٦\١١\٢٠١٣
گەڕانەوە بۆ
ژیانەکەى تر!

گۆران رەئوف
هاوڕێم.. من ئەم شەو زۆر دەترسم! ناتوانم
بیر لەم سەرمایە نەکەمەوە، بۆم ناکرێت
لەبیرى ئەو برسێتییە قووڵەى گەدەمدا نەبم کە
دەڵێى مووس بە توێژاڵەکانیدا دێنن... هاوڕێم
گوێت لێیە من لە بارەى چییەوە قسەدەکەم؟!
ئاوڕیدایەوە و سیگارێکى دەرهێنا و ویستى دایگرسێنێت.. بەڵام لەبەر ئەو
هەوا توندەى کە وردە بەفرى باریوى لەگەڵ خۆیدا دەهێنا چەندجارێک لە
هەوڵى پێکردنى سگارەکەیدا سەرکەوتو نەبوو.. تا نێگایەکى لە مستەفا کرد
و خەندەیەک لەبەر ڕوناکى ئاگرى سیگارەکەیدا دەرکەوت و وتى: سەیرکە
کێشەى مرۆڤەکان بەگشتى ئەوەیە هەرگیز ناتوانن ئەو خەیاڵانە لە واقیعدا
بەرجەستەبکەن کە پێشوتر یەک دنیا خەونیان پێوە بینیوە کەى بگەینە ئەو
ڕۆژەى بەم خەونانەمان بگەین!! تۆش وەک هەمو مرۆڤەکان ئەم کێشەیەت هەیە..
دابەخۆتدا بگرە هەر دەگەین!
ئەمەى وت و بە قووڵیی
مژى لە سیگارەکەى دەدا..
هاوڕێم من تێدەگەم لە بارەى چییەوە قسەدەکەى، بەڵام زۆر سەرمامە
ڕێگاکەش فرە دورە، ئەوجا من بە تەواوى برسیمە، هەستەکەم لەو کرێکارە
بێئەزمونە دەچم کە لە یەکەم ڕۆژیدا و لە یەکەم کاتژمێرى کارکردنیدا
بەتەواوى ماندو دەبێت و دەڕواتەوە و تا ئەبەد بیر لە کرێکارى ناکاتەوە!
من خۆم لە وێناکردنێکى وەهادا دەبینمەوە.. موستەفا ئەمانەى بەو وت!
وەک دواین نەفەس قوڵتر لە مژەکانى پێشوترى مژێکى لە سیگارەکەى دا و
پاشان سیگارەکەى فڕێدایە ناو بەفرە باریوەکە و پێیەکى پێدانا و بە
غەمگینییەوە تەماشایەکى مانگى کرد و لە پێشییەوە بە ئەسپایى ڕۆیشت...
چاوەڕێبوو قسەبکات، دواى نزیک بە خولەکێک هات پەیڤین و وتى: تۆ سەرەتاى
یەکەمین هەنگاوت لەبیرە؟ ئەو هەنگاوە دەڵێم کە یەکەم هەنگاوبوو بۆ
گەیشتنت بەم دۆخەى ئێستا؟!
هەستیدەکرد گەر لەبارەیەوە قسەبکات ئیتر بەجۆرێک نەجاتیدەبێت لەو دۆخەى
تێیدابوو..
بەڵێ..بەڵێ، لەبیرمە من ئەو کاتەى بیرمکردەوە کە هەنگاو هەڵگرم بەرەو
جۆێک لەم شوێنە، ئەوکاتەبوو هەستمەکرد عاشقم و مرۆڤێکم بە کەڵکى عەشق
نایەم، ئەو کاتەبوو ١٣ ساڵى تەواوبوم و
خەونم هەبوو بگەمە چەندین پلە لە خوێندندا و کە لە خوێندنگە خۆمم
دەبینییەوە هەستمەکرد بەڵکى ئەوێش نایەم! ڕێک ئەو کاتەبوو دەمویست ببمە
باشترین وەرزشکارى کیک بۆکسینگ و هەستمەکرد ئەوە بۆمن هەرنابێت! بەڵێ
بەڵێ من لەبیرمە ئەوکاتەى لەگەڵ باوکمدا بەقاڵیم دەکرد و خەونم بوو ئەو
کاتانەى دەڕواتە پایتەخت، منیش بەرێت و لەوێندەر ساڵەهاى ساڵ بژیم...
ئەو کاتەبوو ماڵەوەم خۆشدەویست و یەک کارم بەگوێ نەدەکردن! ئەو کاتەبوو
چێژم لە یارییەکانى نێو منداڵان وەرنەدەگرت! ئەو کاتەبوو بە هەمو
خزمەکانم نامۆبووم! ئیتر بۆخۆى یەکەم هەنگاوم هەڵگرت و کەوتمە ئەم
شوێنەوە، ئێرەدەڵێم سەرمایە و هەوایەکى سەیرى هەیە و برسیمە و هەور
جارجارە بەرى مانگ دەگرێ و تۆ هەر دەڕۆیت و منیش دەبێت هەر بەدوتا بێم!
بەڵام بۆچى ئەو پرسیارەتکرد؟!
لەپڕ یەک قاقاى گەورەى لێدا، مستەفا هەستیدەکرد دەنگەکە زۆر دەڕوات
بەڵام ئەوان لە جێگایەکدابوین باوەڕینەدەکرد هیچ بونەوەرێکى تێدابێت!
تا گوێى لەو قاقا بڵندە بوبێت.. بەبێ ئەوەى بوەستێت یان ئاوڕبداتەوە،
سەرى بۆ بەردەم خۆى شۆڕکردەوە و وتى: تۆ تازە ناتوانى بگەڕێیتەوە! تۆ
هەرگیز تواناى ئەوەت نابێت ڕۆڵ ببینیتەوە لە ژیانەکەى پێشوتدا! بۆیە
برسێتى و سەرما و ئەو شتانە لەبیربکە و تەنها بەدوامدا وەرە! تەنها
ئەوەبکە کە دەیڵێم!! ئەم قسانەى بە مستەفا وت و بێدەنگ دەڕۆیشت.
گەڕانەوە بۆ ژیانەکەى پێشوو! گەڕانەوە بۆ ژیانەکەى پێشوو! گەڕانەوە بۆ
ژیانەکەى پێشوو! ئەم ڕستەیە لە مێشکیدا هاتوچوى بوو، برسێتى و سەرماى
لە خەیاڵیدا دەرکرد، نا نا دەرى نەکرد، چونکە برسێتى و سەرما واى لە
ئەو کرد بیر لە گەڕانەوە بکات بۆ ژیانەکەى پێشوو! بەخێرایى بە دەنگێکى
لەرزۆکەوە پرسى: بۆچى ناکرێت من بگەڕێمەوە بۆ ژیانەکەى پێشوو؟! بۆچى؟!
دەنگى کەمێک هەڵبڕى و وتى: چاوەڕێى ئەو پرسیارەبووم، چونکە ژیانەکەى
پێشوت ئەو کاتەى لێى هەڵهاتى، ماوەیەکى زۆر چاوەڕێت بوو تا بگەڕێیتەوە
باوەشى! تا وەک جاران نیوە خەونت هەبێ و بێدەنگ دابنیشیت لە پەنایدا..
بەڵام تۆ جوانى ئەم بەستەڵەکە و ورد گوێگرتنت بۆ قسەکانى من ئەوەیان
لەبیربردیتەوە کە ژیانەکەى پێشوت حەزدەکات بگەڕێیتەوە بۆى! ئێستاکەش کە
لەگەڵ منداى و ئەوێندەر بە فریادڕەسى خۆت دەزانى، باوەڕکە گەر
بگەڕێیتەوە دەرتدەکا! دەتڕەنجێنێ! ئازارت دەدا.. زۆر شتى تر.. بۆیە
ئاقڵبە و تەنها دواى من بکەوە، دواى من!!
مستەفا بێدەنگ بوو بیرى لە قسەکانى دەکردەوە، لەپڕ کەوتەوە بیرى ئەو
کچەى لە منداڵیدا خۆشیدەویست و شەرمى لێدەکرد، وێنەى خێزانەکەى
هاتەپێشچاو، ئەوە لە سەیرانن و خۆرێکى گەرمە و ئەوان تێر نانیان
خواردووە و لەخۆوە بەقسەى یەکتر پێدەکەنن و دایکى دانە دانە چایان بۆ
تێدەکات... دیمەنێکى تر کەلەو کاتەدا دەهاتە خەیاڵییەوە: هاوڕێ
کوڕەکانى منداڵی بە توندى بانگى دەکەن و ناتوانێت گوێى لە دەنگى ئەوان
بێت.. شێوەى بانگکردنەکەیان زۆر ترسناکە، هەمویان پێکەوە دەقیڕێنن و
دەستەکانیان وەک ئاماژەى بانگکردن بۆ ئەو دەجوڵێنن و پێدەکەنن، ئەى
خودایە من خۆ خەون نابینم؟! لە مێژە دیمەنگەلێکى وەک ئەم خەیاڵانەى ئەم
شەوم نەهاتۆتە پێشچاو؟! مستەفا ئەمەى لەبەرخۆیەوە وت و بەدوایدا
هەنگاوى دەنا.
دەى کوڕە دەڵێى چى وابزانم خۆشت دەزانى کەچیدى ناتوانى بگەڕێیتەوە بۆ
ژیانەکەى پێشوت؟!
وتى: هەستەکەم بتوانم بەڵام تۆ پێتخۆش نییە، بگەڕێمەوە! ئەگینا دەتوانم
بگەڕێمەوە و چەنێکە لەم بەستەڵەکەم ئەوەندە لەوێش بەبێ ڕۆڵ دابنیشم و
تا ئەو ساتەى ژیانەکەى ترم ڕۆڵێکم بۆ دادەنێت! بەڵێ دەتوانم چاوەڕێ
بکەم تا دەتوانم وەک هەمو ئەو کەسانەى لەوێندەر زۆر بەبێباکى جێمهێشتن،
تواناى ژیانى واقیع پەیدا دەکەمەوە و ئیتر بژیم... بژیم! ئاخر من
لەوەتەى هەم، هەستەکەم نەژیاوم!؟
جارێکى تر قاقایەکى بڵندترى کرد و سەرێکى ڕاوەشاند و وتى: من پێمخۆش
بێت و پێمناخۆش، تۆ تواناى گەڕانەوەت نییە! سەیریکە تۆ لێرەبیت باشترە،
بۆئەوەى دەتوانى لە هەر ساتێکدا نوکتەى کۆتایى خۆت دابنێت و ئیتر
نەیەیت، ئیتر شوێنى من نەکەویت، بەڵام گەر بگەڕێیتەوە، ئەوا تۆ نازانى
کەى نوکتەى کۆتایى ژیانت دادەنرێت؟! ئەدى کێ ناڵێت تۆ لەکاتى
گەڕانەوەتدا بەو هەمو هیوایەتەوە بۆ ژیانەکەى پێشوت، لەپڕ نوکتەى
کۆتایى ژیانت نایەت؟ کێ ناڵێ دواى ئەم هەمو ڕێگەیەى بڕیوتە، لەکاتى
گەڕانەوەتدا لە برسان یان لە سەرمادا، بەسەر نوکتەى کۆتایتدا ناکەویت؟!
تۆ بیربکەرەوە چەند خۆشە تۆ دەتوانى لە قوڵترین کاتى حەز بەژیانکردنتدا
بۆخۆت نوکتەى کۆتایى ژیانت دابنێى؟! بەڵام لەوێندەر چى؟!
مستەفا توڕەبوو هاورایکرد ئەمانە بەدەردى من ناخوات، من برسیمە،
سەرمامە سەرما.. ئەوەتا خەریکە تواناى ئەوەشم نامێنێ کە بپەیڤم!! بۆ
تێناگەى یارمەیتم بە بگەڕێمەوە بۆ ژیانەکەى ترم.. تکات لێدەکەم
یارمەتیم بە..
قاقا پێدەکەنى و مستەفا هەستیدەکرد تادێت پێکەنینەکەى کزتر دەگاتە
گوێیەکانى!! لەژێر ڕوناکى مانگدا هەستیدەکرد وەک تارماییەک لە پێشییەوە
دەڕوا!! ترسێک بەسەریدا دایکرد، لەناخەوە ئاگاى لە ڕوخانى بارى دەرونى
خۆى بوو، دیسانەوە کە ویستى وردتر گوێى لە قاقاکەى بێت، هەستیدەکرد
ئیدى ئەو دەنگە نەما، دەستى خستە سەر چاوەکانى و ئەو وردە بەفرەى بە
برژانگەکانییەوە نیشتبوو، توانەوە و چاوى تەڕکرد، دەیویست بیبینێتەوە و
یارمەتی بدات، دەیویست بیبینێتەوە ئەسڵەن شتێک بڵێت..
ئەو ونبوو، بە دەوروبەرى خۆیدا دەخولایەوە و دەیڕوانی، یەک پارچە
دەوروبەرى سپییە و هەوایەکى توندى دێت، تەنیا شتێک کە گوێى لێى بوو
ئاوازى ئەو بایە توندەبوو، لەبەرخۆیەوە دەیوت: خوایە گیان لە چ
دۆخێکدام؟! وەک شتێک چاوەکانى تەڕبون و گریا، بیرى لە ناوى خودا
دەکردەوە، کەزۆر لەمێژە بەزاریدا نەهاتوە!
دەستەکانى ئاڵاند بەیەکدا و هەر یەکەیانى لە بنهەنگڵیدا شاردەوە، بە
پێچەوانەى پێشوترەوە هەنگاوى هەڵگرت بۆ گەڕانەوە، ئومێدێکى زۆرى هەبوو،
جارێکى تر بگەڕێتەوە ژیانەکەى پێشوى، لەژێر کاریگەرى ئەو دۆخەیدا
باوەڕیوابوو بەهەمو نابوتییەکانییەوە ژیانەکەى پێشوى جوانبوو!! بەدەم
ڕێکردنەوە پێدەکەنى، جارجارە وەک شتێک گوێیەکانى دەزرنگانەوە لە
پێکەنینى ئەودا، بەڵام لەناخەوە باوەڕێکى سەیرى بۆ دروستببوو بۆ
گەڕانەوە!
لە ڕێگەدا هەستیدەکرد خەریکە نزیک دەبێتەوە لە دەنگ و بۆنى ژیانەکەى
پێشوى.. سەرماى ئەو بەستەڵەکە کە ماوەیەکى زۆربوو ڕێگاى دەکرد تێیدا
بەتەواوى کارى تێکردبوو، لەیەک کاتیدا ترسێکى سەیرى هەبوو لەبەرامبەر
قسەکانى ئەودا کە باسى لە مەحاڵبونى گەڕانەوەى دەکرد!! هاوکات دڵخۆشبوو
کە هەستى بە نزیکبونەوە دەکرد لە ژیانەکەى پێشووى، وەک ئەو غەریبەیە
وەهابوو کە پاش چەندین ساڵ دەرفەتى ئەوەى دەبێت بگەڕێتەوە نیشتیمانەکەى!
هەنگاوەکانى توندتر دەنا، لەنێو ئەو بەستەڵەکەدا نەیدەتوانى برسێتى و
ئەو سەرمایە لەبیربکات کە وێرانیان کردبوو، ئومێدێکى بێئەندازە سەیرى
هەبوو بۆ گەڕانەوە، بۆیە نەیدەتوانى بەشێوەیەکى ئەقڵانیانە شرۆڤەى دۆخى
بکات..
وەک تارماییەک ئەو دەهاتە پێشچاوى، سەرەتا بەهێمنى بەدەور و پشتیدا
دەخولایەوە و قاقاى لێدەدا، هەستیدەکرد کەمە کەمە خولانەوەکەى خێراتر
دەبێت و دەنگى بەرزتر دێتە بەر گوێیەکانى، مستەفا دەستەکانى لەنێو
بنهەنگڵی توندترکرد و دەیویست ڕێگاکەى وننەکات و پێیەکانى نەترازێت..
هەوڵیدا زێدەتر تەرکیزبکات، بەتیژى دەیڕوانى بە بەردەمى خۆیدا، ئەو
ڕێگایەى پێدا دەڕۆیشت تولە ڕێیەک بوو کە پڕببوویەوە بەو بەفرەى هەوا
توندەکە دەیهێنا و دەیبرد، ئەو بە ئەستەم دەیتوانى جێى هەنگاوەکانى
بکاتەوە.. لەم کاتەدا کە ئەو بەدەور و پشتى مستەفادا دەخولایەوە و
قاقاى لێدەدا، مستەفا لەناخەوە ترسێکى قوڵ باڵى بەسەر خەیاڵ و
ئومێدەکانیدا کێشا.. هاواریکرد وازملێبێنە! وازملێبێنە! من دەمەوێت
بگەڕێمەوە! دەنگى لەرزەیەکى تێدابوو، هەم لەگریان دەچو، هەم لە
لاوازبوونى، کەبەهۆى برسێتى و سەرماوە بوو..
تا دەهات خێرایى خولانەوەکەى زیاتر دەبوو،
تا دەهات دەنگى قاقاکانى بڵندتردەبوو،
مستەفا بەڕونى هەستى بەوەکرد کە هیواى گەڕانەوەى خەریکە لاوازدەبێت...
تا دەهات هەستى بە ماندوبون دەکرد، تا دەهات دەنگى قاقاکانى ئەو بڵندتر
دەبوو، تادەهات مستەفا وەک جەستەیەکى ڕزیو هەڵدەوەرى، تا دەهات هەواى
پڕ بەفر توندتردەبوو، تادەهات دەنگى قاقاکانى ئەو بڵندتردەبوو، تادەهات
جەستەى مستەفا وەک سەهۆڵێک دەتواییەوە نێو بەفرەکە، تادەهات دەنگى
بەرزى قاقاکانى ئەو لەگەڵ توانەوە و هەپرون بە هەپرونبونى جەستەى
مستەفا کەم دەبویەوە، تا ئەو چرکەیەى مستەفا ئیتر وەک ناوێک لە نێوان
هەردوو ژیانەکەدا یاخی بوو، وەک پیاوێکى هەڵهاتوو لە هەردو ژیانەکەدا
باسدەکرا!! مستەفا وێنەیەکى ترسناکى هەبوو بۆ ژیان!!!
ماڵپەڕی گۆران رەئوف
|