٢٢\١٠\٢٠١٢
گەڕان
بە دواى بەختەوەرییدا.

بەنگین پیرۆت نورى
ئێمەى مرۆڤ هێشتا نەمانزانیوە ئەو شتە چییە بەختەوەرمان دەکا،
کەواتە ئەگەر بمانەوێ بەختەوەر بین
دەبێ چى بکەین،
ئایا بەدەستهێنانى هەموو شتەکان بە
راستى مرۆڤ بەختەوەر دەکا؟
دەبێ چی بێ ئەو شتە مەزنەى کە بەختەوەرمان
دەکا و ئێمە رەنگە هەشمان بێ بەڵام ئێمەى
مرۆڤ ئەوەندە بچووکین نەمانزانیوە ئەو شتە
لە کوێیى گەورەیى گەردوون دا جێگەى بۆتەوە.
ئەگەر بەختەوەرین دەبێ چى بکەین تا هەمیشە
بەختەوەریی،
بەختەوەرانە بەختەوەرمان بکا، ئەوە پرسیار
نییە بەڵکو گەڕانە بە دواى
ئاشکراکردنى بەختەوەریی،
چونکە بەختەوەریی شەماڵ نییە لە
ژێر سێبەریدا دابنیشی و سبەى لە هەمان شوێن و هەمان
سێبەر فێنکمان بکاتەوە،
بەختەوەریی ڕەشەبایە
رادەکا و دەبێ
مرۆڤ بە دوایدا بگەڕێ،
مرۆڤ بە بێ ئەوەى بە
خۆى بزانێ هەمیشە وێڵى ژیانێکە بەختەوەریی
بەدەست بهێنێ نەک لە دەستى بدا.
ئایا بەدەستهێنانى خۆشبەختیی
بەختەوەرییە بۆ مرۆڤ؟ کەواتە
خۆشبەختیی چییە تا
بەختەوەرییمان پێ ببەخشێ یان لێمان زەوت بکا،
مرۆڤ بۆ تا رادەى خۆ لەبیرچوونەوە
وێڵى بەدەستهێنانى بەختەوەرییە؟
ئەى شکستەکان نین وا لە مرۆڤ دەکەن
مرۆڤ وەکو مرۆڤ خۆى بناسێ و کۆششی
پتر بۆ بەدەستهێنانى بەختەوەریی
بکا بە بێ ئەوەى
خۆشبەختیی بدۆڕێنێ!
ئەى بەختەوەریی چى پێ بەخشیوین وامان
لێ بکا وریایى بنوێنین، کەواتە مرۆڤ پێی
وایە بۆ هەمیشە بوونەوەرێکى بەختەوەرە نەک
شکستخواردوو، ئەى
مرۆڤ چۆن بوو بەو ئامێرەى بۆ بەدەستهێنانى بەختەوەریی
نەک ژیان؟ ئەگەر مەرگ رێگەى نەدا مرۆڤ بگا
بە بەختەوەریی،
ئایا ئەو کات مرۆڤ ژیانى بەجێهێشتووە یان
بەختەوەریی؟
ئێمە ئەگەر ببین بە خوێنەرى
رۆمانى ''هاوسەرگیریى
بەختەوەرانە*''ى
رۆماننوسى رووسى
''لیۆ تۆلستۆى''،
دوو شتى تریشمان بۆ روون دەبێتەوە،
پێش ئەو دوو شتەش بە
سەرەتایەکى خەمئامێز پاشان لاپەڕەکانى پڕ دەبێ لە نەخواردنى خەم،
واتا ناو پەرتووکەکە سەرەتایەکى پڕ
خەمى هەیە و خەم لە خەم دەخورێ، دواتر ئومێد
و ژیاندۆستیی چەکەرە دەکا،
کە ئەو پەرتووکە
دەخوێنیتەوە هەست دەکەى نووسەرەکەى گرێیەکى
دەروونیى
ململانێیى لەگەڵ دەکا، بەوەى ئاخۆ
''خۆشەویستیی
مرۆڤ بەختەوەر دەکا یان سروشت؟'' ئەوە
ئەو دوو شتەیە نووسەرەکەى زۆر
کۆشش دەکا خوێنەر وەکو کارەکتەرەکانى ناو
رۆمانەکە بەختەوەر بکا بەڵام بە
کامیان؟ بە خۆشەویستیی
یان سروشت، ژن یان پیاو،
پێش ئەوە، دەبێ ئەوە بزانی کە
رۆماننووسەکە
''لیۆ تۆلستۆى'' پیاوە نەک ژن،
بەڵام بە زمانى مێینە باسى بەختەوەریی
و خۆشەویستیی دەردە دڵى دڵداریی
کچێکى تەمەن حەڤدە بەهار لە نێو سروشت و
ژیانێکى ساکارى گوندییدا دەکا،
لە زمانى پیاویشەوە باسى سروشت دەکا،
بۆیە پێویستە ئاگامان لەو پرسیارە بی ئایا ئەگەر
رۆماننووسێکى
مێینە ئەو رۆمانەى
نووسیبا بەو
شێوەیەى تۆلستۆى باسى شتەکانى دەکرد؟ من
پێموایە رۆماننووس
بەو شێوەیە نووسیویەتى کە پیاو پێی خۆشە،
ژن بە بێ ئاگادارى خۆى ناچارى دڵ
رازییبوونى پیاو
کراوە، تۆ بڵێی بەختەوەریی چۆن بەدەست
بهێنرێ ئایا بەختەوەریی هەیە؟
ئایا مرۆڤ هەر بە سروشتى خۆى
بەختەوەرە یان دەبێ کۆشش بکا بەدەستى بهێنێ؟
ئەگەر مرۆڤ هەر بە سروشتى خۆى بەختەوەرە بۆ
دەبێ کۆشش بۆ بەدەستهێنانى شتێک
بکا کە هەیەتى؟ ئەگەر بەختەوەریی،
ئێستا پێم بڵێ بەختەوەریی چییە و
چۆنە و لە کوێییە،
چ شتێک مرۆڤ بەختەوەر دەکا، ئایا
کارێک ئەگەر ویژدان ئاسوودە بکا
بەدەستهێنانى ئەو شتە مرۆڤ بەختەوەر دەکا یان خۆشبەخت
دەبێ پێی؟ ئایا بەختەوەریی
لە ناو سروشت
دایە یان خۆشەویستیی؟ دوا جار،
ئایا ژیان بریتییە لە بەختەوەریی
یان بەختەوەریی بریتییە
لە ژیان؟
____________________________________________________________
*
رۆمانى
هاوسەرگیریى بەختەوەرانە: نووسینى
رۆماننووسى
رووسى:
''لیۆ تۆلستۆى''. وەرگێڕٍانى بۆ
کوردى: ئەمین گەردیگلانی.
bangena.perot@yahoo.com
|