١٨\٥\٢٠١٣
گەردوون
بە دوای ئازاری من کەوت!

هێرش
یاسین
هەرچی ڕەنگی ناو
تابلۆیەکان بوو
هەر زوو بارگاوی بوون بە دڵی پڕ نەهامەتیم
هەرچی ڕوخساری ئاوێنە بوو
شکا،
خەریکی خڕکردنەوەی خۆیانبوون،
هەرچی خۆشی هەبوو
کەوتە ناو دڵی مەسیح و
لەخاچ درا!
دایکم بوو بە پەپولە لە وەرزی ئارەزوو جێ هێشتین
باخ گۆڕ بۆ یادگاریەکانی هەڵدکەند!
بەیانیەک (عەبدولخالق مەعروف)م بینی
بە خۆیی و پەرتوکی دەستی،
بە خۆیی و کۆمەلێک یادگاری تاڵ
بەدەم ئازاری ژنەوە،
گۆرانی بۆ ڕووتبوونەوە سەدەی پیرۆز دەگوت،
قیژە قیژی دەگویشتە ناو دڵی ئاو،
ئاویش بوو بە ژن ، تفی کردە چاوی تاریکی...
من سەرسامم !
هاوڕێکانم جێیان هێشتم
ئەوان بە دیار جەستەی کۆنی ژیان
شەوانە شیعریان بۆ عشقە مردوەکان دەگوت،
تفیان لە ڕابردوو دەکرد..
من نازانم خۆش بەختی دەکەوێتە چ دورگەیەک
کە دەبینم ژیان دەگری لە کاتی باڵغبوونی کچێک،
هەموو کاتێ پیاوێکی خەوتوو دێتە بەرچاوم
کە منداڵێکی لەباوەش دایە،
تامی سێوی خوا دەکات،
کاتێک بەردەبێتەوە ناو هەڵەبجە...
من چۆن عاشق بم
هەموو رۆژێ لاشەی مانگ،
دەکەوێتە ناو کەلەی سەری تاریکی...
من چۆن ماچ بخەمە سەر دڵی تۆ
ترسم هەیە دڵم مۆمیا کرابێت
بەو ئاوازانەی
گیتار ژەنێک بۆ منداڵانی دەژەند
کە چاوەڕێی گەڕانەوەی باو کیان دەکرد
لە ناو تابلۆی جەنگی ژیان،
هێدی،
هێدی،
فرمێسکی چاوی دایکیان دەسڕی..
من ترسم هەیە
ئەم سەرمایەیی عومری من،
بەهیچ دوزەخێک گەرم نەبێتەوە،
تەنها وەک پەیکەرێک بێمە قسەکردن و
جەستەم ورد و خاشبێت...
ترسم لەهەموو وێنەکانم هەیە
دەترسم تێیدا ون بم ،
نەتوانم ببینم ژنێک بە دیار وێنەیەک
گۆرانی بۆ گەڕانەوەی منداڵی و
گەڕانەوە بۆ قەدەری ژیان لە شەڕ
گەڕانەوەی خۆشەویستی لە ژێر پەتی سێدارە،
گەڕانەوە ئەو پیاوەی یەکەم زەنگی عشقی بۆ لێدا،
دڵۆپ،
دڵۆپ،
فرمێسکی دەڕژاندە
سەر دیواری دڵی عەدەم....
من ترسم لە خۆم هەیە
کە ناتوانم بۆ ساتێک لەگەڵ گەردون بدوێم
نەبادا بکەوێتە دوای ئازارەکانم و
خوڵانەوە بپچڕێنێت...
wwhersh@yahoo.com
|