١١\٥\٢٠١٦
گەڕانەوەی پەرلەمانتارەکان بۆ بەغدا، ئا یا
نا!؟

عەبدوڵا ساڵح
سەرەتا دەمەوێ ئەم بابەتە بخەمە سێ تەوەری کورتەوە:
یەکەم: ئەمڕۆ پرسی " گەڕانەوەی کورد بۆ بەغدا " بەگەرمی بۆتە خۆراکی
دەزگاکانی ڕاگەیاندن ، ئەم دەستە واژە یە ھەر لەسەرەتاوە، لانی کەم
لەڕوی زمانەوانیەوە ، ھەڵەیە ، کورد بەو مرۆڤە کورد زمانانە دەگوترێ کە
لە چواربەشی جیا و لکێنراو بە چوار ووڵاتی جیاوە دەژین، کەواتە دروستر
وایە بڵێن کورد لە " ڕۆژئاوای کوردستان " یا کورد لە کوردستانی عێراق.
تەنانەت ئەم دەستەواژەی دووەمیش ھەڵەیە چونکە بەڕاستی ئەو
پەرلەمانتارانە نوێنەری حیزبە سیاسیەکانی خۆیانن نەک نوێنەری جەماوەر
لە کوردستاندا ، ئەویش بە دەلیلێکی زۆر سادە ، ئەگەر ئەوانە نوێنەری
خەڵک بانایە دەبوو پرسیان بەوان کردبا بۆ گەڕانەوە یان نەگەڕانەوە !
نەک بەڕابەری حیزبەکانی خۆیان .
دووەم: ئاخۆ بوونی ئەوانە لە بەغدا چ سوودێکی ھەبوەو دەبێ ، ئەوەی تا
ئێستا ڕوونە جگە لە ئیمتیازاتی شەخسی بۆ خۆیان ، وەک ، موچەی باش ،
سەیارەی باش ، زەوی باش و دواتر خانەنشینی باش چی دیکە بووە ؟ من یەک
دوانێکیان لەوانەی دەورەکانی پێشوو دەناسم وەک چرای نەوت لێبڕاویان
لێھاتووە تروسکایی سیاسیان تێدا نەماوە و کوژاونەتەوە ! بێشک زۆریکی
دیکەی لەو بابەتە ھەیە کە من نایان ناسم.
سێیەم: ھەندێک لەو پەرلەمانتارانە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە باس
لەگەڕانەوە بۆ بەغدا دەکەن بە شەرتو شروت ، ئەمەش دوای ڕەزامەندی
ڕابەرە سیاسیەکانیان ، بۆ نمونە باس لە جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ دەکەن !
وەک مەرجی گەڕانەوە ، دەی باشە گریمان حکومەتە شڕۆڵە شیعەکەی بەغدا
ڕازی بوو ، تەکیدی دەکەمەوە گریمان ، ئەوا ناوچە دابڕاوەکان دێنەوە سەر
ناوچە دانەبڕاوەکان ، واتە ھەر ئەو دەسەڵاتەی نزیک بە چارەکە سەدەیەکە
حکومڕانی دەکا لە ناوچە دانەبڕاوەکان دەبێتەوە حاکم ، ھەمان تاس و
ھەمان حەمام!!
زەوی لەھەر شوێنێکی ئەم دنیایە بە دانیشتوانەکەیەوە خۆشەو جوانە ،
ئەگەر دانیشتوانەکەی بەختەوەر بوون ئەوا دەکرێ بڵێین ( بەردی وەک
گەوھەرە و ئاوی چەشنی کەوسەرە ) دەنا کە زوربەی دانیشتوان ، جگە لە
مشتێک بەرپرس و سەرمایەدار ، سفرەیان بەتاڵ و لێو بەبار بوون با زەوی
ھەموو دنیایان ھەبێ ، مەگەر ئەفریقا زەوی کەمە؟
گۆرانی نەمر زۆر جوان دایلەکتیکی نێوان خاک و مرۆڤی باس کردوە کاتێک
دەڵێ:
بەڵام تەبیعەت ھەرگیزاو ھەرگیز بێ
ڕوناکیە بێ
بزەی ئازیز.
ئەگەر لە بەشمەینەتانی کوردستان بپرسی ئاخۆ ناوچە دابڕاو و
دانەبڕاوەکان ببنەوە بە یەک لەژێر سایەی ھەمان دەسەڵاتدا چی بەئێوە
دەگا؟ من دڵنیام دەڵێن:
ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێک!
یا وەک "کوردی موسڵمان" دەڵێن: ڕەمەزانیان بە ..... خاوێن گرت جا
نۆرەی شەشەڵانە!!
٨\٥\٢٠١٦
a_salih11@hotmail.com
|