٤\١٠\٢٠٢٤
گەردیلەکانی کات.
ئەرسەلان مەحمود
باسی ئێستات بۆ دەکەم:
کاتژمێرێک بێ نیشاندەر دەخولێتەوە،
گەردیلەکانی چرکە، تۆزی ئەستێرەن و
نیشتوونە سەر شانی بێدەنگی زەمەن.
دڵۆپەکان، دەریای شاراوەن
لە وشکەڵانی چاوەڕوانییەکی دووردا،
رووبارێک لە دڵی مێژوو دەخوڵقێنن و
بە مەرەکەبی سوور، شۆڕش دەنووسنەوە.
باسی ئێستات بۆ دەکەم:
پێی منداڵان، قەڵەمی نەرمن
لەسەر تەختەڕەشی شەقام
ئەلفوبێی ئازادی دەنەخشێنن،
دەستەکانیان، فڵچەی نیگارکێشن
بە ئاسمانەوە خەون وێنا دەکەن.
کتێبخانەکان، دارستانی بیرن،
رەگیان لە ناخی مێژوودا،
گەڵایان پەیامی شۆڕش بۆ با.
باسی ئێستات بۆ دەکەم:
ستەم، پەیکەرێکی شووشەیە
لە زریانی هۆشیاریدا دەتەقێ و
درز درز گوڵە بیری نوێ دەڕوێ.
چرکەکان، کیمیاگەرن
خەون و راستی تێکەڵ دەکەن،
لە بۆتەی ساتدا، داهاتوو دەتوێننەوە.
باسی ئێستات بۆ دەکەم:
پردێک لە تیشکی مانگەشەو
نەوەکان بەسەریدا دەپەڕنەوە،
پێیان لە دوێنێ، دەستیان لە سبەی.
ئێمە، گەردی چاوی زەمەنین
بە هەر تروکانێک، سەدەیەک دەگۆڕین
بە پەنجەی رووناک، پرچی شەو دەهۆنین
لە ناوچەوانی تاریکیدا، خۆر دەچێنین.
باسی ئێستات بۆ دەکەم:
چاوەکان، دەروازەی شاری ونن
دەستەکان، داری ژیانن و لە لقەکانیان
ئەوە چارەنووسە نەرم نەرم دەپشکوێ،
دڵــەکان، مەنجەڵی شۆڕشن.
وەرن با گەردیلەکانی کات کۆبکەینەوە
وەک مرواری لەملی زەمەن بیانڕێسین!
باسی ئێستات بۆ دەکەم:
لێرە، لەم چرکەساتەدا
منداڵی داهاتوو لە زگی
ئێستادا دەجووڵێت.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|