێکشکاوی تۆزلێنیشتووی پێشکەش بە ئێمە کردووە کە
کلتووری بێگانە و داگیرکەری تیا تێکەڵ بووە و دەیان ساڵە حیزبی سەقەت و
سیاسەتمەداری سەقەت و سیستم و ئەقلی سەقەتمان بۆ بەرھەمدێنێ و ئەم
قسەوباس و تومەتانەی لێدەکەوێتەوە کە زوو زوو لێرەولەوێ گوێبیستی دەبین
و ھەر ئەمانەشە وای لە پارتی کردووە کە لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەوەندەی
ئێستا باری لاسەنگ نەبێ و گڵۆڵەی نەکەوتبێتە لێژییەوە.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە:چ کاتێک پارتی و سەرۆک بارزانی بریاردەدەن
بەخۆیاندا بچنەوە و واز لە شەڕ و گێچەل و شەڕی سایکۆلۆجی بھێنن بۆئەوەی
ھاوکاری بکەن لە گواستنەوەی ھەرێمی کوردستان لەو بارودۆخە قەیراناوی و
چەقبەستووەی خۆی تێدا دەبینێتەوە ولەجێی ئەوە کۆمەڵگایەکی شارستانی
دروست و تەندروست بنیات بنێن،تێیدا تاکەکانی ئەم کۆمەلە ڕێزوحورمەت و
مافی خۆیان ھەبێت و خاوەنی قسەو بریاری خۆیان بن،کۆمەلگایەک نەفرەت
لەدەسەڵاتی تاکەکەس وحیزب و بنەماڵە بکات،یاسا سەروەر بێت،دیموکراتی و
ئازادی لەسەر قاچی خۆیان بوەستن بۆئەوەی دەسەڵات دەستاودەست بکات و
ڕێگە نەدری دەسەڵاتی دیکتاتۆر بەرھەم بیت و میللەتیش لە فرتوفێڵ و
خۆڵکردنە چاوی ئەم حیزب و ئەو حیزب ڕزگاری ببێت.
لەمێژەوە سەرۆک بارزانی وتوویەتی دەبێ یاسا سەروەربێت و نابێ کەس
لەسەروو یاساوە بێت،بەلام کە باس دێتە سەر باسی خۆی،ئەوا دەبێ
یاساودەستوور چۆکدابدات و ملکەچبکات بۆ خواستەکانی ئەو! ئایا سەرۆک
نازانێ ھەر قسەیەک کە ئەو دەیکات و ھەر تەسریحێک کە ئەو
دەیدات،مەسئولییەتی تێدایە و دەکەوێ لەسەری، خۆ قسەکردن دووکەڵی جگەرە
نییە بیدەی بەھەوادا،نەخێر ملیۆنان ھاوڵاتی گوێی بۆدەگرن، ئەمە
جگەلەوەی ژمارەیەکی تر لە لێکۆڵەر و نووسەر و ڕۆشنبیر لای خۆیان تۆماری
دەکەن و لەکاتی پێویستدا -وەکوو ئێستا- دەیدەنەوە بە چاوی
سەرۆکدا،نموونەی زۆرمان ھەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوروپا،ئەگەر
بەرپرسێکی گەورە تەسریحێکی گرنگ وچارەنووسساز یاخود بەڵێنێکی گەورە
بدات بەگەلەکەی ودوایی لێی ڕابکات یان پەشیمان ببێتەوە و جێبەجێی نەکات
چی بەسەردێت!!!
پێشنیاری خەڵک و سەدانی وەکوو من ئەوەیە کە کاک مەسعود بارزانی تەسلیم
بە ئەمری واقیع ببێت، لەجێی خەباتی خۆفەرزکردن و چاوسوورکردنەوە،خەباتی
شارستانی و دیموکراتیانە پیادەبکات و ئەو سیستمە گەندەڵەی لە
کوردستاندا ھەیە،بیگۆڕیت بە حکومەتی یاساو دەزگای دامەزراو، واتە بە
یاساییکردنی ھەموو شتێک لەکوردستاندا،لەوێدا یەکسانی کۆمەڵایەتی
ھەبێت،ھیچ کاتیک تاکی ئەم کۆمەڵە دووچاری ئازارو ئەشکەنجە نەبیت و لە
زینداندا توند نەکرێت،سامانی گەل بۆ گەل بێت،بچێتەوە بە گژ قاچاخچییە
بێویژدانەکانی خواردن و دەرمانی ماوەبەسەرچووکە چاک دەیانناسێ و دەزانێ
ساڵانێکی زۆرە بە سەدان تەن خواردن و دەرمان ساخدەکەنەوە لەسەری
میللەتی داماو و ھەژارو بێدەرەتاندا و بەڕۆژی نیوەڕۆ میللەتەکەی خۆیان
ئەنفالدەکەن لەپێناوی پارەوپوولدا کە تێریشی لێناخۆن،ئەوەتا بە چاوی
خۆمان دەیبینین بەھەزاران حاڵەتی شیرپەنجە و سەدان حالەتی جەلتەی دڵ و
مێشک و دەیان جۆری ترلە نەخۆشی میوانی خەستەخانەکانی کوردستانن،ئەوەتا
دواجار ژمارەیەک ھاولاتی بەھۆی بەکارھێنانی دەرمانی خراپەوە چاوەکانیان
لەدەست داوە بێئەوەی ئەم دەسەڵاتە ورتەی لێوەبێت و لە پیاوکوژەکان
بپرسێتەوەو بیاندا بە دادگا ھەروەکوو ڕۆڵەی ئەو میللەتە لە کونە دیوار
ھاتبنە دەرەوە و مرۆڤ نەبن!!!!!
کاک مەسعود نابێ دڵتەنگ بیت کە لەم کاتەدا بێمتمانەیی و بێزاری خەڵکی
کوردستان گەیشتۆتە لوتکە و لەھەموو دەڤەرێکەوە خەلک ھاوارێتی بە شیوازی
جۆراوجۆر،ھەیە دەچریکێنێ و دەپرسێ:داھاتی نەوت کە بە ملیار دولارە بۆ
کوێی دەبەن؟ کوانێ بەشی میللەت؟بۆچی بەرپرسان نافەرموون بۆ بەردەمی گەل
و پەرلەمان، ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر گرێبەستەکان و شیرینییەکان و
داھاتەکان؟!!!!!خەڵک بێزارە لە دامەزراندنی سەدان کە س بە پلەی تایبەت
و لەسەر حسابی قوربانییەکانی ئەنفال و ھەلەبجەو خەڵکی بێدەرەتان و
لیقەوماو،سەدانی تر مووچەی خۆڕاییان دەدریتێ سەرباری مووچەکەی
خۆیان،لەولاشەوە بەسەدان دەرچووی زانکۆمان ھەیە بێکارن و دادو
بێدادیانە بەدەست ئەم دەسەڵاتەوە کە لایان لێناکەنەوە.ئەمانەو دەیان
ناعەدالەتی تر ھەیە لەکوردستاندا کە لە وتارێکی وەکوو ئەمەدا جێی
نابێتەوە،ئەگەر سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمانەی سەرەوەی قبووڵ بیت،ئەوا
دەسەلاتەکەی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و دەبێ خۆی ڕازی نەبێت
ھەڵیبژێرنەوە بەسەرۆکی ھەرێم.
دەربارەی ھاوپەیمانێتی پارتی و یەکێتی و ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوانیان.
ڕۆژی ٠٧/٠٤/٢٠١٣ مەلا بەختیارو فازیل میرانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان
بەست سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردنەکان و کاندیدکردنەوەی سەرۆکی ھەرێم بۆ
خولی سێیەم،ھەروەھا رێککەوتننامە ستراتیژییەکەی نێوانیان.مەلا بەختیار
وەکوو کەسێکی شپرزە و شیواو و شڵەژاو دەھاتە پێش چاو،کەسێک خەتایەکی
کردبێت و نابوود بووبێت.لەکۆنگرەکەدا ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەوان واتە (یەکێتی)بەدیلی
بارزانییان نییە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم و کاندیدی ئەوانیشە،جگەلەوە
ڕونکردنەوەی دا لەسەر شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان و
بازیدا بەسەر ھەڵبژاردنی پارێزگاکاندا کە تەگبیری ھەردوو حیزبەکە بوو و
وتی:پارتی و یەکیتی بە لیستی جیا دادەبەزن لە ھەڵبژاردنەکاندا بەڵام
پابەنددەبن بە ڕێککەوتننامە ستراتیژییەکەی نێوانیانەوە!!!
یەکەم ڕەخنە کە ڕووبەرووی مەلا بەختیار دەبێتەوە ئەوەیە کە ئەو لە
کۆنگرەکەدا وەکوو کەسێکی نامەسئوول قسەی دەردەپەڕاند و ویستی لاسایی
مام جەلال بکاتەوە و ھەموو ھێلکەکانی فڕێبداتە سەبەتەکەی پارتییەوە و
بریار لەسەر یەکێتی بدات،چونکە پێشتر ئەوکاتانەی مام جەلال وەکوو
کەسێکی کارێزمای ناو یەکێتی،ئەگەر ویستبێتی شتێک بڵێ یان بکا،کەسێک
نەبووە ڕێگر بووبێت و لە ڕوویدا بوەستیتەوە و مام جەلال ڕابگرێ،بۆیە
ئەوەی مەلا بەختیاریش جۆرێک بوو لە پێداگرتن لەسەر پرەنسیبی
دیکتاتۆریەت و لاساییکردنەوە و بیری لەوە نەکردبۆوە کە دواتر جەماوەری
یەکیتی لێی ڕاستدەبیتەوە،لەلایەکی ترەوە مەلابەختیار ڕاوێژی بە
سەرکردایەتی یەکیتی و ئەنجوومەنی ناوەند و مەڵبەندەکان و مەکتەب
ڕێکخستنەکان و کادیرە پێشکەوتووەکانی یەکێتییەوە نەکردووە تا لەبەر
ڕۆشنایی ڕاو بۆچوونی ئەوان ئەم بریارە سەختە بدات،ئەمە لەکاتێکدا دەبێ
جەماوەری یەکێتی ھەقی پێبدرێ و ڕۆڵی ھەبێت لە بریارە چارەنوسسازەکان و
گواستنەوەی قۆناخەکان،ڕەنگە ئەو وا تێگەیشتبێ لەبەرئەوەی کاتی خۆی
شەخسی مام جەلال ئیمزای لەسەر ڕێککەوتننامەکە کردووە،ئیتر ئێستا ھەموو
شتێک تەواوە و ئەو دەتوانێ قسەکانی مام جەلال بجوێتەوە و چۆنی بوێ
وابکات و ھەموو شتێکیشی بۆ دەچێتە سەر!!!، ئەم نەیزانی کە دنیاکە
لەدوای نەخۆشییەکەی مام جەلال گۆڕانی گەورەی بەسەردا ھاتووە و ئەوەی
مام جەلال لەکاتی خۆیدا کردوویەتی و گوێی نەداوەتە کەس،ماڵوێرانی و
بەدبەختی ھێناوە بۆ خۆی و یەکیتی و گەلی کورد و بەدەستی خۆی پارتی
سواری ملی خۆی و یەکیتی کرد و زەمینە و بارودۆخێکی وەھای خۆلقاند کە
ئەو میللەتە داماو و بەستەزمانە پێوەی بناڵێنێ.
مەلا بەختیار و فازیل میرانی ویستیان لە سەر بنەمای شەخسی و حیزبی
گەمەی ھەڵبژاردنەکان بنەخشێنن( واتە بەحیزبی کردنی مەسەلەکە )و لەو
ڕێگایەوە مەسەلەی دیموکراتی ئیفلیج بکەن و بیکوژن و دواتر بە
ھەردولایان بە ھەلھەلە کێشان تەرمەکەی بنێژن و شایی و زەماوەندی لەدەور
بگێڕن،ئەم سیناریۆیە ھەتا ئێستایش ھەر بەدەوامە و پارتی و ئەم توێژەی
مەکتەبی سیاسی یەکێتی ترسی تەواویان لێنیشتووەو و ھەر ڕۆژەی بەدوای
سیناریۆو شتێکی نوێدا دەگەرێن کە سەرکەوتنی پێ تۆمار بکەن بۆ خۆیان و
خەڵکی پێ چەواشە بکەن.
ئاخر کارێکی ھەتا بڵێی زەحمەتە کەسێک یان کەسانێک لە مەکتەبی سیاسی
یەکێتی زۆر بێباکانە یاری بە چارەنووسی میللەتەکەیانەوە بکەن و
بەئارەزووی خۆیان بەناوی ڕێکخستنەکەیانەوە قسە بکەن و بریاربدەن کێ
دەبێ سەرۆکی ھەرێم بێ ؟ لەگەڵ کێ ڕێککەوتننامە ئیمزا بکەن و لەگەڵ کێ
ھاوپەیمان بن و شەرێک بن؟ دیارە ئەمە شتێکی تێدایە بۆ ئەم برادەرانە و
ژێربەژێر دەمیان چەور کراوە!بۆیە وەھا ڕەفتاردەکەن، ئەگەر وانییە،ئەی
بۆ ناچن ڕاپرسییەکی حیزبی بکەن لەسەر ئەم مەسەلە چارەنوسسازانە؟
بەشێکی تر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە قسەوباس بوو لەسەر دابەزین بە
لیستی جیا لە ھەڵبژاردنەکاندا کە ھەموو کەس پێی خۆشبوو،بڕوام وایە
لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش پێشوازی گەرمی لێدەکەن وباوەشی بۆدەگرنەوە
بەمەرجێک خزمەتی ژێربەژیری مەکتەبی سیاسی ی ن ک و پارتی پێنەکرێت کە
دەڕژێتە ناو ڕێککەوتننامە ستراتیژییە تۆزلێنیشتوەکەی ڕابوردووەوە کە
ھیچ خێریکی بۆ خەڵکی کوردستان تێدا نییە و تەنھا و تەنھا لەبەرژەوەندی
ئەوانەیە کە خەریکی گیرفان پڕکردنن!!!
خەڵکی کوردستان ئەزموونێکی تاڵوتفتیان ھەیە لەگەڵ دەسەلاتی سیاسی
دووحیزبەکە و بەچاکی لەوە گەیشتوون کەلە سێبەری ڕێککەوتننامەکەدا
زۆربەی زۆری ھاوڵاتیان بێبەش بوون لە لەمافەکانیان،ھەڕەشە وگوڕەشە و
چاوسوورکردنەوە و ڕاونان و گرتن و ئازاروئەشکەنجەدان و سەرکوتکردن و
زیندانیکردن و کوشتن بەردەوامە،بەتایبەتی بەرامبەر ڕۆشنبیر و
شورنالیستەکان کەئەمەیش خۆی لە خۆیدا مانای ئەوەیە دیکتاتۆریەت و حوکمی
موخابەراتی باڵی کێشاوە بەسەر کوردستاندا،جگەلەوە سامانی گەڵ بە تالان
دەبرێت و لەو ڕێگایەوە ژمارەیەک ملیاردێری کوردی بەرھەم ھێناوە و کەسیش
نازانی پارەکە بۆکوێ دەبەن،مەسەلە جارەنوسسازەکانی ئێمە کاری بۆنەکراوە
و بە ھەڵپەسیردراوی ماونەتەوە لە بەغدا و مشتومڕی دەسەلاتی ھەرێمیش
لەگەڵ بەغدا ھەر لەسەر پارەو پوول بووە و مالیکی چەند جاریک داوای
لێکردن کە بچنە بەغدا و روو بە ڕوو لەگەڵیا دابنیشن و وتی یەک جاریش
باسی مادەی ١٤٠ لەگەڵ من نەکراوە، جگەلەوەی پارەیەکی زۆری پێداون بۆ
ئەو مەبەستە، کەچی لەترسی مەلەفەکانیان قبووڵیان نەکرد بچن بۆ بەغدا!!!.
بەھۆی ئەوەی لەخەمی پارەوپوولدان،لەسەرکردایەتی ھەردوو حیزبەکە قاچاخچی
نێودەڵەتی دەرمان و خۆراکی ماوەبەسەرچوو پەیدا بوون، بەترێلە بە سەدان
تەن دەھێننە کوردستان و میللەتەکەی خۆیان ئەنفالدەکەن (مەلا بەختیار و
کاک مەسعود و فازیل میرانی) ئەمانە چاک دەناسن و لێی بێدەنگن...دیارە
لەمەشیاندا شتێکی بۆ ئەوان تێدایە!!! پارەو پوول لە بانکەکاندا نامێنێ
و کەوتوونەتە گیانی ئەو خەولکە داماو و ھەژارە و یاری بە قووتی ئەوان
دەکەن و پارەکانیان دەبەن،نادادپەروەری و پێشێلکردنی مافی ھاوڵاتیانی
کوردستان گەیشتۆتە لوتکە،فەسادکردنی کۆمەڵگای کوردستان و دابرین و
ڕووتکردنەوەی خەڵک لە بەھاو شتە جوان و بەنرخەکان کاری سیستمی ئەمڕۆی
کوردستانە،باوەشگرتنەوە بۆ کۆنەجاش و خۆفررۆش و موستەشار و بەعسی و
فایلدار و بە پێچەوانەشەوە پشتکردنە ھەزاران کەس لە قوربانیانی
ھەڵەبجەو ئەنفال (منداڵ و ژن و پیرو پەککەوتە) پیشەی دەسەڵاتی سیاسییە
لە کوردستاندا،دەسەڵاتی تاک و حیزب وەکوو دەیان ساڵی تر باڵی خۆی
کێشاوە بەسەر پەرلەمان و حکومەت و جومگەکانی ژیاندا.
ئەمەی سەرەوە ھەتا بڵێی بەشێکی کەمە لە بەرھەمەکانی ڕێککەوتننامەی
ستراتیژی کە خزمەتی توێژێکی دیاری مەکتەبی سیاسی( ی ن ک ) و بنەمالەی
بارزانی دەکات و ڕێگەخۆشدەکات بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دیکتاتۆریەت لە
کوردستاندا،ھەروەھا لە سێبەریدا گەندەڵی زیاتر گەشەدەکات و دەرگاش
دادەخات لەڕووی پرۆسەی سیاسی و مەسەلەی دیموکراتی و ئایندەی حوکمڕانی
لە کوردستاندا،ململانێ و پێشبڕکێکانیش قفڵ و ئیفلیج دەکات لە گۆڕەپانی
سیاسیدا وچۆنیان بوێ ھەویرەکە وەھا دەشێلن!.
بەپێچەوانەی ئەمەوە ھەڵوەشاندنەوە یاخود تێکدانەوەی ڕێککەوتننامەی
ستراتیژی پارتی و یەکیتی دەروازەیەک دەخاتە سەرپشت بەڕووی گۆڕانکارییە
سیاسییەکاندا و دەبێتە ھۆی فراوانبوونی پانتایی دیموکراتی و
بەرتەسککردنەوەی دەسەلاتی تاک و حیزب وقەڵاچۆکردن و نەھێشتنی دۆخی
چەقبەستووی سیاسی لە کوردستاندا کە بەرژەوەندی دوو حیزبەکەی زیاتر
فراوان و بەھێزتر و زاڵتر کردووە،ھەروەھا زەمینە خۆشدەکات لەبەردەم
ڕەخنەو ڕەخنە لەخۆگرتن و داھێنان و جوانکاری و ململانێ و پێشبڕکێی
شەریفانە و عادیلانە و ھوشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵ بۆ
بەشداریکردنیان لە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگایەکی ھەڵوەشاوە و لەیەکترازاوی
وەکوو ئەمەی ئێستا وتەکان بە دیموکراتی دەدات گەشەبکات و لەسەر قاچی
خۆی بوەستێ تا لەو رێگەیەوە تاکەکانی کۆمەڵیش بتوانن ھاوکاری بکەن لە
کۆنتڕۆڵکردنی دەوڵەت و بەرپرسە گەورەکان و دواتریش حیزبە
کوردستانییەکان مل بنێن بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و بیر لەوە نەکەنەوە ھەتا
مردن سەرکردە بن،لەباتی چوونە ناو شەڕێکی ساردی بێھوودەی سایکۆلۆجی دژ
بە خۆیان و میللەت،لەباتی ئەوە با لەکەلی شەیتان بێنە خوارەوە و
دابەزنە ئاستی خواستەکانی خەڵکی کوردستان.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەھۆی ئەوەی ڕیزەکانی لە گرێژەنە
چووە،سەرکردایەتی و خوارەوە وەکوو یەک بیر ناکەنەوە و تەکەتتول و تاقم
تاقمێنە ڕێگەنادات گوتارێکی سیاسی یەکگرتوو ھەبێ لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی
ھەرێم و داھاتووی کوردستان،ئێستا دوای نەخۆشییەکەی مام جەلال ھەلێکی
زیڕینی بۆ ھاتۆتە پێشەوە سەبارەت بە یەکخستنەوەی ڕیزەکانی و
بەگژداچوونەوەی سیاسەتی کەمایەتی کە دەیەوێ یەکێتی بەرەو ھەڵدێر و
داھاتوویەکی تاریک و نادیار بەرێت،ھەڵبەتە مەلا بەختیارو کەمایەتییەک
لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی دوو ڕێگا لەبەردەمیاندا ھەیە کە
ھەڵیبژێرن،یان ئەوەتا لەناو پارتیدا بتوینەوە و دەستەمۆی ئەوان بن و
دوای پارەوپوول و ئیمتیازات و پلەو پایە وسامانی تالانکراوی میللەت
بکەون ودرێژە بە ڕێککەوتنە ستراتیژییەکە بدەن کە ئامانج لێی ئەو خالە
گرنگانە بوو کەلەم وتارەدا ئاماژەم بێکرد، یان ئەوەتا بگەڕینەوە بۆ لای
جەماوەری یەکیتی و میللەت و ئاشتیان بکەنەوە و ئەوە بکەن کە زۆربەی
ئەندامانی یەکیتی شەفافانە بریاری لەسەر دەدەن،ئەگەر وانەکەن ئەوا دەبێ
حساب بۆ ئەگەری درووستبوونی ڕێکخراوی نوێ بکەن کەلە ڕیزاکانی یەکێتی
دەچنە دەرەوە،وەکوو ئاڵای شۆڕشی و گۆران و دەنگەکانی یەکێتی لە
ھەڵبژاردنی داھاتوودا ھەمووی دەروات بۆ ئەو ڕێکخراوە، یان ئەوەتا دەنگە
نارازییەکان نایەنە دەرەوە و ھەر لەناو یەکێتیدا دەمێننەوە،بەلام
دەنگەکان لەکاتی ھەڵبژاردندا دەڕوات بۆ گۆڕان،بڕواشم وایە ھیچ کەسێک لە
ئەندامانی مەکتەبی سیاسی توانای ئەوەیان نییە کە ئەم شەپۆلی بێزارییە
رابگرن لە ڕیزەکانی یەکێتیدا و ناتوانن بە فرتوفێڵ و خۆڵکردنەو چاوی
خەلکیی مەرامەکانی خۆیان تێپەڕینن و جێبەجێبکەن کە لە گیرفان پڕکەردن
بەولاوە ھیچی تری بۆ میللەت تێدا نییە.
ماڵپهڕی عارف کهریم
|