٢٠\١٢\٢٠١٥
گەڕان
بە دوای(خۆ)دا.

فەتاح حەسەن
رستێك خەمی سەوز و
سوورم لە مل ناوە
بێباکانە
ملی رێگام گرتۆتەبەر
هەر ملدەنێم..
لە خەیاڵما
جاروبارە سەرقافڵەچیم
یا
مەیتەری ئەسپی خەڵکیم.
ئەرێ، من چیم..؟
من، نەورەسی باڵشکاوم..؟
یا
وڵاتی بێ ناونیشان
من، ئازاری سەر هەڵگرتووم..؟
یاخود
مێرگی نێو بیابان
ئەرێ، من چیم..؟
من، دەستەمۆی سەرابێکم..؟
یا
ستێرەی بێ ئاسمان
من، سەرکەشی لە خۆ یاخیم..؟
یا
زیندانیی بێ پاسەوان
ئەرێ، من چیم..؟
کڵافەیەك ژانی تووڕەم
یاخود
دەربەندی پەپوولەم
من، سەگوەڕم..؟
یا.. گەڕیدەم..
بە دوای داڵانی راستییدا وێڵم
ئەرێ، من چیم..؟؟
دانیمارك
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|