په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٢\٢٠١٣

''گێڕانەوە''، ''بگێڕەوە''، ''دەڵێن''، ''گوتیان'' لە ناو رووداو و چیڕۆکى رۆماندا.
- رۆمانى ''برایانى کارامازۆف'' بە نموونە -


بەنگینە پیرۆت نورى      


لە ناو ئەو رۆمانەدا گێڕەوە بگێڕەوەى چیڕۆکى ناو رۆمانەکەیە واتا بۆ گێڕانەوەى چیڕۆکى ناو رۆمان گێڕەوەیەک هەیە ڕابردویەک لە چیڕۆک و رووداوەکانى مرۆڤ بگێڕێتەوە و باسى ژیانى کارەکتەرەکان بکات نەک چیڕۆک و ڕوداوەکان بۆ کارەکتەرەکان دروست بکات.

رۆماننووس دواى گێڕەوە دەبێتە بگێڕەوە و بنووسى چیڕۆک ئەمەش ماناى وایە رۆماننووس لەدەرەوەى ڕوداوەکان نیە،ئەگەر ئەو ئاگادارى رووداوەکان نەبێت چۆن دەتوانێت خوێنەر لەخۆى ڕازى بکات؟ لەکاتێکدا ویستى خوێنەر ڕۆچون و کەشف کردنى نهێنیەکانە کە رۆماننووس بەگەمە کردن بەوشە و پەرەجوى پەخشان ئامێز تا دواین لاپەڕە شاردونیەتەوە. ئەم ململانێیە کە تا دوا دێر لەنێوان "رۆماننووس و خوێنەر" بەردەوامە خۆ بەدەستەوە دانى هەر یەکەیان ئاسان نیە.

لە دنیاى خوێندنەوەى رۆمان دا خوێنەر لەجیهانبینى رۆماننووسەوە دەبێتە خوێنەرى رۆمانەکە و لە ڕێگەى رۆماننووسەوە بە بزوێنەرى کارەکتەرەکان ئاشنا دەبێت و کارەکتەرەکان دەناسێت کێن و چۆن ژیاون و چى واى کردوە ئەم کەسە ببێتە کارەکتەرى رۆمانەکە و چۆن بوو ئەم رووداوە رویدا و لەپشت رووداوەکان چ چیڕۆکێک هەیە هتد... کەواتە ئەگەر کەسێک گێڕەوەى چیڕۆک بێت خۆ دەبێ کەسێکیش بیگێڕێتەوە یان بینووسێتەوە، یانى ئەگەر گێڕەوە و بگێڕەوە چیڕۆک خوان بن رۆماننووسیش نووسەرى رۆمانەکەیە.

من هەمیشە حەز دەکەم ببم بەخوێنەرى رۆمانێک بزانم ئایا رۆماننووس لەسەردەمى ڕوداوەکانى رۆمانەکە ژیاوە یان دواى سەردەمى چیڕۆکى رۆمانەکە لەدایک بووە یاخود پێش ڕودانى چیڕۆکەکە ژیاوە،ئەگەر پێش ڕوداوەکانى چیڕۆکى رۆمانەکە ژیابێت، چیڕۆک و ڕوداوەکانى ناو چیڕۆکى رۆمانەکە دەبێتە پێشبینی داهاتوو، بە لەبەر چاوگرتنى ئەوەى مەرج نییە ئەوەى باسى کردوە ڕوبدات چونکە بەم پێودانگى نووسینە رۆمان لەخەیاڵى نووسەرەوە لەدایک دەبێت.

رۆماننووسەکان هەمیشە وشەى" دەڵێن " " گووتیان " چەند پاتە دەکەنەوە،بۆ نمونە "فیۆدۆر داستایێفسکى" لەلاپەڕە "٢٦"ى رۆمانى "برایانى کارامازۆف" بەرگى یەکەم دا دەڵێ:

"شەوێ فیۆدۆر پاولۆویچ بەمەستى دێتەوە ماڵێ.پیرەژنە هەشت ساڵ بو چاوى پێى نەکەوتبو - دەڵێن - لەگەڵ هاتنە ژورێ دوو دانە زللەى لە فیۆدرۆ پاولۆویچ دەدا" یانى فیۆدۆر داستایێفسکى خۆى وەک رۆماننووس لەوێ نەبووە چونکە ئەو دەڵێت "دەڵێن" هەروەک لەلاپەرە ١١٢٤ى بەرگى دووەمى هەمان رۆمان، لەساتى دادگاىکردنى "میتیا" بەتۆمەتى کوشتنى فیۆدۆر پاولۆویچى باوکى لەسەر ٣٠٠٠ ڕۆبڵ، رۆماننووس بەشێوەیەک رووداوەکانى ژوورى دادگا دەگێڕێتەوە کە خۆى لەوێ نەبووە، چونکە دەنووسێت "گوتیان" ئەمەش وەک ئەوە وایە بۆیان گێڕابێتەوە نەک خۆى لەوێ بووبێت. کەواتە رۆماننووس لە"گێرەوە یانى دەڵێن"وە بۆتە "بگێرەوە یانى گوتیان"وە و "چیڕۆک خوان"ى "رۆمان"کە. کە رۆمانەکەش دەخوێنیتەوە هەر دەڵێى باسى "ئێستا" دەکات ئەو "ئێستا"یەى ناو رۆمانەکە نەک "ئێستا"ى زەمەنى خوێنەر. بە شێوەیەکیش رۆماننووس رۆمانەکەى نووسیوە، وەک ئەوە وایە بە خوێنەر بڵێ ڕوداوەکان بەو شێوەیە نووسیومە کە بەدەستم گەیشتوە نەک ئەوە منم بەم فۆڕم و شێوازەم نووسیوە و دەنووسم، ڕەنگە لاى هەندێک خوێنەر ئەم شێواز نووسینە ڕاستگۆى نووسەرەکەى بخاتە ژێر پرسیارەوە،چونکە ئەو "دەڵێن و گوتیان" کە بۆ رووداوەکان لەگێرانەوەى چیڕۆکى ناو رۆمانەکە بەکارە هێناوە، وا لە خوێنەر دەکات پێى وا دەبێت خۆلادانە یان ڕا کردنە لە لەوێ بوونى چیڕۆک خوانى گێرانەوەى رووداوەکە و لەبەر پرسیارى مێژویى ڕوداوەکانى ناو چیڕۆکى ناو رۆمانەکە.

خوێنەر دەیەوێت لەیەک کاتدا رۆماننووس گێڕەوە و بگێڕەوە و چیڕۆک نووسى ڕوداوەکانى رۆمانەکە بێت. من وەک خوێنەرى ئەم رۆمانە "برایانى کارامازۆف:پێم وایە فیۆدۆر داسایێفسکى لەیەک کاتدا گێڕەوە و بگێڕەوە و چیڕۆک خوان و رۆماننووسى رۆمانەکەیە، لەبەر ئەوە لەناو رۆمانەکە دا باسى سەردەمێک دەکات کە خۆى لەسەردەمەکەدا ژیاوە، نەک پێش رودانى رووداوەکانى چیڕۆکەکە، یان دواى سەردەمى چیڕۆکى ناو رۆمانەکە ژیا بێت.

جارێکى تر دەگەڕێمەوە خاڵى سەرەتاى ئەم نووسینە کە پێم وایە بۆ نووسینى هەر رۆمانێک و گێڕانەوەى چیڕۆکى ناو رۆمان گێڕەوەیەک هەیە چیڕۆک و رووداوەکان بگێڕێتەوە و باسى ژیانى کارەکتەرەکان بکات،چونکە کارەکتەرەکان لە کایەیى قەڵەمى رۆماننووس دا لە ئامادەگى تەواو دان بۆ خوڵقاندنى هەر ڕوداوێک و بە تێکست کردنى ڕوداو کە نووسەر بیەوێت.زۆر جاریش ئەوە روونادات و کارەکەتەرەکان لەو دەقە ڕا دەکەن یان چیڕۆک و رووداوێک بۆ رۆماننووس دروست دەکەن،چونکە رۆماننووس زۆر جار دەیەوێت تێکستەکە بە ئارەزووى خۆى بنووسێت.چیڕۆکى ناو رۆمان جیاوازە لە چیڕۆکى ناو چیڕۆک،کارەکتەرەکان لەچیڕۆکى ناو رۆماندا وەک رۆماننووس بگرە زیاتریش ڕۆل دەبینن و چیڕۆکى ئەوان یان رۆمانسیەتێکى قوڵ یان تراژیدیا یاخود کۆمیدیە.وەک ووتمان رۆماننووس یان دەنووسێت "دەڵێن" یان دەڵێ "گوتیان" کە ماناى وایە ئەم "دەڵێن و گوتیان" ى رۆماننووس نا ئامادەگى رۆماننووس لە ناوەوەى رووداوەکان دەسەلمێنێت. بۆیە کارەکتەرەکان ئەگەر نەش ببنە بنووس،دەیانەوێت ببنە بگێڕەوەى گێڕانەوەى چیڕۆکێکى جیاواز لە چیڕۆکى ناو رۆمانەکە،یانى ئەوانیش رووداو و چیڕۆک بۆ خوێنەر بگێرنەوە،نەک خوێنەر خوێنەرى یەک دەق بێت کە ئەویش دەقەکەى رۆماننووسە،چونکە کارەکتەرەکان لە رووداوێکەوە خۆیان بوون بە رووداو و چیڕۆکێکى ناو رۆمان لە رۆمانەکەدا بەلەبەر چاوگرتنى جیاوازى چیڕۆکى ناو چیڕۆک، چونکە لەچیڕۆکدا یەک چیڕۆک هەیە ئەویش چیڕۆکى ناو چیڕۆکەکەیە.

جارى واشە لە چیڕۆکى ناو رۆماندا وا ڕێک دەکەوێت،کارەکتەرەکانى نێو رۆمان ئەگەر خۆشیان دەور نەگێرن، ڕێگە لەو چیڕۆکانە ناگرن کە پاڵەوانێک لە نێو چیڕۆکەکان دروست دەبێت کە بۆ سەرگەرمى خوێنەر چیڕۆکى پاڵەوانەکە بگێڕنەوە، کارەکتەرەکان ئەوە نازانن کە گێرانەوەى هەر چیڕۆکێک دواجار پاڵەوانەکەى دەبێتە کارەکتەرى رۆمانەکە.هەروەک ئەو باسەى "ئیوان" بۆ "ئالووشا"ى گێرایەوە کە ئەو جینایەتەى تورکان و ئەو کارەساتەى بەسەر ڕیچارد و بەسەر ئەو منداڵەدا هات کە "ویژدانێکى بەکرێ گیراو" باوکى منداڵەکەى لەسزاى دادەگە دورخستەوە لەبەر ئەوەى بەشووڵکە تەر سزاى منداڵەکەى خۆى دابوو، کە بە لاى منەوە بوو بە گێڕانەوەیەکى سەرنج ڕاکێش و وەستان و تێڕامان، دواجار من پێم وایە لەپشت دروست بوونى هەر چیڕۆک و ڕوداوێک رۆماننووس خۆیەتى.
_____________________________________________________
رۆمانى برایانى کارامازۆف - نووسینى فیۆدرداستایێفسکى - وەرگێڕانى ئەمین گەردیگلانى.


چوارقوڕنە
ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک