په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٨\٢٠١٤

چیرۆک بۆ منداڵان:

گەردەلوول و داربەڕوو.

رەزا ساڵح        


رۆژێک گەردەلوولێکی تاریک و رەش، لە بیابانەوە بەرەو باکوور هەڵیکرد، زیانێکی زۆری بە باخ و، بە دار ودەوەن و، بە سامانی خەڵکی ئەو شوێنانە گەیاند، کە لە پێشێوەی بوون.. بێ بەزەییانە هێلانەی بە هەزاران چۆلەکە و باڵندەی تری رووخاند و ئاوارەی کردن.. ملی نایە کۆمەڵێک داربەڕووەوە.. رووی دەمی لە داربەڕوویەکی ئەستوور کرد.


گەردەلوولەکە (بە تووڕەییەوە): ئەوە بۆ رێتان پێ گرتووم؟
داربەڕووەکە:ئێمە رێمان پێ نەگرتووی، ئێرە شوێنی ئێمەیە، تۆی نامۆ ملت پێوەناوی نو، شەڕمان پێ دەفرۆشیت.
گەردەلوولەکە: تا زووە لە رێم لادەن و دوورکەونەوە، ئەگینا تێک و پێکتان دەشکێنم و، لە رەگەوە هەڵتان دەتەکێنم.
داربەڕووەکە: ئێرە نیشتمانی هەزاران ساڵەی ئێمەیە.. هەرگیز ئێرە بەجێ ناهێڵین.. لە هەڕەشەی تۆی بەدفەساڵ و بەدکاریش ناترسێن.
گەردەلوولەکە: ئێستا پێشانتان دەدەم، کە چیتان بەسەر دەهێنم.
داربەڕووەکە: چ بایەک لە سکتدایە دەریکە.. گەردەلوولی لە تۆش گەورەتر و بەهێزتر ملیان پێوەناین، نەیاتوانی لێرە هەڵمان بکەنن.


گەردەلوولەکە بە ئەوپەڕی هێز و توانایەوە، بە دڵڕەقییەوە، هێڕشی کرد و.. دەستیکرد بە راوەشاندنی داربەڕوەکان.. بەڕووەکانی وەرانن.. گەڵای بە داربەڕووەکانەوە نەهێشت.. لقێکی زۆریانی شکاند و رایماڵێن.. بەڵام هەرچەندی کرد نەیتوانی قەدی داربەڕووە بشکێنێت، یا لە شوێن خۆیان هەڵیان بتەکێنێت.. گەردەلوولە بەزیوەکە، بە شەرمەزاری و بە سەرشۆڕی و رووڕەشییەوە، رۆی و نەما.. سەرکەوتن و سەربەرزی و مانەوەش بۆ داربەڕووە خۆڕاگرەکان بوون.


دوای باران بارین و، هاتنی وەرزی بەهار، داربەڕووەکان چەندین لقی تازەی ناسکیان دەرکرد و، گەڵای سەوز و گەشیان کرد.. بەڕووە وەریوەکانیش لە شوێنی خۆیاندا شین بوون و، رەگیان کرد و.. بوون بە سەدان نەمامی ناسک.. بە جارێ ئەو ناوە بوو بە بەڕووستان.. چۆلەکەکانیش گەڕانەوە و، لەسەر لقی دارەکاندا هێلانەی جوانتریان دروستکرد ..دەستیان بە جریوەجریو و بە یاری کرد.

_____________________________
کوردیلە چاوگەشەکانی کوردستان، دڵنیام کە زۆربەتان مەبەستەکانی ئەم چیرۆکەم دەزانن.. ئەوانەشی نایزانن، لە دایک و باوکتان، یا لە مامۆستاکانتان بپرسن.. ئەوان بۆتان راڤە دەکەن.

 

٢٥\٨\٢٠١٤ - نەرویج

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک