په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٧\٢٠١١

گەر هێزە چەکدارەکان سوپاى نیشتمانى بووایە.


ئیسماعیل عەبدولڕەحمان


ئەمڕۆکە وڵات بەخەستیی تۆپباران دەکرێت و ئاگر لەپووش و پاوەندو ڕەزوباخى هاوڵاتیانى گوندنشین و ڕەوەندەکان بەردەدرێت و سەرەڕاى ئەوانەش ماڵ و حاڵ لەو خەڵکە کاسب و ئاژەڵدارانەى ناوچەکە تێک دەدرێت و هەندێکیان بیندار دەکرێن و خۆ گەر زوو خۆیان لەو تۆپبارانە ڕزگار نەکەن بێگومان زۆربەشیان شەهید دەبن، ئەمە حاڵ و گوزەرانى کۆمەڵە خەڵکێکى ئەم وڵاتەیە کەژیان و گوزەرانیان لەدەڤەرى نزیک سنورەکان هەڵدەسوڕى کە ئەمیش خاکى نیشتمانە ، واتە کوێستانەکان سەرەکى ترین ڕەواترین شوێنى کوردە بۆ نیشتەجێبون ، بۆیە چین و توێژەکانى کورد لەهەر شوێنێکى ئەم کوردستانە بژین هیچ هێزێک بۆی نییە بەهیچ بڕو بیانوەک دەریان بکات و ژیان و گوزەرانیان لێتێک بدات ، نەخاسمە هێزێکى دەرەکى بەتۆپى دور هاوێژ ناوچەکەیان لێبکاتە یەک پارچە ئاگر ، جا هەرکاتێک هێزێکى دەرەکى ئەو جۆرە دەست درێژیەى کرد لەسەر گەل و حکومەت پێویستە هەڵوێستى توندیان هەبێت بەرانبەر بەلایەنى دەستدرێژکەر.

 

بەڵام لەپێشدا لەسەر دەسەڵاتى وڵات پێویستە هەڵوێستى بەرگریانەى خۆى لەسەر خاک و میللەتەکەى دەربڕێ و هەڕشەى توند لەلایەنى دەستدرێژکەر بکات و بڵێت گەر بەزوترین کات پەلەماردانەکەت نەوەستێنى بێگومان بەتوندترین شێوە وڵامت ئەدەینەوە ، مەرجیش نییە وڵامدانەوە تەنیا بەفیشەکیش بێت ، بەڵکو لەو سەردەمەى ئێستادا هەڕشە لەبوارى هەڵپەساردنى پێوەندى ئابورى گەر لەهەڕشەى شەڕکردن گەورەتر نەبێت ئەوە بچوکتریش نییە بەم شێوەیەى شایانى هەڕشە پێکردن نەبێت ، بەهەرحاڵ هەڕشە کردن لەداگیر کەر پێویستە هەرچەندى گەورەش بێت ، ئەوەنییە بزوتنەوەى (حەماس و حیزبوڵا ) بەو بچوکیەى خۆشیانەوە لەڕاست ئیسڕائیل هەمیشە دەم پڕ لەهەڕشەن و لەدەوڵەتێکى خاوەن چەکى ئەتۆم ناترسن ، کەهەر ئەم هەڕشەکردنەشە بۆتە مایەى مانەوەى پەیوەندى توندوتۆڵى نێوان (حەماس و حیزبوڵا) لەگەڵ گەلەکەیان ،هەرچەندە ئەوان خاوەن هێزى چەکدارى حیزبیشن.

دیارە گەر دەسەڵاتى وڵات گڤ و هەڕشەیەکى وا لەهێزى دەستدرێژکەر بکات ، بێگومان میللەت هەست بەبونى دەسەڵاتێکى ئازاو جەربەزەى وڵاتەکەى خۆى دەکات و بێ یەک و دوو ئامادەیە بەرەو پیرى هەر فەرمانێکى بەرگریەوە بچێت گەر حکومەتەکەى داوای لێبکات ، بەڵام کاتێک کەمیللەت دەبینێت لایەکى وڵات ئاگرى تێبەر دراوەو دەسەڵاتی وڵاتیش ناوێرى فزە بکات لەئاست بەزاندنى سەروەرى خاکى وڵاتەکەى ، لەو کاتەدا میللەت دەگاتە ئەو بڕوایەى کەدەسەڵاتى وڵاتەکەى ترسنۆکە و شایانى پشتپێبەستان و متمانەپێبون نییە ، چونکە گەر دەسەڵاتێک لەکاتى دەستدرێژى کردن بۆ سەر گەل و خاکەکەى بێدەنگ بێت و مێشێک میوانى نەبێت جێگاى خۆیەتى میللەت باوەڕو متمانەى بەو دەسەڵاتە نەمینێ و بەپاسەوانى خاکى نیشتمانى نەزانێت ، لەکاتێکدا دوو هێزى گەورەى چەکدار لەوڵات هەیە گەورە ترین بودجەشیان بۆ خەرج دەکرێت ، بەڵام چونکە هێزى چەکدارى نیشتمانى نین و سەر بەحیزبن ، بێگومان حیزبیش ئامادە نییە بەرژەوەندى تەسکى خۆى بخاتە مەترسى لەسەر سەروەرى گەل و نیشتمان ، چونکە هێزى حیزبى هەرچەندى گەورە و بەهێزیش بێت ناتوانێ شەڕى دەوڵەتان یان هەڕشەیان لێبکات ، چونکە خودى سەرکردەى حیزب دەبێتە ئامانجى لەناوبردنى دەوڵەتى شەڕ لەگەڵ کراو ، هەرچەندە مەرجیش نییە هەموو هەڕشەو هەڵوێست وەرگرتنێک شەڕو شۆرەى لەدوا بێت ، بەڵام دەسەڵاتدارانى حیزبى هەرگیز ناوێرن هەڵوێستیش بنوێنن ، نەبادە خۆیان گورگان خوارد بکەن ، ئینجا لەکات و ساتى وادا بۆمان دەردەکەوێت کەهێزى چەکدار حیزبى بێت لەگەڵ ئەوەى نیشتمانى بێت چەندە جیاوازە.

 

هێزى چەکدارى وڵات گەر نیشتمانى بێت دەتوانى هەڕشەبکات و بەڵێنى تۆڵەسەندنەوەش لەدەستدرێژ بکات ، بێئەوەى کەسێکى دیارى کراویش لەوڵات تاوانبار دەرچێت لاى پەلەماردەر ، بەڵام گەر حیزبى بوو ئەوە بەدڵنیایەوە هێزى دەرەکى گەر مەبەستى بێت بەئاسانى دەتوانێت سنور ببەزێنێ و بێتە ناوجەرگەى وڵات و ئەو شوێنەى خۆى پێى خۆشبێت بەبێ ئەوەى هێزە چەکدارەکانى حیزب بوێرن یەک تەقەى ئاسمانیشى بەسەردا بکات ، ئەوەنییە لەهەرێمى کوردستان لەجیاتى یەک لەشکرى حیزبى دووان هەیەو ئەو جاش دەستدرێژى دەکرێتە سەر ، کەوایە هەقە بەدڵنیایەوە هەموو بزانین کە هێزى چەکدارى حیزبى هەرچەندى گەورەو زەبەلاح بێت بەکەلکى بەرگرى لەسەروەرى گەل و خاکى نیشتمان نایەت، بەڵکو تەنیا بۆ گیان خۆپیشاندەران و حیزبە بێچەکەکانى ئۆپۆزسیۆن باشە!

 

ماڵپه‌ڕی ئیسماعیل عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک