گەندەڵی و
ڕەنگدانەوەی لەسەر کوردانی هەندەران.

خەبات لاوباخ
گەندەڵی بریتیە لە ئەنجامدانی کارێک کە بەرژەوەندی گشتی یان تاکێک ، وە
یان کەسانی دەوروبەر فەرامۆش و پێشێل بکرێت لە پێناوی بەرژەوەندییەکی
تەسکی تایبەتی تاک یان گروپێکی کۆمەڵگا، کە لە لایەن کەسێک یان گروپێکی
دەرون نزمی ناڕۆشنبیری هەلپەرست و خۆپەرست ئەنجام بدرێت بۆ
بەدەستهێنانی پێویستیەک یان چێژ وەرگرتن لە کردارێکی نابەجێ .
دەرکەوتنی دیاردەی گەندەڵی لە ووڵاتێکدا پاش پەرەسەندنی دەبێتە هۆی
شکستهێنانی ئەو کۆمەڵگایە لە هەموو ڕوویەکەوە ، بەرەو داتەپانی ژێرخانی
ئابوری ، لەناوچوونی کەلتورو زانست ،مانەوەی کۆمەڵگا بەدواکەوتوویی ،پاشەکشێی
بواری سیاسی ، نەمانی یاسا و ڕێسا بۆ بەڕیوەبردنی ووڵات ، بێ بەشبوونی
میللەت لە ئازادی ومافەکانی.
لەسەرەتای دروستبوونی مرۆڤەوە تاکو ئێستا گەندەڵی هەبووە و
بەگەشەسەندنی مرۆڤیش ،ئەم دیاردەیە پەرەی سەندووە و بەهەموو جیهاندا
بڵاوبۆتەوە ،تەنها بە ڕادەی کەم و زۆری دەگۆڕێت لە شوێنێکەوە بۆ
شوێنێکی تر ، جا ووڵاتێکی هەژار و دواکەتوو بێت یان دەوڵەمەند و
پێشکەوتوو، کە بەداخەوە ڤایرۆسی ئەم دەردە کوشندەیە لە کوردستانیشدا
ڕۆژبەڕۆژ تەشەنە دەسێنێت ، تا ڕادەیەک دەتوانین لەم دیاردەیە تێ بگەین
لەبەر چەند هۆیەک :
+ پەروەردەکردنی تاکی کۆمەڵ و خێزان بە ڕێگایەکی کۆن وبە سیستەمێکی
دواکەوتوو لە ژێر دەستی ڕژێمە دیکتاتۆرە داگیرکارانی کوردستان ،
مانەوەی ئەم میراتگەرییە بۆ دەسەڵاتداران وبەرپرسانی ئێستای
کوردستان،واتە نەبونی ئاستێکی رۆشنبیری بەرفراوان و هەست نەکردن بە
لێپرسینەوە و ئەرکی سەرشان.
+گۆڕانی خەباتی سیاسی کورد لە شەڕی ڕزگاریخوازی لە پێناوی ئازادی و
بەسەربردنی ژیانێکی کولەمەرگی لە دێهات و شاخەکانی کوردستانەوە بۆ
وەرگرتنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی ووڵات و ژیانی ناو کۆشک و ڤێلاکان و
بینینی پارەیەکی زۆر ، هەڵپەی دەوڵەمەندبوون ، نەبونی شارەزایی لە
بەڕێوەبردنی دەزگاکانی فەرمانڕەواییەتی و دەسەڵات، باوەش کردنەوە بۆ
ڤایرۆسی دەردی گەندەڵی بەهەر چوار لادا بێ گوێدانە بنەما سیاسی و
نەتەوایەتی و ڕەوشت بەرزیەکان.
+ هەنگاونانی خێرایی تاکی کۆمەڵ ، لە ژێردەستەییەوە بۆ سەربەستی و
پەیدا بوونی کەرەستەی پێویست و پێشکەوتوو بۆ ژیان وەک سەتەلایت ،
مۆبایل ، کۆمپیتەر و هاتنی کەلوپەلێکی زۆری ناوماڵ لەلایەن کۆمپانیا
بێیانیەکانەوە، پەیدا بوونی خانوو و ڤێلای جوانی بەرپرس و
دەوڵەمەندەکان ،هەڵپەکردنی تاکی کۆمەڵ بۆ بەگەیشتن بەم کەرەستانە ،
ئەمانەش بە پارەی کاری مانگانە ناکرێت ، پێویستە ڕێگای گەندەڵی بگیرێتە
بەر بۆ بەدەستهێنانیان.
+نەبوونی یاساییەک بۆ بنبڕکردنی دیاردەی گەندەڵی ، نەبوونی کەلتوری
دەست لەکارکێشانەوە لە کاری سیاسەت و دەسەڵاتدا ، ئەگەر بزانرێت ئەو
کەسە لۆمەی دەکرێت و میللەت پێی باش نیە ، مانەوەی لەسەر کارەکەی بۆ
خراپ بەکارهێنانی و سودی تایبەتی.
+ لەئەنجامی شەڕە ماڵوێرانکاریەکانی ڕژێمە گۆڕبەگۆڕەکەی بەعس و دواتر
شەڕی براکوژی پارتەکانی کوردستان، گەیاندنی زیانێکی زۆر لە میللەت ،لەدەستدانی
ماڵ ومنداڵیان ،دواتر هاتنەکایەی پەڕۆی سەوز و زەرد ، سود وەرگرتنی
لایەنگیرەکانیان، بووە سەرەتای هاتنی دەردی گەندەڵی و نایەکسانی.......هتد
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە،سێبەری تارمایی ڕەشی دەردی گەندەڵی باڵیشی
کێشاوە بەسەر زۆربەی کوردانی هەندەراندا ، خەریکە بەرەو هەڵدێر و
کارەساتی کۆمەڵایەتی، کەلتوری و نەتەوایەتیمان دەبات و لە ڕێڕەوە
ڕاستەقینەکەمان لا دەدرێین و بەرەو داهاتووییەکی ڕەش هەنگاو دەنێین.
ئەگەر بەکورتی ڕۆشناییەک بخەینە سەر ئەو بارودۆخەی کوردانی هەندەران
پێیدا تێ دەپەڕێن ، بۆمان دەردەکەوێت،لەیەکەم هەنگاونانیان بۆ هەندەران
دەست بەکاری گەندەڵی دەکەن وەک:
+هەر بەگەیشتنیان بۆ هەندەران ،هەوڵی خۆ ئامادەکردن دەدەن بۆ هۆنینەوەی
چیرۆکێک لە دژی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی کوردستان ،هۆی ڕاکردنەکەشیان
دەخەنە ئەستۆی پارتەکان ، تا بتوانن کەیسێکی باشیان هەبێت و مافی
پەنابەری و مانەوەییان پێ وەربگرن ، گرنگ نیە چۆن باسی خراپی کوردستان
بکەن.دواتریش خۆیان بەکادێری سیاسی و پێشمەرگەی کۆن پێناس دەکەن و
داوای مافەکانیان دەکەن.
+دوایی مانەوەیان، بەردەوام یان کاتی بێت ،بێ گوێدانە فێربونی زمان،
هەوڵی کار پەیداکردنی ڕەش دەدەن گرنگ نیە چی بێت ، زۆرجار بەشداری دزین
و مامەڵەکردن بە مادەی بێهۆش و کاری بەدڕەوشتی دەکەن تا زووتر بتوانن
ببن بەخاوەن پارە و کڕینی خانوویەک لەکوردستان.
+ پاش وەرگرتنی پەساپۆرتی ئەو ووڵاتە،یەکسەر فڕشتنەوەی بە قاجاغچییەکان
بەپارەیەکی زۆر،دوبارەکردنەوەی چەند جارێک تا هەستپێکردنی لە لایەن
پۆلیسی ئەو ووڵاتانەوە .
+ زۆربەی ئەوکوردانەی لە پاش ڕاپەڕینەکەی91 ەوە هاتوون،بەدەگمەن هەیە
توانیبێتی زمانێکی باش فێربوبێت و چوبێتە دانیشگا،هەوڵ بدات خزمەت بە
خۆی و میللەتەکەی بگەیەنێت.
+دوای وەرگرتنی مافی پەنابەری زۆر لەکوردان فێری بەکارهێنانی فڕوفێڵ
بوون بۆ هێنانی کەسێکیان، وەک هێنانی خوشکێک بەناوی ژنەوە یان منداڵی
یەکێکی تر بەناوی منداڵی خۆیانەوە ، کە زۆر لەمانە پێی زانراوە و کاری
خەڵکی تریان پێ گران کردووە بۆ هێنانی خێزانەکانیان.
+هەندێک لەو کەسانەی کە خێزانیان لە کوردستاندا مابوونەوە ،چەندین ساڵ
بەنەبوونی و چەرمەسەری ژیاون ،چاوەڕوانی هاوسەرەکانیان بوون ، بیانهێنن
و لەو ژیانە ڕزگاریان بکەن ،لە پاداشتیاندا وازییان لێهێناون و
هاوسەرێتیان لەگەڵ پیرەژنییەکی ئەوروپیدا کردوە تەنها لەبەر ئەوەی مافی
مانەوە وەربگرن ، یان چاویان بڕیوەتە سامانی پیرەژنەکە.
+هەندێ، بەناو هونەرمەند یان کادێری سیاسی یان نوسەر و ڕۆشنبیر، کە
خێزانەکانیان لە کوردستان بوون ،پاش هاتنیان بۆ ئێرە دەستیان کردووە بە
دۆستایەتی کردنی ژنانی ئەوروپی تا تێر بوون ، دواتر کەوتونەتە قەرزکردن
و دەستبڕینی هاوڕێیانیان بۆ هێنانی خێزانەکانیان ، بەگەیشتنی ئەوانیش
گیرگرفت دروست بووە ،بە هەر بیانوویەک بێت گەڕاونەتەوە کوردستان و
خێزانەکانیان بەجێ هێشتووە، لە کوردستانیش هەوڵیانداوە ژنی تر بهێنن.
+ چەندین کورد ئۆتۆمبیلیان بەکرێ گرتووە و بردویانەتەوە کوردستان و
فڕۆشتویانەتەوە ،یان لە ئەوروپا لە چەندین بانک پارەیان قەرز کردوە ،دواتر
نەگەڕاونەتەوە ،دەستیان بەبازرگانیکردن کردووە و لەبەردەمی کەس
وکاریشدا لافی لێهاتوویان لێداوە.
+ هەندێ لەو کوردانە بەناوی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی کوردستان و
دروستکردنی خوێندگا لە چەندین ڕێکخراوە خێرخواز و کەنیسەکاندا پارەیان
کۆ کردۆتەوە( بە سەدان هەزار یان ملیۆن ) بۆ کاری تایبەتی خۆیان
بەکاریان هێناوە ، ئەمانەش زۆری ئاشکرابوون و ڕیسواکراون.
+ هەندێ لەو گەندەڵچییانە ، کەلەپوری کۆنی کوردستانیان دزیوە و لە
مۆزەخانەکانی ئەوروپادا دەیانفڕۆشنەوەو دواتر خۆیان بەخەمخۆری کورد
نیشان دەدەن.
+ هەندێ لەو دەست بڕانە لەگەڵ چەند مافیایەکی ئەوروپی دەچنە کوردستان و
باس لە ئەنجام دانی پڕۆژەیەکی مۆدێرن دەکەن تا چەندین ملیۆن لە
دەسەڵاتدارانی کوردستان دەکێشنەوەو هەرگیز پڕۆژەکانیش کەس نایان بینێ.
+ هەندێ خێزانی کورد بە ڕێکەوتن لەنێوان هاوسەرەکاندا ( کە ڕووی لە
زۆربووندایە) لە دادگای ئەوروپیدا جیا دەبنەوە ، تاکو مانگانە پارەی
زۆرتر وەربگرن و پیاوەکانیش بە ڕەش ئیش بکەن ،یان بگەڕێنەوە کوردستان و
لەوێ پلەوپایەک و پارچەیەک زەوی مسۆگەر بکەن.
+ زۆر لەو گەنجە سەرگەردانانە بۆ پەیداکردنی هاوڕێیەکی کچی هەندەرانی
شەرم دەکەن، بڵێن کوردن ، خۆیان بە نەتەوەیەکی تر دەناسێنن ، لەبەر
نەبونی هەستی نەتەوایەتی.
+ بەداخەوە هەندێ لەو ژنانەی گەیشتونەتە هەندەران ،وا تێگەیشتون ئازادی
ژنان تەنها ئازادی سێکس و بەڕەڵاییە ، دوای گەیشتنیان بەماوەیەکی کەم
جیا دەبنەوە و دەست بەکاری نابەجێ دەکەن،بەهەمان شێوەش ئەو پیاوانەی کە
چاویان بە کیژانی چاوشین و قژ زەرد دەکەوێت ،هەموو دابونەریتێکی
کوردیان بیر دەچێتەوە وهەوڵی جیابوەوە دەدەن و بۆ تێرکردنی
ئارەزوەکانیان.
+ لە زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپا کۆمەکی مانگانە دەدەن بە خێزانەکان بۆ
بەخێوکردنی هەموو ساوایەک ،بۆ نمونە ئەڵمانیا مانگانەی 300 € دەدات بۆ
بەخێوکردنی کۆرپە تا دوو ساڵ ، 153€ تا 18 ساڵ بۆ هەر مناڵێک( واتە تا
دوو ساڵ 453€ ، 16 ساڵیش 153 تا 250 € بۆ هەر مناڵێک) ، بەداخەوە زۆر
باوک بەکاری دەهێنێت بۆ پێویستیەکانی خۆی وەک جگەرە و خواردنەوە و
قومارکردن ، یان بۆکڕینی خانوبەرە لە کوردستاندا ، جلی کۆنەش دەکڕن بۆ
منداڵەکانیان .
+ هەوڵدانی دروستکردنی چەند ڕێکخراوێک لە لایەن کوردانی هەندەرانەوە
بەناوی کوردەوە و وەرگرتنی یارمەتی لەلایەن دەزگای حوکمەتی ئەو
ووڵاتانە ،بەکارهێنانی ئەو کۆمەکەش بۆ
دەستکەوتنی مەرامە تایبەتیەکانیان و خۆ بردنە پێشەوەیان لە لای پارتە
کوردستانیەکانەوە ، تا بتوانن لە هەردولا بکێشنەوە.
+ بوون بە ئەندامی پارتە دەسەڵاتداراەکانی کوردستان (کە لەوەو پێش لە
کەیسەکانیاندا تۆمەتێکی زۆریان داوەتە پاڵیان و لۆمەیان کردوون تا مافی
پەنابەری پێ وەردەگرن) تاکو بتوانن لە کوردستانیش چەند دەستکەوتێکی
تریان هەبێت.
+ لەگەڵ نەزانین و فێرنەبوونی زمانی ئەو ووڵاتەی تێیدا دەژین ،چەندین
ووشەی بێیانی دەخەنە ڕستەکانیانەوە وەک بە ئەڵمانی (زۆڤیزۆ ڤۆخن ئێندە
ئەچم بۆ ئاینکاوفن – هەرچۆنێ بێت کۆتایی هەفتە ئەچم بۆ شتکڕین)،تا وای
لێدێت نەخۆیان فێری زمانی ئەو ووڵاتە دەبن ، نە مناڵەکانیشیان زمانێکی
کوردی ڕەوان فێر دەبن.
+تەنها لەبەر ئیرەیی کردن ،هەوڵدان بۆ تێکدانی شیرازەی خێزانێکی
بەختەوەر ، بە ناوی پیاوەوە بۆ ژنی خێزانەکە ، یان بەناوی ژنەوە بۆ
پیاوەکە، تەلەفون دەکرێت وباسی کاری نابەجێ و بوختان کردنیان بۆ دەکرێت
، یان وێنەکانیان دەدزرێت و دەنرێت بە وێنەی ڕووتەوە تاکو ئاژاوە دروست
بکەن.
+ بە داخەوە چەند ڕواڵەتێکی دەگمەنیش پەیدا بووە لە هەندەران کە
باوکانی کورد دەست درێژی سێکسی دەکەنە سەر کچانی خۆیان ، یان کوشتنی
کچەکانیان ،ئەگەر پەیوەندییەکی ئاسایی هاوڕێیەتی یان سێکسیان لەگەڵ
یەکێک هەبێت ، بەڵام بۆخۆیان ڕەوایە ،کە خاوەنی ماڵ و منداڵن.
+ ڕێکەوت و ڕۆژگار وای لە هەندێ کوردی هەندەران کردوە ،بوون بە خاوەن
سامان ، ئەوەی بیری لێ ئەکەنەوە پێش هەر شتێک، گەڕانەوە بۆ کوردستان
وهێنانی ژنێکی جوانتر و گەنجتر لە ژنە کۆنەکەی کە هاوبەشی خەم و
ئازارەکانیان بوون. لە خۆگۆڕاندێکی بێسنور ، دەڵێ ( ئەوە ئەزم وا هەڵ
دەبەزم).
چەندین نمونەی تری کاری گەندەڵی کوردانی هەندەران هەیە و پێویست نیە بە
درێژی باسیان بکەین و ناویان بهێنین .
ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بکەین ،بۆمان
دەردەکەوێت ڕەنگ دانەوەیەکی ئاشکرای بارودۆخی کوردستانە لەسەر ڕەفتاری
گەندەڵی کوردانی هەندەران . گەر بە کورتی چاوێک بخشێنینەوە بە سەرەتای
ساڵەکانی 90 دا و دوای ڕاپەڕین:
+ گەڕانەوەی ئاوارەکان دوای ڕەوەکەی 91 و لە دەستدانی پێداویستیەکانی
ژیان و کەم دەرامەتی و ئابلوقەی جیهانی و ڕژێمی بەعس لەسەر کوردستان،
دواتر ڕودانی شەڕی براکوژی هێنانی ماڵوێرانیەکی زۆرتر و جارێکی تر
دەربەدەر بوون ، ئەمانە دەردێکی کوشندەی دەروونی لەناو جەستەی تاکی
کۆمەڵ دروستکرد، هاندانی کۆمەڵگا بەرەو گەندەڵی ، کوردانی هەندەرانیش
ئەو دەرفەتەیان قۆزتەوەو بەکاریان هێنا.
+ گەڕانەوەو سەردانی کوردانی هەندەران ،کە لە ساڵانی 70 و 80 ەکاندا
کوردستانیان بەجێ هێشتبوو ، باری ئابوریان باشتر بوو ، دەستیان کردبوو
بە کڕینی زەوی و خانوو بەرە ،کە خەڵکی لە بەر نەبوونی دەیانفڕۆشتن ،
ئەو لاوانەی کە خێزانیان نەبوو ،دەستیان بە ژنهێنان کرد و ئاهەنگی
گەورەو زێرێکی زۆریان دەکڕی و کیژانی جوان و زۆر لە خۆیان گەنجتر
دەهێنا ، ئەمە کارێکی خراپی کردە سەر گەنج و پیری کورد کە خەو بەو
بەهەشتەوە ببینێت و ڕۆژێک بێت ئەویش بتوانێت ئەم ئاواتانەی بهێنێتە دی
، بۆیە بێ هیچ مەبەست و هەستێکی نەتەوایەتی و کوردایەتی ڕوی لە
هەندەران کرد ، دەیانویست بەهەر ڕێگایەک بێت ڕوو بکەنە ئەو بەهەشتە،
زۆر گەنج بەئاواتەوە بوون خوشکەکانیان شوو بە کوردێکی هەندەرانی بکات
تا دوای ڕایان بکێشن.
+ دوای دروستکردنی پەرلەمان و دەسەڵاتدارێتی کورد ، بەداخەوە لەبەر
بەرژەوەندی تەسکی تایبەتی و پارتایەتی و شەڕی براکوژی ، لایەک لە
بەرژەوەندی و خزمەتکردنی گەنجان نەدرایەوە وبەهەموو شێوەیەک پشتگوێ
خران یان کران بەسوتەمەنی ئاگری شەڕەکەی نێوانیان و چاندنی تۆوی
دوبەرەکایەتی و خۆخۆری ،کە ئێستاش باجەکەی دەدرێت .
+ بەداخەوە نەتوانراوە تاکو ئێستا یاسایەک دابنرێت بۆ ڕێگرتن
لەبڵاوبونەوەی گەندەڵی و سزادانی ئەو کەسانەی پیادەی دەکەن ،ئاسان کردن
و ڕێگادان بە کوردانی هەندەران بۆ گەندەڵی.
+باوەڕکردن و ڕێزگرتنێکی بێ هاوتای ئەو کوردانەی هەندەران لە کاتی
سەردانیان بۆ کوردستان لەلایەن دەوروپشتەکەیانەوە ، وا تێگەیشتبوون
ئەوەی لە هەندەران دەژی، ئاستی ڕۆشنبیریان زۆر بەرزەو هەموویان پسپۆڕن
لە کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ، نازانن ژیانی دەربەدەری و تەنهایی
و گۆشەگیریان لە هەندەران کاری لە باری دەروونی زۆربەیان کراو و بەرەو
ڕەفتاری ئاڵۆزی چوون و ژیان لایان سەخت بووە ، بۆ هاوکێشەکردنی ئەو
بارە نالەبارە دەست دەکەن بەخۆدەرخستن و لاف لێدان لە کوردستاندا و
نیشانی دەدەن کە زۆر گۆڕاون بۆ هەڵخەڵەتاندنی خۆیان و دەورو پشتەکەیان،
باسی ڕاستیەکان ناکەن ،بەچی ڕێگایەک ئەو پارانەیان پەیدا کردووە.
لە ڕاستیدا وەک باسم کرد گەندەڵی لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا هەیە ،
بەڵام ئەو ووڵاتانە خاوەن دەوڵەتن و ترس و هەڕەشەیەکی وازۆرییان لەسەر
نیە وەک کوردستان ،کە تا ئێستا نەمانتوانیوە بگەین بەزۆربەی
ئامانجەکانمان ،ئەوەی هەشمانە کەوتۆتە بەر هەڕەشە و لە ناوچوون ، ئەوەی
جێی سەرسوڕمانە خۆشمان هەستی پێ دەکەین ، بەردەوامیشین لەسەری بێ
گوێدانە ئەنجامە خراپەکەی کە چاوەڕێمانە.
ئەگەر ئێمەی کوردانی هەندەران لە ژێرسایەی ژیانێکی ئاسودە و مافی مرۆڤ
و بەها دیموکراتیەکاندا هەوڵ نەدەین فێری دابونەریتێکی پڕ لە یاسا ،
دادپەروەری ،یەکسانی ،ڕێکی و پێکی ومیدیای ئازاد ببین وهەوڵی خۆ
ئامادەکردن بدەین بۆ گونجاندنی خۆمان لەم کۆمەڵگایەدا و گواستنەوەو جێ
بەجێ کردنی لایەنە پۆزەتیفەکان بۆ کوردستان و وەلا خستن و دوورکەوتنەوە
لە لایەنە نێگەتیڤەکان و لاسایی نەکردنەوەیان. ئەی چۆن چاوەڕێ بکەین
سەرەتاکەی لە کوردستانێکی پڕ لە گیروگرفت و کەموکوڕی و دەورەدراو بە
دوژمن دەست پێ بکات ، بۆ ئەو دەرفەتە باشانەی لەبەر دەستماندا هەیە ،
بەکاری نەهێنین و نەیقۆزینەوە بۆ سودی بزاڤە ڕەواکەمان ؟ تەنها با
دەسەڵاتدارانی کورد تاوانبار نەکەین ولە خۆمانەوە دەست پێ بکەین وڕەخنە
لە خۆمان بگرین تا دان بەهەڵەکانماندا دەنێین .
لە جیهاندا ڕووی نەداوە ، نەتەوەیەک هەبێت ،خەمخۆری دوژمن بێت و هەوڵ
بدات بەهێزی بکات ،کەچی وەک کرمی دارێکیش خۆی بخوات ،هەوڵی لەناوچوون
و خۆخۆری خۆی بدات ، دڵی دوژمن ڕابگرێت ونەتەوەکەی پشتگوێ بخات، ئەمە
تەنها لە ناو کۆمەڵگای کوردا دەبینرێت .
دەبا هەوڵ بدەین چیتر ئەم ڕەوشتە نەگوێزرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتومان.
|