په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٥\٢٠١٠

گەرمیان و کوێستان.. دیدێکى جیاواز لە دراماى کوردی دا.


کـــاردۆ     


زۆربەمان بە مەرگەساتى لەناوبردنى جووەکان لەسەردەستى نازییەکاندا ئاشناین، ئەو مەرگەساتەى کە تێیدا هەزاران جووى وڵاتانى ئەوروپا قڕکران ،کە دواتر بە هۆلۆکۆست ناسرا،بێگومان ئاشنایەتیمان بەو مەرگەساتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێفکرینە ستراتیژییەى کە سیاسەتمەداران و رۆشنبیران و هونەرمەندە جووەکان بەدرێژایى ساڵانى پاش هۆلۆکۆست هەیانبووە و کاریان لەسەر کردووە،بوارى سینەمایش یەک لەو فاکتەرە پڕگرنگەبووە بۆ خستنەڕووى نەهامەتییەکانیان ، بۆیە دەبینین فیلمسازانى جوو چەندین فیلمى سینەماییان بەرهەمهێناوە ،کە هەریەکە و بە جۆرێک باس لەو کارەساتە دەکات ،لێرەدا ئەتوانین بلێین جووەکان توانیان بە سوود وەرگرتن لە کارەساتى هۆلۆکۆست بەرەو خۆکۆکردنەوە و بە دەوڵەتبوون هەنگاوبنێن، دیارە مەبەستى منیش لێرەدا کارەساتگەلێکى وەک ئەنفال و هەڵەبجەو چەندین نەهامەتى ترە کە بەسەر کورد- دا هاتوون و هیچیان لە کۆلۆکۆست کەمتر نییە،بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کورد تا ئێستا نەیتوانیوە وەک پێویست لە ناوەندە جیاجیاکاندا گوزارشتیان لێبکات ،بەتایبەتى لە سینەما و دراما ،تا ئێستا چەندین کارى سینەمایى و درامایى لەمەڕ هەڵەبجە و ئەنفال بەرهەمهێنراون ، بەڵام جگە لە کۆپیکردنەوەى یەکتر هیچى تر نەبووە، ئەوەى لە سینەما و دراماى کوردیدا باسکراوە تەنها چەند وێنەیەک بووە(( چەند تەقینەوەیەک.. دووکەڵێکى چڕ و شەهیدبوونى خەڵکێکى بێتاوان ... یان ژمارەیەک ئیڤا کە ئەنفالکراوەکان دەگوێزنەوە ، چەند شۆفڵێک گۆڕى بەکۆمەڵ هەڵدەکۆڵن)) بەداخەوە زۆربەى فیلمسازانى کورد (هەڵەبجە و ئەنفال)یان لەم یەک دوو دیمەنەدا چڕکردووەتەوە،ئەوەى کە جێى بایەخ بووە بەلایانەوە تەنها ورووژاندنى هەست و سۆزیى وەرگربووە لە رێى پیشاندانى گریانى منداڵێکى نێو گرتووخانەکان یان گووللەبارانکردنى ردێن سپییەک .. گرفتەکەیش لەوەدایە ئەو وێنانە جگە ورووژاندن و کولاندنەوەى زەخمى وەرگر(بینەر) ى کورد هیچ کاریگەرییەکى تریان جێ نەهێشتووە واتا نەیانتوانییوە لە زەینى وەرگرێکى بیانیدا تێڕوانینێکى جیاواز بۆ ئەو کارەساتانە درووست بکەن، بۆیە بەشێکى زۆرى ئەو کارانە جگە لە باسکردنێکى سەرپێیانە هیچى تر نەبوونە .


گەرمیان و کوێستــــان، ئەو درامایەى کە بە بۆچوونى من یەکەم هەنگاوێکە بۆ تێکشکاندنى کڵیشەبەندیى و دەقگرتن بە (تاک بیریى )ــەوە ،پێویستە گفتوگۆی شێلگیرانەى لەسەر بکرێت و هەڕەمەکییانە حوکمى لەسەر نەدرێت ، چونکە کارێکە هەڵگرى جورئەت و بڕوا بەخۆبوونە لە کارکردنى تەواوى ستافەکەیدا ، ئەم درامایە جیاواز لەوکارانەى پێشوتر دەرگایەکى تر بەڕووى وەرگردا واڵا دەکات بۆ گفتوگۆکردن و تێڕامان لە ترۆپکى مەرگەساتەکە کە ئەویش قۆناغى پاش ئەنفالە ،هەر لەسەرەتا وە دوو لە قوربانییەکانى ئەنفال (جەوهەر و حەمید) کاتێک بۆ یەکەم جار بەیەکترى ئاشنادەبن ،بە ئێمەى وەرگر دەڵێن ئەمە سەرەتا نییە بەڵکو چەقى رووداوەکانە کە نازانین ئاراستەکەى بەرەو کوێیە ،بۆیە لەگەڵ خۆیاندا لە ژێر ئەو هەورە رەشەى کە بەردەوام بەسەر ئوردوگاکەیانەوە بوو ، نوقمى جەنجاڵیى بیرکردنەوە و خەونە لەبارچووەکانیانکردین.


جەوهەر لە جەنگى عێراق –ئێران دا بەدیل دەگیرێت دواى ئەوەى ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان ،گوندەکەى خاپور بووە ئەوەى بیرى داگیر دەکات سۆراغى ژنەکەى و کور ِو کچەکەیەتى کە لە شاڵاوەکانى ئەنفالدا بێسەر و شوێن بوونە، ئومێدى دۆزینەوەى خێزانەکەى بەردەوام لەگەشەکردندایە تا لە یادى ئەنفالدا (گەرمیان و کوێستان) ئەدۆزێتەوە و دواتر دەرئەکەوێت کە ئەو دووانە گەرمیان و کوێستانەکەى ئەو نین بەڵکو ژنەکەى و منداڵەکانى ئەو لاى براکەین واتا مامى منداڵەکانى و ژنەکەیشى بووەبە ژنى براکەى،ئەم رووداوانە جەوهەر رووبەڕووى پرسیارێکى نەزۆک دەکەنەوە ،ئاخۆ لە هەمبەر هاوسەرگیریى خێزانەکەى لەگەڵ براکەیدا چ هەڵوێستێک بنوێنێت چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخێکى وەها ئاڵۆزدا بکات ؟!!


ئەگەرچى بە خیانەتکاریان ناودەبات ،بەڵام ئەو ناوبردنە جگە لە هەڵچوونێک زیاتر نییە و بوار بە وەرگر دەدات بە قوڵیى بیر لەو دخە بکاتەوە ،ئەوان (ژنەکەى و مامى منداڵەکانى) دواى ئەوەى کە تەرمێکى شێواو بە ناوى جەوهەرەوە وەردەگرنەوە ،ئینجا بڕیارى هاوسەرگیریان داوە ،پاکانەش بۆ ئەو هاوسەرگیرییە لە پێناو سەرگەردان نەبوونى ژنەکە و دوو منداڵەکەى بووە.


پێموابێ ئەگەر بڵێین ئەوان ناپاکییان کردووە ئەوە بڕیارەکەمان دەرئەنجامى کاریگەربوونمانە بە نەهامەتییەکانى جەوهەر و لە رووى عاتفییەوە بڕیار دەدەین، ئەگەرنا شەرع ویاسا بە خیانەتى ناو نابات ئەمەیش ئەو پانتاییە فراوانەیە کە دراماکە بۆى فەراهەمکردووین تا بە ئارەزووى خۆمان گفتو گۆ لەگەڵ هەست و عەقڵدابکەین .


لە گۆشەیەکى ترى پڕ بایەخى دراماکەدا (زوهرە) دەناسین ،ئەو کچە دەزگیراندارەى لە نەهامەتییەکانى پاش ئەنفال بەدەر نییە و نیگاکانی حیکایەتى ئاوابوونى عەشقێک دەگێڕنەوە کە ساڵهایەکە لە نێو لمى بیاباندا ونبووە و کەسێک نییە هەواڵێکى بزانێت.


حەمید زوهرە دەناسێت و هەرزوو سەنگینى و جوانییەکانى ناوەوەى ناچاریدەکەن کە داواى هاوسەرگیریى لێبکات، بەڵام زوهرە سوورە لەسەر چاوەڕوانیکردنى دەزگیرانەکەى ،دواى ململانێیەکى زۆر لەگەڵ خودى خۆیدا و گەیشتن بەو قەناعەتەى کە ئەوانەى بەر شاڵاوەکانى ئەنفال کەوتوون ئیدى ناگەڕێنەوە،دەزگیرانەکەیشى جگە لە یادەوریی نێو تەمێکى بێکۆتا هیچى ترى لێنەماوەتەوە، دەبێت بڕیارێک بدات بۆ دەربازبوون لەو هەموو تارییکییە ،بۆیە لە نێو فەزاى ئیشکردن لە دیالۆگێکى زۆر هەستیار و (سەرەتانی)دا  "ئێمە تەنهایى کۆماندەکاتەوە" کە زوهرە بە حەمیدى دەڵێت، نووسەر دیدى جیاوازى خۆى دەخاتە روو ،پێیوایە تەنانەت ئەگەر لە پێناو کوشتنى (تەنهایى) ش بێت کە هەموو رۆژێک ژنان و کچانى دەزگیراندارى پاشماوەکانى ئەنفال دەگەیەنێتە پەلەقاژەى مەرگ ،پێویستە لەناخیاندا خۆشەویستى زیندووبکەنەوە چونکە ئەوانیش وەک هەر مرۆڤێکى ئاسایى خاوەن هەست و سۆزن هاوکات ناکرێت کۆمەڵگە ئەو مافەیان لێ زەوت بکات و بە عەیبەى ناوبەرێت، خۆشەویستى لە نێوان زوهرە و حەمیددا درووستدەبێت وێڕاى رۆژ بە رۆژ گەورەبوونى ئەو خۆشەویستییە بەڵام نەریت گەورە بەربەستێکە لە بەردەمیان بە تایبەتى بۆ زوهرە کە ناهێڵێت ئەو هەنگاوە بنێت،تا بەدەم ئەم چاوەڕوانییەوە بۆ شکاندنى کۆت و بەندى نەریت ،حەمید بەرووداوێکى ئۆتۆمبێل ماڵئاوایى یەکجارەکیى لە زوهرە دەکات و جارێکى تر دەیباتەوە بۆ خیابانە چۆڵەکانى تەنهایی، بەڵام زوهرە لە نێوان (گەرمیان و کوێستان)دا نمونەى باڵاى کچانى پاشماوەى ئەنفالە ، هەمیشە ئەو گوڵەیە کە لە نێو شەختەبەندانى وەرزێکى توشەوە سەرهەڵدەداتەوە و دەڕوانێتە ئاسۆیەکى روون ،بۆیە وێڕاى هەموو ئەو کارەساتانەى بەسەری هاتوون بڕیار ئەدات بەتەنها بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەیان و یەکەم کەسێک بێت دەستى ئاوەدانى پێبگەیەنێت .


(پەرى) کارەکتەرێکى دیکەى نێو مەرگەساتەکەیە،مێردەکەى بەر شاڵاوى ئەنفال کەوتووە و ئەوەى بۆى ماوەتەوە (کوردۆ)ى کوڕیەتى ئەگەرچى بەویستى خۆى شوى نەکردووە بەڵام لە بەر حورمەتى مێردەکەى و (کوردۆ) ى کوڕیى ژیان و گەنجێتى خۆى وەلا ناوە،شوکردنیشى بەجەوهەر دەرئەنجامى ئەو قەناعەتە بوو کە پێشتر لاى زوهرە درووستبوو واتا دەسپێکێکى نوێ و ژیانێکى تر ، بەڵام پێدەچێت ئەو هەورە تاریکەى تا کۆتایى دراماکەیش کەم تا زۆر دەردەکەوت ،درێژەى هەبێت ،بۆیە لە ئەڵقەى کۆتاییدا جەوهەر کەوتە بۆسەى گرووپێکى توندڕەوەوە و جارێکى تر زیندانى کرایەوە،کۆتاییەکشى هەر لە نێو زینداندا بوو ،ئێمەى وەرگریش لەگەڵ جەوهەردا لە خەیاڵى ئەوە ماینەوە ئاخۆ ئازاد دەکرێت یان ئەوە کۆتاییە، ئەى ئاخۆ دەبێ ژیانى دەرەوە بەچ ئاقارێکدا گوزەربکات ،ئەو هەموو گرێ کوێرەیە چۆن چارەسەر دەکرێن؟


ئیدى لێرە بەدواوە نووسەر و دەرهێنەر بڕیار لە سەر هیچ شتێک نادەن ،بەڵکو دەبێت ئێمەى وەرگر لە حەقیقەتى کارەساتەکان تێبفکرین ،دەرئەنجام دراماى (گەرمیان و کوێستان )پێمان دەڵێت ئەنفال تەنها پرۆسەیەک نەبوو بۆ لە ناوبردنى جەستە ،بەڵکو عەشق و خۆشەویستیشى تێدا ئەنفالکرا،بۆیە ئەگەر جەستەکان جارێکى تر ناگەڕێنەوە ،با لە ناخى خۆماندا عەشق زیندووبکەینەوە.

 

 

ماڵپه‌ڕی کاردۆ