گەمەى "سەندیکا" و
ئیمزاى بەرزانى.

کاروان نەجمەدین
بەرلەوەى یاساکە بچێتەبەردەمى و چاوێکى پَدا بخشێنێت سەرۆکى هەرێم گفتى
داوە بە "سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان "ئیمزا لەسەر ئەو یاسایەنەکات
کە سەندیکا ئامادەى کردوو پەڕلەمان لەڕیزى پێشەوەیاندا فراکسیۆنى
حیزبەکەى بارزانى بەگوڕو و حەماسەوە دەنگیان پێدا .
من لێرەدا ناچمە سەر باسى ناوەڕۆکى یاساکە چونکە زۆر دەمێکە بەرەى
ئازادیخوازى کوردستان لەڕێگەى جۆراوجۆرەوە ناوەڕۆکى ئەو یاسایەیان
ڕونکردۆتەوە کە تا چەند سەرکوتى ئازادى ڕۆژنامەگەرى دەکات و بەقازانجى
بیرى تایەفەگەرییە ، وە ڕاشمان گەیاند بە چەند پرۆسەدا تێدەپەڕێت و
لەکۆتایدا ئەچێتە لاى کامە سەرۆک .
لەسەرەتادا ئەوە ڕۆشنە کە سەردانى وەفدى "سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى
کوردستان " بۆلاى مەسعودبارزانى درێژەى هەمان پرۆسەیە کە سەندیکاى
خستەکار بۆ نوسینەوەى پڕۆژەیاسایەک بۆ خنکاندنى ئازادیى ڕۆژنامەگەرى ،
چونکە سەندیکا پێى وایە پەڕلەمان هەوڵەکانى خێراتر کردۆتەوە بۆ
لەسێدارەدانى ئازادى و ئازادیش خێرا ناخنکێت بۆیە لە سەرۆکى هەرێم
داوادەکەن هاوکاریانبێت لە هێور هێور کوشتنى ئازادى.
پرسیارێک کە دێتە پێشەوە ئەوەیە "سەرۆک" کوێڕا بەڵێنى داوە ئەو یاسایەى
پەڕلەمان دەنگى پێداوە ئەو ئیمزاى ناکات ؟. خۆ "سەرۆکى دیوانى
سەرۆکایەتى هەرێم" دەڵێَت هێشتا یاساکە نەگەیشتوە بە ئێمە ، کەواتە
هێشتا "سەرۆک" نەیبینیوە ، بەڵام گفتى بە سەندیکا داوە کە یاسایەک
ئیمزا ناکات "سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان" ئامادەى کردووە و پەڕلەمانەکەى
خۆى دەنگیان پێداوە. بە سەرنجدان لەم خاڵە ئەوە ڕۆشن دەبینین کە
ئیمزانەکردنى سەرۆکى هەرێم لە خەمخۆریەوە نیە بۆ ئازادى یان گوێگرتن بۆ
ناڕەزایەتیەکانى خەڵک ، بەڵکو ڕازیکردنى دڵى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانە
بەو داوا ساویلکانەى کە هەیانە (گێڕانەوەى یاساکە بۆناو پەڕلەمان ) ،
چونکە مەسعود بەرزانى دڵنیایە لەوەى ئەگەر لەئێیستاشدا ئیمزا نەکات و
بگەڕێتەوە بۆناو پەڕلەمان هیچ گۆڕانکاریەک بە قازانجى ئازادى
ڕۆژنامەنووسى لە یاساکەدا ناکرێت، بەرزانى دڵنیایە لەوەى کێ لە
پەڕلەمانە ، بێئاگانیە لەوەى کە پەڕلەمان ئەو قەیدوبەندانەى بەکەم زانى
کە "سەندیکا " لە پڕۆژەیاساکەیدا بۆ ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسانى داناوە ،
بۆیە "سەرۆک" دەتوانێت دڵى "سەندیکا"یەک راِبگرێت کە یاساى دڵخوازى خۆى
بۆ سەرکوتى ئازادى و پارێزەرى بیرى خێڵەکى ئامادەدەکات و هیچیش لە
سەرکوتى ئازادى ڕۆژنامەنووسى پاشەکشە نەکات. گریمان "سەرۆک" ئیمزاى
یاساکە ناکات و دەچێتەوە ناو هۆڵى ئەوپەڕلەمانەى کە سزاى لەسێدارەدانى
ناو پڕۆژەیاساکەى سەندیکاى گۆڕى بە زینەبەچاڵکردن ، جارى دووەم
بەهەندێک چەکوشکاریەوە خۆ ئەگە ئیزافەى خەتەرترى بۆنەکەن ، یان
لەباشترین حاڵەتدا یاساکە دەگێڕنەوە دۆخى پڕۆژەکەى سەندیکا ، سەرەنجام
دەچێتەوە بەردەم سەرۆکى هەرێم و ئیجباریە دەبێت ئیمزاى حوکمى
لەسێدارەدانى ئازادى بکات ، ئەمەش " سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم"
بەڕەسمىڕایگەیاند .
کەواتە ئومێد بە ئیمزاکەى مسعود بەرزانى لەلایەن ئەوڕۆژنامەنووسانەى
هانا بۆ دەرگاى "سەرۆک" دەبەن چاوەڕوانیە بەدیار حوکمێکەوە کە هەردەبێت
جێبەجێ بکرێت بەڵام ئەمڕۆ و سبەى کەوتوە ، لە هەمانکاتدا خۆشخەیالییە
بەو سەرە گێژەیەى کە سەندیکا و سەرۆکى هەرێم بە خەڵکى کوردستانى دەکەن.
تەواوى ئەو یاسا و ستاندداردەى کە ڕێگە بە بەرزانى دەدات جارێک شەرعیەت
بە سەندیکابدات و ئەستۆپاکى خۆى بسەلمێنێت و یاساکە ئیمزانەکات و جارى
دووهەم دەنگى پەڕلەمان ڕەتنەکاتەوە ، هەمان پەڕلەمان دایڕشتوە کە
حیزبەکەى سەرۆک وەک دەزگاى پارێزگارى لەخۆیان لەبەرانبەر خەڵکدا سازى
داوە و بەرهەمەکانیشیان بێجگە لە پارێزگارى لە دەسەڵات و حکوەتەکەى
خۆیان و سەرکوتى ئازادیىکانى خەڵک شتێکى دیکە نەبوە، نێوترین
بەرهەیشیان ئەو یاسا دژى ئازادیەیە.
بۆیە ئەوە کۆبونەوەى ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازانە لەدەورى داواکانى
خۆیان کە ئازادى ڕۆژنامەنووسى بەرهەم دەهێنێن نەک چاوەڕوانى بەدیار
گەمەى "سەندیکا" و ئیمزاى سەرۆکەوە .
karwanmj@yahoo.com
|