په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٠\٢٠١١

گەنج لە کۆتایی درامای دەسەڵاتدا.


زانکۆ سەردار


دیارە ھەموومان باش ئەم دراما بەتاموو چێژانەی بەھاری عەرەبی بەگشتی دەبینین و دەشزانین سەرەتاکانی لەکوێوە وە چۆن سەرچاوەی گرتووە ، بێگومان لە ئێستاشدا باش ھەموومان فێری کۆکردنەوە و لێدەرکردنی ئەنجامەکانی ئەوبەھارە نازدارە بووین ، دیارە من قسەیەکم نیە لەسەر ئەجنداو باکگراوندەکانی سیاسەتی دەورووبەری ئەو وڵاتەی شۆڕش تێیدا پەرەدەسەنێت ھێندەی دەمەوێت قسە لەسەر گەنج و ئەدائی گەنج بکەم لەو نێوەندەدا.


گەنج نەبێتە ئەو ووردە قسە زلانەی کە کوێیەکانی ھەموومانی تەنیوە ، بەمانای داینەمۆو بزوێنەری ڕەوتی ژیانە ، بەڵام دەشبێت بپرسین کە داخۆ چۆنو لەکوێ؟ دەکرێت بشپرسین تا چەندە ئەم داینەمۆو بزوێنەرە لەم کەش و ھەوا ناپاکژو نالەبارەی خۆماندا بوونی ھەیە و توانیوەیەتی گەنج وەک گەنج مومارەسەی ژیانی بکات؟چونکە ھەموومان دەبینین ھەمیشە سەرەتای بەھارەکان لەدەرەنجامی ئەو نالەباری و نارەحەتیانەی ژیانی گەنجەوە دێتەبوون کە باوکانی وڵاتپارێز ناتوانن وەک پێویست گێڕایەڵی گەنجەکانیان بن، ئەوکاتەی یەکەمین ئەڵقەی درامایەک دەست پێدەکات و تێیدا پادشاو گەورە پیاوانی نێو ئەو درامایە دەبینین بەوپەڕی دەسەڵات و ھەیمەنەوە کوتەک بەدەست دەبن لەئاست چینی ھەژارو عاشقە بێ دەرەتانەکانی نێو دراماکە کەبێگومان گەنج پشکی شێری تێیدا بەردەکەوێت ئیدی ھەموو لەناخەوە دەھەژێین و ھەست بەڕاستی ئەو کوێرەوەریانە دەکەین ، بەڵام ئەو حەسرەتە ھێندە تەمەن درێژنابێت و ئیدی لەناوەڕاستی دراماکانەوە کاکەکانی دەرھێنەر دڵی ھەموومان بەوە دەھێننەوە جێ دە دەبینین ئەو جەنابی خاوەن مەقامەی پادشایەو ئەڵقانێک کوتەکی دەرخواردی ھەژاران و گەنجان دەدا ئێستاکانێ خۆی دەبێتە کوتەک خۆرو عیقابی ھەموو ئەو ڕۆژانە دەبینێت کەھاونیشتیمانیانی خۆی تێدا عیقاب دەدا ، بۆیە دەکرێت لەم ڕووانگەیەوە ئێستا پرسیاری ئەو کەش و ھەوا نالەبارە بکەین کە تێیدا گەنجانی ئێمە دەیانەوێت پەروەردەبن ، من لێرەوە دەڵێم نەخێر ھیچ جۆرە مەخلوقێک لەوەھا کەش و ھەوایەکدا ناتوانێت پەروەردەیەکی تەندروستی ھەبێت ، نەک گەنج ھیچ جۆرە بەنی ئادەمێک ناتوانێت لەیەک کاتدا بیری لای بێکاری و بەھەدەردانی سامانی وڵات و تەعەداکردن لەخاک و نەبوونی ماڵێکی ئارام بێت ، مرۆڤ لەیەک ساتدا ناتوانێت شەونخونی بەدیار پرۆژەیەکەوە بکات و سەرەنجامیش ناشارەزایەک خەونەکەی لەگۆڕبنێت ، ھیچ مرۆڤێک ناتوانێت لەیەک ساتدا بەدوای وەڵامی دەیان پرسیاردا بگەڕێت لەکاتێکدا ھەموو وەڵامەکانیش بوونیان ھەیەو لێیان وون کردوە ، ئاخر بەجدی دەبێت بیرکردنەوەی مرۆڤ لەساتێکدا چەندە توانای ھەبێت وا باوکە پادشاکانی ئێمە بیری لێناکەنەوە ، بەڕاستی قورس دەبینم کاتێک ڕۆژانە گەنجێک ھۆشی لەدەست دەدات و لەبەرامبەریشدا پادشایەک بێ ئەوەی ھەست بە لەدەست دانی کەسایەتی خۆی بکات شانازی بەمانەوەی خۆی دەکات لەسەر کورسی پادشاییەکەی.


بەراستی من نەمدەویست رێرەوی ئەم نوسینە وەھا بڕوات چونکە من پێم وابوو دەبێت قسە لەسەر کائینێک بکەم کەتەواوی داھاتووی مەملەکەتێکی گەورەو گرانی پێوە بەندە ، بەڵام من بەداخەوە ھەمیشە لەقسەکردنم لەیەکەمین دێڕی گەنجەوە رێرەوی باسەکەم دەگۆڕدرێت کە بێگومان ئەمەش بەھۆکاری ئەوە پێم وایە ھەریەکەمان باش دەزانین ئەگەر کەش و ھەوای سیاسی و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتێک خاوێن و تەندروست نەبوو ئەوا ھەرگیز ناتوانین تاکێک بەرھەم بێنین کە تەندروست و خاوێن بێت و بتوانێت کۆڵەکایەنی مەملەکەتێک بەباشی لە ئەستۆ بنێت ، بۆیە دەکرێت ھەموومان قسەی جدیمان لەسەر ئەم کەش و ھەوایە ھەبێت تا دەگەینە ئەوەی ئیدی کوتەک لە درامان وەلا بنێین و لەسەرەتای دراماکانیشەوە ھەوست بەڕۆڵی گەنج بکەین لەکۆتایی دراماکاندا ..
 


ZANKO_SARDAR@YAHOO.COM

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک